پێوه‌رو بنه‌ماکانی جیاکردنه‌وه‌ی شار‌و لادێ به پێی تایبه‌تمه‌ندی و لایه‌نه باش و خراپه‌کانیان بۆ چه‌ندین جۆری جیاوا دابه‌شبوون ،بۆیه له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کاندا یه‌ک پێوه‌ر و یه‌ک بنه‌ما په‌یڕه‌و ناکرێت،چونکه نه‌ک هه‌ر له نێوان لادێ شاردا به‌ڵکو له خودی ئه‌وه‌ی به شاریش داده‌نرێت بۆ نموونه نه‌ک هه‌ر له نێوان شاره‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا هه‌یه به‌ڵکو له ناو خودی شاره ئه‌وروپیه‌کانیشدا جیاوازی له نێوان شاره‌کانی ئه‌وروپای رۆژئاوا‌و ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتیشدا هه‌یه، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی زۆریش نه‌بێت ،بۆیه له یه‌ک روانگه‌وه شار‌و لادێ له‌یه‌ک جیا ناکرێته‌وه و چه‌ندین پێوه‌رو بنه‌مای جیاواز پیاده کراوه به هه‌موویانه‌وه توانایه‌کی باشیان خستووه‌ته به‌رده‌ستی توێژه‌رانی بواره‌که بۆ جیا کردنه‌وه‌ی شار‌و لادێ ئه‌گه‌ر به‌کارهێنانی هه‌موو ئه‌م پێوه‌رانه بێت یان به پێی ژینگه‌و ره‌وشی کۆمه‌ڵگه‌که به‌کارهێنانی یه‌ک له‌و پێوه‌رانه بێت ،
رۆبه‌رت رید فیلد قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه خۆجێییه‌کان کردووه ،هه‌وڵی جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی نه‌ریتی لادێیی داوه له کۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینی گه‌وره ،پێی وابووه کۆمه‌ڵگه‌ی لادێی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به قه‌باره بچوکی نه‌خوێنده‌واری دابڕاوی یه‌کانگیره ، له نێوان ئه‌ندامه‌کانیدا هه‌ستێکی به‌هێزی په‌یوه‌ندی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌یه ،ره‌فتاری تاکه‌کانی نه‌ریتی و که‌سی و هه‌ر له خۆوه‌یه ،به‌پیرۆز کراوه‌کان زاڵن به‌سه‌ر زانستیه‌کاندا ،ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی پشت به پێگه‌و پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێت نه‌ک بازاڕ، هه‌روه‌ها بیترم سۆرۆخین و زیمه‌رمان له باره‌ی جیاکردنه‌وه‌ی لادێ و شاره‌وه له توێژینه‌وه‌که‌یاندا گه‌یشتوونه‌ته کۆمه‌ڵێک ئه‌نجام وتیایدا چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی لادێی و کۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینیان دیاری کردووه ،له‌وانه جیاوازی پیشه‌یی و ژینگه‌یی وقه‌باره‌ی کۆمه‌ڵگه‌و چڕی دانیشتوان و جیاوازی و لێکچوون وخێرایی بزاوتی کۆمه‌ڵایه‌تی وجیاوازی له نێوان ئاراسته‌کانی ره‌وکردن وشێوه‌ی لێکنه‌چوونی کۆمه‌ڵایه‌تی ونه‌زمه‌کانی کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵام به گشتی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی له کۆمه‌ڵگه‌کاندا به‌کار دێن بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره‌ی نیشته‌جێبوون بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه :-
1-پێوه‌ری ئاماری ،واته هه‌ژمارکردنی ژماره‌ی دانیشتوان و دانانی ئاستێکی دیاریکراو بۆ ئه‌م ژماره‌یه ،له‌م رووه‌وه‌ش له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌کاندا یه‌ک ئاست دیاری نه‌کراوه، هه‌ندێک له کۆمه‌ڵگه‌کان دوو هه‌زارو هه‌ندێکی تر دوو هه‌زارو پێنجسه‌د و هه‌ندێکی تریش پێنج هه‌زارو ....هتد به شار له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ،دیاره ئه‌مه‌ش پشت به ژماره‌ی دانیشتوانی گشتی و دابه‌شبوون وراده‌ی چڕبوونه‌وه‌و رووبه‌ری خاکی وڵاته‌که‌وه وبگراوندی شارستانی وکلتووری وئاستی پێشکه‌وتن ودابین کردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌که ده‌به‌ستێت .
2- پێوه‌ری یاسایی ،له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کاندا به ئێراقیشه‌وه پێوه‌ری یاسایی به‌کاردێنن ،به پێی یاسایه‌ک له ناوه‌نده‌کانی بڕیاردانه‌وه گوندێک ده‌کرێته ناوه‌ندی ناوچه‌یه‌ک و ئیتر له ئامار‌و سه‌رژمێریه‌کاندا به پێی ئه‌و یاسایه به‌شار له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت یان به پێچه‌وانه‌وه به پێی بڕیارێک ناحیه‌یه‌ک یان شارۆچکه‌یه‌ک ده‌کرێته ده‌شت و گوند ،نموونه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا له‌سه‌رده‌می به‌عسدا زۆره ،کۆیه قه‌زا بوو کرایه‌وه ناوچه و ته‌قته‌ق ناوچه بوو کردیه‌وه گوند و به پێچه‌وانه‌وه حه‌ویجه ناوچه بوو کردیه قه‌زاو ریاز گوند بوو کردیه ناوچه وبه‌مه‌ش کۆمه‌ڵێک داموده‌زگای فه‌رمی خزمه‌تگوزاری بۆ گواسته‌وه بێ ئه‌وه‌ی هیچ گۆڕانکاریه‌ک له رووی ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکه‌که‌وه رووی دابێت ،حه‌ویجه بووبێته (تحچر)(Urbanism)به‌و بڕیاره جۆر‌و شێوازی ژیانیان گۆڕابێت چونکه ئه‌مه په‌یوه‌ندی ره‌فتاری رۆژانه‌یانه‌وه هه‌یه .
3-پێوه‌ری ئه‌رکێتی یان پیشه‌یی :
جۆری پیشه‌ی دانیشتوان به یه‌کێک له‌و پێوه‌رانه داده‌نرێت که له لایه‌ن هه‌ندێک له زانایانی کۆمه‌ڵناسیه‌وه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی لادێ و شار به‌کار هاتووه ،له هه‌ندێک له سه‌رچاوه‌کاندا پیشه‌ی رێژه‌ی 50% ی دانیشتوان دانراوه بۆ جیارکردنه‌وه‌یان ئه‌گه‌ر له‌م رێژه‌یه زیاتر به‌کاری کشتوکاڵیه‌وه خه‌ریک بوون ئه‌وه گونده، ئگه‌ر به پیچچه‌وانه له‌م رێژه‌یه‌ش که‌متر بوو ئه‌وه به ناوه‌ندێکی شاری ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م هه‌ندێکی تر پێیان وایه شار بریتیه له‌و ناوه‌ندانه‌ی که تیایاندا دانیشتوان به کاری پیشه‌سازی و بازرگانی و جۆره‌کانی تری پیشه‌وه خه‌ریکن جگه له کاری کشتوکاڵی ، ئه‌م پێوه‌ره به‌سه‌ر ته‌واوی شاره‌کاندا جێ به‌جێ ناکرێت چونکه زۆر شاری وا هه‌یه هه‌موو خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شاری تێدایه به‌ڵام رێژه‌یه‌کی به‌رزی دانیشتوانه‌که‌ی کاری کشتوکاڵی ده‌که‌ن ،واته شاره‌که به میوه‌و به‌روبوومی کشتوکاڵی ناسراوه ،بۆ نموونه وه‌کو دیاله له ئێراق .
4-پێوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی :
هه‌روه‌کو له پێناسه‌کانی شاردا ئاماژه‌مان پێ‌کرد ،زانایانی کۆمه‌ڵناسی پێیان وایه شار بریتیه له ئه‌قڵ وجه‌سته و داب ونه‌ریت ،یان بریتیه له یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نیشته‌جێیه وله رووی کارگێڕیه‌وه دابه‌شکراوه به‌سه‌ر رووبه‌ری دیاریکراودا ،چالاکیه ئابووریه‌کانی له‌سه‌ر پیشه‌سازی و بازرگانی راوه‌ستاوه‌و یه‌که خزمه‌تگوزاری و ناوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌کانی دانیشتوانه‌که‌ی جۆراو جۆر‌و فره‌چه‌شنن ،دیاره هه‌موو ئه‌مانه‌ش ره‌فتاری جیاواز لای تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینی درووست ده‌کات بۆیه شار له رێگه‌ی ره‌فتاری دانیشتوانه‌که‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه .
به بۆچوونی زانای کۆمه‌ڵناسی (لویس وێرس)یه‌کێک له گرنگترین تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شار بریتیه له گه‌وره‌یی رووبه‌رو چڕی دانیشتوان وتیایدا تاکه‌کان له‌یه‌ک ناچن ونایه‌کانگیرن ،به پێچه‌وانه‌ی دانیشتوانی گونده‌وه که هه‌موویان زۆر له‌یه‌که‌وه نزیکن وکۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هیمۆجینین ،په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌شاردا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی که‌سی داده‌مه‌زرێت و ترس ودڕدۆنگیان به‌رامبه‌ر یه‌کتری هه‌یه .
هه‌ندێک له‌و زانایانه‌ی به‌راوردیان له نێوان شار‌و گونددا کردووه ، وه‌کو ئیبن خه‌لدون وه‌سفی دانیشتوانی گوندی به ئازایه‌تی و نانبده‌یی و به‌رچاوتێری وره‌وشت به‌رزی و پشت به‌خۆبه‌ستان وپیشه‌ی سه‌ره‌کیان ئاژه‌ڵداری و کاری کشتوکاڵی کردووه له به‌رامبه‌ر ئه‌مانیشدا دانیشتوانی شاری به‌وه وه‌سف کردووه که کاری هزری و زه‌ینی ده‌که‌ن وپیشه‌یان کاری ده‌ستی وپیشه‌یی خزمه‌تگوزاریه .
زانای کۆمه‌ڵناسی ئه‌ڵمانی (فردیناند تۆنیز) بۆ جیاکردنه‌وه‌ی گوند‌و شار دوو چه‌مکی (گمنشافت)که تیایدا په‌یوه‌ندیه‌کان سه‌ره‌تایی و نه‌ریتین و (گیزلشافت)که تیایدا په‌یوه‌ندیه‌کان گرێ به‌ستی و یاسایین به‌کار هێناوه .
زانای کۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی ئه‌میل دۆرکایم به هه‌مان شێوه له سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هه‌وڵی جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینی له کۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی داوه پێی وایه له گونددا په‌یوه‌نیده‌کان هاوکاری میکانیکین به‌ڵام له‌شاردا هاوکاری ئه‌ندامین .
زانای کۆمه‌ڵناسی ئه‌مریکی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک رووسی بیترک سۆرۆکن وه‌سفی کۆمه‌ڵگه‌ی لادێیی به کۆمه‌ڵی خێزانی کردووه که تیایدا خێزان رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌بینێت له زۆربه‌ی بواره‌کاندا و هه‌تا له دیاریکردنی ئاینده‌ی ئه‌ندامه‌کانیدا به‌ڵام له کۆمه‌ڵگه‌ی شارنشینیدا گرێ به‌ست و رێکه‌وتنی یاسایی ئه‌م رۆڵه ده‌بینێت