-پێناسه‌کانی مرۆڤناسی
مرۆڤناسی واته ئه‌و زانسته‌ی توێژینه‌وه له سه‌ر مرۆڤ ده‌کات .له رووی زمانه‌وانیه‌وه له بنچینه‌دا ووشه‌یه‌کی گریکیه‌و له دوو وشه پێکهاتووه ،(Anthropo)واته مرۆڤ و (Logy)واته زانست بۆیه هه‌ردووکیان پێکه‌وه گوزارشت له چه‌مکێکی لێکدراو ده‌که‌ن و مانایه‌کی نوێ ده‌به‌خشن ده‌بنه زانستێک توێژینه‌وه له سه‌ر مرۆڤ بکات ،له رووی مێژووی به‌کارهێنانه‌وه وه‌کو چه‌مک نه‌ک به‌م مانایه‌ی ئێستا ئێمه به‌کاری دێنین ،یه‌که‌م که‌س به‌کاری هێنا بێت ئه‌رستۆ بووه ،کاتێک ویستوویه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای تایبه‌تمه‌ندی دیاریکراو وه‌سفی مرۆڤه‌کان بکاتوبه پێی هه‌ندێک خه‌سڵه‌ت پۆلێنیانی کردووه، بۆ ده‌ربڕینی ناسینی هه‌ندێک له تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته‌کانی مرۆڤ تا به پێی ئه‌وانه له یه‌کیان جیا بکاته‌وه چه‌مکی ئه‌نترۆپۆلۆژی به‌کارهێناوه ،
دوواتر پاش نزیکه‌ی دوو هه‌زار ساڵ وله کۆتایی سه‌ده‌ی شازده له‌ساڵی 1593وه له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌کارهاتووه و جارێکی تر که‌وتووه‌ته‌وه سه‌ر زاری نوسه‌ران و توێژه‌رانی بواری مرۆڤ وکۆمه‌ڵگا .ئه‌گه‌رچی به فه‌رمی وبه شێوه‌یه‌کی زانستی له 1884ه‌وه له زانکۆکان‌دا ده‌خوێنرێت به‌ڵام به دیوێکی تردا ده‌کرێت به یه‌کێک له زانسته کۆنه‌کان دابنرێت و ره‌گ وریشه‌ی هزری مرۆڤناسانه له قوڵایی مێژووی تۆمارکردنی هزره مرۆییه‌کاندا هه‌یه ،دوواتر روونیان ده‌که‌ینه‌وه به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی له زانکۆکان‌دا بخوێنرێت له ساڵی 1843ه‌وه په‌یمانگای مرۆڤناسی له به‌ریتانیا کراوه‌ته‌وه‌و به‌گه‌رمی توێژینه‌وه له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی کراوه تا زه‌مینه‌ی خوێندنی زانکۆیی ره‌خساوه و له بابه‌ته‌کانی تر جیا کراوه‌ته‌وه ، چونکه بابه‌تی مرۆڤ زۆر گشتیه‌و تێکه‌ڵ به زۆربه‌ی زانسته‌کانی تر ده‌بێت ، تا ئیستاش گفتوگۆ له نێوان زانایانی بواره‌که‌دا به‌رده‌وامه ئایا مرۆڤناسی وه‌کو زانستێکی مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تی بخوێنرێت یان بایۆلۆژی و پزیشکی و توێکاری ،له‌سه‌ره‌تای 1900زانایه‌ک به‌ناوی (هندت) که وشه‌ی (مرۆڤناسه‌کان)ی به‌کارهێناوه ، پێی وابووه مرۆڤناسان ده‌بێ گروپێک بن وکاریان توێکاری بێت واته (تشریح)بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر پێکهاته‌ی جه‌سته‌یی مرۆڤ و توێژینه‌وه له‌سه‌ر کار‌و ئه‌رکی هه‌ر به‌شێکیش له‌و پێکهاته‌یه بکه‌ن ،زانایه‌کی تر به ناوی (کبیلا ) وشه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیای وه‌کو زانستێک بۆ دیاریکردنی خه‌سڵه‌ته‌کانی مرۆڤ به‌کارهێناوه ،مه‌به‌ستی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی به هۆی ژینگه‌ی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه وه‌ریان ده‌گرێت نه‌ک به‌و مانا قوڵ و فراوانه‌ی زانستی ئه‌نترۆپۆلۆژیا واته لای ئه‌م وه‌کو زانستێکی وه‌سفی نه‌ک توێکاری ،به‌ڵام به گشتی هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌کارهێنانی وه‌کو ئاماژه کردنێک به لقێکی زانستی مه‌به‌ست له ئه‌نترۆپۆلۆژیا زانستێکی تایبه‌ت بووه به مرۆڤ ،واته ئه‌و زانسته‌ی توێژینه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌کات به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه ، ئه‌گه‌رچی له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م زانسته‌دا هه‌روا به ساده‌یی و ساکاری پێناسه‌که‌ی تێنه‌په‌ڕیوه، به پێی قوڵ بوونه‌وه‌و فراوان بوونی بابه‌ته‌کانی چه‌ندین پێناسه‌ی تری بۆ کراوه ،له‌وانه ئه‌و زانسته‌یه توێژینه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ و کار‌و ره‌فتاره‌کانی ده‌کات ،وه‌کو ئه‌وه‌ی زانستی مرۆڤناسی بکاته دوو ته‌وه‌ر له لایه‌ک توێژینه‌وه له‌سه‌ر خودی مرۆ بکات وه‌کو پێکهاته‌ی جه‌ستیی و له لایه‌کی تریش توێژینه‌وه له‌سه‌ر کار‌و چالاکی و ره‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی بکات ،له پێناسه‌یه‌کی تردا هاتووه مرۆڤناسی ئه‌و زانستیه توێژینه‌وه له‌سه‌ر گروپه مرۆییه‌کان و ره‌فتارو به‌رهه‌مه مادی و هزریه‌کانیان ده‌کات ،لێره وه‌کو ئه‌تنۆلۆژیا به مێژووی درووست بوون و پێکهاتنی گرووپه جیاوازه‌کاندا شۆڕبێته‌وه‌و ریزبه‌ندی چوونه‌وه سه‌ریه‌کیان بدۆزێته‌وه‌و دوواتر قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی هزری و کلتووری مادی ئه‌م گروپانه به‌رارورد بکات ،یان له پێناسه‌یه‌کی تردا هاتووه مرۆڤناسی ئه‌و زانستیه توێژینه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌کات به‌و پێیه‌ی بوونه‌وه‌رێکی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیه .ئه‌مه پێاسه‌یه‌کی فراوانی مرۆڤناسیه رووه سروشتیه‌که‌ی ته‌واوی قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه ،ئه‌م بوونه‌وه‌ره چۆن درووست بووه‌و چۆن گه‌شه‌ی بایۆلۆژی کردووه ،جیاوازیه جه‌سته‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵانی تردا چیه‌و خاڵه هاوبه‌شه‌کانی کامانه‌ن ،واته ئه‌رکی ئه‌م زانسته ده‌بێته روونکردنه‌وه‌و سه‌لماندنی زانستیی چۆنیه‌تی درووست بوونی مرۆڤ له رووی بایۆلۆژیه‌وه ، دیوه‌که‌ی تری کاری ئه‌م زانسته ده‌بێته توێژینه‌وه له مێژووی به‌رهه‌مه هزری و مادیه‌کانی مرۆڤ وه‌کو بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ،نه‌ک هه‌ر مێژووی به‌ڵکو شیکردنه‌وه‌ی ره‌وشی ئیستای مرۆڤیش ،له پێناسه‌یه‌کی تردا هاتووه مرۆڤناسی ئه‌و زانستیه توێژینه‌وه له‌سه‌ر شارستانیه‌ت و کلتوری کۆمه‌ڵگا مرۆییه‌کان ده‌کات .ئه‌مه لقێکی مرۆڤناسی ده‌گرێته‌وه ،دووای فراوانبوونی زانسته‌که ، لقێکی سه‌ره‌کی بۆ توێژینه‌وه له کلتوری مادی و مه‌عنه‌ویی تێدا به‌ده‌رکه‌وت ،لێره‌وه جیاوازی له گه‌ڵ کۆمه‌ڵناسی بۆ نمونه ئه‌وه‌یه مرۆڤناسی له توێژینه‌وه‌کانیدا له کلتوره‌وه ده‌ست پێ ده‌کات بۆ ناسینی کۆمه‌ڵگا به‌ڵام کۆمه‌ڵناسی له کۆمه‌ڵگاوه بۆ ناسینی کلتوره‌که‌ی .
به کورتی پرسی سه‌ره‌کی و کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤناسی ،مرۆڤه به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه ،هه‌ر له په‌یدابوون و به‌ده‌رکه‌وتن وپه‌ره‌سه‌ندنی بایۆلۆژیه‌وه هه‌تا درووست‌کردنی خێزان و بنه‌ماڵه‌و خێڵ و میله‌ت و نه‌ته‌وه‌و که‌ره‌سته‌و ئامێروبیروباوه‌ڕو ئاین و لایه‌نه‌کانی تری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م بوونه‌وه‌ره .
2-ئامانجه‌کانی مرۆڤناسی
پاڵپشت به سروشت و چه‌مکی مرۆڤناسی ،ئه‌م زانسته کۆمه‌ڵێک ئامانجی هه‌یه‌و کار ده‌کات بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه که بریتین له :-
أ-وه‌سفکردنێکی ووردی دیارده‌و رواڵه‌ته‌کانی ژیانی مرۆیی و شارستانی مرۆڤ ،ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی پێکه‌و ژیانی مه‌یدانی توێژه‌ری مرۆڤناسیه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای توێژینه‌وه‌که‌ی و تۆمارکردنی هه‌موو ئه‌و ره‌فتارو کردار‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ده‌یبینێت له ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا .
ب-بۆ گه‌یشتن به گشتاندنی شێوازێکی گشتی ره‌فتاری مرۆیی دیارده‌و رواڵه‌ته‌کانی ژیانی مرۆیی و شارستانی مرۆڤ پۆلێن ده‌کات ،ئه‌مه‌ش دووای توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی ره‌وشه‌که ،ئه‌م پۆلێنکردنه‌ش به پێی په‌ره‌سه‌ندنی ژیانی کۆمه‌ڵگا ،(سه‌ره‌تایی ،کشتوکاڵی ، پیشه‌سازی ، مه‌عریفی ، ته‌کنۆلۆژی ..)
ج-دیاریکردنی بنچینه‌ی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی به‌سه‌ر مرۆڤدا هاتوون ،هۆکاره‌کانی ئه‌و گۆڕانه‌و چۆنیه‌تی روودانیان به شێوه‌یه‌کی زانستی وورد ،ئه‌مه‌ش له رێگای گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردوو وکه‌له‌پووری مرۆیی و به‌راورد کردنی به ئێستا و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ره‌گه‌زو توخمانه‌ی گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه .
د- پێشبینی کردنی ئه‌و ئاراستانه‌ی ئه‌گه‌ری گۆڕانیان هه‌یه و خه‌مڵاندنی ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تی و شارستانیه‌ته‌که‌ی ،بۆ روونکردنه‌وه‌ی پاشه‌رۆژی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی توێژینه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت . .