تۆماس هۆبز له پێنجی نیسانی 1588له گوندی ویست پۆرت (West Port) له دایک بووه ،ئه‌م گونده‌ش نزیکه له مالمیسبۆری (Malmesbury)وده‌که‌وێته هه‌رێمی ولتشایه‌ر (Wiltshire) وا رێکه‌وتبوو سه‌رده‌می پێش له دایک بوونی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه به‌ریتانیای پڕ کردبو که پاپۆڕه ده‌ریاوانیه‌کانی ئیسپان (Spanish Armada)پێشڕه‌ویان کردووه وبه مه‌به‌ستی داگیر کردنی به‌ریتانیا سنوری وڵاته‌که‌یان به‌زاندووه ورێزی که‌ناره ده‌ریاییه‌کانی به‌ریتانیایان نه‌گرتووه ،ئه‌مه‌ش دایکی تۆماس هۆبزی توشی ترس و داچڵه‌کین کرد ،بۆیه پێش کاتی ئاسایی دیاری کراوی خۆی مناڵی دووه‌می (تۆماس)ی به حه‌وت مانگی بوو.
ئه‌گه‌رچی باوکی تۆماس پیاوێکی ئاینی و قه‌شه بوو له (ویست بورت) و(چارلتۆن) (Charlton) ،به حوکمی پیشه‌و پێگه ئاینیه‌که‌ی ده‌بوو وا نه‌بێ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌ن سروشت وره‌فتارێکی خراپ بوو ،نزیکه‌ی هه‌موو سه‌رچاوه‌کان و به درێژایی سه‌ده‌یه‌ک به خراپ باسیان کردووه ،به که‌سێکی خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی نابه‌جێ و دوور له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی هه‌ر پیاوێکی ئاینی ناویان بردووه ،دیارترینیان به نه‌زان و قسه‌و وشک وبێ ئه‌قڵ وتووڕه ناوزه‌دیان کردووه ،سه‌رکێشی وهه‌ڵه‌شه‌یی گه‌یشتبووه ئاستێک رۆژێک له به‌ر ده‌رگای که‌نیسه‌و له‌گه‌ڵ قه‌شه‌ی گوندێکی دراوسێیدا به‌شه‌ڕ هات وکه‌وته لێدانی ،بۆیه ناچار بوو (مالیسبۆری) جێهشێت و به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵات ،دوواتر له ره‌وشێکی نادیاردا کۆچی دوایی کرد هه‌رسێ مناڵه‌که‌ی له ژێر چاودێری براکه‌یدا (فرانسیس هۆبز) (Francis Hobbes)به جێ هێشت ئه‌مه به به‌ختی تۆماس هۆبز بوو ئه‌رکی چاودێری وپه‌روه‌رده‌کردنی که‌وته سه‌ر شانی که‌سێکی وه‌کو مامی چونکه به پێچه‌وانه‌ی باوکیه‌وه پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌چاغ کوێری خاوه‌ن ناوبانگی باش بوو ئه‌قڵمه‌ندو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی مالیسبۆری بوو (Alder man of Malmesbury) به‌ڵام له‌باره‌ی دایکیه‌وه هیچ شتێک نه‌زانراوه ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێ کچی خێزانێکی جوتیاربووه و کاری کشت‌وکاڵیان کردووه
تۆماس هۆبز سه‌رده‌می مناڵی له مالیسبۆریدا به ئارامی تێپه‌ڕاند ،کاتێک گه‌یشتووه‌ته ته‌مه‌نی چوارساڵی له قوتابخانه‌ی که‌نیسه‌ی ویست بۆرت نێردراوه‌ته به‌ر خوێندن له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا ده‌ستی به خوێندنی گریکی ولاتینی کردووه دووای ساڵێک یان دوو ساڵ په‌یوه‌ندی به قوتابخانه‌یه‌کی بچوکه‌وه کردووه که پیاوێکی یۆنانی به ناوی (رۆبه‌رت لاتیمیر)(Robert Latimer) سه‌رپه‌رشتی کردووه ئه‌م قوتابخانه‌یه هه‌لێکی باش بوو بۆ تۆماس هۆبز که تیایدا له باره‌ی کلاسیکه‌وه زانیاریه‌کی زۆری وه‌رگرتوه چاوی بۆ یه‌که‌م کانگا هزریه‌کانی رۆشنبیریه‌که‌ی کراوه‌ته‌وه‌و سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی پیشانداوه بۆیه مامۆستاکه‌ی گرنگی زیاتری پێداوه‌و ووردتر خستوویه‌تیه ژێر چاودێریه‌وه ،به‌مه‌ش بناغه‌کانی هه‌ردوو زمانی لاتینی و گریکی له زه‌ینیدا چه‌سپیون به شێوه‌یه‌ک توانیویه‌تی له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا شانۆگه‌ری میدیا (Medea)له نوسینی یۆرپیدس (Euripides)وه‌رگێڕێته سه‌ر هۆنراوه‌ی ئه‌مبیکی(Imbics) لاتینی.
له ساڵی 1603دا بۆ ته‌واو کردنی خوێندن ،مامی ناردی بۆ (مۆدلن هۆڵ)له زانکۆی ئۆکسفۆرد (Magdalen Hall; Oxford) له‌وێشدا که چه‌ندین ئاراسته‌و مه‌یلی دژ به‌یه‌ک کۆ بوبونه‌وه، بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ مایه‌وه له‌لایه‌ک نه‌ریته بیوریتانیه‌کان ره‌گ وریشه‌یان له‌م زانکۆیه‌دا داکوتابوو ،له لایه‌کی تریشه‌وه تا راده‌یه‌کی زۆر،زرمه‌زلێ وخواردنه‌وه‌و قوماری تێدا بڵاو بوبووه‌وه .به‌ڵام له باره‌ی ئاستی خوێندن وزانستیه‌وه ئاراسته‌ی هزری ئه‌ریستۆیی زاڵ بووبه‌سه‌ر ئه‌م زانکۆیه‌دا ،زۆربه‌ی مامۆستاکانی سه‌ربه ئاراسته‌ی تێڕوانینی ئه‌ریستۆیی بوون ئاسته‌کانی خوێندن تا ئه‌و په‌ڕی تێکچوون وداڕوخان دابه‌زیبوون سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هۆبز هه‌وڵی ئه‌دا بۆ رازی کردنی مامۆستاکانی به‌ڵام گرنگیه‌کی که‌می به فه‌لسه‌فه‌ی قوتابخانه‌یی ده‌دا که له‌و کاته‌دا له زانکۆ ده‌خوێندرا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێده‌چێت ،فێری لۆژیک و سروشتیه‌کانی ئه‌رستۆ بووه (هه‌ندێک سه‌رچاوه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که هۆبز له بواری دیاله‌کتیکی لۆژیکیدا خۆی به خاوه‌ن توانایه‌کی باش زانیوه) هه‌روه‌کو خۆیشی پێمان ده‌ڵێت ئه‌م فێروونه‌ی زۆر له‌سه‌ر خۆ وه‌رگرتووه ،به‌ڵام دوواتر زوو ده‌ستبه‌رداریان بووه
کاتێک هۆبز له پێنجی فیبرایه‌ری 1608بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس(B.A)ی به ده‌ستهێنا ،راگری کۆلێژه‌که‌ی بۆ مامۆستای تایبه‌تی گه‌وره‌ترین کوڕی خێزانی کافندش هه‌ڵی بژارد،لێره‌شه‌وه په‌یوه‌ندی به‌م خێزانه‌وه به‌ست و په‌یوه‌ندیه‌کانیشی جگه له هه‌ندێک پچڕانی ناو به‌ناو تا دووا ساته‌کانی ژیانی به‌رده‌وام بوو. کارکردنی له‌گه‌ڵ ئه‌م خێزانه‌دا کاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی هزری هۆبز ، له رێگه‌ی ئه‌م خێزانه‌وه هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خسا له‌گه‌ڵ پێشه‌نگی ناودارانی سه‌رده‌مه‌که‌ی ورۆشنبیره به‌رزه‌کانی ئه‌و قۆناغه چ له بواری رامیاری یان وێژه یان زانست‌دا ئاشنایه‌تی په‌یدا بکات ،بنه‌ماڵه‌ی کافندشی سۆز‌و میهره‌بانیه‌کی زۆریان به‌رامبه‌ر هۆبز ده‌نواند وسروشتێکی هاورێیه‌تیان دابووه په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵیدا، تا له وتووێژه خێزانیه‌کانیاندا به‌شداریان پێ ده‌کرد ،ئه‌مه‌ش بوارێکی باشی بۆ هۆبز ره‌خساند ئاگاداری به‌شێکی زۆری پرسه‌کان بێت ، کوێبیستی ئه‌و ده‌نگۆ وقسه‌وباس وچپه چپانه ده‌بوو که له باره‌ی گرفته‌کانه‌وه له ناوه‌نده رامیاریه باڵاکاندا ده‌کران ،هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خشه‌و پلانانه‌ی ئه‌م ناوه‌ندانه دایان ده‌رشت وئه‌و تاکتیکانه‌ی ده‌یاننواند له کارکردن‌دا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه له هۆبز شاراوه نه‌بوون .
نه‌ک هه‌ر ئاگاداری پرسه سیاسیه‌کان ،به‌ڵکو له رێگه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌سایه‌تیانه‌وه بواری ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خسا بوو ئاگاداری پرسه وێژه‌یی و هزریه‌کانیش بێت ، ،بۆ نمونه به وتووێژی له‌گه‌ڵ لۆرد هێربێرت ئۆف چێربۆری (Lord Herbert of Cherbury)له فه‌لسه‌فه‌و کێشه فه‌لسه‌فیه‌کان ،له‌گه‌ڵ لۆکیۆس کاری و لۆرد فۆلکلاند (Lucius Cary ;Lord Falkland)له رێبازی ئه‌رمینیزم (Arminianis,)و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م رێبازه‌زه هه‌بوو ،له‌گه‌ڵ بێن جۆنسۆن (Ben Jonson)له باره‌ی پرسه‌کانی هۆنراوه‌و وێژه‌وه ئاگادار بوو .
له هه‌موو ئه‌مانه گرنگتر له‌م بواره‌دا ئه‌و که‌شه ئه‌قڵیه گونجاوه بوو که له (ویلبیک ئابی)(Welbeck Abbey) شوێنی نیشته جێبوونی بنه‌ماڵه‌ی کافندشدا هه‌بوو .هه‌ر یه‌ک له ولیام کافندش(William Cavendish)ئێرلی نیوکاسل (Earl of New Castel )و براکه‌ی چارلس کافندش (Charles Cavendish)ی ماتماتیکزانی به توانا ،گروپێکی بژارده‌ی فه‌یله‌سوفه سروشتیه‌کان وتوێژه‌رانی زانستی به‌ده‌وره‌وه بوو وکاریان بۆ دارشتنی سه‌ره‌تاکانی پێگه‌ی زانستی نوێ ده‌کرد .
له لایه‌کی تره‌وه هه‌بوونی کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره له به‌رده‌ستی هۆبزدا بواری خوێندنه‌وه‌ی سه‌دان چیرۆک وشانۆگه‌ری بۆ ره‌خساندبوو ،زانیاریه‌کانی له باره‌ی هۆنراوه‌و مێژوونوسانی کلاسیکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند تر ده‌کرد ،له ساڵی 1610دا هه‌لی سه‌ردانیکردنی ئه‌وروپای بۆ ره‌خسا ،ئه‌وه بوو له‌گه‌ڵ قوتابیه‌که‌ی خۆیدا پێکه‌وه سه‌ردانی فه‌ره‌نساو ئیتالیا‌و ئه‌ڵمانیایان کرد ،له میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌یاندا توێژینه‌وه‌یان له سه‌ر زمانه بیانیه‌کان کرد به تایبه‌تی له‌سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی و ئیتالی .
ده‌توانین په‌ره‌سه‌ندنی هزری هۆبز ببه‌ستینه‌وه به‌و سه‌ردانانه‌ی که بۆ کێشوه‌ری ئه‌وروپا کردبووی پێش ناچار بوونی به هه‌ڵبژاردنی پاریس وه‌ک په‌ناگه‌ی تاراوگه بۆ خۆی،هۆبز نزیکه‌ی حه‌ڤده ساڵی له ئه‌وروپا به‌سه‌ر بردبوو ( ده‌کرێ هه‌ڵبژاردنی تاراوگه‌ش به شێوه‌یه‌ک له سه‌ردانه‌کانی دابنێین به تایبه‌ت درێژترین وگرنگترین سه‌ردان بوو) ،ئه‌م سه‌ردانانه تا ئاستێکی زۆر به‌شداریان له فراوانکردنی تێگه‌یشتنه‌کانی و په‌ره‌پێدانی ئاسۆی هزری و دوواتریش له خه‌مڵاندنی ئاراسته فه‌لسه‌فیه‌کانیدا کرد ،ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ئه‌و ئه‌زمون وشاره‌زایی و هه‌لی فێربوون وزانینانه‌وه که به ده‌ستی هێنا بوو .
کرانه‌وه‌ی هۆبز به رووی سیما هزریه‌کانی کێشوه‌ری ئه‌وروپادا یه‌کێک بوو له گرنگترین ده‌ستکه‌وته‌کانی سه‌ردانی یه‌که‌می ،هه‌روه‌ها هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ره‌خساند که بزانێت هزری ئه‌رستۆیی یان ئه‌و هزره‌ی له سایه‌یدا گه‌وره بووبوو ،به کوێ گه‌یشتووه ،چونکه تا ئه‌و کاته‌ش له ئینگلته‌ره بایه‌خێکی گه‌وره‌و گرنگی زۆری پێ ده‌درا که‌چی له‌وێ له دابه‌زین وکپ بوونه‌وه بوو،قۆناغی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هۆبز له سه‌ردانی یه‌که‌می دوو خه‌سڵه‌تی دیاریکراوی هه‌بوو ،هه‌ر یه‌کێکیان پێویست به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک ده‌کات له ئاستیدا ،یه‌که‌میان په‌یوه‌ندی هۆبز به (فرانسیس بیکۆن)ه‌وه ،دووه‌میان خۆته‌رخانکردنی هۆبز بۆ توێژینه‌وه له بابه‌ته کلاسیکیه‌کان ،به تایبه‌تی وێژه‌و مێژووی کلاسیک ،من وای ده‌بینم ،ده‌بێ دووه‌میان زیاتر جێگه‌ی بایه‌خمان بێت ،به‌هۆی ئه‌و پرسیارانه‌ی ئه‌م خۆ ته‌رخانکردنه ده‌یوروژێنێت ،وه‌کو ئایا ئه‌مه په‌یوه‌ندی به گه‌شته‌که‌یه‌وه هه‌بوه بۆ کێشوه‌ری ئه‌وروپا وله ژێر کاریگه‌ری ئه‌م سه‌ردانه‌دا بووه یان نا ؟؟بۆچی هۆبز لێره‌وه سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ی بابه‌ته کلاسیکیه‌کان بوو؟؟ .
له ده‌ستپێکی تاوتوێکردنی ئه‌م بابه‌ته‌دا، پێویسته ئاماژه به‌وه بکه‌ین ، ئه‌وه‌ی له باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه له‌سه‌رچاوه‌کاندا هاتوون لێڵ وجێی رامان وسه‌رسوڕمانن ،زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌کان جگه له نوسینه‌که‌ی مینتز ده‌یانه‌وێت بڵێن روو کردنه بابه‌ته‌کانی کلاسیک له لایه‌ن هۆبزه‌وه به هۆی کاریگه‌ری یه‌که‌م سه‌ردانه‌که‌یه‌وه بووه بۆ کێشوه‌ری ئه‌وروپا
له راستیدا توێژینه‌وه‌ی هۆبز له که‌له‌پوری کلاسیکی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نه‌بووه ،به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه جێی گرنگی له مێژینه‌ی هۆبز بووه ،نه‌ک هه‌ر ده‌ستبه‌رداری نه‌بوو تا دووای ده‌ست به‌کاربوونیشی له خزمه‌تکردنی بنه‌ماڵه‌ی کافندشدا ،به‌ڵکو له‌ئه‌نجامی بینینی کتێبخانه ده‌وڵه‌مه‌ندو گه‌وره‌که‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه که له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی رۆشنبیری کلاسیکی تێدا بوو گرنگی پێدانی به‌کلاسیک زیاتر بوو ،له‌به‌ر ئه‌وه من له‌گه‌ڵ (منتز)دا هاوڕام ،که هۆبز دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌ردانه‌که‌ی وله درێژه‌ی گرنگی پێدانه‌کانی پێشتریدا نه‌ک وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی کاریگه‌ریه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌وروپا که هه‌ندێک له‌سه‌رچاوه‌کان وای بۆ ده‌چن، له خوێندنه‌وه‌ی نوسینی مێژوونوسانی کلاسیک به‌رده‌وام بووه ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که له‌م قۆناغه‌دا گرنگیه‌کی زیاتری به وێژه‌و مێژووی کلاسیک دابێت .
به‌ڵام پاڵنه‌ری به‌رده‌وام بوونی هۆبز له‌سه‌ر توێژینه‌وه کلاسیکیه‌کان چی بووه؟ئامانجی له‌مه‌ش چی بووه دووای بینینی به‌رهه‌مه‌کانی گالیلۆو کیبله‌ر و کارکردن له‌و ئاراسته نوێیه‌ی مژده‌یان ده‌دا؟
ده‌توانین بڵێین بینینی به‌رهه‌مه‌کانی گالیلۆو کیبله‌ر ئه‌و راستیه‌یان بۆ هۆبز به‌ده‌رخست که ئاراسته‌کانی هزری ئه‌رستۆیی وهزری قوتابخانه‌یی له ئه‌وروپادا پێی گه‌یشتبوون له کپ بوون و به‌ستنه‌وه .له نه‌زۆکی و بێ سوودیان دڵنیا بوو ، که‌چی هێشتا ئه‌لته‌رناتیفێک بۆ جێ گرتنه‌وه‌ی ئه‌م ئاراسته هزریه‌ی لا په‌یدا نه‌بوو بوو ،ئه‌و هێشتا نه‌که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ری ئاراسته نوێیه‌که‌ی گالیلۆ و کیبله‌ره‌وه ،به قوڵی نه‌که‌وتبووه ژێر کاریگه‌ری ئه‌و ئارسته نوێیه‌ی ئه‌وان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد به شێوه‌یه‌ک که بیکاته درووشم وبه بانگه‌وازخوازی ئه‌م ئاراسته‌یه له‌قه‌ڵه‌م بدرێت .
کاریگه‌ری ئه‌م ئاراسته نوێیه له ئاگادارکردنه‌وه‌و جه‌ختکردنه سه‌ر راستی ئه‌و کپ بوون وبێده‌نگیه‌دا کورت بوو بووه که ناوه‌نده‌کانی روناکبیران وداموده‌زگا رۆشنبیری وزانستیه‌کانی ووڵاته‌که‌ی گرتبوه‌وه ،لێره‌وه ده‌شێ قۆناغی دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی به قۆناغی خه‌مڵین وپێگه‌یشتن وهه‌وڵدانی به‌رده‌وام دابنێین له توێژینه‌وه کلاسیکیه‌کاندا ،کارکردنیشی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی کافندش هۆکاری یارمه‌تی ده‌ربوون بۆ ئه‌م جۆره توێژینه‌وه‌یه ،به هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆیان ره‌خساندبوو بۆ خوێَندنه‌وه‌و رامان وبیرکردنه‌وه،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌یتوانی به‌هه‌موو ئه‌و روناکبیرو بژارده‌و نوسه‌رانه‌ی بواری زانست وئه‌ده‌ب بگات که هاتوچۆی دیوه‌خان و یانه‌ی ئاغاکه‌یان ده‌کرد ،کتێبخانه‌یه‌کیشی له‌به‌رده‌ستدابوو هه‌موو ئه‌و کتێبانه‌ی تێدابوون که پێویستی پێ بوو ،سه‌رقاڵ بوونی به‌کاری توێژینه‌وه له بابه‌ته کلاسیکیه‌کان نزیکه‌ی پازده ساڵی خایاند ،که خۆی له ژیننامه‌که‌یدا به خۆشترین قۆناغ وه‌سفی کردووه‌و تیایدا چه‌ندین به‌رهه‌می شاعیر‌و مێژوونووسه کلاسیکیه‌کانی گریک ولاتینی خوێنده‌وه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وانه‌ش وه‌رگێڕانی کتێبی (Thucydides) (تیوسیدیدیس)یان لێ که‌وته‌وه که‌له‌سه‌ر جه‌نگی(Peloponnesian War
)(بیلۆبیۆنیوزیه) نوسرابوو ،له‌ساڵی 1628دا بڵاوبووبووه‌و چه‌ند ساڵێکیش پێش ئه‌مه نوسرابوو ،ئه‌م وه‌رگێڕانه‌و ئه‌و پێشه‌کیه‌ی بۆی نوسیبوو ،گرتگی خۆیان هه‌بوو بۆ ئاراسته‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ،کۆمه‌ڵێک لایه‌نیان تێدا ره‌نگ ده‌داته‌وه ده‌کرێ له‌مانه‌دا باگراوندی هزری و هۆبزمان بۆ ده‌ربکه‌وێت که پشتی پێ به‌ستووه یان راستی هه‌ڵوێستیمان بۆ روون ببێته‌وه به‌رامبه‌ر رووداوه‌کانی وڵاته‌که‌ی ،پێش هه‌رشتێک ئه‌م وه‌رگێڕانه ئاستی سه‌رسوڕمانی هۆبزمان بۆ ده‌رده‌خات به‌رامبه‌ر (تیوسیدیدیس)و کاریگه‌ری له‌سه‌ری هه‌روه‌ها ئه‌و پێشه‌کیه‌ی له ده‌ستپێکی کتێبه‌که‌دا نوسیبووی هزری سیاسی ئه‌و ده‌مه‌ی هۆبزمان بۆ ده‌رده‌خات و له رێگه‌ی گرنگیدانی به مێژوونووسانی ده‌سه‌ڵاتی شاهانه ئه‌و لایه‌نه سیاسیه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه که هۆبز لایه‌نگیری لێ ده‌کرد ، له کۆتاییدا بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌که له‌و ساته‌وه‌خته‌دا هه‌ڵوێستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هۆبزمان بۆ ده‌رده‌خات به‌رامبه‌ر رووداوه سیاسیه‌کانی وڵاته‌که‌ی ،چ له باره‌ی ئه‌وانه‌ی به سروشتی ده‌سه‌ڵاته‌وه په‌یوه‌ست بوون ئه‌وانه‌ی به ئاراسته‌ی رووداوه‌کان ،ئه‌و جیهانه‌ی هۆبز وه‌رگێڕانه‌که‌ی تێدا بڵاوکرده‌وه رووداوگه‌لێکی زۆری به خۆی بینیبوو ،ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌م رووداوانه پاڵیان به هۆبزه‌وه نابێ بۆ ده‌ست پێشخه‌ری وه‌رگێڕانه‌که‌ی ،شا چارڵسی یه‌که‌م له‌گه‌ڵ په‌رڵه‌ماندا ناکۆک بوو ،هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌و ساڵه‌دا کرا ئه‌نجامه‌که‌ی سه‌رکه‌وتنی رکابه‌ره‌کانی شا بوو به زۆرینه‌ی ده‌نگ ،هه‌روه‌ها سێر ئه‌دوارد کۆک به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌رکردنی ته‌واوی ماف‌و ئازادیه‌کانی گه‌ل داوای مافه‌کانی پێشکه‌شی شا کرد ،هه‌موو به سه‌ریه‌که‌وه ،رووداوه‌کان ئاماژه‌یه‌ک بوون بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ره‌وتی دیموکراسی ،به گوته‌ی بیته‌رز به‌شێوه‌یه‌ک بوو خۆپاراستنی ده‌ویست له خراپه‌کانی، ئیتر سروشتی بوو لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی شاهانه بۆنمونه وه‌کو هۆبز ،هاوڵاتیانیان له‌و کاره‌ساتانه ئاگادار بکه‌نه‌وه که کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌سینایی له سایه‌ی هه‌مان ره‌وشدا به‌سه‌ری هاتبوو .
ئه‌مه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بوو به توێژینه‌وه کلاسیکیه‌کان به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فرانسیس بیکۆن ،ئه‌م په‌یوه‌ندیه پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌که‌ی (تیۆسیدیدیس) و له‌رێگه‌ی یانه‌ی کافندشه‌وه درووست بووبوو ،هۆبز بۆ ماوه‌یه‌کی کورت وه‌کو سکرتێری بیکۆن کاری ده‌کرد ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌مه له نێوان ساڵانی (1621و 1626)دا بووبێت ئه‌و کاته‌ی بیکۆن پۆسته‌که‌ی وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی لۆرده‌کان (Lord Chancello)لێ وه‌رگیرایه‌وه ،ئیتر دوور له‌خه‌ڵک ده‌ژیا و کاتێکی که‌می خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ نوسین و به دووادا چوونی جێ بایه‌خه زانستیه‌کانی، هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی زانراون ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی هۆبز به بیکۆنه‌وه له‌وه تێپه‌ڕ ناکه‌ن که (ئه‌وبری) نوسه‌ری ژیننامه‌ی هۆبز هێناویه‌تیه‌وه ،ده‌ڵێت بیکۆن حه‌زی له کفتوگۆ بوو له‌گه‌ڵ هۆبز ،یارمه‌تی زۆری دابوو له وه‌رگێڕانی ژماره‌یه‌ک له وتاره‌کانی بۆ لاتینی جگه له‌مه‌ش هۆبز له هاورێکردنیدا هه‌میشه قه‌ڵه‌م وپه‌ڕاوێکی پێ بوو بۆ تۆمار کردنی هه‌ر سه‌رنجێکی فه‌لسه‌فی به خه‌یاڵی بیکۆنی سه‌رداریدا بهاتایه ،بیکۆنیش باشترین که‌سێک به به‌لایه‌وه هۆبز بوو بۆ نوسینه‌وه‌ی هزرو بۆچوونه‌کانی چونکه پێی وابوو هه‌ر هۆبز له‌و تێده‌گات و ده‌زانێت چی ده‌ڵێ .
هه‌رچه‌نده هه‌ندێک له توێژه‌ران قسه‌یان له‌سه‌ر کاریگه‌ریه‌کانی بیکۆن کردووه له‌سه‌ر هۆبز به‌ڵام پاڵپشت به‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و نوسینانه‌ی هۆبز که له دووای په‌یوه‌ندی به بیکۆنه‌وه به‌رهه‌می هێناوه ،ده‌کرێ ئه‌وه بڵێین ،که هۆبز به هیچ شێوه‌یه‌ک بیکۆنی نه‌بووه و له هیچ بوارێکی فه‌لسه‌فه‌که‌یدا به بیکۆن کاریگه‌ر نه‌بووه، هۆَبز له ساڵی 1628دا ئازاری له ده‌ست دانی سه‌ردارو قوتابیی پێشووی خۆی ئه‌یرل دیفۆنشایه‌ری دووه‌می چێژت، نه‌وه‌و میراتگری دیفۆنشایه‌ر مناڵێکی ته‌مه‌ن یازده ساڵی بوو ،ژنه بێوه‌که‌شی پێویستی به سکرتێر نه‌بوو ،بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌رجیه‌کانیش له رووی ئابووریه‌وه ،کار‌و خزمه‌تگوزاریه‌کانی هۆبزی لابرد ،له‌به‌ر ئه‌وه هۆبز ناچار بوو لای سێر جێرفاس کلینتۆن (Sir Gervas Clinton)وه‌ک مامۆستایه‌ک یان یاوه‌ری کوڕه‌که‌ی کار بکات ،له ساڵی (1629)دا به یاوه‌ری قوتابیه نوێیه‌که‌ی سه‌ردانێکی تری ئه‌وروپایان کرد ،ئه‌م سه‌ردانه‌ش هه‌ردوو وڵاتی فه‌ره‌نسا وسویسرای گرته‌وه ،سه‌ردانه‌که‌ی ،وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ وبنه‌ڕه‌تی بوو له په‌ره‌سه‌ندنی هزری هۆبزدا ،ئه‌و روودانه‌ی رێکه‌وتی ئه‌م سه‌ردانه بوون هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌ست هه‌ڵگرتنی هۆبزبوون له توێژینه‌وه کلاسیکیه‌کان(به تایبه‌ت مێژوو وئه‌ده‌بیات) و لادانه‌وه به‌لای فه‌لسه‌فه‌و زانست‌دا، رووداوی یه‌که‌م له کاتی سه‌ردانی یه‌کێک له کتێبخانه تایبه‌ته‌کانی جنێف بریتی بوو له بینینی کتێبی بنه‌چه‌کان (Elements)له نوسینی ئۆکلیدس (Euclids)، ئه‌و رێبازه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌کانی پێ هه‌ڵهێنجابوو وخستبووه روو له‌م کتێبه‌دا هزری وخه‌یاڵی هۆبزیان هه‌ژاند و جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی ئه‌و بوون،مه‌یلی ئه‌وه‌یان لا درووست کرد له هه‌موو بواره‌کانی مه‌عریفه‌دا گشتگیریان بکات ،به تایبه‌ت ئه‌و بوارانه‌ی جێگه‌ی بایه‌خ وگرنگی پێدانی زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانن و دوای ئه‌مه‌ش هۆکاره‌کانی ناکۆکی وجیاوازی نێوانیان زیاتر تیایه .
به‌ڵام رووداوی دووه‌م که له‌م سه‌ردانه‌یدا رێکه‌وتی کرد ،لیندسه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کات نزیکه‌ی له هه‌مان قۆناغ دایه، هۆبز چاوی به کۆمه‌ڵێک زانا ده‌که‌وێت گفتوگۆی بابه‌تی هۆکاره‌کانی هه‌ست کردن ده‌که‌ن (The Cause of Sensation)،یه‌کێک له زاناکان پرسیار له چیه‌تی هه‌ستکردن ده‌کات ،هۆبز به‌لایه‌وه سه‌یر ده‌بێت که هیچ که‌سێک له ئاماده بووان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی لا نیه ،ئیتر له‌م ساته وه‌خته‌وه سروشت وهۆکاره‌کانی هه‌ستکردن بوونه جێگه‌ی بایه‌خ وبیرلێکردنه‌وه‌ی ،پێ ده‌چێت هه‌ر ئه‌م دوو رووداوه‌ش به‌س بووبن بۆ چه‌خماخه‌وداگیرساندنی هزرو کۆتایی هێنان به گه‌ڕان وپشکنین لای هۆبز ،خێرا ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌رداناوه‌و له‌یه‌که‌م به‌رهه‌می فه‌لسه‌فیشیدا کاریگه‌ریان هه‌بووه که بریتی بوو له نامه‌یه‌کی کورت ،دوواتر به نامه‌یه‌کی کورت له‌پره‌نسیپه به‌راییه‌کاندا ناسرا(A Short Tact on First Principles) ،له‌م نامه‌یه‌دا هه‌وڵی راڤه‌کردنی روودانی هه‌ستکردنی داوه له رێگه‌ی جوڵه‌وه به به‌کارهێنانی میتۆده‌که‌ی ئۆکلیدس له خستنه رووی بابه‌ته‌که‌دا .
له ساڵی 1631دا هۆبز له پاریس بانگێشت کرایه‌وه بۆ گرتنه ئه‌ستۆی کاری فێرکردنی ئه‌یرل دیفۆنشایه‌ری سێیه‌م ،که له‌و کاته‌دا ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه چوارده ساڵی ،به‌ڵام زیاتر له سێ ساڵی به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕی وله‌ساڵی 1634دا جارێکی تر هۆبز به یاوه‌ری قوتابیه نوێیه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه پاریس ،له سه‌ردانی سێیه‌میدا هۆبز له‌گه‌ڵ ره‌به‌نی فۆنسسکانی(مارین میرسین Marin Mersenne )دا یه‌کیان ناسی که هاوڕێیه‌کی دیکارت(Descartes)وجاسندی (Gassendi)بوو ،له رێگه‌ی ئه‌میشه‌وه هۆبز له‌گه‌ڵ زانا ناوداره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌کیانناسی که له خه‌ڵوه‌تگه‌که‌ی ماریندا کۆ ده‌بوونه‌وه‌و تاوتوێی چه‌ندین پرس و بابه‌تیانده‌کرد.له ساڵی 1636دا هۆبز گه‌شتێکی بۆ ئیتالیای کرد وچووه سه‌ردانی گالیلۆ (Galileo) له فلۆره‌نسا (Florence)پێی گه‌یشت ،بێگومان خۆڕاگری هۆبز به‌رامبه‌ر زه‌حمه‌تی وناخۆیه‌کانی گه‌شته‌که‌ی بۆ ئیتالیا و به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانی گالیلۆ ،هه‌رله‌و کاته‌وه‌ش داننانی به‌رده‌وامی به گه‌وره‌یی به‌رهه‌م و ئه‌نجامه زانستیه‌کانی گالیلۆدا له بواری فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی‌دا ،به‌ڵگه‌ی سه‌رسوڕمانی گه‌وره‌و کاریگه‌ری قوڵی هۆبز بوو به گالیلۆ، ده‌توانین به روونی ئه‌مه‌ش له‌و گرنگی پێدانه‌ی هۆبزدا ببینین له‌م قۆناغه‌دا به فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی ، به تایبه‌تی به زانستی جوڵه ،که به‌لای هۆبزه‌وه ده‌روازه‌ی (gate)فه‌لسه‌فه‌ی سروشتیه ،گالیلۆ به رووماندا کردیه‌وه ،به‌ڵگه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که هۆبز به درێژایی سه‌ردانی سێیه‌می هه‌میشه بیری له بابه‌تی جوڵه ده‌کرده‌وه ،به تایبه‌تی ئه‌و جۆره چالاکیه جه‌سته‌یی و بزوتنه‌وانه‌ی له هه‌ستکردن وبیرکردنه‌وه‌و خه‌یاڵکردن په‌یدا ده‌بوون ،له‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌شدا کۆتایی به‌و باوه‌ڕه گه‌یشت جوڵه بریتیه له بنه‌ماو هۆکاری درووست بوون وروودانی هه‌موو شته‌کان له گه‌ردوندا ،ئه‌م ئه‌نجامه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه که (یاسای وێناکردنی خودیی Law of Intertia گالیلۆ کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر گه‌یشتنه ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ی هۆبز داناوه)،ئه‌و هه‌نگاوه‌ی که هۆبز له باره‌ی رۆڵی جوڵه وهاوڕایی له‌گه‌ڵ گالیلۆ بڕی ،ئه‌و له‌و ئاسته‌دا رانه‌وه‌ستا که جوڵه چه‌مکێکی بنه‌ڕتیه یان پره‌نسیپی راڤه‌کردنه و له رێگه‌یه‌وه ده‌کرێ راڤه‌ی ته‌واوی دیارده‌کانی جیهانی ماتریاڵی بکرێت ،به‌ڵکو له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که له رێگه‌ی جوڵه‌وه ده‌کرێ راڤه‌ی ره‌فتاری مرۆیی وبزاوتی کۆمه‌ڵگه‌ش بکرێت ،ئه‌وه‌ی هانده‌ری بوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مه باوه‌ڕی بوو به گشتاندنی پراکتیزه‌کردنی میتۆدی ئۆکلیدی به‌سه‌ر ته‌واوی بواره مه‌عریفیه‌کاندا ،یان به واتایه‌کی تر له‌م وێناکردنه‌یدا هۆبز پشتی به دوو هۆکار به‌ستبوو:-
1-یاسای که‌مهێنانی خودی.
2-میتۆدی ئۆکلیدس
له‌وباوه‌ڕه‌دا بوو ده‌کرێ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ئه‌نجامانه بکرێت که به‌رئه‌نجامی یاسای که‌مهێنانی خودین ،ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر له‌باره‌ی جوڵه‌ی ته‌نه مادیه‌کانه‌وه به‌ڵکو له باره‌ی ره‌فتاری مرۆیی وبزاوتی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ش.
پاڵپشت به‌مه ،ده‌توانین بڵێن به‌رئه‌نجامی گه‌شتی سێیه‌می ته‌واوکه‌ری گه‌شته‌که‌ی پێشووی بوو ،ئه‌گه‌ر گه‌شتی پێشووی گرنگی پێدانی فه‌لسه‌فه‌ی لێ که‌وتبێته‌وه ئه‌وا گه‌شتی سێیه‌می بووه هۆی چه‌سپاندنی پێگه‌ی هۆبز وه‌کو فه‌یله‌سوفێک ،له ساڵی (1637)دا هۆبز گه‌ڕایه‌وه ئینگلته‌را ،له مێشکیدا بیرۆکه‌ی داڕشتنی سیسته‌مێکی فه‌لسه‌فی ته‌واوکار خه‌مڵیبوو ،بڕیاری دابوو له سێ به‌شدا دایرێژێ ،چاره‌سه‌ری سێ بابه‌تی یه‌ک له‌دووای یه‌ک بکات ئه‌ویش هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به ته‌نی مادیه‌وه ،هه‌روه‌ها ته‌نی مرۆیی ،وته‌نی دروستکراوی پێکهاتوو له کۆبوونه‌وه‌ی تاکه‌کانی مرۆڤ –ده‌وڵه‌ت ،له (ویلبیک ئابی)خۆی بۆ ئاماده کردنی به‌شی یه‌که‌م ته‌رخان کرد ،به‌رهه‌می ئه‌م کۆششه‌ی له‌م باره‌وه ،بریتی بوون له سێ ده‌ستنوس ،که له ژیانیدا بۆی نه‌گونجا بڵاویان بکاته‌وه ،به‌ڵام به هه‌مویانه‌وه ده‌ستنوسێکی به‌راییان پێکهێنا بۆ کتێبی (له‌باره‌ی ته‌نه‌وه)(De Corpore)له ساڵی 1655دا بڵاو بووه‌وه ،که‌چی هه‌ر زوو گرنگیدانه سیاسیه‌کانی هۆبز خۆیان به‌سه‌ریدا سه‌پاندو بوون به جێگه‌ی بایه‌خی ،ئه‌مه‌ش وایکرد پلانه‌که‌ی له داڕشتنی سیسته‌مێکی فه‌لسه‌فی دووا بخات ،هه‌تا خۆی به ته‌واوی بۆ شرۆڤه کردنی ئه‌و ره‌وشه ته‌رخان بکات که وڵاته‌که‌ی له‌و رۆژگاره‌دا پێیدا تێده‌په‌ڕی ،به‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانیشی بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی (پره‌نسیبی یاسای سروشتی وسیاسی)بوو(The Elements of Law ;Natural and Politic) ،له ساڵی 1640دا ، له میانه‌ی خولی په‌رله‌ماندا ،له‌و کاته‌دا ئه‌م کتێبه وه‌کو نامیلکه‌یه‌ک به شێوه ده‌ستنووسه‌که‌ی بڵاوکرایه‌وه ئه‌مه چاپ وبڵاو نه‌کرایه‌وه تا تێپه‌ڕبوونی ده‌ساڵ به‌سه‌ر نوسینیدا (1650)له دوو به‌رگی جیاوازدا بڵاوکرایه‌وه ،سیازده به‌شی به‌رایی له‌م کتێبه له ژێر ناونیشانی (سروشتی مرۆیی Human Nature ) بڵاو بووه‌وه یان (پره‌نسیپه بنچینه‌ییه‌کانی سیاسه‌ت The Fundamental Elements of Policy ) ،به‌شه‌کانی دوواتری له شێوه‌ی کتێبێکی سه‌ربه‌خۆدا وبه ناونیشانی (ده‌زگای سیاسی De Cropore Politico )بڵاوکرایه‌وه ئه‌م کتابه وه‌کو کارێکی ته‌واو به‌ده‌رنه‌که‌وت تا ساڵی 1899 کاتێک تۆنیس(Tonnies) بڵاوکردنه‌وه‌ی گرته ئه‌ستۆی خۆی ،ئه‌م کتێبه بریتیه له‌پلانی تیۆره نوێیه‌که‌ی هه‌وڵێکی سیستماتیکه(Systemayic) بۆ به‌کارهێنانی رێبازه ئه‌ندازه‌ییه‌که‌ی ،هه‌روه‌ها ده‌رونناسی میکانیکی (Mechanical Psychology )له خستنه‌رووی ئه‌و راستیه په‌نهانانه‌ی پشت په‌رده‌ی ناکۆکیه به‌رپابووه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، هۆبز له پێشه‌کی کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێت ئامانجی ئه‌و به شێوه‌یه‌کی گشتی بریتیه له دانانی پره‌نسیپی دادپه‌روه‌ری و سیاسه‌ت ،له‌سه‌ر رێسایه‌کی درووستی دوور له هه‌ڵه به هه‌مان شێوه‌ی بیرکاری ،له‌م کتێبه‌دا پێداویستی به ده‌سه‌ڵاتێکی دابه‌شنه‌کراوی سه‌لماندووه ،هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست بوونی هێزو هه‌ق به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له کۆتاییدا بریتیه له شا .
هۆبز به‌و ئومێده بوو ئه‌و جۆره توێژینه‌وه فه‌لسه‌فی وتاراده‌یه‌ک ئه‌بستراکتانه له توندی هه‌وه‌سه سیاسی و ئاینیه‌کانی ئه‌و قۆناغه سارد بکه‌نه‌وه که له‌و په‌ڕی گه‌رمیدا بوون، به‌ڵام مه‌یله شاهانه‌ییه‌کانی رێگه‌ی ئارام کردنه‌وه‌ی په‌رڵه‌مانی پێ نه‌دا وبه‌ری له‌و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێ نه‌گیرا دووای تێپه‌ڕبوونی شه‌ش مانگ به‌سه‌ر ئه‌مه‌دا هۆبز هه‌ستی به‌وه‌کرد که په‌رله‌مان بێزار بوونی به‌رامبه‌ر کتابه‌که‌ی پیشان ئه‌دات، به تایبه‌تی دووای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان (تۆماس وینتۆرت وئه‌یرل سترافۆرد Thomas Wentworth; Earl of Strafford )ی تاوانبار کرد ،هه‌روه‌ها بڕیاری گرتنی ماینویرینگ (Mainwaring)یان ده‌رکرد به هۆی بانگه‌شه کردنی بۆ زه‌بروزه‌نگ ،بۆیه هۆبز به مه‌زه‌نده‌ی خۆی ئیتر مسۆگه‌ره نۆره‌ی ئه‌ویش هاتووه ،به‌لایه‌وه دانایی ئه‌وه بوو وڵاته‌که به‌جێ بێڵێت ئه‌گه‌رچی هێشتا په‌رله‌مان کارێکی دژی نه‌کردبوو ،بۆیه بۆ فه‌رنسا هه‌ڵات و دوواتریش شانازی به‌وه‌وه ده‌کرد که له یه‌که‌مین هه‌ڵاتوه‌کان بووه ،له‌وێشدا بۆ ماوه‌ی یازده ساڵان مایه‌وه وبه‌شێکی زۆری ئه‌و ماوه‌یه‌شی له پاریس‌دا برده سه‌ر ،ژیانی له پاریس‌دا چه‌ندین بواری چالاکی به خۆوه بینی ،هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له په‌یوه‌ندیه‌کی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ (میرسین)و به کۆمه‌ڵه زانایه‌کی دیاری ئه‌و رۆژگاره‌و ئه‌وانه‌ی له ده‌وریدا کۆبوونه‌وه‌و هاتوچۆیان ده‌کرد سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش له‌سه‌ر گرنگی پیدانه سیاسیه‌کانی به‌رده‌وام بوو ، به‌رئه‌نجامی ئه‌م به‌رده‌وامیه‌ش نوسینی دوو له کتێبه نایاب و ناوداره‌کانی بوون که برتین له (له نیشتماندا(فی الموگن)(De Cive)ئه‌وی تریشی لیفیاتان (Leviathan) بوو ،جگه له چه‌ندین کاری لاوه‌کی وئه‌و تاوتوێکردن وگفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندانی سه‌رده‌مه‌که‌ی به‌شداری تێدا ده‌کرد .
هه‌ر دووای گه‌یشتنی به پاریس به ماوه‌یه‌کی کورت ،له‌گه‌ڵ (دیکارت)دا ده‌ماقاڵه‌یه‌کی هزری له نێوانیاندا روویدا ،ئاینده‌ی ئه‌م ده‌ماقاڵه‌یه گۆڕا به ناکۆکی وتا خه‌شم وکینه‌ی هه‌ردوولای به‌رامبه‌ر یه‌ک وروژاند ،له‌و ماوه‌یه‌دا (میرسین)سه‌رقاڵی کۆکردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌و سه‌رنج وناره‌زایی زانا‌و پسپۆڕان بوو له‌سه‌ر کتێبه‌که‌ی (دیکارت) که له‌سه‌روبه‌ری ده‌رچون و بڵاوبوونه‌وه‌دا بوو ،ئه‌ویش کتێبی (تێڕامانه‌کان له فه‌لسه‌فه‌ی یه‌که‌م بوو
Meditation de la Prima a Philosophia (ئه‌م داواکاریه‌ی له هۆبزیش کرد بۆ تۆمار کردنی سه‌رنجه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه ،ئه‌ویش به خۆشحاڵیه‌وه دواکاریه‌که‌ی په‌سه‌ند کرد،له ژێر ناوێکی خوازراودا به ناوی (ئینگلیزێکی ،An Anonymous English نه‌ناسراو)
هۆبز شازده سه‌رنج وره‌خنه‌ی له‌سه‌ر نوسینه‌کانی دیکارت نوسی ،دوواتر ناردیان بۆ دیکارت که له‌و کاته‌دا له هۆڵه‌ندا ده‌ژیا تا خۆی وه‌ڵامیان بداته‌وه ،ده‌کرا مشتومڕو ده‌مه‌قاڵه‌کانی نێوانیان له‌سه‌ر هه‌مان شێواز ومیتۆد تێپه‌ڕاندایه ئه‌گه‌ر هۆبز گرژیه‌کانی زیاتر نه‌کردایه ،ئه‌و له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌کانی دوواتریدا وتارێکی له‌سه‌ر بیناییه‌کان بۆ نارد بریتی ، Dioptric بوو له ره‌خنه له‌سه‌ر وتارێکی دیکارت له باره‌ی شکانه‌وه‌ی رووناکی ،ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌مه‌قاڵه‌کانیان بگۆڕێت به مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا کێیان له پێشتردا ئه‌وه‌یان گوتووه که ره‌نگه‌کان خه‌سڵه‌تێکی ناوه‌کی شته‌کان نین به‌ڵکو ئه‌مه ئه‌رکی ئه‌قڵه، دیکارت رێگای تری له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو جگه له تاوانبارکردنی ئینگلیزی نه‌ناسراو به ده‌ستدرێژی که‌رو خۆبه خاوه‌نزانی به‌رهه‌می که‌سانی تر به‌ڵام هۆبز به نه‌رمی وه‌ڵامی دایه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که پێش ئه‌ویش ئه‌وبۆچوونه خراوه‌ته روو که ده‌ڵێت خه‌سڵه‌ته لاوه‌کیه‌کان خودین له لایه‌ن هه‌ر یه‌ک له (نیوکاسل وچارلز کافندش)ه‌وه پێش ساڵی 1630، سه‌یر له‌وه‌دا بوو دیکارت نه‌یده‌زانی هه‌ردوو ره‌خنه‌گره‌که‌ی ،ئه‌وه‌ی ره‌خنه له کتێبی تێڕامانه‌کان و ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له وتاری شکانه‌وه‌ی رووناکی گرتووه ،له راستیدا هه‌ر یه‌ک که‌سه،وا رێکه‌وت بۆ هۆبز له ساڵی 1648و له پاریس چاوی به دیکارت بکه‌وێت، گفتوگۆی Cause of Hardness هۆکاری ئه‌و توندیه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات
، له کۆتاییدا نه‌گه‌یشتنه رێکه‌وتنێک له باره‌یه‌وه ،به‌ڵام (بیته‌رز) ئاماژه به‌وه ده‌کات که چاوپێکه‌وتنه‌که‌یان دۆستانه بووه،له (ئه‌وبری)یش ده‌گێڕنه‌وه که ژیننامه نوسی هۆبز بووه ،گوتوویه‌تی هۆبز له دووای ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌وه ئیتر به باشه قسه‌ی له‌سه‌ر دیکارت کردووه و لێی رازی بووه ،له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه ئه‌گه‌ر دیکارت خۆی بۆ خوێندنی ئه‌ندازه ته‌رخان بکردایه یه‌کێک ده‌بوو له ناودارترین وگه‌وره‌ترین زانای ئه‌ندازیاری جیهان ،چونکه زه‌ینی دیکارت بۆ کاری فه‌لسه‌فی ئاماده نه‌کرابوو ،هه‌روه‌کو (بیته‌رز) ده‌ڵێت ،به‌رجه‌سترین وه‌رگرتنی هۆبز له دیکارت ،له باره‌ی بۆچوونه لاهوتیه‌کانیه‌وه‌یه ،ئه‌وه‌ی هۆبز له دیکارتی وه‌رگرتووه زه‌قتره له وه‌رگرتنی گوته‌که‌ی له‌سه‌ر (گۆڕانی نان وشه‌رابه قوربانیه‌که‌ی مه‌سیح به‌جه‌سته‌و خوێنی بۆ ره‌زامه‌ندی جه‌زویت Jesuits
به‌ڵام دیکارت به چاوێکی سوکه‌وه بۆ به‌رهه‌مه‌کانی هۆبزی ده‌روانی ،چونکه به‌ڵگه‌کانی پێ ووردو راست نه‌بوون ،که‌چی دوواتر دووای بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی له نیشتماندا De Cive دانی به هۆبزدا نا ،دانی به فراوانی ئاسۆ مه‌عریفیه‌کانی هۆبزدا نا له مه‌یدانی ئاکاردا ،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له وه‌سف کردنی سروشتی مرۆیی هۆبزدا نیه‌تخراپی وناپاکیه‌کی ده‌بینی ،به گشتی هه‌ریه‌ک له هۆبز ودیکارت زۆر به خۆپارێزی وکه‌مته‌رخه‌میه‌وه بۆ کاره‌کانی یه‌کتریان ده‌ڕوانی .
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توێژه‌ران له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که جیاوازیه‌کانی نێوان هۆبز ودیکارت قوڵتر‌و فراوانترن له‌وه‌ی له چه‌ند خاڵێکدا کۆبکرێنه‌وه‌و له‌باره‌یانه‌وه شرۆڤه‌کاریان بۆ بکرێت ،به‌ڵام ئه‌مانه ئاراسته‌گه‌لێکی هه‌مه‌جۆریان گرتووه‌ته به‌ر بۆ دیاری کردن وشرۆڤه‌کردنی سروشتی ئه‌و جیاوازیانه
پێموایه بۆچوونه‌که‌ی (بیته‌رز)گونجاوترو نزیکتره له راستی ،چونکه ئه‌م ،پاڵپشت به بۆچوونی براندت Brandt ده‌ڵێت، هۆکاری سه‌ره‌کی ناکۆکیه‌کانی نێوان هۆبزو دیکارت ئه‌وه‌یه که ئه‌مان هه‌ریه‌که‌و به ته‌نیا وله‌لای خۆیه‌وه گه‌یشتووه‌ته دوو پره‌نسیپ که به پره‌نسیپی بنچینه‌یی داده‌نرێن له باره‌ی تێڕوانینی میکانیکیه‌وه بۆ سروشت .ئه‌و دوو پره‌نسیپه‌ش بریتین له (ناوه‌ندی خه‌یاڵکراو بۆ ته‌نه پێکنه‌گیشتووه‌کان(an imagined medium between non contiguous bodies )و خودی خه‌سڵه‌ته هه‌ستیه‌کان (the subjectivity of sense -qualities )) ،بیته‌رز هۆکارگه‌لێکی تری خسته سه‌ر ئه‌مانه که خاڵی هاوبه‌شن له نێوانیاندا به‌مه‌ش دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌یه‌کتری زیاتر بوو ،بۆ نمونه پرسی پێشڕه‌وایه‌تی وبه‌رایی به‌لای هه‌ر یه‌کێکیانه‌وه گرنگیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌بوو ،به تایبه‌تی هه‌ر یه‌کێکیان خۆی به دامه‌زرێنه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی نوێ داده‌نا ،ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی له کۆتاییدا هه‌ر یه‌کێکیان له‌سه‌ر بیروراکانی خۆیان سوورتر بن ،چاوله یارمه‌تی وکۆمه‌کی هزری که‌سانی تر بپۆشن که ئه‌گه‌ر هه‌وڵ وته‌قه‌لای هزری ئه‌وان نه‌بووایه هه‌رگیز بیرۆکه‌که‌ی ئه‌مانیش له دایک نه‌ده‌بوو .
هۆبز له کاتی هاتنیدا بۆ پاریس به نیازی خۆته‌رخان کردنی ته‌واو بوو بۆ جێ به‌جێ کردنی پلانه‌که‌ی ،بۆ بنیاتنانی سیسته‌مه فه‌لسه‌فیه‌که‌ی ،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ،یه‌ک له دووای یه‌ک هه‌موو پرسه په‌یوه‌سته‌کانی به سروشت ومرۆڤ و هاوڵاتی وه‌رگرت ،به‌ڵام رێڕه‌وی رووداوه‌کان وایانکرد هۆبز ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت جێ به‌جێ نه‌کات ، وڵاته‌که‌ی (له هه‌ژین وخرۆشانی به پرسی بابه‌ته په‌یوه‌سته‌کانی به مافی ده‌سه‌ڵاتداری و ئه‌رکی ملکه‌چی میله‌ته‌وه ده‌کوڵا)،هۆبزیش ئه‌مه‌ی به نوقڵانه‌ی خراپ وده‌ستپێکی به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوخۆ داده‌نا ،بۆیه وازی له نوسینی به‌شی سه‌ره‌کی فه‌لسه‌فه‌که‌ی واته فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی هێنا ،خۆی ته‌رخان کرد بۆ نوسینی به‌شی سێه‌م که بریتی بوو له فه‌لسه‌فه سیاسیه‌که‌ی،و له‌ساڵی 1642دا له پاریس به زمانی لاتینی و له ژێر ناونیشانی (له باره‌ی هاوڵاتیه‌وه) De Cive به تیراژێکی که‌م بڵاوکرایه‌وه ، دوواتر تا ساڵی 1651 ئه‌م کتێبه به زمانی ئینگلیزی بڵاونه‌کرایه‌وه که هۆبز خۆی وه‌رگێڕانه‌که‌ی گرته ئه‌ستۆ ،به ناونیشانی (پره‌نسیپه فه‌لسه‌فیه تایبه‌ته‌کان به حکومه‌ت وکۆمه‌ڵگه)بڵاو کرایه‌وه (Philosophical Rudiments Concerning Government and Society ( له‌م کتێبه‌دا هۆبز هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه به ته‌واوی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له حکومه‌تی مه‌ده‌نی و ئامانجه‌کانی بسه‌لمێنێت ،هه‌روه‌ها به‌دوورو درێژی قسه‌له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی که‌نیسه‌و ده‌وڵه‌ت بکات.
دووای ئه‌وه هۆبز ،که بوو به پیشه‌وای ئاراسته فه‌لسه‌فیه نوێیه‌که خۆی بۆ دیاری کردنی وورده‌کاری فه‌لسه‌فه سروشتیه‌که‌ی ته‌رخانکرد ،که پێشتر بڕیاری دابوو له‌به‌شی یه‌که‌می سییانیه‌که‌یدا بیخاته‌روو ،دوواتر له ژێر ناونیشانی (له‌باره‌ی جه‌سته‌وه)بڵاوکرایه‌وه ،هه‌روه‌کو هۆبز له ژیننامه شیعریه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه کردووه که به درێژایی چوار ساڵ خۆی بۆ بیرکردنه‌وه له دانانی ئه‌م به‌شه‌دا ته‌رخان کردووه ،ئه‌و کاته‌ش که میری ویلز(Prince of Wales)له‌گه‌ڵ ته‌واوی په‌نابه‌راندا هاتنه پاریس ئه‌م هه‌موو بابه‌ته‌کانی ئه‌م کتێبه‌ی ئاماده بووه بۆنوسین ،به‌ڵام چاوپۆشی له نوسینه‌وه‌ی کردووه تا خۆی بۆ داڕشتنی تیۆره‌که‌ی له باره‌ی بیناییه‌کانه‌وه ته‌رخان بکات ،ئه‌وه بوو له ساڵی 1646دا نامه‌که‌ی (ره‌شنوسی یان ده‌ستنوسی به‌رایی زانستی بیناییه‌کان (Minute or Draught of Optiques)که به زمانی ئینگلیزی نوسیبووی ،له چوارچێوه‌ی ئه‌و کارانه‌ی میرسین بڵاوی کردنه‌وه بڵاوکرایه‌وه.
له ساڵی 1646دا چاره‌نووسی پرۆژه‌کانی هۆبز به هۆی رووداوه له ناکاوه‌کانه‌وه توشی گیروگرفت بوون ،له‌و ساته وه‌خته‌دا هۆبز تازه بانگێشتی یه‌ک له هاورێکانی قبوڵ کردبوو خه‌ریک بوو ئیتر بۆ خۆته‌رخان کردن وبه خۆشی بژی له (لانکیودۆک Languedoc)ی باشووری فه‌ره‌نسا ،ئه‌گه‌ر داوای لێ نه‌کرایه بۆ ئه‌وه‌ی وانه گوتنه‌وه‌ی بیرکاری به میری ویلز بگرێته ئه‌ستۆ ،که ئه‌ویش له‌و کاته‌دا له تاراوگه‌و له سانت جێرمان ده‌ژیا St. Germain .
هه‌رچه‌نده پێ راسپاردنی ئه‌م ئه‌رکه به هۆبز گومانێکی زۆری درووست کردبوو ،مه‌ترسی ئه‌وه هه‌بوو که میر فێره پره‌نسیپه‌کانی گومڕایی وبێ باوه‌ڕی بکات ،بۆیه ناچار کرا ،بۆ ئه‌مه ،به‌ڵێنێک بدات به چڕکردنه‌وه‌ی وانه گوتنه‌وه‌ی ته‌نیا له بیرکاری‌دا و باس له سیاسه‌ت نه‌کات به هیچ شێوه‌یه‌ک ،به‌ڵام هۆبز له ساڵی 1647دا له ئه‌نجامی تووش بوونی به نه‌خۆشیه‌کی ترسناک ،ناچار بوو ده‌ست له وانه گوتنه‌وه‌ی میر هه‌ڵگرێت ،کاتێک له‌م نه‌خۆشیه رزگاری بوو ،ده‌ستی کرده‌وه به توێژینه‌وه و کۆکردنه‌وه‌ی بیروبۆچونه میتافیزیکی و سیاسیه‌کانی تا له کۆتاییدا شاکاره به‌ناوبانگه‌که‌ی لیفیاتان Leviathanبنوسێت ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی له لایه‌ن پیاوانی ئاین وده‌ستوپێوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه ئاراسته‌ی ده‌کرا وسه‌ره‌ڕای هه‌ستکردنی به ته‌نیایی له پاریس به تایبه‌تی دووای مردنی میرسین کاره‌که‌ی هه‌ر ئه‌نجامدا.
نزیکه‌ی هه‌موو سه‌رچاوه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کتێبی لیفیاتان گرنگترین ونایابترین به‌رهه‌مێکه که هۆبز نوسیبێتی ،به‌هاو گرنگی ئه‌م شاکاره له سێ بواردا به‌ده‌رده‌که‌وێت : یه‌که‌م ئه‌م نوسینه لوتکه‌ی هزری و بیروباوه‌ڕی هۆبز پیشان ده‌دات .
دووه‌م په‌یوه‌سته به‌و قۆناغه مێژووییه‌ی که تیایدا به‌ده‌رکه‌وتووه ،به‌شداری له‌چاره‌سه‌ر کردنی گرفته‌کانی ئه‌و قۆناغه‌ی کردووه به تایبه‌تی ئه‌و گرفتانه‌ی له سێداره‌دانی (چارلزی یه‌که‌م)که‌وتنه‌وه ،ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌مه‌ڕ سروشتی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات ده‌کران ،یان ئه‌و سیسته‌مه‌ی ده‌کرێ جێگه‌ی سیسته‌می شاهانه بگرێته‌وه ،سێیه‌میش ئه‌م کتێبه چه‌ند خاڵێک له خۆ ده‌گرێت گرنگی فه‌لسه‌فی تایبه‌تیان هه‌یه ،جێی قسه‌وباس وتوێژینه‌وه‌و گفتوگۆی زۆر بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا ،ئه‌م کتێبه‌ی هۆبز گرفتی زۆری نایه‌وه ،له ناوه‌نده‌کانی کۆشکی شاهانه‌ی ئینگلیزی له تاراوگه وپه‌نابه‌رانی ئینگلیزه‌وه به نائومێدی وبێزاریه‌وه پێشوازی لێ‌کرا ،جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هیچ که‌سێک له‌وانه نه‌بوو ،هه‌روه‌ها به‌شی سێه‌میش له کتێبه‌که که خواستی مادی وتیۆری لاهوتیی هۆبزی له خۆگرتبوو ،که‌مترین شتێک له‌باره‌یه‌وه بڵێین ئه‌وه‌یه که به‌شێکی نه‌ریتی وباو نه‌بوو ،توڕه‌یی و بێزاری پیاوانی که‌نیسه‌ی ئینگلیزی Anglicansبه‌رامبه‌ری وروژاند ،ئاراسته‌ی دژی پیاوانی ئاینی وهێرشه تونده‌کانی که ده‌کرانه سه‌ر که‌نیسه‌ی کاتولیکی رۆمانی وه‌کو نه‌فره‌تێک بوو دابه‌زی بووه سه‌ر جه‌زویت( Jesuits )ی فه‌ره‌نسیه‌کان و کاتولیکی ئینگلیزی به‌ڵکو تا حکومه‌تی فه‌ره‌نسیش کینه‌و په‌شیمانی خۆی نه‌شارده‌وه له‌سه‌ر په‌نا دانی به‌م دووپشکه به ئازاره له وڵاته‌که‌یدا ،یه‌که‌مین ئه‌نجامی به‌رجه‌سته‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه ،ده‌رکردنی هۆبز بوو له ناو ده‌ستوپێوه‌ند وکۆشکی شاهانه‌دا ،دووای ماوه‌یه‌کی کورت له گه‌ڕانه‌وه‌ی (چارلز) له‌ساڵی 1651دا له ئه‌نجامی تێکشکانه‌که‌ی له (ۆرسسته‌ر ًWorcester) ناچار بووفه‌ره‌نسا به‌جێ بێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه ئینگلته‌ره ،له‌به‌رئه‌وه پشتگیری ودڵسۆزی خۆی بۆ حکومه‌تی سه‌رپه‌رشتیار ده‌ربڕی ،دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ساڵی 1651دا هۆبز له له‌نده‌ن نیشته‌جێ بوو، خۆی ته‌رخانکرد بۆ ته‌واو کردنی ئه‌وه‌ی مابوو له به‌شه‌کانی سیسته‌مه فه‌لسه‌فیه‌که‌ی ، که‌چی هه‌رزوو رووبه‌رووی زنجیره‌یه‌ک ناکۆکی لاهوتی وبیرکاری بووه‌وه .
پێشتر هۆبز له‌گه‌ڵ قه‌شه (جۆن برامهڵ Bishop John Bramgall)دا له ساڵی 1645 تاوتوێی گرفتی ئازادی ئیراده‌ی کردبوو ،هه‌روه‌ها له ساڵی 1646دا له‌سه‌ر داوای نیوکاسل ،هه‌ر یه‌کێکیان راوبیروبۆچوونی خۆیانیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌که نوسیبوه‌وه ،له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێکه‌وتن که ئه‌وه‌ی نوسیبوویان بڵاوی نه‌که‌نه‌وه ،به‌ڵام هۆبز رێگه‌ی به وه‌رگێڕانی ده‌ست نوسه‌که‌ی دا بۆ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی تا هاوڕێیانی بیبینن ،له ساڵی 1654دا وه‌رگێڕه‌که بێ ئاگاداری هۆبز ،ئه‌و به‌شه‌ی بریتی بوو له راوبۆچوونی هۆبز له ژێر ناونیشانی (ئازادی وپێویستی Liberty and Necessity )بڵاوکرده‌وه ،بۆیه برامهل به ئاشکرا ده‌ستی کرد به هێرش کردنه سه‌ر هۆبز ،له ساڵی 1655دا ده‌قێکی له کاریگه‌ری پێویستی ده‌ره‌کی یان پێشوه‌خته بڵاوکرده‌وه (A Defence of the True Liberty of Human Actions From Antecedent or External Necessity ) .
هۆبز له ساڵی 1656دا وه‌ڵامی ئه‌م نوسینه‌ی دایه‌وه ،به چاپکردنی کتابه‌که‌ی برامهل له‌گه‌ڵ هه‌ندێک روونکردنه‌وه له‌سه‌ری به ناونیشانی (پرسه په‌یوه‌سته‌کان به ئازادی وپێویستی ورێکه‌وت Question Concerning Liberty ,Necessity and Chance) برامهلیش له ساڵی 1658دا وه‌ڵامی هۆبزی دایه‌وه به کتێبی (سزادانێکی توندی سه‌رنجه گاڵته‌جاریه‌کانی هۆبز Castigation of Hobbes,s Aniadversions )له‌گه‌ڵ پاشکۆیه‌کی که‌ته به ناونیشانی راوکردنی لیفیاتان ئه‌و نه‌هه‌نگه زه‌به‌لاحه Catching of Leviathan the Grate Whale ) ئیتر ناکۆکیان به‌رده‌وام بوو ، تا دووا گوته‌ی هۆبز له‌و باره‌وه له دووای مردنی بڵاو کرایه‌وه ،له کتابه‌که‌یدا (وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کتابه بڵاوکراوه‌که‌ی دکتۆر برامهل به ناونیشانی راوکردنی لیفیاتان An Answer to Book Published by Dr Bramhall Called the Catching of Leviathan له ساڵی 1682دا ، له‌م کاته‌دا هۆبز له په‌ره‌پێدانی بۆچوونه زانستی و فه‌لسه‌فیه‌کانی به‌رده‌وام بوو ،سه‌رقاڵی ته‌واو کردنی به‌شه‌کانی تری سیسته‌مه فه‌لسه‌فیه‌که‌ی بوو،له ساڵی 1655دا کتابه‌که‌ی (له‌باره‌ی جه‌سته‌وه)بڵاوکرده‌وه ،هۆبز ئه‌م کتێبه‌ی به بناغه‌ی سیسته‌مه فه‌لسه‌فیه‌که‌ی و به‌به‌شی یه‌که‌می ئه‌و سیسته‌مه‌ی داده‌نا ، ئه‌مه مشتومڕێکی گه‌وره‌ی له نێوان هۆبز ودوو له زانا گه‌وره‌کانی بیرکاری نایه‌وه ،یه‌که‌میان جۆن والیس John Wallis بوو که ناوبانگی دنیای پڕکردبوو چونکه جۆرێکی جیاوازی له هه‌ژمار کردنی داتاشراو‌و ته‌واوکاری په‌ره‌پێدابوو ،مامۆستای زانستی ئه‌ندزیاری بوو له زانکۆی ئۆکسفۆرد له جێی هنری سافیلHenry Savile ،دووه‌میشیان سیت ۆرد Seth Ward بوو مامۆستای فه‌له‌کناسی له هه‌مان زانکۆ ،له به‌ندی بیسته‌می کتێبه‌که‌یدا (له‌باره‌ی ته‌نه‌وه)هۆبز هه‌وڵی دووجاکردنی بازنه‌ی داوه ،ئه‌مه‌شی به رێڕوێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه داناوه بۆ میتۆدی بۆساخبوونه‌وه، بۆیه هه‌ردوو (ۆرد)و(والیس) رووبه‌رووی بوونه‌وه ،یه‌که‌میان تاوتوێکردنی فه‌لسه‌فه گشتیه‌کانی هۆبزی گرته ئه‌ستۆ ،له کتێبێک‌دا به ناوی(Exercitatio epistolica) ،له کاتێکدا (والیس)له کتێبه‌که‌یدا (Elemenchus Geometrica Hobbina)،ره‌خنه‌ی له هه‌ڵه بیرکاریه‌کانی هۆبز گرتوه ،ره‌خنه‌یه‌کی توند‌و بریندارکه‌ر وتیایدا به نه‌زان له بواری زانستی ئه‌ندازه‌دا ناوی زڕاند ،له ساڵی 1656دا هۆبز له پاشکۆی چاپی ئینگلیزی پوخته‌کراوی کتێبه‌که‌یدا (له‌باره‌ی ته‌نه‌وه)وه‌ڵامی دایه‌وه ،له پاشکۆیه‌کدا به ناونیشانی (شه‌ش ده‌رسگوتاری ئاراسته‌کراو بۆ مامۆستایانی بیرکاری له زانکۆی ئۆکسفۆرد Six Lessons to the Professors of Mathematics in the University of Oxford
(والیس) له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا بێ ده‌نگ نه‌بوو ،له وتارێکدا به ناونیشانی (راستکردنه‌وه‌گه‌لێک بۆ به‌رێز هۆبز یان تۆڵه‌یه‌کی قوتابخانه‌یی بۆ نه‌گوتنه‌وه‌ی وانه‌کانی به شێوه‌یه‌کی درووست) (Due Corrections for Mr Hobbes or School Discplince for not Saying his Lessons right
به پێی رۆژگار ئه‌م مشتومڕانه‌ی نێوانیان بوو به ناکۆکی توند وریسواکردن ،هه‌ر لایه‌ک هه‌وڵی ئه‌دا ئابڕوی ئه‌وی تر به‌رێت وکه‌سایه‌تی له‌که‌دار بکات ،به‌ڵام هۆبز هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌ئه‌دا هه‌موو ساڵانی کۆتایی ته‌مه‌نی به‌م جۆره ناکۆکیانه‌وه به‌سه‌ر به‌رێت ،به‌ڵکو سه‌رقاڵی ته‌واوکردنی به‌شی دووه‌می سیانیه‌که‌ی بوو،به ناونیشانی (ده‌رباره‌ی مرۆڤ De Homine، که له ساڵی 1657دا بڵاوکرایه‌وه ،تیایدا بابه‌تی بیناییه‌کان وسروشتی مرۆیی خستبووه به‌ر باس وتوێژینه‌وه ،که‌چی سه‌رنج وروونکردنه‌وه‌ی زۆری نه وروژاند چونکه شتێکی هێنده گرنگیان تێدا نه‌بوو که پێشتر باسی نه‌کردبێ و لێی نه‌دووابێت ،کاتێک له ساڵی (1660)دا پاشایه‌تی گه‌ڕایه‌وه ،هۆبز شپرزه‌و شێواو بوو له‌ترسی مامه‌ڵه‌ی خراپ ،چونکه پێی وابوو لایه‌نگرانی پاشایه‌تی به هۆی ئه‌و ره‌وشه‌ی دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نیشتمان هاته ئاراوه مامه‌ڵه‌ی باشی له‌گه‌ڵ ناکه‌ن ،به‌ڵام هه‌ر زوو دڵه‌راوکێ وشپرزه‌ییه‌که‌ی ره‌وینه‌وه ،به‌هۆی ئه‌و رێز‌و چاودێریه‌ی له لایه‌ن پاشاوه لێی نرا ،(ئه‌وبری)ده‌ڵێت ،هه‌روه‌کو (بیته‌رز)یش له‌وه‌وه گواستوویه‌تیه‌وه ،خودی پاشا دووای دوو یان سێ رۆژ به‌وپه‌ڕی سۆز‌و میهره‌بانیه‌وه سه‌رنجی هۆبزی دا وبه له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی کڵاوه‌که‌ی سڵاوی لێ کردوله هه‌واڵی پرسی ،ئیتر له‌و ساته وه‌خته‌وه پاشا له پێدانی سۆز‌و میهره‌بانی به مامۆستای دێرینی که‌مته‌رخه‌می نه‌کرد ،موچه‌یه‌کی ساڵانه‌ی بۆ بڕیه‌وه بڕی سه‌د پاوه‌ن بوو (هه‌رچه‌ند به رێک‌وپێکی وبه ته‌واوی وه‌ری نه‌ده‌گرت)،شا دیواری کۆشکه‌که‌ی به وێنه‌کانی هۆبز رازانده‌وه ،رێگه‌ی پێدا له‌هه‌ر کاتێکدا بخوازێت بێته سه‌ردانی ،ئاماده بوونی له کۆشکدا به‌و په‌ڕی رێزه‌وه پێشوازی لێ ده‌کرا .
ئه‌م نازو نیعمه‌ته‌ی هۆبز له کۆشکدا درێژه‌ی نه‌کێشا ،چونکه دوژمنه‌کانی که زۆر‌و به‌هێزیش بوون ،وه‌کو (کلاریندون Clarendon)سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی لۆرده‌کان ،هه‌روه‌ها ئه‌ندام په‌رڵه‌مانه‌کان ،ئه‌و رێزه‌ی له لایه‌ن شاوه له‌و ده‌گیرا له‌سه‌ریان فره کرد، راوبۆچوونه‌کانی هۆبز پیاوانی ئاینی وروژاندبوو، بۆیان ئاسان بوو ئه‌م بۆچوونانه ببه‌ستنه‌وه به‌و گه‌نده‌ڵیه ئاکاریه‌ی له ناوه‌نده باڵاکاندا بڵاوبوبوه‌وه، هه‌روه‌ها دووای بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی پوشانه‌وه (تاعوون)له ساڵی 1665و که‌وتنه‌وه‌ی ئاگره گه‌وره‌که‌ی له‌نده‌ن له ساڵی 1666بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ترسێکی ئه‌فسانه‌یی باڵ به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا بکێشێت وبه دووای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێن بزانن بۆچی خوداوه‌ند لێیان تووڕه و به‌قیندا چووه ،هه‌روه‌ها داواکاریه‌ک پێشکه‌شی په‌رڵه‌مان کرا تیایدا داوای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی بێ باوه‌ڕی و گومڕایی کرابوو، له‌گه‌ڵ ئاماژه کردن به ناوی دوو کتاب یه‌کێک له‌وانه لیفیاتان بوو له داواکاریه‌که‌دا ،ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌ک پێک بێنن بۆ پێداچوونه‌وه به‌و کتابه‌دا ،ئیتر هۆبز له ره‌وشێکدا بوو شایانی ئیره‌یی پێ بردن نه‌بوو ،(ئه‌وبری) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی وا هه‌بوو که ژماره‌یه‌ک له قه‌شه‌کان به تاوانی له ئاین لادان داوای سوتاندنی ئه‌م پیاوه باشه‌یان کردووه ،به‌ڵام هۆبز به‌لای خۆیه‌وه ئه‌ویش چه‌ند وتارێکی خۆی سوتاندووه له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌ک تووشی مه‌ترسی بکه‌ن وه‌کو ئاماژه‌شی پێ ده‌که‌ن زیاتر پابه‌ند بووه به جێ به‌جێ کردنی رێ وره‌سمه ئاینیه‌کان جگه له‌مانه‌ش توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر یاسای تایبه‌تی لادانی ئاینی کرد ،ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌کانی له سێ دیالۆگی کورت‌دا به‌ده‌رکه‌وتن و له وه‌رگێڕانی لاتینی کتێبی لیفیاتاندا له شوێن به‌شی پێداچوونه‌وه وده‌رئه‌نجامه‌کاندا جێگه‌ی کرده‌وه که له ئه‌مستردام وله‌ساڵی 1668دا بڵاوکرایه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا په‌رڵه‌مان هیچ هه‌نگاوێکی دژی هۆبز نه‌نا ،ده‌شێ ئه‌مه له ژێر کاریگه‌ری خودی شادا بووبێت ،به‌ڵام قه‌ده‌غه‌کرا هۆبز راوبیروبۆچوونه‌کانی بڵاو بکاته‌وه ،ئیتر له‌و کاته‌وه بۆی نه‌لوا مۆڵه‌ت یان رێگه به چاپکردنی هیچ شتێک بدرێت له‌و ئینسکلۆپیدیایانه‌ی مشتومڕو ناکۆکیه‌کانیان ده‌وروژاند له ئینگلته‌ره له‌راستیدا له‌مه به‌دوواوه هۆبز شتێکی ئه‌وتۆی نه‌خسته سه‌ر خه‌رمانی مه‌عریفه ته‌نیا بڕێکی که‌م نه‌بێت سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش هه‌رگیز ده‌ستی له نوسین هه‌ڵنه‌گرت ،له ساڵی 1668دا کتێبی (ئه‌سپی ده‌ریا)ی نوسی (Behemoth, The History of the Causes of the Civil War of England).
تیایدا مێژووی ئه‌و رووداوانه‌ی خستووه‌ته به‌رباس که له نێوان ساڵانی (1640 هه‌تا 1660)له ئینگلته‌ره روویاندا بوو ،له‌به‌ر رۆشنایی بیروبۆچونه تایبه‌تیه‌کانیدا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه راڤه‌یانی کردبوو ، له به‌رایی کتێبه‌که‌یدا نوسیبووی (پێشکه‌شه به شا چارلز که بڕیاری داوه ئه‌م کتێبه بڵاو نه‌کرێته‌وه ،له ته‌مه‌نی حه‌فتاوحه‌فت ساڵیدا هۆبز خۆی بۆ نوسینی ئه‌و کتێبه ته‌رخان کرد ،هه‌رچه‌نده ته‌واوی نه‌کرد ،که به ناونیشانی (چه‌ند گفتوگۆیه‌ک له نێوان فه‌یله‌سوفێک وخوێنه‌رێکی یاسا گشتیه‌کان له ئینگلتره) (Dialogs between a Philosopher and a Student of the Common Laws of England )،له‌ساڵی 1681دا بڵاوکرایه‌وه، ئه‌م کتێبه هێرشێک بوو بۆ سه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌رگریان له یاسای گشتی ده‌کرد ،وه‌کو سێر ئه‌دوارد کۆک که هه‌وڵی سنوردار کردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان وکه‌مکردنه‌وه‌ی جیاوکه‌کانی شای ئه‌دا ،هۆبز له‌م کتێبه‌دا هه‌ندێک راوبۆچوونی گرنگی خستووه‌ته روو ،ده‌ست پێشخه‌ری زۆری بواره‌کانی ئاراسته‌ی پۆزه‌تیڤیزمی شیکاری بۆ قوتابخانه‌ی ئۆستین (Austin)له فیقه کردووه که له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به ده‌رکه‌وت هه‌روه‌ها له نزیکه‌ی ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵیدا کتێبی (Historia Ecclesiatica)ی نوسی و له ته‌مه‌نی هه‌شتاو چوار ساڵیش‌دا دووای ته‌واو کردنی نوسینی ژیننامه‌ی خۆی به په‌خشان به هۆنراوه‌ی لاتینیی نوسی ،هۆبز ماوه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ری قه‌ده‌غه کرابوو بۆ به‌رگری کردن له خۆی هیچ نوسینێک بڵاوبکاته‌وه ،دوژمنه‌کانی ئه‌مه‌یان به‌هه‌ل زانی بۆ ناوزڕاندنی ،به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هیچ ئینگلیزێکی هاوچه‌رخی، ئه‌و ناوبانگه باشه‌ی په‌یدا نه‌کرد که هۆبز له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یدا هه‌یبوو که‌سایه‌تیه دیار‌و ناوداره‌کانی ئینگلته‌ره هه‌ڵپه‌ی سه‌ردان و ده‌ربڕینی رێز وخۆشه‌ویستیان بوو بۆ هۆبز ،له ناویاندا دۆقی گه‌وره‌ی (توسکانیا)فردیناندی دووه‌م Ferdinand، که له‌گه‌ڵ له به‌رهه‌مه‌کانی هۆبز ووێنه‌یه‌کی برد تا کتێبخانه‌ی میدیتشیه(Medicean Library)ی پێ بڕازێنێته‌وه له کۆتاییه‌کانی ژیانیدا ،جارێکی تر هۆبز گه‌ڕایه‌وه سه‌ر توێژینه‌وه له بابه‌ته کلاسیکیه‌کان وه‌ک پاڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ ماته‌مینی وکار، له ساڵی 1673دا کاری وه‌رگێڕانی ئۆدیسه(Odyssey)ی ته‌واو کرد ،هه‌روه‌ها له‌ساڵی 1676دا وه‌رگێڕانی ئه‌لیاده(Iliad)ی بڵاو کرده‌وه چونکه هۆبز له‌م قۆناغه‌دا هیچ کارێکی تری له‌مه پێ باشتر نه‌بووه ئه‌نجامی بدات ،هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو سه‌رنجی دوژمنه‌کانی له‌سه‌ر بیروبۆچوونه ئاینی وسیاسیه‌کانی لابه‌رێت و ئاراسته‌ی به‌رهه‌مه وه‌رگێڕاوه‌کانیان بکات له هۆنراوه‌کانی هۆمیر هۆبز له ساڵی 1675دا بۆ دوواجار له‌نده‌نی به‌جێ هێشت ،بۆ دووا رۆژه‌کانی ته‌مه‌نی له چاتسویرت Chatsworth یان هاردویک Hardwickو له نێوان خێزانی کافندشدا بباته سه‌ر هه‌موو کاتی خۆی به رامان وخوێندنه‌وه‌وه ده‌برده سه‌ر ،هزرو ئه‌ندیشه‌کانی له رێگه‌ی خانمه سکرتێره‌که‌یه‌وه تۆمار ده‌کرد ،(خۆی له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵیه‌وه تووشی نه‌خۆشی ئیفلیجی له‌رزین Palsy هاتبوو به‌ڵام هه‌رگیز له چالاکیه‌کانی نه‌که‌وت و تا ساڵی 1679یش هه‌ستی به‌وه ده‌کرد که پێویستی به زانست ومه‌عریفه‌ی زیاتر هه‌یه ،به‌ڵێنی به یه‌کێک له خاوه‌ن ده‌زگاکانی بڵاوکردنه‌وه دابوو که به‌رهه‌مێکی پێشکه‌ش بکات وسه‌رپه‌رشتی بڵاوکردنه‌وه‌ی بکات ،که‌چی له چواری کانونی یه‌که‌می هه‌مان ساڵدا وله‌ته‌مه‌نی نه‌وه‌دویه‌ک ساڵی له (هاردویک) کۆچی دووایی کرد ،له که‌نیسه‌ی (هۆڵت هکنلHault Hucknall) به خاک سپێردرا .
سلام وبلاگ خوبی داری به من هم سری بزن
راستی چرا از وبلاگت درآمد کسب نمی‌کنی
سایتی هست خدایش واقعی هست وتا الان98400هزار تومن ازش کسب کردم
کارش اینه شما عضو میشید و محصولاتش رو در وبلاگتون قرار میدیم و هر کالایی رو بفروشید از25%تا40%سود فروش رو به شما میدین تازه هر کی رو عضو کنی و هر چی بفروشه یعنی هر کالایی بفروشه 10% ازش به شما میرسه خداوکیلی امتحان ضرر نمی‌کنی
برای عضویت در این سایت به آدرس زیر برید
http://www.link24.ir/Default.aspx?s=29111
مجانی هم هستش
اگر سوالی داشتی بپرس