ده‌سپێک
ئاین به‌شێکه له کلتووری مه‌عنه‌وی مرۆڤایه‌تی و ره‌گه‌زێکی گرنگ وکاریگه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکدێنێت ،ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه سه‌یری کلتوور بکه‌ین که دوو لایه‌نی مادی و مه‌عنه‌وی هه‌یه ،ئه‌وا هزرو فه‌لسه‌فه‌و بیروباوه‌ڕو جیهانبینی و ئاینیش به‌شێکه له‌و پێکهاته‌یه ،یان له مارکسیزمدا ئاین یه‌کێکه له توخم وره‌گه‌زه‌کانی سه‌رخان له پاڵ به‌رهه‌مه هزریه‌کانی تردا و به پێی قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی مرۆڤ و په‌ره‌سه‌ندنی ئامێر‌و که‌ره‌سته‌کانی به‌رده‌ست ئاینیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت هه‌روه‌که ئه‌وه‌ی له مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایه‌تیدا گه‌شه‌ی کردووه‌و گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و لێکدانه‌وه‌و راڤه‌و شرۆڤه‌ی فه‌لسه‌فی قوڵتر‌و فراوانتری تێ که‌وتووه ،بیرکردنه‌وه له مردن و گۆڕانکاریه‌کانی سروشت ولاوازی مرۆًڤ به‌رامبه‌ر دیارده ترسناکه‌کانی ده‌وروبه‌ر و نه‌بوونی توانای کۆنترۆڵکردن وگه‌لێک رووداوی ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤ هه‌ر له‌گه‌ڵ هۆشیاربوونه‌وه‌ی مرۆڤدا بیریان به‌لای هێزێکی نادیاری باَڵاده‌ستی به‌توانادا بردووه که ده‌بێ ئه‌و مرۆڤ و سروشت و گه‌ردوون وبوونه‌وه‌ری هێنابێته بوون و توانای پێدانی ژیان و مان و نه‌مانی هه‌بێ
،بۆیه به پێویستیان زانیوه بۆ ره‌زامه‌ندی ئه‌وو دابینکردنی پێویستیه مادی و رووحیه‌کانیان و پاراستنیان له به‌ڵاو نه‌هامه‌تی و مه‌ترسیه‌کانی ژیانی رۆژانه رێ وره‌سم و بۆنه‌و کاتی تایبه‌تیان داناوه بۆ سوپاسگوزاری و پاڕانه‌وه‌و پیشاندانی رێز‌و پێ‌زانین وملکه‌چی خۆیان بۆ ئه‌و هێزه درووستکه‌ره‌و هه‌ر له کۆنه‌وه گه‌لانی ئاریا نه‌ژاد به‌م بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاره‌یان گوتووه دین، ره‌نگه زۆریشمان وابزانین ئه‌مه ووشه‌یه‌کی عه‌ره‌بیه که له راستیدا وانیه ؟!
له‌سه‌ره‌تاکانی ژیانی کۆمه‌ڵگا به‌راییه‌کاندا دین ساده‌و ساکارو به پێی تواناکانی کۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌کان ئه‌رک ورێ وشوێنی دانابوو ،دوواتر له‌گه‌ڵ سه‌خت بوونی ژیانی کۆمه‌ڵگاکاندا چ به هۆی په‌یدا بوونی چه‌وساندنه‌وه‌و سته‌می زیاتری مرۆڤه‌کان به رامبه‌ر یه‌کتری و به‌کۆیله کردنی یه‌کتری ، یان به هۆی گۆڕانه سروشتی و وشک بوونی سه‌رچاوه‌کانی ئاو‌و و که‌مبوونه‌وه‌ی باران له ناوچه‌کانیان و روودانی کاره‌ساتی سرووشتی و زۆربوونی ژماره‌ی مرۆڤه‌کان و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ندێک نه‌خۆشی کوشنده ،داواکاریه ئاینیه‌کانیش توندتر‌و سه‌ختر بوون زۆرجار داواکاریه‌کان زۆر دڕندانه‌و دور له سۆز‌و به‌زه‌یی و نامرۆڤانه بوون وه‌کو قوربانی کردن به مرۆڤ بۆ ره‌زامه‌ندی خوا‌و سه‌ربڕینی گه‌نجێک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی خانه‌کانی خواپه‌رستی ،ئه‌م چیرۆکه له هه‌موو ئاینیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا هه‌یه ، یان دیارده‌ی کوشتنی ته‌واوی پاسه‌وان و خزمه‌تکارانی ماڵی خوا له‌گه‌ڵ مردنی گه‌وره پیاوانی ئاینی ،ئه‌مه له هه‌موو ئاینه‌کانی کۆن و رۆژهه‌ڵاتی ئاسایادا هه‌یه ،یان رازاندنه‌وه‌ی جوانترین کچ وپێشکه‌شکردنی به خواوه‌نده‌کانی باوبارن له کاتی لافاو وبه‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوی ده‌ریاکان که له میسر و گروپه مرۆییه‌کانی نیشته‌جێی که‌ناری نیلدا و..هتد به‌ڵام دوواتر له مێژوویه‌کی پێنج شه‌ش هه‌زار ساڵیدا له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی هزری مرۆڤدۆستانه‌ی مرۆڤه‌کاندا نه‌ک هه‌ر ده‌قه ئاینیه‌کان به‌ڵکو خودی خواکانیش به پێی جیاوازی ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان پێشکه‌وتوون وسۆزو به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی و نه‌رم ونیانی زۆرتریان تێدا به‌ده‌رکه‌وتووه ،له په‌رستن و پاڕانه‌وه له سروشت وئه‌ستێره‌و مانگ وته‌وته‌م و بت وپاڵه‌وانه‌کانه‌وه بۆ خوایه‌کی نادیاری هه‌میشه دیار‌و ئاماده‌و به‌هێزی باڵا ده‌ست وناسینی له رێگه‌ی کاریگه‌ری و شوێنه‌واره‌کانیه‌وه به پێی لێکدانه‌وه‌کانی خودی مرۆڤه‌کان خۆیان ،ئیتر به درێژایی مێژوو جگه له هه‌ندێک دۆخی نا ئاسایی که هه‌ندێک له کۆمه‌ڵگاکان به ناوی دینه‌وه‌و به ئه‌قڵی خۆیان بۆ ره‌زامه‌ندی خوا هێرشیان کردووه‌ته سه‌ر یه‌کتری و یه‌کیان کوشتووه ئیتر دین هه‌میشه هۆکارێک بووه بۆ برایه‌تی و خۆشه‌ویستی وکۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌نجامدانی کاری چاکه‌و خێرخوازی و گه‌ڕانه‌وه له خراپه تا ئیستاش دین له ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤه‌کاندا نه‌ک هه‌ر ئاماده‌یی هه‌یه به‌ڵکو له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت له ره‌فتارو کارلێکی تاکه‌کان ،یان تا په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵگاکانیش .به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌م بابه‌ته گرنگه وه‌کو بابه‌تی توێژینه‌وه ،رامان له‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه بۆ؟ وه‌کو چۆن بابه‌تی خودی مرۆڤ خۆی وه‌کو بابه‌تێکی مرۆیی له ناو فه‌لسه‌فه‌دا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی تری فه‌لسه‌فه دره‌نگتر بووته بابه‌ت و جێی تێڕامانی هزرمه‌ندان ،ئه‌میش سه‌ره‌ڕای ئه‌و مێژووه کۆنه‌ی زۆر دره‌نگتر که‌وته به‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری و سه‌یرکردنی دین وه‌کو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌راوردکردنی ئاینه‌کان له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکاندا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ مێژووی دێرینی په‌یدا بوونی هزری ئاینی دیارده‌یه‌کی نوێیه ، له رووی مێژووییه‌وه له ئه‌وروپا به هۆی گه‌شه‌کردنی بازرگانیه‌وه له کۆتایی سه‌ده‌ی پازده‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌کی گه‌ڕان و پشکنینی جیهان و دۆزینه‌وه‌ی رێگاوبانی ده‌ریایی و ئاشنابوون به ناوچه‌و کێشوه‌ری تازه په‌یدابوو ،ئه‌مه سه‌ره‌تای جیهانگیری و تێکه‌ڵاوبوون وناسینی کۆمه‌ڵه‌و گروپه مرۆییه‌کاانی تربوو (1)،له‌گه‌ڵ ئه‌م بزووتنه‌وه بازرگانی و دۆزینه‌وه‌یه‌دا له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی شازده‌و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبیری ئه‌وروپی له به‌شێکی زۆری جیهاندا به‌ده‌رکه‌وت ،تا کوتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده به تایبه‌تی دوای شۆڕشه‌کانی ئه‌مریکا(1776)و فه‌ره‌نسا (1789) سیسته‌مێکی نوێی جیهانی درووست بوو ،سه‌نترالیزمی ئاینی که له‌سه‌رده‌می باڵا ده‌ستی ده‌ره‌به‌گایه‌تی چاخه‌کانی ناوه‌راست و به‌هێزی ئیسپانی وپورتوگالی و هۆڵندیه‌کانیش که‌پێشتر رابه‌رایه‌تی ئیمپریالیزمی جیهانیان ده‌کرد ،ئاینی مه‌سیحی ئه‌و سه‌نترالیزمه‌ی نه‌ما ،ئاین به گشتی که‌وته به‌ر ره‌خنه‌و لێکدانه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی هزرمه‌ندانی ئه‌م قۆناغه‌و قۆناغه‌کانی دوواتریشه‌وه ، تا بوو به بابه‌تێکی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و له زانکۆکان‌دا تاوتوێ وگفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرا ئستاش له ناو زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ئاین یه‌کێکه له بابه‌ته سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤناسی و کۆمه‌ڵناسی ، یه‌که‌م بیرمه‌ندێک ئه‌م زانسته‌ی دوواییانی هێنابێته هۆڵه‌کانی زانکۆ‌و ده‌رسگوتاری له باره‌وه گوتبێته‌وه کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی (ئه‌میل دۆرکایم)ه، له‌م نوسینه‌دا ده‌مانه‌وێت تیشکێک بخه‌ینه سه‌ر راو بیر‌و بۆچوونه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵناسه له‌مه‌ڕ ئاین و هزری ئاینی و دین له کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا .
یه‌که‌م : ژیان وزه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می ئه‌میل دۆرکایم :
هه‌میشه عه‌قڵ و توانا هزری و شاره‌زایی و پسپۆڕیه‌کانی مرۆڤ به‌رهه‌می سه‌رده‌م ورۆژگارو ئه‌و ژینگه‌و ره‌وشه سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌ن که ئه‌و مرۆڤی تێدا له دایک بووه‌و تێدا ژیاوه ،له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ره‌وشه بۆ مرۆڤی ئاسایی سه‌رچاوه‌یکی تر بۆ پێدانی مه‌عریفه بوونی نیه ،بۆیه دۆرکایمیش له‌م یاسایه به‌ده‌ر نیه‌و هه‌موو بۆچوونه‌کانی ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی و کاریگه‌ری ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌یه له قۆناغی ئه‌ودا وله هه‌موو بواره‌کاندا هاتبوونه ئاراوه ، دۆرکایم له 15ی نیسانی 1858 له ئه‌پیناڵی هه‌رێمی لۆرینی فه‌ره‌نسا له دایک بووه ،بۆ دۆزینه‌وه‌ی ره‌گ و ریشه هزریه‌کانی و بنچینه و زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تێڕوانینه‌کانی ده‌بێ باس له‌ره‌وشی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده بکه‌ین ،جگه له ژینگه خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی سه‌رده‌می مناڵی ،که دۆرکایم له خێزانێکی یه‌هودیدا له دایک بووه‌و ژیاوه ، باوک وباپیرانی پشتاوپشت پیاوانی ئاینی هه‌رێمه‌که بوون ،دایکیشی کچی یه‌کێک له یه‌هودیه بازرگانه به ناوبانگه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بوو ،بۆیه له به‌رنامه‌یاندا بوو (ئه‌میل)یش به هه‌مان رێچکه‌ی باپیرانیدا گوزه‌ر بکا و ببێته یه‌کێک له حاخامه یه‌هودیه‌کانی هه‌رێمه‌که له ئاینده‌دا ،هه‌ر له مناڵیه‌وه ناردیانه به‌رخوێندنی ئاینی ،به‌ڵام نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده ،رۆژگاری گۆڕانکاریه قوڵه‌کانی ئه‌وروپا به گشتی و فه‌ره‌نسا به تایبه‌تی بوون ،له رووی هه‌ست وسۆزو ئه‌ندێشه‌وه سه‌رده‌می ئه‌ده‌ب ومۆسیقای رۆمانتیکی بوو ،له فه‌ره‌نسادا باوی نوسینه‌کانی فیکتۆر هۆگۆو جۆرج ساند وئه‌لیکسانده‌ر دۆماس و به‌لزاک بوو ،قۆناغی هه‌ڵکشانی ناوبانگی مۆسیقاره ده‌ست ره‌نگینه‌کانی وه‌کو کۆنیۆ و بێرلیۆز و بیزێی بوو، له باره‌ی فه‌لسه‌فه‌و کۆمه‌ڵناسیه‌وه نوسینه‌کانی سان سیمۆن و پیه‌ربرۆدۆن و شارل فۆریه‌و لویس بلان و به تایبه‌تی نوسینه‌کانی ئۆگه‌ست کۆنت جه‌ماوه‌رو لایه‌نگری زۆریان هه‌بوو ،له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا هه‌وڵی درێژه پێدانیان ده‌درا ،ئه‌مه زه‌مینه‌یه‌کی هزری و سۆزداری و رۆشنبیری گرنگ بوو بۆ پێگه‌یاندنی ئاراسته هزریه‌کانی دۆرکایم ،له لایه‌کی تریشه‌وه ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری له رووی داگیرکاری و هێرشکردنه‌سه‌ر گه‌لانی تر له پێشبڕکێی داگیرکردنی بازاڕه‌کانی جیهاندابوون و درووشمی (له کوێدا ئاڵا به‌رز بکرێته‌وه له‌وێدا بازرگانی ده‌کرێ)کێبڕکێ له‌سه‌ر بازاڕه‌کانی چین بوو(2) ،جیاوازی ئاینی به‌ربه‌ست بوو بۆ خۆ به‌ده‌سته‌وه دان وملکه‌چکردنی گه‌لانی داگیرکراو ،ده‌بوو بزووتنه‌وه‌یه‌ک بێته ئاراوه کار بۆ ئاینێکی ده‌ستکرد بکات له به‌رژوه‌ندی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و هۆکاری لاوازکردنی بنه‌ما ئاینیه‌کان وبیروباوه‌ڕه رووحیه‌کانی گه‌لانی ژێرده‌سته بێت ،له ئه‌وروپا ده‌مێک بوو زه‌مینه‌ی قسه‌کردن له‌سه‌ر ئاینێکی مه‌ده‌نی خۆش بوو بوو ،هه‌ڵگرانی ئه‌م بیروبۆچوونه و ره‌وته‌کانی دژ به دین له ئه‌وروپا له‌م قۆناغه‌دا سه‌رکه‌وتنێکی زۆریان به‌ده‌ست هێنا بوو ،به‌ڵام ئامانج گه‌لانی دوور بوو ،چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م جیهانبینیه بوو بۆ کۆمه‌ڵگاکانی تر که له‌رووی شوێن و جوگرافیا‌و دین و بیروباوه‌ڕو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنیشه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا جیاواز بوون ، ئاین له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌دا داینه‌مۆی وره‌و خۆراگری و رووبه‌رووبوونه‌وه بوو ،پێویست بوو ئه‌م داینه‌مۆیه له کار بخرێت ،ئه‌م پرۆسه‌ی له کارخستنه‌ش پێویستی به توێژینه‌وه‌و تێگه‌یشتن هه‌بوو له پره‌نسیپه ئاینیه‌کانی ئه‌م گه‌لانه‌و جیاکردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زه پیرۆزه‌کانیان و ناسینی هێڵی سووری ئه‌م گروپه مرۆیانه ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر له هزرمه‌ندان پێیان وابوو ئه‌گه‌رچی ئامانجی ئیمپریالیزم له په‌لاماردانی گه‌لانی دوور داگیرکردن و پاوانکردن و به ده‌ستهێنانی که‌ره‌سته‌ی خاوی پیشه‌سازی و دابینکردنی بازاڕی ساخکردنه‌وه‌ی که‌ل وپه‌له‌کانه به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌تاڵان بردنی سامان و سه‌رچاوه‌سروشتیه‌کانی وڵاتانی داگیرکراو گۆڕانێکی چۆنایه‌تیش له ژیان و که‌ره‌سته‌کانی به‌رده‌ستی گه‌لانی ئه‌م وڵاتانه‌دا درووست ده‌کات ،له‌م روانگه‌وه (مارکس )له ساڵی 1853دا ده‌ست خۆشی له به‌ریتانیا کرد بۆ داگیرکردنی هند و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به گۆڕانێکی چۆنایه‌تی له‌قه‌ڵه‌مدا ،پێی وابوو هۆکاره بۆ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی گه‌لانی هند ،که تێکه‌ڵ به گه‌لێکی پێشکه‌وتووی وه‌کو ئینگلیز ده‌بن ،ئیتر به هۆی ئه‌م گۆڕانکاریانه‌وه ،له قۆناغه‌کانی دواتردا به تایبه‌ت له‌شه‌سته‌کان و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا وه‌کو ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نوسین و توێژینه‌وه‌کانی پێش خۆیان له هه‌موو لایه‌ک باس له ئاین و ئاینی مه‌ده‌نی و ره‌خنه‌گرتن له ئاینی باو و چۆنیه‌تی ده‌ستکاری کردنی ئاینه‌کان ده‌کرا ، دۆرکایمیش وه‌کو په‌روه‌رده بوویه‌کی ئه‌م فه‌زا هزری و زانستیه نوسینه‌کانی ئۆگه‌ست کۆنت و هێربه‌رت سپنسه‌ر و ئابووریناسانی ئه‌ڵمانی بوونه جێگه‌ی گرنگی وبایه‌خپێدانی ،ئیترله ناو ئه‌م ره‌وشه‌دا زه‌مینه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆ دۆرکایم دانرابوو تا ببێته پیاوێکی دینی و حاخامێکی یه‌هودی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو ،نه‌ک هه‌ر نه‌بوو به پیاوێکی ئاینی به‌ڵکو هه‌ر زوو پیاوێکی بێ ئیمان و بێ باوه‌ڕ و به چه‌مکه دینیه‌که‌ی نوسه‌رێکی زه‌ندیقی لێ ده‌رچوو .
دووه‌م :نوسین و به‌رهه‌مه هزریه‌کانی دۆرکایم
دۆرکایم تا ته‌مه‌نی بیست ساڵی سه‌رقاڵی خوێندن وخۆ ئاماده‌کردن بوو تا له ساڵی 1879 له به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی په‌یمانگای بالاًی (ENS)وه‌رگیرا وله ساڵی 1882ده‌ستی کرد به نوسینی تێزی دکتۆرای یه‌که‌می به ناونیشانی (تاکگه‌رایی و کۆمه‌ڵگه‌گه‌رایی)به سه‌رپه‌رشتی (ئی . بۆترۆ)و دوواتر وه‌کو کتێب به ناونیشانی (تاک وکۆمه‌ڵگه) بڵاوکرایه‌وه ،له ساڵی 1885 و 1886 بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له زانکۆی سۆربۆن به‌شداری گوێگرتن له وانه‌کانی ده‌رونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات یه‌که‌م وتاری خۆی له‌م باره‌وه ده‌نووسێت ،له ساڵی 1887وه‌کو وانه بێژ له زانکۆی (بردۆ)گوتنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی بنه‌ماکانی په‌روه‌رده‌و فێرکردن و کۆمه‌ڵناسی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت ،نامه‌ی دکتۆرای دووه‌می له ساڵی 1893 به ناونیشانی (دابه‌شبوونی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی) پێشکه‌ش ده‌کات ،له‌م ماوه‌یه‌شدا بابه‌تێکی تر به ناونیشانی (خزمه‌ته‌کانی مۆنتسکیۆ به کۆمه‌ڵناسی) ده‌نووسێت ،له ساڵی 1894دا کتێبی( رێساکانی میتۆد له کۆمه‌ڵناسی) له گۆڤاری (فه‌لسه‌فه)بڵاودوکاته‌وه ،له ساڵی 1896تا 1902ناوی بابه‌ته‌که‌ی له زانکۆ له بنه‌ماکانی په‌روه‌رده‌و فێرکردنه‌وه ده‌گۆڕێت به (کۆمه‌ڵناسی)له‌م ساڵه‌وه واته له ساڵی 1896وه ده‌ست ده‌کات به نوسینی کتێبی (خۆکوژی) و له ساڵی 1897دا بڵاوی ده‌کاته‌وه بۆ ساڵی دوواتر واته 1898گۆڤاری (ساڵنامه‌ی کۆمه‌ڵناسی) داده‌مه‌زرێنێت ، له‌ساڵی 1902وه له زانکۆی بردۆ نامێنێ و بۆ زانکۆی سۆربۆن ده‌گوازرێته‌وه ،ئه‌گه‌رچی زانستی په‌روه‌ده وه‌کو بابه‌تێکی زانکۆیی له جێگه‌ی (فردیناند بوئیسیۆن)له بردۆ ده‌ڵێته‌وه ، ئیتر له‌م ساڵه‌وه له‌گه‌ڵ وانه گوتنه‌وه‌دا له زانکۆی سۆربۆن کاتی خۆی بۆ ئه‌م ساڵنامه‌یه ته‌رخان ده‌کات ،جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وانه گوتنه‌وه‌کانیدا کتێبی به‌نابانگی بواری په‌روه‌ده‌وفێرکردن کتێبی(په‌ره‌سه‌ندنی په‌روه‌رده له‌فه‌ره‌نسا) ده‌نووسێت که بریتیه له‌و ده‌رسگوتارانه‌ی له ساڵانی 1904و تا 1912پێشکه‌شی کردبوون ،دووای هه‌موو ئه‌و خوێندن و وانه گوتنه‌وه‌و نوسین و بڵاوکردنه‌وانه‌ی دێته سه‌ر نوسین له‌سه‌ر دین واته به ئه‌زمونێکی زۆره‌وه له ساڵی 1912دا کتێبی (شێوه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی ئاینی)ی نوسیوه، له ساڵی 1913وه ناوی بابه‌ته‌که‌ی له زانکۆی سۆربۆنیش ده‌گۆڕێت به (زاتنستی په‌روه‌رده‌و کۆمه‌ڵناسی) ،یه‌کێک له‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنانه‌ی له ژیاندا به‌سه‌ر دۆرکایم هات ، کوژرانی کوڕه‌که‌ی بوو له جه‌نگی یه‌که‌می جیهاییدا و کاریگه‌ریه‌کی ده‌روونی زۆری له‌سه‌ر دۆرکایمی باوک دانا ، به ماوه‌یه‌کی له دووای ئه‌و کاره‌ساته له رۆژی 15ی تشرینی دووه‌می 1917کۆچی دووای ده‌کات(3) .
سێیه‌م : دۆرکایم و بابه‌تی ئاین :
به بۆچوونی مێژوونووسانی هاوچه‌رخ ،دۆرکایم به‌یه‌کێک له دیارترین زانایان و دامه‌زرێنه‌رانی زانستی کۆمه‌ڵناسی و به تایبه‌ت کۆمه‌ڵناسی په‌روه‌رده‌یی داده‌نرێت ،یه‌کێک له که‌ناڵه گرنگه‌کانی په‌روه‌رده‌شدا ئاین وخانه‌کانی خواپه‌رستیه که رۆڵی کاریگه‌ر ده‌گێڕن له پێکهێنانی نه‌خشه‌ی زه‌ینی و که‌سایه‌تی هه‌ر تاکێک له کۆمه‌ڵگادا به تایبه‌تی له هه‌ندێک قۆناغی دیاریکراودا که کۆمه‌ڵگاکانی پێدا تێده‌په‌ڕن ،هه‌وڵه‌کانی دۆرکایم له بواری په‌روه‌رده‌و له بواری ئاینیشدا هه‌روه‌کو (ئۆگه‌ست کۆنت)بانگه‌شه‌ی بۆ کردبوو له سه‌ره‌تای درووست بوونی کۆمه‌ڵناسیدا ده‌یانویست بنه‌مای ئاکاری عاقڵانه‌ی نا دینی له پێکهاته‌ی که‌سایه‌تی نه‌وه‌ی نوێ‌دا درووست بکه‌ن ،ره‌فتاری ئه‌قڵانه‌ی دوور له سۆزداری بێننه کایه‌وه ، گرنگترین نوسین و توێژینه‌وه‌ی دۆرکایم له باره‌ی دینه‌وه بریتیه له کتێبی (les formes elementaires de la vie religieuse) )به زمانی فه‌ره‌نسی ،واته شێوه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی ئاینی)،تیایدا به قوڵی تیۆرێکی گشتیی ده‌رباره‌ی دین خستووته روو(4)نه‌ک ته‌نیا به‌راوردکردنێکی ئاینه جیاوازه‌کان بێت ،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له به‌شێک له به‌شه‌کانی کتێبه‌که‌یدا خێڵه ره‌سه‌نه‌کانی ئوسترالیای وه‌رگرتووه له‌و روانگه‌ی که بریتین له شێوه اسه‌ره‌تاییه ساده‌کانی گروپه مرۆییه‌کان ،واته له ناو ئه‌م کتێبه سه‌ره‌کیه‌دا ناونیشانێکی لاوه‌کی هڵبژاردووه بۆ یه‌کێک له‌به‌شه‌کانی به ناونیشانی (سیسته‌می ته‌وته‌می له ئوسترالیا). کاتێک دۆرکایم باس له رێوره‌سمه ته‌وته‌میه‌کانی ئوسترالیا ده‌کات وه‌کو ئه‌وه توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌کات که رێوره‌سمێکی ئاینین ،به پێچه‌وانه‌ی توێژینه‌وه‌کانی سێر جێمس فرێزه‌ر که پێی وابوو ته‌وته‌می سروشتێکی جادو ئامێزی هه‌یه ،به‌ڵام به لای دۆرکایمه‌وه هه‌ڵگری سروشتێکی دینین ،چونکه جۆرێک له پیرۆزییان هه‌یه‌و به‌لایانه‌وه موقه‌ده‌سن ،خودی پرۆسه‌که‌ش ئاماژه به بوونه‌وه‌رێکی پیرۆز ده‌کات ،جگه له‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی رێ وره‌سمه‌کانیش گوزارشت له شوێن وبابه‌تگه‌لێگی پیرۆز ده‌که‌ن ،کاره‌سات و رۆژانی ته‌نگانه‌ی سه‌ر مرۆڤی سه‌ره‌تایی ئه‌مانه‌ی داهێناوه ،له لاقاو ، ئاگرکه‌وتنه‌وه ، زه‌وی له‌رزه و نه‌خۆشی و مردنی به کۆمه‌ڵ ،له رزگاربوونیدا وێنه‌ی په‌لوه‌رێکی به‌هێزی وه‌کو هه‌ڵۆ و هۆماو تاوس یان گیان له‌به‌رێکی دیوه‌و رزگاری کردووه ئیتر بڕوای به‌وه هێناوه روحی باوانی له‌و گیانداره‌دایه ، قوربانی بۆ کردووه‌و له بۆنه‌ی تایبه‌تدا نه‌بووبێت نه‌یخواردووه‌و تا بووه به نیشانه‌یه‌کی گرووپه‌که‌و په‌رستوویانه .
لێره‌وه دۆرکایم جه‌خت ده‌کاته سه‌ر ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی دین ،به‌و پێیه‌ی دین بناغه‌و بنچینه‌ی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تیه ،سزای کۆمه‌ڵایه‌تی تێدایه ،به‌سه‌ر ئه‌وانه‌یدا ده‌سه‌پێنێت که له رێنماییه‌کانی دین ده‌رده‌چن ،ئه‌رکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م سزا دینیانه به‌رزه‌فتکردنی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌و له رێگه‌ی به‌هێزکردن و جێگیرکردنی هه‌ست وسۆزێکی دیاریکراو و به‌هاگه‌لێکی دیاریکراوه‌وه هه‌ماهه‌نگیه‌ک له نێوان پێکهاته‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا درووست ده‌کات ،له لایه‌ک تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له خراپه و ره‌فتاری نه‌شیاو ده‌گێڕنه‌وه له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌م هه‌ست وسۆزو به‌هایانه ده‌بنه بنه‌مای یه‌کگرتن و یه‌کێتی و هاوکاری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پرسی هاوبه‌ش که به پێی رۆژگار‌و تێپه‌ڕبوونی کات جۆرێک له گۆڕان و گه‌شه‌کردنیان به‌سه‌ردا دێت ،بۆیه ئه‌م هاوکاریانه که له‌سه‌ر داوای ده‌قه ئاینیه‌کان درووست بوون و دین ده‌یخوازێت ،ده‌بنه هۆی نوێکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ، به‌لای دۆرکایمه‌وه دین ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕێت که ئاو له جه‌سته‌ی هه‌ر مرۆڤێکی ساغ و سه‌خڵه‌مدا ده‌یگێڕێت ،ته‌وته‌م روحی مانه‌وه‌و هاوکاری و یه‌کانگیری گروپه‌کانه ، وه‌ک خاڵێک سه‌رجه‌م خه‌ون وئه‌ندێشه‌کان پێکه‌وه ده‌به‌ستێت ،لێره‌وه گوزارشتکردنێکی ده‌سته‌جه‌معی و ره‌فتارێکی تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌وته‌مه درووست ده‌بێ ،ته‌وته‌م ده‌بێته هێماو سومبوڵێکی گروپه‌که ،به‌لای دۆرکایمه‌وه ئه‌م سومبوڵه له کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا وه‌کو ئاڵا وایه له کۆمه‌ڵگای موًَدێرندا .
،ئه‌گه‌رچی که‌س به‌قه‌د دۆرکایم باسی له شێوه سه‌ره‌تاییه‌کانی دین وئه‌رک ورۆڵی ئاین له کۆمه‌ڵگه‌و گرنگی ئاین نه کردووه ،به‌ڵام ئه‌ویش له ژێر کاریگه‌ری بیروبۆچوونه‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیدا بووه و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کردوون له نووسین و ئاماژه پێکردنی زانایانی پێش خۆی یان زانایانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خوّیدا هاتبوون ،به تایبه‌تی دین هه‌روه‌کو ئاماژه‌مان پێدا یه‌کێک بوو له بابه‌ته گه‌رماوگه‌رمه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده ،بۆ نمونه دۆرکایم له زۆربه‌ی بۆچوونه‌کانیدا وه‌کو به‌راوردی هاوشێوه را‌گرتن له توێژینه‌وه‌کانیدا و لێکچواندنی کۆمه‌ڵگا به زینده‌وه‌رو قسه‌کردنی له سه‌ر بونیاد‌و ئه‌رک وبه‌راوردکردنی کۆئه‌ندامی ده‌ماری به سیسته‌می یاسایی کۆمه‌ڵگاو دین به ئاو له‌جه‌سته‌ی مرۆڤ و زۆر لایه‌نی تری شیکردنه‌وه‌کانیدا هاوڕا بووه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵناسی به‌ریتانی (هێربه‌رت سپێنسه‌ر)و پشتی به نوسینه‌کانی ئه‌و به‌ستووه‌و وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌ک به‌کاری هێناوه ،به تایبه‌تی کتێبی (پره‌نسیپه‌کانی زانستی کۆمه‌ڵناسی) جگه له‌وه‌ی هه‌ر له بنچینه‌دا نوسینه‌کانی دۆرکایم وه‌کو درێژه پێده‌رو ته‌واکاری نوسینه‌کانی کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی ئۆگه‌ست کۆنت بوو ، .
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌کان
1-جیرارلیکلرک ،العولمه الپقافیه ،الحچارات علی المحک ، ترجمه ،جورج کتوره ،دار الکتاب الجدید المتحده ، گرابلس ، لیبیا ، 2004، ص 101
2-الدکتور فاچل حسین و الدکتور کاڤم هاشم نعمه ،التاریخ اڵاوروبی الحدیپ ،مگابع جامعه الموصل ، 1982، ص147
3-أمیل ورکایم ،تربیت وجامعه‌شناسی ،ترجمه :علیمحمد کاردان ،انتشارات دانشگاه تهران ،1376، ص6-7
4-دکتور قباری محمد اسماعیل، أصول اڵانپروبولوجیا العامه ،دار المعرفه الجامعیه ، اڵاسکندریه ، مصر ، 1980 ، ص 116.