له لاپه‌ڕه‌کانی رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌دا له یه‌کێک له دۆسیه‌کانیدا بابه‌تێکی گرنگ وسه‌رنج راکێشی وه‌کو چینی ناوه‌ند هاتبووه ورووژاندن ،به شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی به‌رێز دکتور دانا سعید سۆفی کورته‌یه‌کی میژوویی و رۆڵی ئه‌و چینه‌ی باسکردبوو به‌ڵام له هه‌ندێک رووه‌وه من رایه‌کی جیاوازم هه‌یه بۆیه حه‌زم کرد هه‌ر له رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌م رۆژنامه‌وه بیانخه‌مه روو ،له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێز‌و خۆشه‌ویستیم بۆ دکتۆری به‌رێزو رۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ.
چه‌مکی چینی ناوه‌ند ئاماژه‌یه به‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ی له نێوان ئه‌رستۆکراته‌کان و جوتیاره‌کاندا په‌یدابوون له ئه‌وروپای سه‌ده‌ی هه‌ژده به هۆی گه‌شه‌کردنی پیشه‌سازی ودرووست بوونی گروپه پیشه‌ییه‌کانه‌وه
،چینێک نه‌خاوه‌ن زه‌وی و نه‌له‌سه‌ر داهات وبه‌ری ره‌نجی که‌سانی تر ده‌ژیان و نه کرێگرته‌و نه به هه‌قده‌ستێکی دیاریکراو کاریان بۆ که‌سانی تریش ده‌کرد به‌ڵکو گروپێک بوون به هۆی شاره‌زایی و پسپۆرٍی و لێهاتووییانه‌وه له بوارێک له بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شێک له پێویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان دابین ده‌کرد ،گه‌شه‌کردنی بازرگانی وزۆربوونی دراو و به‌ده‌رکه‌وتنی ناوه‌ندی ئاڵوگۆڕی کاڵاو شمه‌ک وگه‌وره‌بوونی شاره‌کان ودابه‌شبوونی زیاتری کاری کۆمه‌ڵایه‌تی وپه‌یدابوونی پیشه‌ی جیاواز هه‌موو ئه‌مانه هۆکاری سه‌ره‌کی بوون بۆ کۆ نه‌بوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه له دووچیندا ،چینێکی به ژماره که‌م خاوه‌نی سه‌رمایه‌ی زۆر‌و هێزی زه‌به‌لاح و ده‌سه‌ڵاتی فراوان وپێگه‌ی به‌رزو داهاتی کۆمه‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه بێت و چینێکیش به ژماره زۆر‌و جگه له هێزی بازوویان سه‌رمایه‌یه‌کیان نه‌بێت و هیچ رۆڵێکیان له‌به‌رێوه‌بردن ودیاری کردنی نه‌خشی سیاسی و کارگێڕی کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌بێت له رووی مێژووییه‌وه یه‌کێک له نوسه‌ره ئینگلیزه‌کان به ناوی(رایموند و‌لیامز) ده‌ڵێت له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌و له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا چه‌ند ووشه‌یه‌ک له زمانی ئینگلیزی‌دا بۆ یه‌که‌م جار به‌کار هاتن،که بۆ یه‌که‌م جاریش بوو ئه‌م ووشانه چه‌مک ومانای نوێ له خۆ بگرن سه‌ره‌ڕای مانا کۆنه‌که‌یان له بواری زماندا ،له راستیشدا شێوازێکی گشتی هه‌بوو بۆ گۆڕان که به‌سه‌ر ئه‌م ووشانه‌دا هاتبوون ،ده‌توانین ئه‌م شێوازی گۆڕانه‌ش وه‌کو نه‌خشه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌کار بێنین وله رێگه‌یه‌وه له گۆڕانه فراوانه‌کانی که به‌سه‌ر ژیان وبیرکردنه‌وه‌دا هاتن وورد ببینه‌وه ، ئه‌م ووشانه‌ش بریتی بوون له(پیشه‌سازی ،دیموکراتی ،چین ،هونه‌ر ،کلتوور) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌موو ئه‌م ووشانه‌ی روون کردووه‌ته‌وه ،له‌باره‌ی چینه‌وه ده‌ڵێت (چین به‌مانا نوێیه‌که‌ی که گرنگیه‌کی زۆری هه‌یه،جیاوازه له‌و مانایه‌ی که پێشووتر هه‌یبوو یان ده‌یگه‌یاند ، له سه‌ره‌تادا هه‌ر له‌نزیکه‌ی ساڵانی 1740ه‌وه ئه‌م گۆڕانه‌ی به‌سه‌ردا هاتووه به‌ڵکو به‌ر له‌و کاته چین له زمانی ئینگلیزی‌دا به مانای کۆمه‌ڵه‌یه‌ک یان گروپێک له قوتابخانه‌و خوێندنگه‌و کۆلیژه‌کان به‌کار ده‌هات ،واته ئه‌و به‌شه ئاساییانه‌ی له مه‌نتق وفه‌لسه‌فه‌دا ده‌خوێندران ،پێکهاته‌ی نوێی زاراوه‌ی چین له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا پێکهات له نه‌وه‌ده‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا زاراوه‌ی چینی باڵا ،دوواتریش چینی ناوه‌ندو مام ناوه‌ندی به‌کارهات ،هه‌تا له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ونزیکه‌ی ساڵی (1815ز)زاراوه‌ی چینی کرێکار به‌ده‌رکه‌وت به‌دووای ئه‌میشدا ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌کانی ده‌مارگیری چینایه‌تی و یاسادانانی چینایه‌تی وهۆشیاری چینایه‌تی وململانێی چینایه‌تی به‌کارهاتن ،له‌سه‌ده‌کانی ناوه‌راستدا که به‌سه‌ده‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی ناسراوه بونیادی کۆمه‌ڵگه زیاتر له دوو چین پێکهاتبوو ،ده‌ره‌به‌گ وخانه‌دان وپیاوانی ئاینی وخێزانه پیرۆزه‌کان له به‌رامبه‌ر ئه‌مانیشدا چینی به‌ربڵاوی جوتیاران و کاسبکاران و هه‌ژارانی کۆمه‌ڵگه ،له شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیه‌وه ئه‌م پێکهاته‌یه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات ،ده‌وڵه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی له بنه‌وه هه‌ڵته‌کاند و له ریشه‌وه گۆڕیی، ئه‌و گروپه‌ی له نێوان هه‌ردووچینه‌که‌دا درووست بوو بوو ده‌ستیان گه‌یشته ده‌سه‌ڵات و رۆڵی گرنگ وکاریگه‌ریان گێڕا له پێشکه‌وتنه‌کانی دوواتردا، ئه‌وه‌تا یه‌کێک له گه‌وره رابه‌رانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی به ناوی (سییس)له ساڵی 1789دا کتابێکی به ناونیشانی (چینی سێیه‌م چییه) نوسیوه‌و له وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌شدا ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر چی تا ئیستا شوێنی چینی سێیه‌م له کایه‌ی سیاسی‌دا هیچ نه‌بووه به‌ڵام ئه‌م چینه هه‌موو شتێکه‌و هه‌ر به ته‌نیا خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌که ،کێ ده‌توانێ بڵێ چینی سێیه‌م بۆ درووست‌کردنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ته‌واو خاوه‌ن پێویستیه‌کان نییه؟ ئه‌م چینه هه‌موو ئه‌و شتانه له خۆده‌گرێت که تایبه‌تن به پێکهێنانی نه‌ته‌وه ،ئه‌وه‌شی سه‌ر به چینی سێیه‌م نه‌بێ ناکرێت به به‌شێک له نه‌ته‌وه دابنرێت ، ئه‌گه‌رچی لێره‌و له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌وه بۆ گوزارشت کردن له چینی ناوه‌ند به ناونیشانی چینی سێیه‌م که‌وتبووه به‌ر باس و گفتوگۆی نوسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه ، به‌ڵام له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ئه‌م چه‌مکه له سه‌ر ئاستی گشتی له ئه‌وروپادا که‌وته ناو ئه‌ده‌بیات وشرۆڤه کردنه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه ،ئه‌وانه‌ی له کۆنیشدا باسیان له چینایه‌تی کۆمه‌ڵگه کردووه‌و به‌سه‌ر چه‌ند چینێکدا دابه‌شیان کردووه ،وه‌کو پۆلێنکردنه‌کانی ئه‌فلاتون له کۆمار،که پێی وایه له‌کۆمه‌ڵگه‌دا سێ چین هه‌یه (سه‌رکرده، سه‌ربازان ،کاسبکاران) له چینی یه‌که‌مدا فه‌یله‌سوف وپادشاکان داده‌نێت به چینی زێڕیان ناو ده‌بات ،له چینی دووه‌مدا سه‌ربازه‌کانی داناوه‌و به چینی زیوی داناون ،چینی خواره‌وه‌ش که بریتین له کاسبکارو کرێکارانی کشتوکاڵی و ره‌نجده‌رانی بازوو به چینی ئاسنی داناون ، چونکه ئه‌فلاتوون به حکومه‌تی سپارته‌کان کاریگه‌ر بوو ،به‌لایه‌وه شیاوترین رێکخستنی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌شاری ئه‌مدا له ململانێ وشه‌ڕدا بوو ،سپارته نمونه‌ی حکومه‌تی ئۆلیگارشی وئه‌ریستۆکراسی بوو ، کۆمه‌ڵگه‌که به‌سه‌ر سێ چینی زۆر له‌یه‌ک جیاوازدا دابه‌ش بوو بوو (سپارته ،ئیلۆته‌کان ،پریکه‌کان)،راڤه کردنه‌که‌ی ئه‌فلاتون له‌مه‌وه هاتووه نه‌ک باس له چینی ناوه‌ند بکات ،تا مێژووییه‌کی زۆر دوواتریش له لای فه‌یله‌سوفانی وه‌کو فارابی و ئیبن خه‌لدون و مه‌قریزی و..هتد ئه‌گه‌ر باسیان له جیاوازیه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کانی نێوان خه‌ڵکیش کردبێت له ژێر ناوی چین و چینی ناوه‌نددا نه‌بووه ،ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ستیشه به کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌م چینه زاده‌ی گه‌شه‌کردنی بازرگانی وسه‌رمایه‌داری بووه له کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتووه‌کاندا بۆیه هۆکاره‌کانی درووست بوونی روونترن به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و شیکاری و پێوه‌رانه‌ی له شیکردنه‌وه‌ی چینایه‌تی قۆناغی سه‌رمایه‌داری پێگه‌یشتوو وپێشکه‌توودا به کاردێن ،به تایبه‌ت له باره‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به نه‌ته‌وه‌وه هه‌یه ،به‌ده‌رکه‌وتنی خودی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری وقۆناغی پێش سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا سه‌ری هه‌ڵداوه ،به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تی له کوردستاندا قۆناغه‌کانی خۆی به شێوه‌یه‌کی سرووشتی نه‌بڕیوه ،واته خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی وه‌کو پێویست له قۆناغێکی دیاریکراودا پێنه‌گه‌یشتن وکۆتاییان نه‌هات ،بۆیه سه‌رهه‌ڵدان ودرووست بوونی تایبه‌تمه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش له سه‌ره‌تای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و پێکهاته تایبه‌ته‌ی که به ده‌ره‌به‌گایه‌تی ناو زه‌دی ده‌که‌ین سیمایه‌کی تایبه‌تیان وه‌رگرت و هۆکاره‌کانیش له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا به هه‌مان شێوه روون نابینرێن که له کۆمه‌ڵگه‌کانی تردا هه‌ن له کوردستاندا ئه‌مه زۆر دوواکه‌وتوه ،داگیرکه‌ر هه‌رگیز ئاماده نه‌بووه ئه‌م هه‌لومه‌رجه بۆ گه‌شه‌کردن وپه‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی درووست بکات ، ماوه‌ی مێژوویی نێوان چاره‌کی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و چاره‌کی یه‌که‌می سه‌دی بیسته‌م ،له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵ بوونی گه‌لانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی‌دا به ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری ،له دووای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه ئه‌و هه‌لومه‌رجانه به‌ده‌رکه‌وتن بۆ درووست بوونی چینی ناوه‌ندو سیما نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ،زه‌مینه‌ی ئه‌وه پێگه‌یشت کورد له پێکهاته‌یه‌کی خێڵه‌کی پێکهاتوو له دووچین (ئاغا ،شێخ ،به‌گ ،میر ،سه‌رخێڵ و...هتد )وه‌کو چینی باڵا و (ره‌عیه‌ت ،جوتیار ،پیاوانی خێڵ ،زه‌حمه‌تکێشان و...هتد )وه‌کو چینی خواره‌وه ،توێژێکی تری لێ په‌یدا ببێت وه‌کو (خوێنده‌واری شار ،فه‌رمانبه‌ر ومامۆستا ونوسه‌ر ،پله‌داری سوپا‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانستی سه‌ربازی ،مه‌لای ئاینی هۆشیار ،ورده‌بازرگان و پشکداری کۆمپانیا ،خاوه‌ن چاپه‌مه‌نی وده‌زگای بڵاوکردنه‌وه ،کرێکاری شاری و..هتد )نه له چینی یه‌که‌م بوون ونه چینی دووه‌م ، ئه‌مان بوون به بزوێنه‌ری هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ک رابه‌رایه‌تی شۆڕشه‌کانی کورد بکه‌ن ،چونکه بوون به سووته‌مه‌نی وبزوێنه‌ری شۆڕش جیایه له رابه‌رایه‌تی کردن وبڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی شۆڕشه‌که ،له رووی چینایه‌تیه‌وه هیچ کاتێک چینی ناوه‌ند یان وورده بۆرژوازیه‌کی شاری رابه‌رایه‌تی شۆڕشی کوردی نه‌کردووه ،چونکه به‌شاربوون رێژه‌یه‌کی زۆرنزم وپه‌یدا بوونی چینی ناوه‌ندیش مێژوویه‌کی زۆر کورتی هه‌بووه‌و هه‌یه له کوردستاندا، به درێژایی ئه‌و ماوه مێژووییه‌ی رابردوو ئاغا‌و به‌گ و شێخ ومیرو بنه‌ماڵه خانه‌دانه‌کانی کورد که رابه‌رایه‌تی بزاوته‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیان به‌ده‌سته‌وه بوو نه‌یانتوانی وه‌کو ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی عوسمانی بۆ تورک کردیان یان بنه‌ماڵه‌ی ئومه‌وی بۆ عه‌ره‌ب وقاجاره‌کان بۆ فارس کردیان ئه‌وانیش بۆ کورد بیکه‌ن ،ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌یی وله شوێنه لاپه‌ڕو ته‌ریکه‌کانه‌وه بگوازنه‌وه ناو شار‌و له جیاتی سنووری قه‌ڵا وگونده دووره ده‌سته‌کانیان ،سیسته‌مێکی به‌رێوه‌بردنی گشتگیر درووست بکه‌ن و له شارێکدا ناوه‌ندی کلتووری و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کارگێڕی دامه‌زرێنن وتیایدا ئه‌و یه‌کێتی خێڵ وبنه‌ماڵه‌ییه‌ی ماوه‌یه‌ک بوو به تیۆری له ژێر ناوی کوردا درووست ده‌بوو به هێز تر بێت وزمان وکلتورو شارستانیه‌تی کوردی گه‌شه بکات و رابه‌رایه‌تی پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه بوونی کورد بکه‌ن، ئه‌وانه‌ی له سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد توێژینه‌وه ده‌که‌ن ،بۆنموونه وه‌کو (دکتۆر عه‌زیزی شه‌مزینی)پێیان ئه‌سته‌مه بزوتنه‌وه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده له ناو کورددا به بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بده‌نه قه‌ڵه‌م ،ئه‌مه‌ش له رووی زانستیه‌وه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له گه‌وهه‌ردا بزوتنه‌وه‌یه‌کی شاریه چینی بۆرژوازی شاره‌کان نه‌ک ده‌ره‌به‌گه‌کان رابه‌رایه‌تی ده‌که‌ن ،ئه‌گه‌ر چی له ناو بزوتنه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا جۆرێکی نه‌ته‌وه‌یی بریتیه له نه‌ته‌وایه‌تی ده‌ره‌به‌گایه‌تی که تاراده‌یه‌ک له نه‌ته‌وایه‌تی بۆرژوازیه‌وه نزیکه ،له کاتێکدا هه‌موو بزوتنه‌وه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می کوردستان بۆیان نه‌ره‌خسابوو سه‌رکردایه‌تیه‌کی بۆرژوازی شارییان هه‌بێت،داواکاریه‌کانیشیان به پێی پێناسه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی ته‌واو ناچنه خانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ،جگه له‌وه‌ی تا کۆتاییه‌کانی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌میش ئامانجی بزوتنه‌وه کوردیه‌کان هه‌ر خودی هه‌ندێک بنه‌ماڵه‌ی ده‌ره‌به‌گ وخان ومیر وئاغای کورد دیاریان کردووه ،له‌م قۆناغه به‌دوواوه که‌سانی رووناک‌بیر وشارنشین وپله‌داری سه‌ربازی تێکه‌ڵ به‌م بزوتنه‌وانه بووه ،رۆڵی گرنگیان له جیهانبینی وئامانج وستراتیژی بزووتنه‌وه‌کاندا بینیوه به‌ڵام سه‌رکردایه‌تیان نه‌کردووه.