ناوچه‌ی شوان یه‌کێکه له ناوچه هه‌ره دێرینه‌کانی شاری که‌رکوک ،ئه‌م ناوچه‌یه له رووی دیموگرافی وجیوپولوتیکیه‌وه هه‌میشه کاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌و هه‌یه له سه‌ر ناوه‌ندی شاره‌که به تایبه‌تی له‌و ماوه مێژووییه کورتانه‌ی خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که به گشتی به ئازادی و دوور له سته‌م وتوندوتیژی ژیابن ،هه‌ر بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌کردنێکی مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری شوان ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر که‌رکوک هه‌بووه بێگومان به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر راسته ،وێران کردنی شوان به‌شێکی گرنگی سیما ورووخساره کوردیه‌کانی شاره‌که‌ی وێران کرد ،بۆیه له جێی خۆیدایه بپرسین له باره‌ی ناو‌و بنه‌چه‌ی شوانه‌وه چی گوتراوه؟؟
ده‌رباره‌ی ناوی شوان دیدو بۆچوونی زۆر خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ندێکیان بنه‌چه‌ی خه‌ڵکه‌که‌و هه‌ندێکیان کار‌و پیشه‌و هه‌ندێکی دیکه‌ش هه‌ڵکه‌وت‌و رووبه‌ری خاکه‌که‌ی کردووه‌ته بنه‌ما بۆ په‌یدابوونی ناوی (شوان) له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ڤه‌ره ، نووسه‌ری روسی (ڤێڵجێڤیسکی) ده‌ڵێ:- (له سه‌رووتری که‌رکوک له‌و شوێنه‌ی مه‌ڕو ماڵات به‌خێوکردنی کۆچه‌ری لی زۆزانه‌کاندا باوه هه‌ر له کۆنه‌وه خێڵێکی کورد یان راستتر گروپه خێڵێکی کوردی ده‌ژی‌و، ناوێکی زۆر تایبه‌تی هه‌یه، (شوان )واته شوانی مه‌ڕوماڵاتی ورد، هاوسێی خێڵێکی بچووکی نیشته‌جێن، به‌ناوی شێخ بزێنی(4)، ئه‌م پێی وایه ناوی شوان به‌رئه‌نجامی پیشه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یه که به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵه ،ئه‌دمۆندز ده‌ڵێ:- ئه‌و ناوچه‌یه له‌وه‌ڕگای نایاب‌و زۆر باشه بۆ مه‌ڕوماڵات، لێره‌شدا شوان به‌مانای له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕوماڵاته(5)،ئه‌میش هه‌مان بۆچوونی ((ڤێلچیڤسکی)هه‌یه له‌مه‌ڕ ناوی شوان .
مێجه‌ر سۆن له گه‌شته‌که‌یدا به‌ناوی (میرزا عوڵام حوسه‌ین شیرازی)یه‌وه ده‌ڵێ:- (له رۆیشتنماندا بۆ سلێمانی هه‌تا به‌خاکی هه‌مه‌وه‌نده‌کاندا تێنه‌په‌ڕین، له که‌رکوکه‌وه شه‌فیق ئه‌فه‌ندی بڕیاری گۆڕینی رێگه‌کای دا، سه‌ره‌تا که‌مێک به‌ره‌و باکوور هه‌ڵکشاین به‌نێو زنجیره‌یه‌کی گردۆڵکه‌ی نزمدا پێشڕه‌ویکردین، دواتر به‌زه‌وی شوان‌دا تێپه‌ڕین، شوان خێڵێکی به‌هێزه، به‌ڵام بێ وه‌ی‌و خه‌ریکی ئاژه‌ڵدارین هه‌روه‌کو له ناوه‌که‌یاندا هاتووه)(6)،واته ئه‌میش ناوی خێڵه‌که‌ی گه‌راندووه‌ته‌وه بۆ جۆری پیشه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌که که ئاژه‌ڵداریه‌و له کوردیش‌دا به‌م پیشه‌یه ده‌گوترێت شوانی ،هه‌روه‌ها ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری به‌ریتانی له نووسینه‌که‌یاندا به‌ناوی (چه‌ند تێبینییه‌ک له‌سه‌ر خێڵه‌کانی باشووری کوردستان له‌نێوان زێی گه‌وره‌و سیرواندا) له‌سه‌ر زاری مه‌لایه‌کی ناوچه‌که‌وه (پێده‌چێت یه‌کێک بووبێ له‌و شێخ‌و سه‌یدانه‌ی خۆیان ده‌به‌نه‌وه سه‌ر خه‌لیفه‌ی چواره‌می موسڵمانان عه‌لی کوڕی ئه‌بو تاڵیب-خ-) نووسیویانه کۆنترین دانیشتوانی ناوچه‌که بنه‌ماڵه‌ی (شاهوانه) و نزیکه‌ی 700 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێبوون)(7)،ئه‌م نوسینه‌ش لسه‌ره‌تای سه‌ده‌س بیسته‌مدا نوسراوه‌و ئه‌و نزیکه‌ی (700)ساڵه ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌رده‌می تێکچوونی میرنشینی شوانکاره‌و په‌رته‌وازه‌بوونی خه‌ڵکه‌که‌ی ، ،پاره‌ێزه‌ری به‌ڕێز جه‌مال بابانیش له نووسینه‌که‌یدا(ناوی شوێن وشاره ئێراقیه‌کان به زمانی عه‌ره‌بی) ناوی ناوچه‌ی شوان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ناوی خێڵه‌که‌و ده‌ڵێ:- (شوان له ناوی سه‌ره‌کیترین خێڵی ناوچه‌که‌یه‌وه وه‌رگیراوه)(8)،ئه‌م مه‌به‌ستی ناوی ناوچه‌که‌یه وه‌کو یه‌که‌یه‌کی کارگێڕی له ناوی خێڵی شوانه‌وه وه‌رگیراوه ، مێژوونووشی هێژا مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی له رووی مێژووییه‌وه له‌م قوڵ بووه‌ته‌وه ده‌ڵێ:- (عێلی شوان به‌شێکه له‌و شوانکاره‌یه‌ی له سه‌ده‌ی پێنجه‌مدا خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزبوون، هه‌ر له که‌ناری که‌نداوه‌وه تا شیرازیان به‌ده‌سته‌وه بوو، پایته‌خته‌که‌یان له قه‌ڵای (دار الامان)ی چیای ئیگ بووه له سه‌ده‌ی یانزه‌و دوازده‌ی زایینیه‌وه په‌رته‌وازه بوون ، ئه‌م به‌شه‌یان له‌سه‌ر رێگه‌ی که‌رکوک پردێ گه‌وره‌ترین گوندی خۆیان به‌ناوی (داره‌مان)ـه‌وه دروستکردووه(9)،واته شوان هه‌روا له خۆڕا و به‌هۆی زه‌وی زاری له بار بۆ ئاژه‌ڵداری یان به هۆی کار‌و پیشه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه نه‌هاتووه به ڵکو له رووی مێژوویشه‌وه باگراوندێکی قوڵیان هه‌یه و خێڵی شوان به‌شێکن له میرنشینی شوانکاره، به‌ڕێز دکتۆر ره‌فیق شوانی له نووسینه زمانه‌وانیه‌کانیدا هه‌مان بۆچوونی هه‌یه‌و، به هه‌وڵدان بۆ سه‌لماندنی په‌یوه‌ندی نێوان زاره کوردیه‌کان عێلی شوان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر خێڵی شوانکاره(10) هه‌روه‌کو له‌سه‌رچاوه مێژوویه‌کاندا هاتووه ،پایته‌ختیان شاری به‌دره بووه‌و، ده‌سه‌ڵاتیان تا ساڵی 1258ز درێژه‌ی کێشاوه له‌وێ، به‌ڵام به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ‌و ناوبه‌ناو سه‌رکرده‌کانی شوانکاره حوکمیان کردووه، هه‌تا ساڵی 1354 له‌لایه‌ن ئه‌تابه‌گه‌کانی فارسه‌وه داگیرکراوه، له‌وکاته‌وه سه‌رکرده‌کانی شوانکاره به‌شێوه‌ی سه‌رداری عێڵی ژیاون‌و خۆیان‌و مرۆڤی وڵات تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌مجۆره ده‌ژین، شوانکاره خێڵێکی ناسراوی کوردن ،ئیبن به‌ڵخی له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می کۆچیدا به درێژی باسی ئه‌م خێڵه وشوێنی نیشته‌جێ بوونیان له پارس کردووه ،ئه‌ویش ئاشکرا به کورد ناویان ده‌با و گومانێک له کوردبوونیان نیه ،شوانکاره‌کان خۆیان به نه‌وه‌ی ئه‌ده‌شێری بابکانی ساسانی ده‌زانن ،موحه‌مه‌د شوانکاره‌یی له نامیلکه‌ی (مجمع اڵانساب)دا که له ساڵی 733ی کۆچی نوسیویه‌تی ده‌ڵێت : (ڕه‌چه‌ڵه‌کی پاشاکانی شوانکاره لای نزیکه‌ی ته‌واوی مێژوونووسان و زانایانی ره‌چه‌ڵه‌ک ،روون ودیاره که ئه‌وان له نه‌وه‌ی ئه‌رده‌شێری بابه‌کی ساسانین و له‌زۆر کتێبانیشدا ئاماژه به‌مه کراوه)( )، هه‌روه‌ها حه‌میدی ئێزد په‌ناه ده‌ڵێ:- (له‌نێو فه‌یلییه‌کانی لوڕی بچووکیشدا گه‌لێ خێڵی په‌ڕاگه‌نده‌ی کوردی وه‌کو (شوان، …هتد) هه‌یه(11)، له رووی جوگرافیشه‌وه شوێنی لوڕ له هێڵی سه‌ره‌کی نێوان قه‌سری شیرین-کرمانشان-مه‌لایه‌ر له باکووره‌وه ده‌ستپێده‌کات‌و به‌ره‌و باشوور تا ده‌وروبه‌ری باکووری رۆژهه‌ڵاتی که‌نداوی فارس درێژده‌بێته‌وه(12) مه‌ردۆخیش ده‌ڵێ:- (خێڵی شوان له که‌رکوک‌و خانه‌قیندا هه‌یه)(13)، هه‌روه‌ها یه‌کێک له لقه‌کانی یه‌ک له خێڵه سه‌ره‌کییه‌کانی لوڕ به‌ناوی (ره‌شه‌وه‌ند)ـه‌وه به‌په‌رش بڵاوی له ناوچه‌کانی کرمانشانه‌وه تا خوڕه‌م ئاباد‌و مه‌هران‌و به‌ده‌ره‌و خانه‌قیندا ژیاون، بوونیان له ناوچه‌ی شوانیشدا ئاماژه‌ی پێکراوه‌و له نووسینه‌که‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانیادا ده‌ڵێت:- (له رێدارو له ناوه‌ندی ناوچه‌ی شوان‌دا بنه‌ماڵه‌ی ره‌شوه‌ند له‌گه‌ڵ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌مان خێڵدا کۆبوونه‌وه‌ته‌وه)(14)، بۆیه ده‌کرێ به به‌ڵگه‌یه‌کی تری هه‌مان خێڵی شوانکاره‌یان بده‌ینه قه‌ڵه‌م ،ئه‌مه له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌و سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا له رێککه‌وتننامه‌یه‌کی نێوان شوان‌و هه‌مه‌وه‌ند له ساڵی 1898 زایینی‌دا هاتووه له‌ژێر ناوی سه‌رۆک خێڵی شوان (عه‌لی حه‌سه‌ن) که ده‌کاته باوکی کوێخا ره‌جه‌ب(*)نووسراوه (ره‌ئیس ره‌شوه‌ند) له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی تر ،جگه له‌مانه‌ش له‌رووی زمانه‌وه لێچکوونێکی زۆر نزیک هه‌یه له‌نێوان شێوه‌زاری خێڵی شوان وشێوه‌زاری ناوچه‌کانی به‌دره‌و خانه‌قین‌و کرمانشان‌و سونگوڕ وقه‌سری شیریندا ، که‌چی شێوه‌زاری خێڵی شوان له‌گه‌ڵ گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆیاندا وه‌کو خێڵه‌کانی هه‌مه‌وه‌ند‌و شێخ بزێنی‌و ئه‌وانی دیکه‌دا هه‌ندێک جیاوازیان هه‌یه