ئه‌نترۆپۆلۆژیا زاراوه‌یه‌کی ئینگلیزیه و له دوو ووشه‌ی یۆنانی پێک دێت (( anthropos واته مرۆڤ (logy) به‌مانای زانست دێت که له ووشه‌ی یۆنانی (logos) وه‌رگیراوه‌و ئه‌م وشه‌یه له زۆربه‌ی زانسته‌کانی تریشدا به هه‌مان شێوه به‌کاردێت و بۆیان ده‌بێته پاشگر وه‌کو بایولۆژی وسۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و ..هتد .
ئه‌مرۆ له زانکۆکانی کوردستان و له ناوه‌نده‌کانی توێژینه‌وه‌دا زاراوه‌ی (مرۆڤناسی)له زمانی کوردی‌دا به‌کاردێنین بۆ گوزارشت کردن له‌م لقه زانستیه.
له رووی پێناسه‌وه ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین پێناسه‌ی بۆ کراوه به‌ڵام ده‌کرێ له پێناسه‌یه‌کی گشتگیردا مرۆڤناسی به‌وه پێناسه بکه‌ین که ئه‌و زانسته‌یه توێژینه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌کات به‌و پێیه‌ی مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیه .ئه‌مه پێناسه‌یه‌کی فراوانی مرۆڤناسیه و له سه‌ر دوو لایه‌نی مرۆڤ توێژینه‌وه ده‌کات ، رووه سروشتیه‌که‌ی ته‌واوی قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه ،ئه‌م بوونه‌وه‌ره چۆن درووست بووه‌و چۆن گه‌شه‌ی بایۆلۆژی کردووه؟؟ یان جیاوازیه جه‌سته‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵانی تردا چیه‌و خاڵه هاوبه‌شه‌کانی کامانه‌ن؟؟
؟؟ واته ئه‌رکی ئه‌م زانسته ده‌بێته روونکردنه‌وه‌و سه‌لماندنی زانستیی چۆنیه‌تی درووست بوونی مرۆڤ له رووی بایۆلۆژیه‌وه ، دیوه‌که‌ی تری کاری ئه‌م زانسته ده‌بێته توێژینه‌وه له مێژووی به‌رهه‌مه هزری و مادیه‌کانی مرۆڤ وه‌کو بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له رێگه‌ی که‌ناڵه‌کانی پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه له بوونه‌وه‌رێکی بایۆلۆژیه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ،توانای په‌یوه‌ندی و کارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی کلتورو که‌له‌پور و به‌رهه‌مه هزریه‌کانی هه‌بێت بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده ،له‌م پرۆسه‌یه‌دا زمان گرنگترین ئامرازی گۆڕینی مرۆڤه ،چونکه هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی که مه‌رجێکی سه‌ره‌کی پێکهاتنی کۆمه‌ڵگاو یه‌کێکن له پرۆسه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ،بێ بوونی زمان ئه‌سته‌مه درووست ببن(1) ،بۆیه له چوارچێوه‌ی ئه‌م بواره‌ی مرۆڤناسیدا واته لایه‌نه کلتوریه‌که‌ی وله دووای فراوانبوونی بابه‌ته‌کانی لقێکی گرنگ درووست بوو بۆ توێژینه‌وه له چیه‌تی زمان و چۆنیه‌تی په‌یدا بوون و رۆڵ و کاریگه‌ری له پرۆسه‌ی به مرۆڤ بوونی مرۆڤدا به ناوی ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمان .
واته مرۆڤناسی زمان ئه‌و زانسته‌یه توێژینه‌وه له‌سه‌ر ره‌گ وریشه‌ی مێژوویی زمانه‌کان و پۆلێن‌کردن و به‌راوردیان ده‌کات ،هه‌موو زمانه‌کان و له نێوان هه‌موو گروپه مرۆییه‌کاندا ، نه‌ک زمانێکی دیاریکراو‌و شوێنێکی تایبه‌ت ،ئه‌م لقه زانستیه جه‌خت له‌سه‌ر خودی زمان و بونیاد‌و رێساکانی زمان ده‌کات ،بۆ دۆزینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ت وسیما هاوبه‌شه‌کانی زمان له هه‌موو شوێن و سه‌رده‌مه‌کاندا ،له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی که زمانه له‌یه‌ک نزیک و لێکچووه‌کان له رووی زاراوه‌و وشه‌و رسته‌سازی و چۆنیه‌تی داڕشتنی کار‌و بابه‌ته رێزمانیه‌کانیانه‌وه له‌یه‌ک سه‌رچاوه‌و بناغه‌وه درووست بوون و پێگه‌یشتوون ، ده‌بێ ئه‌مانه له رابردوودا بۆ بنچینه‌یه‌کی هاوبه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه‌و یه‌ک بنه‌چه‌یان هه‌بێت ،دوواتر به پێی قۆناغ و ئاراسته‌کانی په‌ره‌سه‌ندنیان له‌یه‌ک دوور که‌وتبنه‌وه .
زمان دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وتایبه‌تمه‌ندیه‌کی مرۆییه،له بنه‌ڕه‌تدا به هۆی زیاتر گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ و له‌به‌راییه‌کانی قۆناغی دڕندایه‌تیدا به پێی ئه‌و پۆلێنکردنه‌ی مرۆڤناسێکی وه‌کو لویس هنری مۆرگان کردوویه‌تی بۆ قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌م قۆناغه‌دا ده‌نگ و وشه درووست بووه(2) ، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی به کۆمه‌ڵ بوونی مرۆڤه‌کان و پێکه‌وه ژیان و تێکه‌ڵاوی وکارلێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا وه‌کو ئامرازێک بۆ تێگه‌یاندنی یه‌کتری وده‌ربڕینی حه‌زو ویست وخولیا وگه‌یاندنی به به‌رامبه‌ر به شێوه سروشتیه‌که‌ی له نێوان هه‌ر گروپێکی مرۆیی‌دا به‌ده‌رکه‌وتووه ،به‌ڵام به هۆی دابڕان وتێکه‌ڵاو نه‌بوون ودووری نێوان گروپه مرۆییه سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه به پێی قۆناغه مێژووییه‌کان سیسته‌می ئاماژه‌و هێمای فره‌چه‌شن و شێوازی گوزارشت کردن وده‌ربڕینی جیاوازیش له نێوانیاندا ده‌رکه‌وتووه ،هه‌تا دوواتر ئه‌م جیاوازیانه له چوارچێوه‌ی زمانێکی تایبه‌ت، وه‌کو ماک ونیشانه‌یه‌کی جیاوازیی هه‌ر گروپێکیش بووه به هۆکارێکی بنچینه‌یی خۆناسی نه‌ته‌وه‌یی و هێمایه‌کی سه‌ره‌کی ده‌والیزمی ئێمه‌و ئه‌وان ،کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌مان زمانیان هه‌یه له ژێر سایه‌ی یه‌ک چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی (ئێمه) ، ئه‌وانه‌ی به زمانێکی جیاواز له ئێمه‌ش ده‌دوێن ده‌بنه (ئه‌وان) با چه‌ندین توخم و ره‌گه‌زی کلتوری هاوبه‌شی تریش له نێوان ئه‌م ئێمه‌و ئه‌وانه‌شدا هه‌بێت ،بۆ خۆناسیی نه‌ته‌وه‌یی جێگه‌ی زمان ناگرنه‌وه و رۆڵی زمان نابینن ،واته ئه‌م جیاوازی له‌یه‌ک گه‌یشتنه‌ی له نێوان گروپه‌کاندا هه‌یه یان ئه‌و ئاخاوتن وئاماژه‌و هێما هاوبه‌شانه‌ی له نێوان ئه‌ندامانی یه‌ک گروپدا هه‌یه‌و پێی ده‌ڵێین زمان رۆڵی سه‌ره‌کی وبنچینه‌یی ده‌بینێت بۆ درووست بوونی چه‌مکی ئێمه وه‌کو نه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌وی تر که هه‌مان زمانیان نیه ،له روانگه‌ی مرۆڤناسی زمانه‌وه ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌مه‌ش به‌س نه‌بێ بۆ درووست بوونی هه‌ستی یه‌کێتی بنه‌چه به‌ڵام گریمانه‌ی ئه‌وه له لای گروپه لێکنزیکه‌کان درووست ده‌بێ که گروپه مرۆییه‌کان یان ئه‌وانه‌ی به‌م زمانه لێکچووانه ده‌دوێن له رووی نه‌ژادی و بنه‌ماڵه‌یی و په‌یدابوونیانه‌وه بچنه‌وه سه‌ر ره‌گه‌زێکی هاوبه‌ش ،بۆنمونه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گروپه زمانیه هندی و ئه‌وروپیه هاوچه‌رخه‌کان بۆ بنه‌چه‌یه‌کی زمانه‌وانی هاوبه‌ش به ناوی زمانی سانسکریتی و په‌یدا بوونی ئه‌م زمانه‌ش له یه‌ک بنچینه‌ی ره‌گه‌زی ونه‌ژادیه‌وه ئه‌ویش نه‌ژادی ئاریه(2) که به پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌کان له نزیکه‌ی هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش له دایک بونه‌وه بنه‌ماڵه‌و تیره و خێڵ و هۆزه‌کانی هندو ئێرانی ئێستا ناوێکی گشتیان له خۆناوه و به‌وناوه‌وه ناسراون که ئارییه و له کۆنترین کتێبی ئاینیشیاندا (ئاوێستا) که تێکسته ئاینیه‌کانی (زه‌رده‌شت)ی پێ نوسراوه‌ته‌وه ،به ئاری ناوبراون ،له زۆربه‌ی توێژینه‌وه زمانه‌وانیه‌کانی سه‌ر زمانی کوردی‌دا ئه‌وه ساغ بووه‌ته‌وه که زمانی کوردیش یه‌کێکه له لقه‌کانی ئه‌م بنه‌ماڵه زمانیه‌و ئه‌گه‌ر له ره‌گ وریشه هندوئه‌وروپیه‌که‌یه‌وه وه‌کو ریزبه‌ندیه‌ک سه‌رکه‌وین ده‌کرێ به‌م شێوه‌یه بینوسین :
هندوئه‌وروپی هندوئێرانی ئێرانی ئێرانی رۆژئاوا باکووری رۆژئاوا
که هه‌ر یه‌کێک له‌و بنه‌ماڵانه چه‌ندین زمانی جیاواز‌و له‌یه‌ک نزیک له خۆ ده‌گرن ،بۆ نمونه هه‌ندێک له زمانه‌کانی دووا بنه‌ماڵه له‌و ریزبه‌ندیه‌دا واته ئه‌و زمانانه‌ی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی باکووری رۆژئاوای زمانه هندوئێراینه‌کانن وه‌کو کوردی و به‌لوجی وتالیش وپورموری و ..هتد ئه‌گه‌ر رووداو و کاره‌ساته‌کانی مێژووی هه‌زارساڵی رابردوو به شێوه‌یه‌کی تر روویان بدایا ره‌نگه هه‌موو ئه‌م گروپانه ئیستا خاوه‌نی یه‌ک زمان بوونایه ،هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر رووداو و کاره‌ساته‌کانی مێژووی پێش دووهه‌زارساڵی رابردوو به شێوه‌یه‌کی تر روویان بدایا ره‌نگه هه‌موو ئه‌م گروپانه‌و گروپه زمانیه‌کانی باشووری رۆژئاواش وه‌کو فارسی و تاتی و تاجیکیش خاوه‌نی یه‌ک زمان بوونایه ،چونکه هه‌موو ئه‌مانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له بناغه‌دا له‌سه‌ر یه‌ک شێوه که‌ره‌سته‌ی زمانه‌وانی وه‌کو داڕشتنی رێزمانی و وشه‌و شێوازی گوزارشتکردن و ده‌ربڕینی هزری دامه‌زراون به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان وه‌کو هه‌ر دیارده‌یه‌کی تری کۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ندی به قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگاو په‌ره‌سه‌ندنیه‌وه هه‌یه ،ئه‌م گروپه مرۆییانه‌ش به هه‌مان ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندن و هه‌مان قۆناغی مێژوویی‌دا تێنه‌په‌ڕیون له رووی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به دیارده‌کانی به‌شاربوون و شارنشینیه‌وه هه‌یه ،جگه له په‌لامارو هێرشی گروپه‌کانی تر‌و دابڕانیان له یه‌کتری ،ئیتر که‌ره‌سته‌کانی زمانیشیان وه‌کو یه‌ک په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه‌و له هه‌ندێک رووه‌وه له یه‌ک دابڕاون ،هه‌ر یه‌که‌و به شێواز‌و خێراییه‌کی دیاریکراو گه‌شه‌ی کردووه ، تا هه‌ر زمانه‌و بووه به خاوه‌ن مێژوویه‌کی تایبه‌ت له رووی په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییه‌وه ،ئه‌مه‌ش وایکردووه به پێی قۆناغه مێژووییه دووردرێژه‌کان له نێو هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک له‌مانه چه‌ند زمانێک درووست بێت و ئه‌ندامانی گرووپه مرۆییه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌یه‌ک نه‌گه‌ن یان پێویستیان به وه‌رگێڕ هه‌بێت له نێو خۆیاندا ،که له بنچینه‌دا یه‌ک زمان بووه یان زۆر له‌یه‌ک نزیک بووه ،واته هه‌موو ئه‌م زمانانه هه‌تا به مێژوویاندا شۆڕ بینه‌وه‌و سه‌یری رابردووویان بکه‌ین ده‌بنه‌وه به‌یه‌ک و له‌بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه ،به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌تا له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه سه‌یریان بکه‌ین و سه‌رنج له شێوازی په‌ره‌سه‌ندنیان بده‌ین ده‌بینین به تێپه‌ڕبوونی کات زیاتر که‌رت که‌رت بوون و زمانی نوێیان لێ په‌یدابووه‌و جیابووه‌ته‌وه ،بۆ نمونه به پێی تویژینه‌وه مێژوویی و زمانه‌وانیه‌کان ماوه‌یه‌کی زۆر نیه زمانی فارسی هاوچه‌رخ و زمانی تاجیکی له‌یه‌ک جیابوونه‌ته‌وه ،ئیستا پێویستیان به وه‌رگێڕه وله‌یکتر ناگه‌ن ، که له‌سه‌ده‌ی شازده‌دا شاری مه‌رو گه‌وره‌ترین مه‌ڵبه‌ندی زمانی فارسی وتاجیکی بوو(3) ،له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه به هۆی له‌شکرکێشی بوخاریه‌کانه‌وه ئه‌م گروپه زمانیه له‌یه‌ک دابڕان وفارسی هاوچه‌رخ وتاجیکی هه‌ریه‌که‌و ئاراسته‌یه‌کی په‌ره‌سه‌ندنی تایبه‌تی وه‌رگرت و له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌کدا ته‌واو له‌یه‌ک جیابونه‌وه ،بۆیه له جێی خۆیدایه ئه‌و پرسیاره بکه‌ین ئایا کۆتایی له‌ت بوونی بنه‌ماڵه زمانیه‌کان هاتووه یان ئه‌گه‌ری درووست بوونی زمانی نوێ هه‌یه‌و ئه‌و گروپه مرۆییانه‌ی زه‌مینه سازی بۆ په‌ره‌سه‌ندنێکی هه‌ماهه‌نگ و گونجاو بۆ ته‌واوی شێوه‌زاریه‌کانیان ناکه‌ن مه‌ترسی درووست بوونی دوو زمانیان لێ ده‌کرێت؟؟؟
ئه‌مرۆ له هه‌موو کاتێک زیاتر کورد پێویستی به توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانی و شاره‌زا بوونه به هۆکاره‌کانی جیابوونه‌وه‌ی زمانه‌کان یان یه‌کگرتن و ئامرازه‌کانی داهێنانی زمانی ستانداردی نه‌ته‌وه‌ییه ،ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی دوو هه‌زار ساڵه له ژێر چه‌تری یه‌ک ناوی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنۆنه‌یمدا کۆبووه‌ته‌وه‌و به خۆی ده‌ڵێت کورد ،ئیستا له‌هه‌موو کاتێک زیاتر له لایه‌ن دوژمنه‌کانیه‌وه کار له‌سه‌ر زه‌قکردنه‌وه‌ی ورده جیاوازیه‌کانی ده‌کرێت و هه‌وڵی له‌تکردنی ئاراسته‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌درێت ،به دابڕان و جیابوونه‌وه‌ی ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی شێوازی بیرکردنه‌وه‌و پێویستیه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌گۆڕێت ،له لایه‌کی تریشه‌وه زمان هه‌میشه له پرۆسه‌یه‌کی گۆڕان و گه‌شه‌کردندایه‌و پێویستیه‌کانی ژیانی رۆژانه گروپه مرۆییه‌کان ناچار ده‌کات به خواستنی زمانه‌وانی واته وه‌رگرتنی کۆمه‌ڵێک وشه‌و هێماو ده‌سته‌واژه‌ی زمانه‌وانی که له بنه‌ڕه‌تدا له خودی ئه‌م زمانه‌دا نین ، جیاوازی له ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بێته هۆی جیاوازی له شێوازی وه‌رگرتن و تێکه‌ڵاو بوون به زمانانی تر تا له نێوان دوو ناوچه‌ی جیاوازی یه‌ک کۆمه‌ڵگادا هێنده جیاوازیه‌کانیان زه‌ق و گه‌وره ده‌بنه‌وه له ژێر کاریگه‌ری کۆمه‌ڵێک هۆکاری یارمه‌تیده‌ری تردا مانیڤێستی دوو زمانی جیاواز ده‌که‌ن و ئیتر له‌مه‌ودووا نه‌وه‌کانیان له‌یه‌کتری ناگه‌ن ،ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به زمانی کوردیه‌وه له‌م قۆناغه‌دا ده‌کرێ بۆ زیاتر ئاشنابوون به شێوه‌زاره‌کان و درووستبوونی زمانێکی ستانداردی کوردی سه‌ره‌تا هه‌نگاو بۆ له‌یه‌ک نزیکردنه‌وه‌و له‌یه‌کچوونی ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بده‌ین ،به تایبه‌تی له که‌ناڵه فه‌رمیه‌کانی پێگه‌یاندنه‌وه ده‌ست پێ بکه‌ین ،ئه‌گه‌ر نه‌توانین له ته‌واوی کوردستاندا ده‌ستکاری خوێندنگه‌و قوتابخانه سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیه‌کان بکه‌ین به‌ڵام ده‌کرێ زانکۆکانی کوردستان بکه‌ینه ئه‌و بۆته‌و کارگه وکارخانه‌یه‌ی تیایدا سه‌رجه‌م شێوه‌زاره‌کانی کوردستان ئاوێته به‌یه‌ک بکات وله ئاینده‌یه‌کی نزیکدا نه‌وه‌یه‌کی هۆشیار له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا پێ بگه‌یه‌نێت .