زمان دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وتایبه‌تمه‌ندیه‌کی مرۆییه، له ئه‌نجامی به کۆمه‌ڵ بوونی مرۆڤه‌کان و پێکه‌وه ژیان و تێکه‌ڵاوی وکارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌کو ئامرازێک بۆ تێگه‌یاندنی یه‌کتری وده‌ربڕینی حه‌زو ویست وخولیا وگه‌یاندنی به به‌رامبه‌ر به شێوه سروشتیه‌که‌ی له نێوان هه‌ر گروپێکی مرۆیی‌دا درووست بووه ،به‌ڵام به هۆی دابڕان وتێکه‌ڵاو نه‌بوون ودووری نێوان گروپه مرۆییه سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه به پێی قۆناغه مێژووییه‌کان سیسته‌می ئاماژه‌و هێمای فره‌چه‌شن و شێوازی گوزارشت کردن وده‌ربڕینی جیاوازیش له نێوانیاندا ده‌رکه‌وتووه
،هه‌تا دوواتر ئه‌م جیاوازیانه له چوارچێوه‌ی زمانێکی تایبه‌ت، وه‌کو ماک ونیشانه‌یه‌کی جیاوازیی هه‌ر گروپێکیش بووه به هۆکارێکی بنچینه‌یی خۆناسی نه‌ته‌وه‌یی و هێمایه‌کی سه‌ره‌کی ده‌والیزمی ئێمه‌و ئه‌وان ،کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌مان زمانیان هه‌یه له ژێر سایه‌ی یه‌ک چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی (ئێمه) ، ئه‌وانه‌ی به زمانێکی جیاواز له ئێمه‌ش ده‌دوێن ده‌بنه (ئه‌وان) با چه‌ندین توخم و ره‌گه‌زی کلتوری هاوبه‌شی تریش له نێوان ئه‌م ئێمه‌و ئه‌وانه‌شدا هه‌بێت ،بۆ خۆناسیی نه‌ته‌وه‌یی جێگه‌ی زمان ناگرنه‌وه و رۆڵی زمان نابینن ،واته ئه‌م جیاوازی له‌یه‌ک گه‌یشتنه‌ی له نێوان گروپه‌کاندا هه‌یه یان ئه‌و ئاخاوتن وئاماژه‌و هێما هاوبه‌شانه‌ی له نێوان ئه‌ندامانی یه‌ک گروپدا هه‌یه‌و پێی ده‌ڵێین زمان رۆڵی سه‌ره‌کی وبنچینه‌یی ده‌بینێت بۆ درووست بوونی چه‌مکی ئێمه وه‌کو نه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌وی تر که هه‌مان زمانیان نیه ،لێره‌وه ئێمه‌ی کورد سه‌رباری هه‌موو ئه‌و دوژمن وناحه‌زو که‌ندو کۆسپانه‌ی هه‌مانه له‌به‌رده‌م زیاتر پێگه‌یشتنی هه‌ستی خۆناسی نه‌ته‌وه‌یی ودروست بوونی چه‌مکی (ئێمه‌یه‌ک) هه‌موومان کۆ بکاته‌وه خه‌ریکه به‌ده‌ستی خۆمان (ئێمه)و (ئه‌وان)له رووی زمان وشێوه زاره‌وه له ناوخۆی ئه‌و ئێمه‌یه‌ی لافاوێک خوێنمان له پێناویدا رشتووه دروست ده‌که‌ین ،به‌بێ ئه‌وه‌ی جیاوازیه‌کی وا گه‌وره له ئارادا هه‌بێ ،ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی وورد بین وخاوه‌ن پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دوور بین هه‌بێت ،خه‌ریکه خۆمان رق وکینه‌و ده‌مارگیری درووست ده‌که‌ین وچه‌مکێکی پیرۆزی وه‌کو (کوردبوون)له‌ت له‌ت ده‌که‌ین وکورتی ده‌که‌ینه‌وه‌و ده‌مارگیری خێڵه‌کی و ناوچه‌یی وشێوه‌زاری بنه‌ماڵه‌یی وبه‌کارهێنانی جۆره پیتێک که دوژمن فێری کردووین یان به‌سه‌ریدا سه‌پاندووین بکه‌ینه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ له‌یه‌ک دوورکه‌وتنه‌وه‌و دابڕان وپه‌رته‌وازه بوونی کورد ،بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌و بێ هه‌ست کردن به گۆڕانکاری وپێویستیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ،بۆیه ده‌خوازێت له‌م قۆناغه‌دا ئێمه به‌شێوه‌یه‌کی تر بیر بکه‌ینه‌وه ،وا هه‌ست نه‌که‌ین به بڕیارێک ده‌توانین که‌لێنێک پڕ بکه‌ینه‌وه که مێژوو دروستی کردووه ،یان به ئاسانی به‌سه‌ر ئه‌و که‌ندو کۆسپانه‌دا باز ده‌ده‌ین که دوژمنه‌کانمان ماوه‌یه‌کی زۆره کاریان بۆ کردووه ،رۆڵی ئه‌قڵ ولۆژیک له چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ پرسه زمانه‌وانی وکلتوری وفه‌رهه‌نگیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پارچه‌پارچه‌کراو وکێشه ئاڵۆزی وه‌کو ئه‌مرۆی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ده‌رده‌که‌وێت که چ رێگه‌یه‌ک بدۆزینه‌وه به قازانجی نه‌ته‌وه‌یی بشکێته‌وه و له ئاینده‌دا ئاسه‌وارو به‌رئه‌نجامه‌کانیان ده‌رکه‌وێت ونه‌وه‌کانی دووارۆژ ره‌حمه‌تمان بۆ بنێرن ،یان ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شمان پێ ناکرێت با به لانی که‌مه‌وه هه‌ندێک له پرسه‌کانی ئه‌مرۆ گه‌وره نه‌که‌ین ونه‌یانکه‌ین به گرفت ،من لێره‌دا له چه‌ند خاڵێکدا پوخته‌ی بۆچوونه‌کانم ده‌خه‌مه‌روو له باره‌ی ئه‌و نوسین وقسه‌کردنانه‌ی ناو به‌ناو ده‌رباره‌ی زمانی ستانداردی کوردی له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار‌و رۆژنامه‌کاندا بڵاو ده‌بنه‌وه‌و زۆربه‌یان داوای بڕیارێکی سیاسی ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک ته‌واو بووبێت :-
1-ئه‌گه‌ر چی بڕیاری سیاسی وده‌رکردنی فه‌رمانێک بۆ به‌فه‌رمی کردنی هه‌ر مه‌زهه‌بێک یان ئاینێک یان شێوه‌زارێک له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا گرنگی خۆی هه‌یه ،به‌ڵام یه‌کلاکه‌ره‌وه وکاری کۆتایی وچاره‌سه‌ری گرفته زمانیه‌کان نیه ،زمان به بڕیار درووست نابێت و به بڕیار‌و قه‌ده‌غه‌کردنیش ناتوێته‌وه ،به تایبه‌تی دروستکردنی زمانی ستانداردی کوردی به بڕیار که مێژوویه‌کی درێژی نیه له بواری نوسین و به‌رێوه‌بردندا، بۆ زمانی ستاندارد زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری وفه‌رهه‌نگی خۆی ده‌وێت ،چه‌ندایه‌تی ئه‌وانه‌ی قسه‌ی پێده‌که‌ن؟ له‌لایه‌کی تره‌وه چه‌ندایه‌تی ئه‌وانه‌ی پێی ده‌نوسن؟ چه‌ندایه‌تی ئه‌وه‌ی پێی نوسراوه؟ کاریگه‌ری ئه‌وه‌ی پێی نوسراوه له‌سه‌ر نه‌ته‌وه؟تا چه‌ند بۆ سه‌رده‌مه‌که گونجاوه‌و گه‌شه‌ی کردووه؟؟ ،تا چه‌ند توانای وه‌رگرتنی هه‌یه‌و چه‌ندی وه‌رگرتووه ؟؟،تا چه‌ند روخسار‌و سیما تایبه‌ته‌کانی خۆی پاراستووه؟ تا چه‌ند له ژێر کاریگه‌ری زمانه‌کانی تردایه؟ له هه‌مووی گرنگتر تا چه‌ند پێویستیه زمانیه‌کانی قۆناغه‌که پڕ ده‌کاته‌وه؟ وه‌کو زمانی بازرگانی وسه‌ربازی وزمانی زانستی وتوێژینه‌وه له زانکۆ‌و ناوه‌نده‌کانی توێژینه‌وه‌ی زانستیدا ....هتد ،بۆیه هه‌روا له خۆڕا ناکرێ له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه ململانێیه‌ک به‌رپا بکه‌ین ،به‌مه‌ش دوژمنی ناوخۆیی بۆ گرفته‌سه‌ره‌کیه‌که‌مان زیاتر بکه‌ین ،ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئارامیه‌کی ده‌رونی رووکه‌ش بۆ هه‌ندێک که‌س درووست ده‌که‌ین که له راستیشدا ئه‌و ئارامیه ده‌رونیه بناغه‌یه‌کی نیه ،ئێستا بڕیار بده‌ین وله که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندندا بڵاوی بکه‌ینه‌وه که ئه‌م شێوه زار‌و نوسینه زمانی ستانداردی کوردیه بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی بابه‌تی بۆ درووست بوونی له سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا درووست بووبێت وبێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ینه لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌کانی ئه‌و بڕیاره ؟؟؟ ،له جیاتی ئه‌مه ده‌کرێ به بێ بڕیار وقسه‌کردنی تیۆری به کرده‌وه ده‌سه‌ڵات ئه‌و زه‌مینه‌یه خۆش بکات که تیایدا زمانی ستاندارد دروست ده‌بێت .
2-له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رووی سروشتی زمانه‌وه دوو جۆری زمان هه‌یه یه‌کێکیان سروشتی وئه‌وی تریان ده‌ستکرد بۆیه ده‌کرێ پرسی زمانی ده‌ستکرد به شێوه‌یه‌کی تر چاره‌سه‌ر بکرێت ،وه‌کو :-
أ-هه‌ر گروپ وده‌سته‌و تاقم وکۆمه‌ڵه مرۆڤێک که خۆیان به کورد ده‌زانن به‌ڵام شێوه زار‌و ئاخاوتن وبیرو باوه‌ڕو ئاین ومه‌زهه‌ب وجۆری جل وبه‌رگ وداب ونه‌ریتێکی تایبه‌تیان هه‌یه له‌م قۆناغه‌دا، با به‌و په‌ڕی ئازادی و فه‌راهه‌م کردنی ته‌واوی پێویستیه مادی وته‌کنۆلۆژی وداراییه‌کانه‌وه به‌رده‌وامی بده‌نه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان وبا به‌و تایبه‌تیانه بخوێننه‌وه‌و بنوسن وکه‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنیان له‌به‌رده‌ستدا بێت وخزمه‌ت به کوردبوونی خۆیان بکه‌ن ،به‌مه‌ش به‌شێکی گرنگی که‌له‌پوری کوردی ده‌پارێزن .با له‌م قۆناغه‌دا باس له بڕیار نه‌که‌ین ،ته‌نیا به بڕیار هیچ لایه‌ک به‌سه‌ر لایه‌کانی تردا فه‌رز نه‌که‌ین له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره ته‌نیا دوو شێوه زارمان نیه ،با هه‌موویان گه‌شه بکه‌ن وپێیان بنوسرێت وبخوێنرێته‌وه با به هه‌موو شێوه‌زاره‌کان باس له مه‌ینه‌تی کورد‌و سته‌می داگیرکه‌ران بکه‌ین ،به هه‌موو شێوه‌زاره‌کان هۆنراوه‌ی جوان وگۆرانی خۆش وداستانه‌کانمان بنوسینه‌وه ،کام شێوه‌زار توانی له ئاینده‌دا ببێته زمانحاڵی هه‌موو کورد ئه‌وه ده‌بێته ستاندارد‌و ئه‌و کاته هه‌موومان شانازی پێوه ده‌که‌ین ،چونکه هۆکاری جیاوازیه‌کانمان نه‌بوونی بڕیار نیه به‌ڵکو تێکه‌ڵاونه‌بوون وکه‌می ئاستی کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نێوانمانه ،به هێنانه کایه‌ی زه‌مینه‌یه‌کی له بار بۆ تێکه‌ڵاوبوون وبه‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تیمان له میانه‌ی ماوه‌یه‌کی مێژوویی‌دا زمانی سروشتی خۆی درووست ده‌بێت و جیاوازیه‌کان خۆیان نامێنن .
ب-ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه جگه له سازکردنی زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ کاڵ کردنه‌وه‌ی وورده جیاوازیه‌کان ،بۆ زمانی ده‌ستکردیش پێویستمان به جۆره رێکه‌وتنێک هه‌یه له په‌نای ده‌سه‌ڵاتدا، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له‌و بوارانه‌ی له ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدان وه‌کو زمانی په‌روه‌رده‌یی وزانستی وکارگێڕی وسه‌ربازی ،لێره‌شدا ئێمه‌ی کورد به هه‌موو شێوه زاره‌کانمانه‌وه زۆر پێویسته هه‌ست به هه‌ژاری خۆمان بکه‌ین وبزانین له‌به‌رامبه‌ر زمانه پێشکه‌وتوو وده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهاندا ئێمه له کوێین؟؟ئه‌گه‌ر ته‌واوی شێوه‌زاره‌کانمان کۆبکه‌ینه‌وه‌و هه‌موویان به‌کاربێنین هێشتا ناتوانین ته‌واوی زمانه پێویسته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌م قۆناغه‌دا پڕ بکه‌ینه‌وه ، هێشتا سه‌دان ووشه‌ی زانستی وکارگێڕی وسه‌ربازی و....هتد هه‌یه ناچارین یان بێگانه‌که وه‌ربگرین یان ووشه‌یه‌کی بۆ داتاشین بۆ نمونه له کام شێوه‌زاری کوردی ماناکانی (مراجع ،مبحوپ ،مرتبه ،وزاره ،مرجعیه...هتد)په‌یدا بکه‌ین ، له‌سه‌ر ئاستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێویست به‌وه ده‌کات له‌م قۆناغه‌دا بێ ئه‌وه‌ی ناوی بنێین زمانی ستاندارد‌و بڕیارێک ده‌ربکه‌ین ته‌نیا زمانی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کان وزمانی کارگێڕی یه‌ک بخه‌ین ، له‌سه‌ر شێوازێکی نوسراو کردن ووه‌ڵامدانه‌وه‌ی نوسراوی وه‌زاره‌ت وده‌زگا فه‌رمیه‌کان رێک بکه‌وین ،چ ووشه‌یه‌ک به‌کار بێنین وچ ووشه‌یه‌ک به‌کارنه‌هێنین له داموده‌زگاو وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌تدا ،له ئێران فه‌رهه‌نگستان هه‌یه بۆ له فیلته‌ردانی هه‌ر ووشه‌یه‌ک وره‌تکردنه‌وه‌ی یان به‌کارهێنانی ،با لای ئێمه‌ش ئه‌نجومه‌نێک ،کۆڕێک ،ده‌سته‌یه‌ک ،کۆمه‌ڵه‌یه‌ک هه‌ر ناوێکی لێ ده‌نێن ،له پسپۆڕان وشاره‌زایان ومامۆستایانی زمانی کوردی له‌به‌شی زمانی کوردی زانکۆکانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌و خه‌ڵکانی شاره‌زاو دڵسۆزی هه‌ر شوێنێک بێت درووست بکه‌ین ،ئه‌م ئه‌نجومه‌نه کلێشه‌ی نوسراوه کارگێڕیه‌کان رێکبخه‌ن وله حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا یه‌ک شێوازی نوسراو کردن و وه‌ڵامدانه‌وه هه‌بێت ،با به‌لایه‌نی که‌مه‌وه حکومه‌ت خۆی له داموده‌زگاکانی خۆیدا هۆکاری یارمه‌تی ده‌ر بێت بۆ دروستبوونی زمانه‌که نه‌ک داوای بڕیاری لێ بکه‌ین .
ج-ده‌سه‌ڵات به پێی پلانێکی ستراتیژی یارمه‌تی نوسین وبڵاوکردنه‌وه‌و وه‌رگێڕان بدات ،یارمه‌تی کۆکردنه‌وه‌و تۆمارکردن وچاپکردنی ته‌واوی چیرۆک وداستان وئه‌فسانه‌و به‌سته‌و گۆرانی وهۆنراوه‌ی فولکلۆری وکه‌له‌پوری ناوچه‌جیاوازه‌کان بدات به شێوه‌زاری ناوچه‌کان بنوسرێنه‌وه، هه‌وڵ وته‌قه‌ڵای هزری خۆمان بۆ وه‌رگێڕان وده‌وڵه‌مه‌نکردنی کتێبخانه‌ی کوردی ودانانی ده‌یان فه‌رهه‌نگی کوردی –کوردی بخه‌ینه‌گه‌ڕ ،زمانی ستاندارد به‌وه نابێته ستاندارد بڕیارێک بدرێت به‌ڵام نه کاری بۆ کرابێت ونه کاری بۆ بکرێت ،ئایا له شه‌ش ملیۆن کوردی باشووردا ،ساڵانه یه‌کی چه‌ند کتێبی وه‌رگێڕاومان به‌رده‌که‌وێت ؟،ئایا حکومه‌تی هه‌رێم چه‌ند بوجه‌ی ته‌رخان کردووه بۆ ئه‌م بواره؟له‌به‌شه‌کانی زمانی کوردی زانکۆکانی کوردستاندا ساڵانه چه‌ند کتێبی زانستی نوێ دێنه کتێبخاته‌ی به‌شه‌کانه‌وه له‌سه‌ر زمان نوسرابن ؟؟؟ئه‌ی له‌به‌شه‌کانی بیرکاری وفیزیاو پزیشکی وکشتوکاڵ وزانسته مرۆیی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان چه‌ند کتێب ده‌نوسرێن به‌م زمانه؟؟؟
2-له باره‌ی رێزمانیه‌وه پێش ئه‌وه‌ی باسی زمانی ستاندارد بکه‌ین ئایا ناکرێ وه‌کو هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی جیهان گۆڕانێک له نوسین وخوێندنه‌وه‌ی کوردی‌دا بکه‌ین که زیاتر له یه‌کمان نزیک بکاته‌وه و یه‌کمان بخات نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه قسه له‌سه‌ر جیاوازیه‌کان بکه‌ین وزه‌قتریان بکه‌ینه‌وه ،بۆنمونه ئایا ناکرێت هه‌موومان له نوسیندا بنوسین (ئا‌ڤ) له جیاتی (ئاو) واته له چه‌ند ووشه‌یه‌کی زمانی کوردی‌دا پیتی (ڤ)به (و)بخوێنرێته‌وه ئه‌گه‌رچی له ووشه‌که‌شدا (ڤ)نوسرابێت یان هه‌موومان بنوسین (به)له جیاتی (ب) یان (له)له جیاتی (ل)به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌دا جیاواز بێت ،به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له کتێبی قوتابخانه‌کاندا وه‌کو سه‌دان ووشه‌ی ئینگلیزی وفارسی وعه‌ره‌بی بۆنمونه (نهاوند)به فارسی ئایا فارسێک چۆن ئه‌مه ده‌خوێنێته‌وه ؟یان (دقیقه)به عه‌ره‌بی ،لوبنانیه‌ک ،که‌نداویه‌ک ،میسریه‌ک له قوتابخانه‌و زانکۆ‌و نوسراوی فه‌رمیدا ده‌نوسن (دقیقه)به‌ڵام ئایا هه‌ر یه‌ک له‌وانه چۆن ده‌یخوێننه‌وه ؟؟ یان (often)به ئینگلیزی وچه‌ندین ووشه‌ی تر.ئیتر بۆچی حکومه‌ت له دروستکردنی زمانی ده‌ستکرددا له کوردستان هیچ رۆلێکی نه‌بێت؟؟
3-له‌باره‌ی پیتی نوسینه‌وه ئایا ناکرێت حکومه‌ت به لایه‌نی که‌مه‌وه کۆرسێکی فێربوون بۆ قوتابیان وخوێنکارانی خۆی بکاته‌وه وفه‌رزی بکات بۆنمونه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت له زانکۆ حکومیه‌کانی کوردستان بخوێنن ،ئه‌گه‌ر نه‌زانێت به شێوازه‌کانی پیتی عه‌ره‌بی ده‌قی کوردی بخوێنێته‌وه‌و بنوسێت له زانکۆکانی کوردستاندا وه‌رنه‌گیرێت ،یان بۆ هه‌موو ده‌رچوانی زانکۆکانی کوردستان ئه‌گه‌ر یه‌کێک به شێوازی لاتینی نه‌زانێت بخوێنێته‌وه‌و بنوسێت له‌هه‌ر شوێنێک دامه‌زرێت ده‌ست به‌کار بوونی بۆ نه‌نوسرێت هه‌تا له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه ده‌رنه‌چێت ،جگه له ده‌سه‌ڵات ئێمه‌ش دڵسۆزیمان بۆ نه‌ته‌وه‌و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان هانمان بدات زۆر به‌لامانه‌وه ئاسایی بێت له‌م قۆناغه‌دا هه‌ر بابه‌تێکی کوردی چ به پیتی لاتینی یان به پیتی عه‌ره‌بی نوسرابێت بتوانین بیخوێنینه‌وه‌و به هه‌ردوو شێوازه‌که‌ش بتوانین بنوسین،هه‌وڵ بده‌ین بابه‌ته‌کان ئه‌وانه‌ی به پیتی لاتینی نوسراون به پیتی عه‌ره‌بی بیاننوسینه‌وه و بڵاویان بکه‌ینه‌وه ،له رووی ئابوری وپڕفرۆشترین وتیراژو چه‌ندایه‌تی خوێنه‌رانی به‌راورد بکه‌ین و ئه‌مانه له به‌رچاو بگرین ،به هه‌موو شێوه زاره‌کان گۆڤار‌و رۆژنامه ده‌ربکه‌ین به‌ڵام دیسان بڕی پاره‌ی تێچوو وئاستی فرۆشتنی له بازاڕ‌و ژماره‌ی خوێنه‌رانی له به‌رچاو بگرین ،ناکرێ هه‌تا هه‌تا له سه‌ر ئه‌رکی حیزب وحکومه‌ت وبه پاره‌ی میله‌ت پشتیوانی له دروستکردنی شێوه‌زارێک بکرێت یان ئاین ومه‌زهه‌ب وبیروباوه‌ڕێک زیندوو بکرێته‌وه‌و هیچ سودێکی نه‌بێت؟؟؟ئه‌رکی حکومه‌ت هه‌ندێک جار ئاسانکاری وهه‌ندێک جار فشار وبه‌زۆر پیاده‌کردنه نابێ له هه‌ردوو بواره‌که‌دا که‌مته‌رخه‌م بێت ،ده‌بێ حکومه‌ت وه‌کو ده‌زگاو مه‌کینه‌یه‌ک به پێی به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیر ورده جیاوازیه‌کان له ناوبه‌رێت .