5/12/1857 رۆژی مردنی دامه‌زرێنه‌ری زانستی کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی ئۆکه‌ست کۆنت بوو ،مردنی مرۆڤێک که به درێژایی ژیانی له خه‌می رێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌و گۆڕینی پڕه‌نسیپه ئاینیه به هه‌ڵه به‌کارهاتووه‌کان وبه پیرۆزکراوه‌کاندا بوو ،ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی شێوازێکی ژیانی مه‌ده‌نی بوو بێ ئه‌وه‌ی به‌چاوی خۆی بیبینێ ،خه‌ونه‌کانی نزیکه‌ی سه‌د ساڵ له دووای مردنی هاتنه دی ،نوسینه‌کانی سروشتێکی تایبه‌تیان هه‌بوو ،له شۆڕشگێڕێکی تا سه‌ر ئێسقان یاخیی رادیکاڵه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌کی نیمچه توڕه‌و له‌وێشه‌وه بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌مان ئایدیا‌و تێڕوانینی قه‌شه و پیاوێکی ئاینی ،به‌ڵام به شێواز‌و مۆدێلێکی تر ،
بۆیه تێگه‌یشتن له رووداوه‌کانی ژیانی تایبه‌تی کۆنت گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له نوسینه‌کانی ،زۆر نوسین وبیروبۆچوون هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی به درێژی بچینه ناو رووداو‌و مێژووی ژیانی نوسه‌ره‌که‌ی ده‌توانین لێیان تێبگه‌ین ،به‌ڵام ئۆکه‌ست کۆنت به گوته‌ی زۆر له توێژه‌رانی بواری فه‌لسه‌فه‌و زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ،له‌و فه‌یله‌سوف وزانایانه نیه ،به بێ تێگه‌یشتن له ژیان ورووداو و ورده‌کاریه‌کانی ژیانی تایبه‌تی خۆی ناکرێ له فه‌لسه‌فه‌و بیروبۆچوونه‌کانی بگه‌یت ،ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ریشیان نوسیوه توێژه‌رو زانا‌و نوسه‌ری بواری زانسته جیاجیاکانی کۆمه‌ڵناسی وئه‌نترۆپۆلۆژیا وفه‌لسه‌فه‌و میًژوو رامیاری ویاسا وچه‌ندین بواری زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی ومرۆییه‌کانی تر بوون( ) ،بۆیه پێش ئه‌وه‌ی باسی بۆچوونه‌کانی له‌باره‌ی ئاینی نوێ وبنه‌ما ئاکاریه‌کانی ئاینه نوێیه‌که‌یه‌وه بکه‌ین هه‌وڵ ده‌ده‌ین به ووردی ژیان وبه‌سه‌رهات وتا ئه‌و شوێنه‌ی بۆمان بکرێت وورده‌کاریه‌کانی ژیانی تایبه‌تی ده‌خه‌ینه روو هه‌تا زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیی ره‌گ وریشه‌ی بۆچوونه‌کانی بۆمان ده‌رکه‌وێت .
باسی یه‌که‌م :ژیانی ئۆگه‌ست کۆنت
ئۆگه‌ست کۆنت کوڕی گه‌وره‌ی یان نۆبه‌ره‌ی خێزانێک بوو که پیاوه‌که ،واته باوک ،فه‌رمانبه‌رێکی بچوکی حکومی بوو له‌یه‌کێک له نوسینگه‌کانی وه‌رگرتنی باجدا له‌شاری مۆناپیلیه کاری ده‌کرد وئه‌م باوکه تاسه‌ر ئێسقان مه‌لیکی بوو( ) ،دایکیشی به هه‌ست ناسکی وئاین په‌روه‌ری به‌ناوبانگ بوو له‌ساڵی 1798دا ئه‌م کوڕه‌یان بوو،له منداڵی‌دا دایکی زۆرچاودێری ده‌کردو هه‌وڵی ده‌دا له‌سه‌ر باوه‌ڕو بنه‌ما ئاینیه‌کان په‌روه‌رده‌ی بکات ونوێژی له پێناودا ده‌کرد ،ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نی وکاریگه‌ریه‌کانی دایکی ،ئه‌گه‌ر چی به تیۆری کۆنت خۆی نکوڵیشی لێ کردبێت یان نا ،به‌ڵام تا دووا هه‌ناسه‌ی ژیانی به‌سه‌ریه‌وه مانه‌وه ،له‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا ئۆگه‌ست کۆنت چووه قۆناغی خوێندنی دوواناوه‌ندیه‌وه له سه‌رتادا رووی له بابه‌ته ئه‌ده‌بیه‌کان کرد‌و هه‌میشه له وتاردان وهۆنراوه‌دا یه‌که‌می ده‌هێنا ده‌وروبه‌ره‌که‌ی پێیان وابوو خوداوه‌ند مێشک ویاده‌وه‌ریه‌کی سه‌یری به‌م کوڕه داوه بۆ هه‌ربابه‌تێک ته‌نیا یه‌ک جار خوێندنه‌وه‌ی به‌سه بۆ ئه‌زبه‌رکردن ،له پازده ساڵیدا وازی له ئه‌ده‌بیات هێناو رووی کرده بیرکاری په‌تی وله تاقیکردنه‌وه‌کانیدا سه‌رکه‌تووبو دوواتر که‌وته خۆئاماده‌کردن بۆ تاقیکردنه‌وکانی وه‌رگیران له قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه‌ی جه‌نگی باڵا له پاریس ،له‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌شدا به‌سه‌ر قوتابیانی شاره‌که‌یدا به‌یه‌که‌م ده‌رچوو بۆیه له رووی زیره‌کی ونمره‌ی خوێندنه‌وه له ته‌مه‌نی پازده ساڵیه‌وه مافی ئه‌وه‌ی وه‌رگرت په‌یوه‌ندی به‌م قوتابخانه‌یه‌وه بکات بۆ خوێندن به‌ڵام یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی وه‌رگیران ده‌بوو ته‌مه‌نی خوێندکار شازده ساڵ بێت ،بۆیه بۆ ساڵێک دوواخرا ،له ساڵی دوواتردا واته له‌مانگی ئابی 1814دا په‌یوه‌ندی به‌و قوتابخانه‌وه کرد ،له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا به‌تواناو به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی پاریس ده‌ستی به‌خوێندنی بیرکاری وفیزیاو کیمیا کرد هه‌رچه‌نده کۆنت له بواری خوێندن وبه‌ده‌ستهێنانی زانست‌دا پێشه‌نگ ویه‌که‌م بوو له‌ناو هاوپۆله‌کانیدا به‌ڵام له یاری وناره‌حه‌تی وهاروهاجیش له پێشه‌وه‌ی ئه‌واندا بوو بۆیه جارێک به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که ناچاربوو پله‌ی جاویشی(•) لێ وه‌ربگرێته‌وه که‌له کاتی وه‌رگیرانیدا به‌ده‌ستی هێنابوو ، له‌سه‌رو به‌ندی ده‌ستپیًکردنی خوێندنی کۆنتدا په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان فه‌ره‌نساو ئه‌وروپا به‌گشتی تێکچوو ،به هه‌ڵاتنی ناپلیۆن له دوڕگه‌ی ئیلباوه وگه‌یشتنی به تۆلۆن بارودۆخه‌که شڵۆق بوو ،کۆنت یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی زۆر به‌گه‌رمی وجۆشوخرۆشه‌وه پێشوازی له‌م رووداوه کرد ،له‌گه‌ڵ چه‌ند خوێندکارێکی هاوڕێیدا به ماوه‌یه‌کی کورت پێش به‌رپا بوونی شه‌ڕی واته‌رلو داواکاریه‌کیان به‌رزکرده‌وه بۆ یارمه‌تیدانیان هه‌تا ده‌وڵه‌ت وه‌کو گروپی پاراستنی نیشتمانی یارمه‌تیان بدات وپه‌یوه‌ندی به هێزو له‌شکری ناپلیۆنه‌وه بکه‌ن ،له‌وکاته‌دا ،ناپلیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێک ئه‌فسه‌ر ،سه‌ردانی قوتابخانه‌که‌یانی کرد ،کۆنت به‌گه‌رمی پێشوازی لێکرد وئاماده‌یی خۆی پیشاندا بۆ به‌شداری کردن وچونه ریزی سوپای باکوره‌وه ،به‌ڵام پێش په‌یوه‌ندی کردن وله کاتی خۆئاماده‌کردندا هه‌واڵی شکان ودۆڕاندنی شه‌ڕی واته‌رلو بڵاوبوه‌وه ،سوپای هاوپه‌یمانان هاته ناو پاریسه‌وه ،لویسی هه‌ژده‌هه‌م گه‌رایه‌وه وناپلیۆنیش هه‌ڵات ،ئیتر نه‌ک هه‌ر کۆنت ،به‌ڵکو قوتابخانه‌که‌یان واته ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی ناپلیۆن به نیاز بوو ئه‌فسه‌ره‌کانی ئاینده‌ی تیادا هه‌ڵبژێرێت وئه‌وانیش له پێشوازی ناپلیۆندا بوون ،به‌گشتی له لیستی ره‌شدا دانرابوو له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و لایه‌نگرانی لویسی هه‌ژده‌وه به هۆی لایه‌نگیریان له ناپلیۆن ، ،دوای ئه‌مه به ماوه‌یه‌کی کورت ، ،یه‌کێک له مامۆستاکانیان ببوه مایه‌ی ناره‌حه‌تی وبێزارکردنی خوێندکاره‌کان و له‌کاتی وانه گوتنه‌وه‌دا پێ له‌سه‌ر پێ یان به چیچکان وهه‌ڵتوتانه‌وه له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی داده‌نیشت ،یان پێیه‌کی ده‌خسته سه‌ر کورسیه‌که‌ی کاتێک ده‌رسگوتاره‌کانی بۆ خوێندکاران داده‌دا ،رۆژێک داوای له ئۆگه‌ست کۆنت کرد تا به‌رامبه‌ر خوێندکاره‌کان دا‌نیشێت و وانه‌که بڵێته‌وه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی مامۆستاکه به چیچکانه‌وه له‌سه‌ر کورسیه‌که دانیشت وده‌ستی به‌قسه‌کردن کرد به‌هه‌مان شێوه‌ی قسه‌کردن وئاوازیی ئه‌و ،ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی ناره‌حه‌تی مامۆستاکه‌و وه‌کو سزادانێک ئاگاداری کرده‌وه به‌ڵام ئۆگه‌ست کۆنت له‌وه‌ڵامدا گوتی (به‌رێزم :پێم وایه ره‌واو راسته شوێن که‌وتووی تۆ بم وپه‌یڕه‌وی ره‌فتارو جوڵه‌کانی تۆ بکه‌م) ئه‌مه بووه هۆی دروست بوونی ئاڵۆزی وبشێویه‌ک ودوواتر هه‌موو خوێندکاره‌کان ناره‌زاییه‌کیان دژی مامۆستاکه به‌رز کرده‌وه ئۆگه‌ست کۆنت له ناره‌زاییه‌که‌دا نوسیبووی(گه‌وره‌م ئێمه ناره‌حه‌تین که ئه‌م رێوشوێنه به ئازاره ده‌گرینه به‌ر له‌گه‌ڵ خوێندکارێکی دێرینی قوتابخانه‌که‌ماندا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به جدیه‌وه داوات لێ ده‌که‌ین له‌م رۆژه‌وه ئیتر پێ نه‌خه‌یته ناو ئه‌م قوتابخانه‌وه)،ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رۆژگاره‌ش به‌دووی بیانوویه‌کدا ده‌گه‌ڕا بۆ داخستنی قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه‌ی پاریس چونکه به ناوه‌ندی یاخیبوونی کۆماریه‌کانی ده‌زانی هه‌تا پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاتی خۆی بکات ونه‌یارانی له ناوبه‌رێت ،بڕیاری داخستنی قوتابخانه‌که‌ی ده‌رکردوقوتابیه‌کانی نارده‌وه ماڵه‌وه ، به‌مه‌ش کۆنت له‌ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا هه‌لی خوێندن وبه‌ده‌ست هێنانی زانستی له رێگه‌ی یارمه‌تی ده‌وڵه‌تیه‌وه له‌ده‌ستدا ئه‌م رووداوه‌ش سه‌ره‌تایه‌کی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ندێک له بیروبۆچوونه‌کانی وزانستی راڤه‌و شرۆڤه‌کانی ،کۆنت گه‌رایه‌وه مۆناپیلیه‌ی شوێنی له‌دایک بوونی ،وه‌زیری ناوخۆ پارێزگاری ئه‌م شاره‌ی ئاگادار کرده‌وه که له نزیکه‌وه چاودێری کۆنت بکات به‌ڵام پارێزگار له ره‌فتاری کۆنتدا سیمایه‌کی خراپی نه‌دی به‌ڵکو ئاسانکاری گه‌رانه‌وه‌ی بۆ کرد بۆ پاریس کاتێک کۆنت ئه‌یویست بگه‌ڕێته‌وه پاریس ، ئیتر دووای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه ،کۆنت له پاریس‌دا ناچار بوو به دووای کارێک‌دا بگه‌رێت له‌لایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی به‌خۆی ژیانی خۆی دابین بکات وبارگرانی نه‌بێت به‌سه‌ر خێزانه‌که‌یه‌وه له‌لایه‌کی تریشه‌وه درێژه به خوێندن بدات و بخوێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌و یارمه‌تیه که‌مه‌ی له خێزانه‌که‌یه‌وه پێی ده‌گه‌یشت، بۆیه بریاری دا وانه‌ی تایبه‌تی بڵێته‌وه ،هه‌رچه‌نده دواتر و ناوبه‌ناو پێشنیاری ئه‌وه‌یان بۆ ده‌کرد که ببێته مامۆستای بیرکاری له ئه‌مه‌ریکا به‌ڵام ئه‌مه نه‌چووه بواری جێ به‌جێ کردنه‌وه ،به‌هه‌ر هۆیه‌ک بێت سه‌ری نه‌گرت.
کۆنت نه‌ک هه‌ر له‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیدا به‌ڵکو به درێژایی ژیانی هه‌ژارونه‌داربوو ،هه‌میشه‌له‌گه‌ڵ کارمه‌ندو فه‌رمانبه‌ره فه‌رمیه‌کاندا ناکۆک بوو بۆیه هه‌موو ئه‌و یارمه‌تی وپشتیوانیه داراییه‌ی که‌زۆر پێویستی پێ بوو یان مافی خۆی بوو وه‌ریان بگرێت هه‌مووی له ده‌ستدا ،له‌و ماوه‌یه‌ی بڕیاری دووباره کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌که‌یان درا ،بانگه‌وازی پێشکه‌شکردنی داواکاری بۆ بوون به مامۆستا بڵاوکرایه‌وه ،هیوایه‌کی گه‌وره‌ی لا درووست بوو که وه‌کو مامۆستایه‌ک له قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه‌یی پاریس وه‌ربگیرێت ،چونکه دڵنیا بوو له تاقیکردنه‌وه‌کان ده‌رده‌چێت به‌ڵام به‌هۆی بیروباوه‌رو بوًچوونه سیاسیه‌کانیه‌وه رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێ نه‌درا له پێشبڕکیه‌که‌شدا به‌شداری بکات ، بۆیه جارێکی تر رووی کرده‌وه خوێندن ،دووای ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونی زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفه‌کانی خوێنده‌وه به‌تایبه‌تی مۆنتسکیۆ ،له ساڵی 1817دا وتارێکی سیاسی بڵاوکرده‌وه به ناونیشانی (تێبینیه‌کانم :تأملاتی)هه‌روه‌ها یارمه‌تی رێکخستن و راستکردنه‌وه‌و داڕشتنی چه‌ند نوسینێکی تری‌دا له‌سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری که له‌لایه‌ن هاوه‌ڵ وبراده‌ره‌کانیه‌وه نوسرابوون .
بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ ئۆگه‌ست کۆنت قوتابی سان سیمۆن بوو ،که به‌یه‌کێک له رێبه‌رانی سۆشیالیزمی خه‌یاڵی فه‌ره‌نسی داده‌نرێت ،هاوبه‌شی له نوسینی ئه‌و وتارانه‌شدا ده‌کرد که سان سیمۆن ده‌ینووسین ،له‌م ماوه‌یه‌شدا له رێگه‌ی داهاتی وانه وتنه‌وه تایبه‌تیه‌کانیه‌وه ده‌ژیا ، هه‌وڵی فێربوونی زیاتروبه‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی خۆیشی ده‌دا ، ئه‌گه‌ر بواری هه‌بوایه له رێگه‌ی خوێندنی تایبه‌ته‌وه ئاماده‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌رسگوتارانه ده‌بوو له بواری بیرکاری و فیزیا‌و کیمیاو بایۆلۆژی وفه‌لسه‌فه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه سان سیمۆن یان هه‌ندێک له قوتابیه‌کانی پێکه‌شیان ده‌کرد.
له‌ساڵی 1824دا سان سیمۆن کتێبێکی له ژێرناوی (رێبه‌ری رامیاری بۆ کرێکاران)بڵاوکرده‌وه ،وتارێکی نیوه‌چڵی کۆنتی تیا‌بوو که سان سیمۆن له‌سه‌ر ته‌واوی وتاره‌که ره‌زامه‌ندی نه‌دابوو ،ئه‌مه بووه هۆی جیابوونه‌وه‌یان له یه‌کتری ،دووای ئه‌مه کۆنت چه‌ند وێنه‌یه‌کی له‌و ووتاره و له ژێر ناوی (نه‌خشه‌ی کاری زانستی پێویست بۆ دووباره رێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه)نارد بۆ چه‌ندین هزرڤان وبیرمه‌ندی ئه‌و سه‌رده‌مه ،وه‌کو (تۆماس جیڤه‌رسۆن) و(جیمس مانڕۆ) ،هه‌ر ئه‌م وتاره سه‌رنجی نوسه‌ران وئیلیته‌کانی ئه‌و قۆناغه‌ی راکێشا وه‌کو (جیزۆ) و(بوانسۆ) و(فۆن هه‌مبۆڵت) و(دۆق دی بۆلی )و گه‌لێکی تر ،ئیتر کۆنت بوو به یه‌کێک له نوسه‌ره ناوداره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا ،هه‌ر له‌و سه‌رو به‌نده‌دا
به رێگه‌ی ئاسایی وهه‌مان ئه‌و رێگه‌یه‌ی که لاوێک له پاریس‌دا ده‌یتوانی کچێک ببینێت ،کۆنتیش له پارکی رۆیال پالاس که پڕ بوو له ئافره‌تی له‌شفرۆش که‌وته داوی خۆشه‌ویستی کچێکه‌وه به ناوی (کارۆلین ماسان)ئه‌م کچه هه‌تیو بوو له رێگه‌ی جل دوورینه‌وه ده‌ژیا ،هه‌رچه‌نده له رووی ئاکاریه‌وه په‌یوه‌ندی نائاسیی له‌گه‌ڵ پیاواندا هه‌بوو ورابردوویه‌کی خراپی هه‌بوو ،به‌ڵام کۆنت هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌و رێنمایی کردنی دا‌و له کۆتاییدا خواستی ،سه‌ره‌رای ناره‌زایی خێزانه‌که‌ی و بێ پاره‌یی وبێکاری خۆی ،له‌و ره‌وشه ناهه‌مواره‌دا کۆنت ده‌ستی به‌وانه گوتنه‌وه‌ی تایبه‌تی کرد ،هه‌ر له 12/4/1826وه له ماڵه‌که‌ی خۆیدا ده‌رسگوتاره‌کانی ده‌ستی پێ‌کرد ،ئه‌گه‌رچی ئاماده‌بووان له رووی چه‌ندایه‌تیه‌وه وه‌کو پێویست نه‌بوون به‌ڵام هه‌رهه‌مویان له توێژه روناکبیرو رۆشنبیره‌کانی کۆمه‌ڵگه بوون ،یه‌که‌م ده‌رسگوتاری زۆر به‌سه‌رکه‌وتوویی به‌رێوه‌چوو ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخ ونیگه‌رانی ئاماده‌بوانی ده‌رسگوتاره‌کانی بوو ئه‌و هه‌واڵه بوو له کاتی رۆیشتنیان بۆ ده‌رسگوتاری سێیه‌م گوێ بیستی بوون ئه‌ویش رۆیشتنی کۆنت له پاریس وگه‌رانه‌وه‌ی بوو بۆ مۆناپیلیه به هۆی شێت بوون ونه‌خۆشی ئه‌قڵیه‌وه له ئه‌نجامی ماندووبوونی زۆری به ئاماده‌کردنی ده‌رسگوتاره‌کانیه‌وه سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی و هه‌ژاری ،دایکی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه حه‌فتاودوو ساڵ به بیستنی نه‌خۆش که‌وتنی کۆنت هاتبووه پاریس وله‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ مۆناپیلیه گه‌ڕابوونه‌وه هه‌تا له نزیکه‌وه ئاگاداری بێت ،کارۆلین ماسانی خێزانیشی زۆر دڵسۆز وبه وه‌فا بوو له‌گه‌ڵی ،کاتێک کۆنت دوچاری نه‌خۆشی ده‌رونی وتێکچوون بوو زۆری خزمه‌ت کردوو بووبه هۆکارێک بۆ گێڕانه‌وه‌ی ته‌ندرووستی کۆنت ،به‌هیوای ئه‌وه بوو چاک بێته‌وه‌و درێژه به نوسینه‌کانی بدات وله رێگه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه داهاتێکی دارایی باشیان ده‌ست که‌وێت که نه‌بێته هۆی درووست بوونی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م توێژینه‌وه زانستیه‌کانی کۆنتدا ،که‌چی ئه‌م دوایی نه‌هێناو کورد گوته‌نی خویه‌ک بگری به‌شیری ته‌رک ناکرێ به‌پیری ،به‌هۆی ئه‌و به‌رزه فڕی وحه‌ز به ماڵ وسامانه‌وه که چاوه‌روانی ئه‌وه بوو کۆنت له‌به‌رزترین پله‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌مه‌ندترین که‌س بێت به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی زانا‌و فه‌یله‌سوف له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌کو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسادا ده‌بێ به‌هه‌ژاری بژین وبه هه‌ژاریش بمرن بۆیه ئه‌م ژنه له‌سه‌ر بچوکترین وبێ ماناترین هۆکار ماڵه‌که‌ی به‌جێ ده‌هێشت وهاورێیه‌تی پیاوانی تری ده‌کرد ،جگه له‌مه‌ش ئه‌و کاته‌ی زۆر هه‌ژارو نه‌داربوون ویستی له رێگه‌ی له‌شفرۆشیه‌وه پاره بۆ ئۆگه‌ست کۆنت په‌یدا بکات ،کۆنت ئه‌مه‌ی به‌لاوه نه‌نگی بوو بۆیه له ساڵی 1842وه به یه‌کجاری له‌یه‌کتر جیابوونه‌وه ،هه‌رچه‌نده پاش جیابوونه‌وه‌ش ،جار جار له رووی مادیه‌وه یارمه‌تی کۆنتی ده‌دا وئاگاداری باری هه‌ژاری ئه‌و بوو ( ).
ئۆگه‌ست کۆنت نه‌یتوانی بگه‌رێته‌وه سه‌ر چالاکیه زانستیه‌کانی هه‌تا سه‌ره‌تای ساڵی 1829 ،واته نزیکه‌ی ساڵ نه‌خۆشیه‌که‌ی درێژه‌ی کێشا ،دوواتر که گه‌ڕایه‌وه پاریس هه‌ر له ماڵه‌که‌ی خۆیدا وله شه‌قامی (سان جاک)نزیک به زانکۆی سۆربۆن ، ده‌ستی به ده‌رسگوتاره‌کانی خۆی کرده‌وه ،زۆربه‌ی زانایانی ده‌روونناسی وفیزیک تیایاندا ئاماده ده‌بوون ،له ساڵی دوواتردا ده‌رسگوتارێکی گشتی ئاماده‌کردو له‌سه‌ر یه‌کێک له شانۆکانی پاریس‌دا پێشکه‌شی کرد هه‌تا ڕاو بیروبۆچوونه‌کانی له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێکی زۆردا بخاته روو ،له‌هه‌مان ساڵدا واته 1830به‌رگی یه‌که‌می (چه‌ند وانه‌یه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزم) بڵاوکرده‌وه ،ئیتر له نێوان ساڵانی 1830 و1852دا به نزیکه‌ی دووازده ساڵ کاره سه‌ره‌کیه‌که‌ی له ژێر ئه‌م ناونیشانه‌و له شه‌ش به‌رگدا نوسی، ناوه‌رۆکی هه‌ربه‌رگێکی به‌جیاو له چه‌ند ده‌رسگوتارێکی گشتیدا پێشکه‌ش کرد ،دوواتر به‌په‌له نوسیه‌وه وله نامیلکه‌یه‌کی کورت‌دا به‌رهه‌می هێنا ،به‌ناوی (چه‌ند وانه‌یه‌ک له روحی پۆزه‌تیڤیزم)وزۆرجار له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووانی ده‌رسگوتاره‌کانیدا ئامۆژگاری بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه ده‌کرد به‌و پێیه‌ی که باشترین سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ ده‌سپێکه‌ران .
له‌ساڵی 1831دا خۆی بۆ کورسی وانه گوتنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه له پاریس پاڵاوت به‌ڵام وه‌کو موعید وه‌رگیرا نه‌ک وه‌کو مامۆستا ،من ئه‌مه‌م به‌لاوه زۆر گرنگ وسه‌رنجراکێشه ،له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌رجه‌کانی بوون به مامۆستا له ناوه‌ندێکی زانستیدا چه‌ند به توانایی وشاره‌زایی ولێهاتوویی پێویست بووه ،ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌کو ئۆگه‌ست کۆنت به موعید وه‌رگیرابێت ده‌بێ مامۆستاکان کێ بووبن؟؟یان ئێمه که‌ی به‌و قۆناغه ده‌گه‌ین مه‌رجه‌کانی بوون به مامۆستا له هه‌ر ناوه‌ندێکی توێژینه‌وه‌و زانستیدا به‌رهه‌می هه‌بێت وخاوه‌ن تێزێکی هزری دیاریکراو بێت ؟؟دیاره وه‌رگیران وه‌کو موعید پێداویستیه‌کانی ژیانی ئۆگه‌ست کۆنتی دابین نه‌ده‌کرد ،دووای ئه‌وه‌ی له مامۆستایی له قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه بێ به‌ش کرا ، سه‌ره‌ڕای توانا زانستیه‌کانی ،له رێگه‌ی کاری کاتیه‌وه ده‌ژیا ،ماوه‌یه‌ک وه‌کو وانه بێژ له هه‌مان قوتابخانه مایه‌وه ماوه‌یه‌کیش له په‌یمانگای لاڤل بوو ،دوواتر هه‌ر چه‌ند مانگێک له هه‌رێمێکدا وانه‌ی تایبه‌تی ده‌گوته‌وه ،یان ئه‌زمونکاری قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه بوو ،له رێگای گوتنه‌وه‌ی ده‌رسگوتاره‌کانی له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزمه‌وه ناوبانگی باشی په‌یداکردبوو به‌ڵام هیچ موچه‌و پاره‌یه‌کی له بری ئه‌مانه وه‌رنه‌ده‌گرت چونکه ده‌رسگوتاره‌کانی گشتی بوون ،بۆ به‌دبه‌ختیش له یه‌کێک له‌به‌رگه‌کانی کتێبه‌که‌یدا چه‌ند وانه‌یه‌ک له فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزم که‌وتبوه ناکۆکیه‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستا‌و کارمه‌ندانی قوتابخانه‌ی ئه‌ندازه‌و له نرخ وبه‌های زانستی بیرکاری که‌مکردبوه‌وه ، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا یه‌کسه‌ر سه‌رچاوه‌ی بژێوی بڕا ،له‌ساڵی 1834دا له‌سه‌رانسه‌ری فه‌ره‌نسادا شۆڕش و ناره‌زایی دژی زوڵم وسته‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌رستی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌ستی پێ‌کرد ،له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا زیاتر له سه‌دو په‌نجا که‌س ده‌ستگیرکران ،گیراوه‌کانیش له ناو کۆماریه‌کاندا هه‌رکه‌سه‌و پارێزه‌ری بۆ خۆی ده‌گرت ،کۆنتیش بو به پارێزه‌ری یه‌کێک له‌و گیراوانه ،به‌ڵام پێش رۆژی دادگایی کردنی ئه‌و که‌سه له به‌ندیخانه هه‌ڵات بۆیه ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌ی له بیرنه‌چوه‌وه دوواتر کۆنت بۆ هه‌ر کار‌و پیشه‌یه‌ک خۆی ده‌پاڵاوت چاره‌نووسی هه‌ر ره‌تکردنه‌وه بوو ، بێکارو زۆر هه‌ژار بو بۆیه یه‌کێک له لایه‌نگرانی (معجب) ه‌کانی له فه‌ره‌نسا به ناوی (لیتری) وجۆن ستیوارت میل له‌به‌ریتانیا بۆ رزگارکردنی له‌م بێ‌کاری وهه‌ژاریه پاره‌یه‌کی باشیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ کۆکرده‌وه که نزیکه‌ی (120تا 300)جونه‌یهی ئیسته‌رلینی ده‌بوو هه‌تا پێی بژێت ،ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی کۆنت بتوانێت هه‌موو کات وژیانی خۆی ته‌رخان بکات بۆ توێژینه‌وه فه‌لسه‌فیه‌کانی ،له‌ساڵی 1844دا له‌ئه‌نجامی چاپکردنی فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی فه‌له‌کناسی که ئۆگه‌ست کۆنت پێشه‌کیه‌کی له‌سه‌ر هزری پۆزه‌تیڤیزم تیادا نوسیبو بووه جێگه‌ی سه‌رنجی زۆر له زانایان وله‌سه‌روشیانه‌وه (لیتری) ئه‌ندامی ئه‌کادیمیه‌که بۆیه له رۆژنامه‌ی ناشناڵدا چه‌ندین وتاری له‌سه‌ر توانا زانستی وئه‌کادیمیه‌کانی کۆنت نوسی ،هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا له‌ساڵی 1844دا ئۆگه‌ست کۆنت له ماڵی یه‌کێک له قوتابیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکی جوانی مناڵکاردا یه‌کیان ناسی به ناوی (کلۆتێڵد دی فه‌وکس) که ته‌مه‌نی له سی ساڵ تیًنه‌په‌ریبوو ،ئه‌م ئافره‌ته ژنی پیاوێکی قۆڵبڕو ساخته‌چی بوو ،له‌ترسی دادگا‌و سزای ده‌وڵه‌ت له فه‌ره‌نسا هه‌ڵاتبوو وخۆی شاردبوه‌وه ، به‌ڵام به‌پێی ده‌ستورو رێنماییه‌کانی ئاینی کاسولیکی ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌ڵاق وجیابوونه‌وه چ بۆ کۆنت له‌گه‌ڵ خێزانی پێشووی ،چ بۆ ئه‌م ئافره‌ته‌ش کارێکی ئه‌سته‌م بوو ،بۆیه نه‌یانتوانی به شه‌رعی وده‌ستوری ببنه هاوسه‌ری یه‌کتری ، هه‌رچه‌نده کلۆتێڵد رێزی کۆنتی ده‌گرت وه‌کو هاورێیه‌ک نه‌ک خۆشه‌ویستی ،ئافره‌تێکی داوێن پاک بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ی به په‌یوه‌ندی ناشه‌رعی نه‌دا له‌گه‌ڵ کۆنت ،ئافره‌تێکی روشنبیرو ئاره‌زووی ئه‌ده‌بی وهۆنراوه نوسینی هه‌بوو به‌ر له مردنی به نه‌خۆشی سیل رۆمانێک وچه‌ند پارچه هۆنراوه‌یه‌کی بڵاو کرده‌وه ،دوواتر له مانگی چواری ساڵی 1846.دا له باوه‌شی کۆنت ماڵ ئاوایی له ژیان کرد( ) ، کۆنت به‌رامبه‌ر ئه‌م ئافره‌ته زۆر به‌وه‌فابوو له کاتی ژیانیدا بۆی دڵسۆز‌و له دوای مردنیشی به درێژایی ژیانی یادگاریه‌کانی له‌بیر نه‌کرد ، به شێوه‌یه‌کی خولی رێک وپێک هه‌موو به‌یانیان وئێوارانێک وه‌کو نوێژ کردنێک به خه‌یاڵ وله‌گه‌ڵ خۆیدا قسه‌ی له‌گه‌ڵ کلۆتێلد ده‌کرد ،هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک سه‌ردانی گۆڕه‌که‌ی ده‌کرد ،له‌دووای ئه‌مه تێڕوانینه فه‌لسه‌فیه‌کانی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو گۆڕانیان به‌سه‌رداهات به شێوه‌ی دایه‌لۆگ له نێوان ئافره‌تێک و پیاوێکی ئاینی یازده نامیلکه‌ی فه‌لسه‌فی نوسی ،بڕوای به‌وه هێنا که پێویسته ئاینێکی نوێ هه‌بێت بۆ مرۆڤایه‌تی و پارێزگاری له به‌ها کاسولیکیه‌کان بکات نه‌ک پره‌نسیپه ئاینیه‌کانی ،هه‌وڵی ده‌دا گونجانێک له نێوان لایه‌نگرانی رێبازی پۆزه‌تیڤیزم ولایه‌نگرانی مه‌زهه‌بی کاسولیکی دا بکات وپێکه‌وه به‌ره‌یه‌کیان لێ دروست بکات دژی بزوتنه‌وه شۆڕشگێریه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ،هه‌رچه‌نده پێی وابوو پێویسته مرۆڤ مرۆڤایه‌تی بپه‌رستێت نه‌ک خودا ،پێویسته له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی بیر بکاته‌وه ،ته‌ئه‌مول بکات، ،هه‌روه‌کو خۆی چۆن له رێگه‌ی وێنه‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ی له به‌رچاوی لانه‌ده‌چوو بیری ده‌کرده‌وه‌و خه‌یاڵی ده‌کرد ،،ئه‌مه‌ش مانای زۆری ده‌گه‌یاند ،له لایه‌ک ئه‌م ئافره‌ته‌ی به خه‌یاڵ له شوێن مریه‌می دایک دانابوو ،له لایه‌کی تر پێی وابوو ناکرێت فه‌لسه‌فه ئه‌قڵی په‌تی بێت پێویسته ته‌ئه‌مولی بۆ بکرێت له رێگه‌ی ویژدان وخۆشه‌ویستی و دڵسۆزیه‌وه ،ئه‌م بیروبۆچونانه‌شی له ساڵانی 1851تا 1854له نوسینه‌کانیدا به‌ده‌رکه‌وتن به تایبه‌ت له کتیبێکیدا به ناونیشانی (سیسته‌می رامیاری پۆزه‌تیڤیزم)که‌هه‌ر له‌وساڵانه‌و به چواربه‌رگ بڵاوی کرده‌وه ،ئیتر کۆنت زۆر به خه‌مباری وله ژیانێکی پڕ ده‌رده‌سه‌ریدا ده‌ژیا ،خۆی راهێنا که له پێناوی خه‌ڵکانی تردا ده‌ژی وهه‌رکه‌سێکیش ده‌یدی سه‌رسام بوو به‌و سروشته ناسک وپڕ سۆز‌و خۆشه‌ویستیه‌ی تێدا ره‌نگی دابووه‌وه ،به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشیه‌ی که ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ بوو به ده‌ستیه‌وه ده‌یناڵاند به یه‌کجاری بڕستی له‌به‌ر بڕی بوو ،تا له شه‌وی 5/12/1857دا تاوی بۆ هێناو بۆ هه‌تاهه‌تایه چاوه‌کانی لێکنا پاش ئه‌وه‌ی بۆ دوواجار له ژووره‌که‌یدا سه‌رنجێکی یادگاریه‌کانی کلۆتێلدی دا ،له ژوور سه‌ریدا وه‌سیه‌تنامه‌یه‌کی جێهێشت وتیایدا شوێنی ناشتنی دیاری کردبوو ،پێشنیاری کردبوو دوو تابلۆی یادگاری له راست وچه‌پی گۆڕه‌که‌یدا بچه‌قێنن ،له تابلۆی لای راستدا بنوسن (کلۆتێڵد دی فۆ هاوڕێی هه‌تاهه‌تایی ئۆگه‌ست کۆنت)له تابلۆی لای چه‌پیشدا ناوی دایکی وه‌کو نموونه‌ی ئافره‌تێکی به‌سۆزو وه‌فادار بنوسن)وه‌سیه‌تی کردبوو که گۆڕه‌که‌ی زۆر ساده‌و ساکار بێت وله‌سه‌ری درووشمی رێبازی پۆزه‌تیڤیزم هه‌ڵواسن که بریتیه له (خۆشه‌ویستی باوه‌ڕمانه ،سیسته‌م رێسامانه ،پێشکه‌وتن ئامانجمانه).
باسی دووه‌م:- ئاینی پۆزه‌تیڤییزم
ئاین سیسته‌مێکی یه‌کپارچه‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕ وکارانه‌یه که په‌یوه‌ندیان به شته پیرۆزه‌کانه‌وه هه‌یه ،واته ئه‌و شتانه‌ی که دوورن له دیارده ئاساییه‌کان و به‌شێکن له یاساغه‌کان ،بۆ داهێنانی باوه‌ڕو کارێکی له‌و چه‌شنه‌ش نه‌ک کۆنت به‌ڵکو توێژه‌ره فه‌ره‌نسیه‌کان هه‌میشه ده‌ست وپه‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا نه‌رم ده‌کرد که ئایا چۆن ده‌کرێت مۆراڵ وئاکاره گشتی وتایبه‌تیه‌کان به‌بێ چه‌سپاندنه ئاینیه‌کان جێ به‌جێ بکرێن؟( ) له‌م باره‌وه واته بۆ داهێنانی ئاینێکی نوێ ،ئۆگه‌ست کۆنت بۆ خۆی دان به‌وه‌دا ده‌نێت که له ته‌مه‌نیدا دوو قۆناغی یه‌ک له دووای یه‌کی زانستی جیاواز هه‌یه و ده‌ڵێت ، له قۆناغی یه‌که‌مدا ئه‌رستۆو له قۆناغی دووه‌مدا قه‌شه پۆڵس بووم ،بۆیه زۆر له لایه‌نگرانی قۆناغی یه‌که‌می ئه‌وه‌یان ره‌تکرده‌وه که له قۆناغی دووه‌مدا به لایه‌نگری ئه‌و بمێننه‌وه ،واته له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی کۆنتدا بوون نه‌ک له‌گه‌ڵ ئاینه نوێیه‌که‌ی کۆنت ،بۆیه کۆنتیان به‌وه تاوانبار ده‌کرد که له پره‌نسیپه که‌سایه‌تیه‌کانی خۆی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و خیانه‌تی کردووه ،میتۆده خودیه‌که‌ی له قۆناغی یه‌که‌مدا گۆڕیوه به قازمه‌یه‌ک بۆ تێکدانی هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ری وده‌ستکه‌وته زانستیانه‌ی له نیوه‌ی یه‌که‌می ژیانیدا به‌ده‌ستی هێنابوو ،گۆڕانه‌کانی کۆنت له مردنی کلۆتێڵده‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد واته له کۆتایی چله‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ، دوواتر له‌و نوسینانه‌یدا به‌ده‌رکه‌وتن که له نێوان ساڵانی 1851 و 1854بڵاوی کردنه‌وه به ناوی (سیسته‌می رامیاری پۆزه‌تیڤیزم) له‌م کتێبه‌یدا ئاکار به بنه‌ماو بناغه‌ی ئاینه نوێ وتایبه‌ته‌که‌ی به مه‌زهه‌بی پۆزه‌تیڤیزم له لوتکه‌ی ریزبه‌ندی هه‌ره‌مه‌که‌ی بۆ زانسته‌کان داده‌نێت ،ئه‌گه‌رچی ئه‌م گۆڕانکاریانه به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌که‌یدا نارێک نه‌بوون به‌ڵام زۆربه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌مانه‌یان پێ باش نه‌بوو به جۆرێک له ناکۆکی هزرییان ده‌دایه قه‌ڵه‌م که له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌ی زانستیدا ناته‌بایه وبنه‌مای یه‌کێتی هزری له ناو ده‌بات ،هه‌رچه‌نده کۆنت خۆی له 8ی سێبته‌مبه‌ری 1824دا له ووتارێکیدا نوسیبووی (به نیازبووم له میانه‌ی توێژینه‌وه فه‌لسه‌فیه گه‌وره‌کانمه‌وه هه‌ندێک کتێبی زۆر تایبه‌ت به پرسه سه‌ره‌کیه‌کانی بیرکاری بڵاوبکه‌مه‌وه ،ئه‌و پرسانه‌ی که ده‌مێکه ده‌رکم پێیان کردووه به‌ڵام ،دوواتر گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که پێویسته به بۆچوونه گشتیه‌کانمه‌وه له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزم بیانبه‌ستمه‌وه ،له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌توانم ته‌واوی هه‌وڵ وتواناکانم بۆ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه بخه‌مه کار‌و بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی هزری خۆم ناڕێک وتێکبده‌م) هه‌رچه‌نده کۆنت له ته‌مه‌نی سیازده ساڵیه‌وه هه‌ستی مه‌لیک په‌رستی باوکی وئاینپه‌روه‌ری دایکی ره‌تکردبووه‌وه به‌ڵام ئه‌ویش هه‌روه‌کو زۆربه‌ی فه‌یله‌سوف و نوسه‌ره هاوته‌مه‌ن وهاوچه‌رخه‌کانی خۆی له کۆتاییدا لایه‌نه باش و نایابه‌کانی ئاینی دایک وباوکی واته (کاتولیکی رۆمانی) له بیر نه‌کرد که له‌سه‌ری په‌روه‌رده کرابوو ،چونکه به ده‌سه‌ڵاتی ئاکاری و ئه‌وسیسته‌مه‌ی که‌نیسه‌کانی چاخه‌کانی ناوه‌راست له‌سه‌ری ده‌رۆیشتن سه‌رسام بوو ،کاریگه‌ر بوو پێیان ،به‌لایه‌وه پێویست بوو که ده‌بێ مه‌زهه‌بی پۆزه‌تیڤیزم چاودێری وپارێزگاری له‌و به‌ها راستیانه بکات که له‌رابردوودا که‌نیسه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زرابوو ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کۆنت ته‌واوی میتافیزیکای ره‌ت ده‌کرده‌وه به‌لایه‌وه ئه‌سته‌م بوو باوه‌ڕ به خوا بێنێ و باوه‌ڕ بکات که خوایه‌کی کاراو به‌توانا له پشت ئه‌و دیاردانه‌وه بێت که ئه‌رکی زانسته پۆزه‌تیڤیزمه‌کانه یاساکانیان دارێژن وئه‌رکی فه‌لسه‌فه‌ی پۆزه‌تیڤیزمه راڤه‌یان بکات ویه‌کیان بخات ،له لایه‌کی تره‌وه خه‌ڵکی ناچار بوون ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ئه‌و خوایه بدۆزنه‌وه که له رابردوودا وه‌لائێکی به‌ناوو دڵسۆزی خۆیان پێدابوو ،کۆنت پێی وابوو ئه‌م ئه‌لته‌رناتیڤه مرۆڤایه‌تیه واته بوونه‌وه‌ری گه‌وره (الموجود العڤیم)که هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی له رابردوودا کرابوون بۆ چاکسازی مرۆڤ له خۆی بگرێت ،کۆنت پێی وابوو پێویسته هه‌موومان له کاتی دیاری کراو ورێکوپێکدا ،له پێگه‌یشتنی گشتی وخه‌ڵوه‌تی تایبه‌تدا له جیاتی نوێژه‌کان بیر له مرۆڤایه‌تی بکه‌ینه‌وه ،ته‌جاوزی ئه‌وه بکه‌ین که ئێمه تاکین به‌ڵکو وه‌کو مرۆڤایه‌تی (به‌شه‌ریه‌ت) بیر بکه‌ینه‌وه ،ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام بێت له سه‌رده‌مێکه‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی تر،هه‌موو ئه‌و که‌سه پاکانه ده‌گرێته‌وه که له پێناوی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ژین وکارده‌که‌ن ،ده‌بێ ئه‌مه بابه‌تی پیرۆز‌و دڵسۆزیمان بێت ،هه‌روه‌ها پێویسته نزا‌و پارانه‌وه‌ی ئاینی بۆ مرۆڤایه‌تی بهۆنرێته‌وه‌و رێکبخرێت ، له‌سه‌ر شه‌ره‌فی ئه‌مانه‌ش واته ئه‌م ده‌قه مرۆڤایه‌تیانه خزمه‌تگوزاری ئاینی گشتی پێشکه‌ش بکرێت ،کۆنت له‌م ئاینه نوێیه‌ی دا لاسایی خه‌سڵه‌ته‌کانی تری مه‌زهه‌بی کاسولیکی ده‌کاته‌وه، ،ده‌ڵێت مرۆڤایه‌تی ببێته ئه‌ندامێک له ئه‌ندامه سیانیه‌که‌ی ئه‌م مه‌زهه‌به واته (پالوپ)ی کاسولیکی ،دوو ئه‌ندامه‌که‌ی تریش زه‌وی وئه‌و ناوه‌نده‌ی که زه‌وی تیایدا جوڵه ده‌کات، کۆنت پێشنیاری ئه‌وه‌ی ده‌کرد که رۆژمێری مه‌سیحی بگۆڕدرێت به رۆژمێرێکی تری مرۆڤایه‌تی له جیاتی دوازده مانگ له سیازده مانگ پیًکهاتبێت و له جیاتی ناوی مانگه‌کان ،هه‌ر مانگێک به ناوی مرۆڤێکی گه‌وره‌وه بنرێت وهه‌ر هه‌فته‌یه‌کیش به ناوی مرۆڤێکی گه‌وره‌ی تره‌وه بنرێت ،له‌و هه‌فته‌و مانگانه‌دا خزمه‌تگوزاری وچاکه‌کانی ئه‌و مرۆڤانه بگێڕدرێته‌وه به‌مه‌ش ژیانه‌وه‌و نه‌مری به‌ده‌ست دێنێت ،نه‌ک هه‌ر کۆنت به‌ڵکو هه‌موو فه‌یله‌سوفه پۆزه‌تیڤیزمه‌کان پێیان وابوو که ژیانی ئه‌وان باشتر‌و پڕگرنگی تره وبه‌هاکانیان بۆ مرۆڤایه‌تی پڕ بایه‌ختره له زۆربه‌ی پیاوه ئاینیه کاسولیکیه‌کان ، کۆنت باوه‌ڕی به زیندوو بوونه‌وه‌ی شه‌خسی نه‌بوو که‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌نیسه‌کان شێلگیرانه جه‌ختیان له‌سه‌ر منگه‌رایی (ئیگۆیزم)ده‌کرده‌وه ،ئه‌مه‌ش وایکردبوو که هه‌رتاکێک تا ئه‌و په‌ڕی توانای گرنگی به خۆی ورزگاربوونی خۆی بدات بۆ قیامه‌ت ورۆژی دوایی ،به‌لای کۆنته‌وه نه‌مری بریتی بوو له مانه‌وه له هزرو بیری نه‌وه‌کانی ئاینده‌دا که له دووای ئێمه‌وه دێن و ژیانیان به هۆی کار‌و هه‌وڵ وته‌قه‌ڵای ئێمه‌وه باشتر‌و خۆشتر ده‌بێت ،ئه‌م نه‌مریه‌ش هه‌مووان ده‌یزانن ،هه‌رکه‌سێکیش هه‌رچه‌ندێک بچوک وخۆی به بچوک بزانێت وکارێکی ،یان خزمه‌تێکی بچوکیشی پێشکه‌شی مرۆڤایه‌تی کردبێت کاریگه‌ریه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت ،شایانی ئه‌وه‌شه وه‌کو یه‌کێک سه‌یری بکرێت که خزمه‌تێکی به پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی گشتی گه‌یاندووه ،ئه‌م جۆره ته‌سه‌وره‌ش بۆ نه‌مری هانی کۆمه‌ڵه‌یی وپێکه‌وه‌یی ده‌دات له جیاتی ئه‌نانیه‌ت وخۆپه‌رستی ،هانمان ده‌دات خزمه‌تی یه‌کتربکه‌ین نه‌ک نه‌مریه‌کی ئه‌نانی وله‌زه‌تێکی تاکایه‌تی .
کۆنت له ناو ئێش وئازارو گۆڕانکاری ومه‌ینه‌تیه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ژیا ،به‌تایبه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووی فه‌ره‌نسا که پڕ بوو له گۆڕانکاری خێرا‌و له ئه‌وروپاشدا به‌گشتی پرۆژه‌و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی کاری ریفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی وئاینی وسیاسی زۆر له ئارادا بوون ،به‌ڵام کۆنت دوای خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن وتاوتوێکردنی هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌و به تایبه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیسم و پره‌نسیبه‌کانی سۆشیالیزمی خه‌یاڵی فه‌ره‌نسی ،وه‌کو بیرمه‌ند وزانایه‌کی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌ن له‌و بیروبۆچونانه ،میتۆد‌و پرۆژه‌ی کار‌و بنه‌ما ئاینیه‌کانی خۆی بۆ ریفۆرم وچاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی خسته روو( ) ،له‌و روانگه‌وه که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گرفت وئارێشه‌و کێشه‌کانی ئه‌و قۆناغه بریتین له گرفتی مه‌عریفی ، گرفته مه‌عریفیه‌کانیش له‌و دژایه‌تی ولێکنه‌چوونه‌دا کۆده‌بنه‌وه که له نێوان نمونه‌ی ژیانی رابردوو ژیانی سه‌رده‌مدا هه‌یه ، ژیانی رابردوو له‌سه‌ر پره‌نسیب وبنه‌مای روحی وبه‌ها سه‌ربازیه‌کان دامه‌زرابوو ، به‌ڵام ژیانی نوێ وهاوچه‌رخ له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی پیشه‌سازی وزانستی دامه‌زراوه ، بۆیه به بۆچوونی ئه‌و ریشه‌ی ریفۆرم وچاکسازیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌م دژایه‌تی ولێکنه‌چوونه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه ئیتر هه‌موو بواره‌کانی تر لاوه‌کی وکه‌م بایه‌خ ترن ،ئه‌و ره‌وته توند‌و تیژه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ڵدێران ده‌بات له ئه‌نجامی هۆکاره سیاسی وئابوریه ساده‌و ساکاره‌کانه‌وه نییه ،به‌ڵکو له ئه‌نجامی تێکچون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئاکاری وگه‌نده‌ڵی پێوه‌ره‌کانی رای گشتیه‌وه هاتووه( )
کۆمه‌ڵه‌و رێکخراوه پۆزه‌تیڤیزمه‌کان له‌سه‌رده‌می کۆنته‌وه سه‌ریان هه‌ڵداو به‌رده‌وام بوون ،به‌تایبه‌ت له‌فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا ، له پێناوی خزمه‌تی ئایینی‌دا به‌یه‌ک ده‌گه‌یشتن وکۆبوونه‌وه‌یان ده‌کرد وهه‌ندێک چالاکی هاوشێوه‌ی چالاکیه‌کانی که‌نیسه‌یان پێشکه‌ش ده‌کرد ،به‌گه‌رمی قسه وکاریان بۆ بزوتنه‌وه‌ی چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد ،هه‌رچه‌نده ئه‌مانه به ژماره که‌م بوون به‌ڵام سه‌رکرده‌و پێشه‌نگ وئه‌ندامه چالاکه‌کانیان پیاوانی دیار‌و خاوه‌ن پێگه بوون بۆ نموونه له به‌ریتانیا وه‌کو(فردریک هارسۆن ،ریتشارد کۆنجرێڤ ،ئه‌دوارد سپنسه‌ر بزل ،جۆن هنری بردجز)( )وکه‌سانی تر ،واته ئامانجی فه‌لسه‌فه‌که‌ی کۆنت بریتی بوو له ریفۆرم ،پێی وابوو ده‌بێ فه‌لسه‌فه به ژیانه‌وه گرێ بدرێت هه‌تا ریفۆرمی کۆمه‌ڵگه بکرێت ،به‌ڵام ئه‌م ریفۆرمه‌ش ناکرێت تا چاکسازی له ئاکاردا نه‌کرێت ،ئاکاریش به‌بێ گونجاندن وته‌وافوقی نێوان ئه‌قڵه‌کان توشی شێواندن و رووخاندنی پایه‌کانی ده‌بێت ،هه‌رئه‌مه‌ش بوو له ئه‌نجامی شۆرشدا سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنی له فه‌ره‌نسا له ناوبرد ،گورزێکی کوشنده‌شی سروانده ئاینی مه‌سیحی ،ئه‌و ئاینه‌ی له رابردوودا زامنی ته‌بایی وپێکه‌وه گونجانی ئه‌قڵه‌کان بوو ،به‌لای کۆنته‌وه دوواکه‌وتنی ئاین وهه‌ڵنه‌کردنی له‌گه‌ڵ ره‌وتی پێشکه‌وتنه‌کانی زانست‌دا بوو به هۆی ئه‌وه‌ی له لێواری له ناوچوون نزیک ببێته‌وه‌و بیروباوه‌ڕه ئاینیه‌کان توانای خۆ راستکردنه‌وه‌یان نه‌بێت وجارێکی تر نه‌توانن خه‌ڵکی ناچار بکه‌ن به شێوه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌راست بژێن ،هه‌وڵه‌کانی کۆنت بۆ به زیندوو هێشتنه‌وه‌یان هیچی له‌و راستیانه نه گۆڕی که ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ،سه‌رده‌می نه‌زانی وتاریکی بوو(•)، بۆیه کۆنت گه‌یشته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که به هیچ شێوه‌یه‌ک ناکرێت له ناو ئاینی مه‌سیحیدا بۆ بنه‌ما ئاکاریه‌کان بگه‌ڕێین به‌ڵکو پێویسته بناغه‌یه‌کی تر بۆ ئاکار بدۆزرێته‌وه ،ئه‌و بناغه‌یه‌ش هیچی تر نیه جگه له زانستی پۆزه‌تیڤیزم
به‌لای کۆنته‌وه ئاڵۆزی وتێکچوونه ئاکاریه‌کان له ئه‌نجامی هۆکاره سیاسیه‌کانه‌وه نین به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی په‌شێوی وشڵه‌ژانی عه‌قڵیه‌وه درووست بوون ،بۆیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ریفۆرم له کۆمه‌ڵگه‌دا بکه‌ن به‌بێ توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشوه‌خته توشی هه‌ڵه ده‌بن له رێبازه‌که‌یاندا ،چونکه ته‌نیا پێکه‌وه گونجانی سۆزداریانه‌و هاوبه‌شی له به‌رژه‌وه‌ندیه مادیه‌کاندا به‌س نیه بۆ مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ڵکو زۆر پێویسته تاکه‌کان ،یان گروپ وره‌وته‌کانی ریفۆرم پێکه‌وه گونجان وته‌باییه‌کی ئه‌قڵیان له نێواندا بێت له شێوه‌ی کۆمه‌ڵێک عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕی هاوبه‌شدا دروستیان کردبێت ،واته وه‌کو ئاینێک کۆمه‌لێک چه‌مکی پیرۆزی هاوبه‌شیان هه‌بێت ،نه‌ک ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ هه‌ندێک گۆڕانکاری ومانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه پێویست بێت ، به‌ڵکو (پیر .ی .بل)ده‌ڵێت هیچ ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات به هێزتر له ئایین نیه ،ئاین ئامرازێکی مه‌عنه‌ویه که هێزی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ،له هێزی هه‌موو مرۆڤ زیاتره ،هه‌روه‌ها له رێگه‌ی دینه‌وه به ئاسانی ده‌توانرێت خه‌ڵک فریو بدرێت ،به‌ڵام له فریو ده‌رهێنانی خه‌ڵک له دین کارێکی سه‌خت وئه‌سته‌مه( ) بۆیه ئاینی پۆزه‌تیڤیسم به‌لای کۆنته‌وه روو به‌رووی ئه‌و کۆسپه ده‌بێته‌وه که ئایا ئه‌و بابه‌تانه چی بن به پیرۆز بکرێن ؟؟دوواتر ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ش رێک که‌وتن چۆن سه‌رنجی ته‌واوی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه بۆ ئه‌و بابه‌ته راکێشن وبه پیرۆزی بزانن؟؟
یه‌کێک له زانایان پێی وایه پۆزه‌تیڤیسم له‌سه‌ر چوار بنه‌ما دامه‌زراوه( )
بنه‌مای یه‌که‌م :ئێمه ده‌توانین ته‌نیا بگه‌ینه رواڵه‌تی دیارده‌و شته‌کان (ئه‌و دیارده‌و شتانه‌ی که ده‌یانبینین)نه‌وه‌ک چیه‌تی وماهیه‌تی ئه‌مانه .
بنه‌مای دووه‌م :ناسین وشوناسی میتافیزیکی یان سه‌روسروشتیه‌کان ناچنه چوارچێوه‌ی ناسین و تێگه‌یشتنی زانستیه‌وه .
بنه‌مای سێیه‌م :بڕیاره به‌هاییه‌کان یان ئه‌و بڕیارانه‌ی له ژێر کاریگه‌ری به‌هاو سۆز‌و هۆکاره هه‌ستیه‌کانی توێژه‌ردا ده‌درێن ولایه‌نگیری پێوه دیاره زانستی نین ،واته یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی زانستی بوون بێلایه‌نی توێژه‌رو له خۆ داماڵینی به‌هاکانه .
بنه‌مای چواره‌م :هه‌مان رێبازی توێژینه‌وه‌و شیکردنه‌وه به‌کار دێت له دیارده‌کانی زانسته سروشتیه‌کان وله دیارده‌کانی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا .
یان هه‌روه‌کو تیۆریست وکۆمه‌ڵناسی به‌ناوبانگی به‌ریتانی ،ئانتۆنی گیدنز له باره‌ی بۆچوونی پۆزیتیڤیسته‌کانه‌وه ده‌ڵێت به باوه‌ڕی ئه‌مان میتۆد وشێوازه‌کانی توێژینه‌وه له زانسته سروشتیه‌کاندا ده‌توانرێت راسته‌وخۆ له‌زانسته کۆمه‌ڵایه‌تی وله کۆمه‌ڵناسیدا کاریان پێ بکرێت ده‌رئه‌نجامه‌کانی توێژینه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش هه‌روه‌کو ده‌رئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ی زانسته سروشتیه‌کان گشتگیر بکرێن وبه شێوه‌ی یاسا دابڕێژرێن .به‌ڵام له‌م باره‌وه هۆرکهایمه‌ر ره‌خنه له پۆزیتیڤیسته‌کان ده‌گرێت وده‌ڵێت ئه‌م روانگه‌یه مرۆڤ دێنێته ریزی رووداو‌و دیارده‌و شته سروشتیه‌کانه‌وه‌و چاوپۆشی له تایبه‌تمه‌ندیه مرۆییه‌کان وجیاوازیه سه‌ره‌کیه‌کانی نێوان مرۆڤ ویان نێوان دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ودیارده سروشتیه‌کان ده‌کات .
قسه‌کردن له‌سه‌ر به بابه‌تکردنی مرۆڤ به تایبه‌تی به بابه‌تی توێژینه‌وه تا راده‌یه‌ک مێژوویه‌کی دوور ودرێژی هه‌یه وله‌م پێناوه‌شدا بیر له هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی مرۆڤ کراوه‌ته‌وه یه‌کێک له‌و ره‌هه‌ندانه‌ش بیرباوه‌ڕه‌کانی مرۆڤه که چۆن ده‌کرێت به پێی قۆناغه‌کانی گۆڕان وگه‌شه‌کردنی که‌ره‌سته به‌رده‌سته‌کانی مرۆڤ ئه‌مانه‌ش بگۆڕدرێن ،یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ناو به‌ناو به چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه سه‌یری چه‌ندایه‌تی وچۆنایه‌تی قه‌ده‌غه‌کراوو توخم وره‌گه‌زه به‌حرامکراوه‌کاندا بکرێته‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌کی هاوچه‌رخیان بۆ بکرێت ،هیچ نه‌بێت له بونیادی بیروباوه‌ره پیرۆزکراوه‌کاندا چاکسازی و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌ک بکرێت ورێڕه‌وی ئاینی کۆمه‌ڵگه‌که مشتوماڵ بدرێته‌وه ،ئه‌گه‌ر وه‌کو کۆنت له ریشه‌وه هه‌وڵی گۆڕینیانیش نه‌درێت .