هه‌روه‌کو له به‌شی پێشوو و له‌کاتی باسکردنی هزری کۆمه‌ڵایه‌تی له گۆرانی فۆلکلۆری کوردی‌دا ئاماژه‌مان به‌وه کرد که فۆلکلۆر به گشتی و له ناو فۆلکلۆریشدا گۆرانی میللی به تایبه‌ت په‌یوه‌ندیه‌کی راسته‌خۆی به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه ،ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌وشی ژیان و په‌یوه‌ندیه خێزانیه‌کان و باری چینایه‌تی و قۆناغه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگاکه‌یه ،تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌مه بۆ ئاینیش راسته ،چونکه کاتێک ده‌ڵێین فۆلکلۆر هه‌موو شت ده‌گرێته‌وه(1) ،به لایه‌نی مادی و مه‌عنه‌وی به‌رهه‌مه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه ،یه‌کێک له‌وانه گۆرانیه
لێره‌دا فۆلکلۆر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به هاومانای کلتوور به‌کارهاتووه ، چونکه کلتووریش دوولایه‌نی مادی و مه‌عنه‌وی هه‌یه وگۆرانی و بیروباوه‌ڕو چیرۆک وداستان و په‌ندو ئاینینش هه‌روا به‌شێکه له کلتووری مه‌عنه‌وی مرۆڤایه‌تی و ره‌گه‌زێکی گرنگ وکاریگه‌ری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکدێنێت ، ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌وه سه‌یری کلتوور بکه‌ین که دوو لایه‌نی مادی و مه‌عنه‌وی هه‌یه ،هه‌روه‌کو چۆن سه‌یری فۆلکلۆرمان کرد ئه‌وا هزرو فه‌لسه‌فه‌و بیروباوه‌ڕو جیهانبینی و ئاینیش به‌شێکن له‌و پێکهاته‌یه ،ره‌وشی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌کان و ئاستی پێگه‌یشتنی مه‌عریفی کۆمه‌ڵگا دیاری‌یان ده‌کات ،هه‌روه‌کو له مارکسیزمدا ئاین یه‌کێکه له توخم وره‌گه‌زه‌کانی سه‌رخان له پاڵ به‌رهه‌مه هزریه‌کانی تردا و به پێی قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردنی مرۆڤ و په‌ره‌سه‌ندنی ئامێر‌و که‌ره‌سته‌کانی به‌رده‌ست ئاینیش گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت
،بۆیه شۆڕبوونه‌وه به ناخی که‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تی له په‌ندو قسه‌ی نه‌سته‌ق و هۆنراوه‌و گۆرانی فۆلکلۆریماندا لایه‌نه شاراوه‌کانی ئاین و بیروباوه‌ڕو جیهانبینی کوردمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت ،چونکه ئه‌م به‌رهه‌مه هزریانه هه‌روا له خۆڕا وبێ بنه‌مایه‌کی واقعی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کورد درووست نه‌بوون ،گوزارشت له ژیانی ئه‌و قۆناغه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌که‌ن .
له‌م باسه‌دا تیشک ده‌خه‌ینه سه‌ر چه‌ند کۆپله‌یه‌کی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی که ناوه‌ڕۆکێکی ئاینی قوڵیان هه‌یه ،مرۆڤ کاتێک گوێ بیستیان ده‌بێ لایه‌نه شاراوه‌کانی بیروباوه‌ڕ و ئایدیای تاکی کوردی بۆ ده‌رده‌که‌وێت ،که چۆن سه‌یری روح و خوا‌و مردن و چاکه‌و خراپه و پاڕانه‌وه‌و خوشک وبرای دینی و که‌سانی ده‌وروبه‌ری کردووه ، ده‌کرێ له میانه‌ی ئه‌مانه‌وه وێنای جیهانبینی و ژیانی ئاینی کۆمه‌ڵگای کوردستانی بکه‌ین ،نه‌ک هه‌ر کورد به ته‌نیا ،واته ئه‌و گروپه مرۆیی و ئاینیانه‌ی پێکه‌وه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ژیاون و هه‌ر یه‌که رووبه‌رێکی جوگرافی دیاریکراویان هه‌بووه ،که خودی شوێنه‌که‌یان گوزارشت له جۆرێکی په‌یوه‌ندی نێوانیان ده‌کات .
له گۆرانیه‌کی فۆلکلۆری کوردی‌دا ،شاعیر یان گۆرانی بێژ به‌م جۆره وه‌سفی دووری خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌کات و ده‌ڵێت :
ئه‌گه‌ر گیان کێشان وه‌ک دووری تۆ بێت
یاخوا به نسیبی گاوری سه‌رکۆ بێت
ئه‌م گۆرانیه گوزارشت له دۆخێکی تاڵ وتفت ده‌کات که دڵداره‌که له دڵبه‌ره‌که‌ی دووره‌و ئازارێکی رووحی سه‌ختی هه‌یه بۆیه له رووی کۆمه‌ڵناسی و ده‌رووناسیشه‌وه چه‌ندین پرسیار هه‌ڵده‌گرێت و ده‌کرێ له رێگای وه‌ڵامدانه‌وه‌یانه‌وه ره‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تی و باری ده‌روونی و که‌سایه‌تی تاکی کورد له دۆخی خۆشه‌ویستی و عاشق بوون و به‌رامبه‌ر گرووپه ئاینیه‌کانی ترمان بۆ به‌ده‌ربخات ،بۆ نموونه ،ئایا گیان کێشان چیه؟ کورد وه‌کو رووداوێکی به ئازار‌و دڵته‌زێن سه‌یری ئه‌م رووداوه‌ی کردووه؟؟ ئایا تاکی کورد پێی وابووه روح وه‌کو هه‌ر ئه‌ندامێکی تری جه‌سته بوونێکی مادی هه‌یه و مردن بریتیه له هه‌ڵکێشانی ئه‌و ئه‌ندامه‌و جیاکردنه‌وه‌ی له جه‌سته؟؟ ئایا له روانگه‌ی کورده‌وه له کاتی هه‌ڵکێشانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جه‌سته‌دا که رووحه مرۆڤ رووبه‌رووی چ ئازارێکی سه‌خت ده‌بێته‌وه؟؟ ئایا کورد ئه‌مه‌ی به گه‌وره‌ترین ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه زانیوه‌و بۆیه پێی وا بووه ده‌بێ خواستی ئه‌وه بێت ئه‌م ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌یه هه‌ر شایانی نه‌یاره‌کانی بێت له رووی ئاین و بیروباوه‌ڕه‌وه ؟؟له لایه‌کی تره‌وه ئایا گاور کێیه؟ به چ گرووپێکی مرۆیی و ئاینی گوتراوه گاور؟ بۆچی ده‌بێ کورد هێنده رق ئه‌ستوور بووبێت ئازارێکی وه‌کو گیان کێشان که به‌گه‌وره‌ترین ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌ی زانیوه به نسیبی ئه‌وان بکات؟ له کاتێکدا به پێی بۆچونی هه‌ندێک له مێژوونووسان کۆمه‌ڵگای کوردی هێنده‌ی گیرۆده‌ی شه‌ڕی خێڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی و شه‌ڕی نێوان میرنشینه‌کان بووه هێنده شه‌ڕی ئاینی نه‌کردووه‌و گوایه ئاینه جیاوازه‌کان له کوردستاندا پێکه‌وه دۆستانه ژیاون ؟!
یان به‌کارهێنانی ئامرازی پاڕانه‌وه ،تکا و نزاکردن ،(یا خوا) ،په‌نا بردن بۆ خوا بۆ کاری خراپه ؟ واته داواکردن له خوا ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌و مه‌ینه‌تی بخاته سه‌ر که‌سێک یان گرووپێکی تر ،له کاتێکدا ئاینی دێرینی کورد به‌وه ناسراوه بانگه‌شه‌ی بۆ بیری رووناک ،گوته‌ی چاک ،کرداری پاک کردووه ،به چاوی رێز‌و پیرۆزیه‌وه سه‌یری هه‌موو ئاینه‌کانی تری کردووه بۆ نموونه له‌به‌رهه‌می تری فۆلکلۆریدا وه‌کو له داستانی (سورمه‌خان و خورشیدی چاوبه‌خاڵ)دا سوێند به په‌رتوکی پیرۆزی هه‌موو ئاینه‌کان ده‌خورێت و ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت(2) (میرێ باعه‌درێ دگۆ ، ب قورعانێ ب که‌لامێ به ته‌ورات و به ئینجیلا ژ دێرێڕا ، به شێخادی ، به مه‌له‌کێ تاوس ،به محه‌مه‌د ره‌شادێ پشتێ مه‌قلوبا ئاخر سوندێ مه‌نه ،هه‌تا له من خه‌لاس نه‌بێ شه‌ش لاوێ له به‌ر مارێ ، هه‌تا له من خه‌لاس نه‌بن چل سوارێ به‌رده‌رکا کۆشک و دیوه‌خانێ ،هه‌تا له من نه‌بڕێن تویێ مێردا له ئێزیدیخانێ چ جارا ما خرابۆ سورمێ ناکه‌ویته ده‌ستی عه‌جه‌ما بیبه‌نه‌وه عه‌جه‌موستانێ) ئه‌مه ناوه‌ڕۆکێکی هزری ئاینی قوڵی هه‌یه له جیهانبینی کورددا ،کاتێک سه‌یری په‌رتوکی ئاینێکی تر ده‌کرێت وه‌کو په‌راوێکی پیرۆز سوێندی پێ ده‌خورێت ،ئه‌مه خاڵی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نگرانی ئاینه جیاوازه‌کانه‌و ئاماژه‌که‌رێکه بۆ هاوڕایی ،دوواتر ته‌بایی و گونجان و پێکه‌وه هه‌ڵکردن ،به‌ڵام پاڕانه‌وه له خوا بۆ به‌خشینه‌وه‌ی زه‌ره‌رو زیان و نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا ،ئه‌مه جێگای پرسیاره‌و ده‌بێ له چ قۆناغێکدا ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه له لای کورد درووست بووبێت؟؟ نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو له گۆرانی فۆلکلۆری تریشدا داوای کردووه زیانی ئابووری و خێر نه‌کردن له مه‌ڕو ماڵات بخاته سه‌ر باوکی کچه‌که بۆ نمونه ده‌ڵێت :
مریه‌مێم ده‌ڵێی دووڕی
جه‌رگی عاله‌مت بڕی
یاخوا بابت خێر نه‌کا
له جه‌ڵه‌بی کاوڕی
ئه‌گه‌ر ئه‌م رق و کینه‌یه به‌رئه‌نجامی شه‌ڕ بێت و به لای کورده‌وه ئاسایی بووبێت داوا له خوا بکات کاری خراپه ئه‌نجام بدات ده‌بوو بڵێ (یاخوا به نسیبی خێڵی فڵان بێت یان یا خوا به نسیبی میرنشینی فڵان بێت) ؟؟چونکه له مێژووی نوسراوی کوردا ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ست و ئاگاداریه‌وه بێت یان به نا ئاگا هێنده‌ی باسی شه‌ڕی نێوخۆیی کورد به کورد کراوه و له‌سه‌ری نوسراوه باسی شه‌ڕو په‌لاماری ئاینی نه‌کراوه ! . هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش جێگه‌ی پرسیاره ،ئه‌م گروپه که به‌گاور ناوزه‌د کراون بۆ له سه‌رکۆ ژیاون وبۆچی له شوێنه سه‌خته‌کان بوون؟؟ بۆچی له‌م گۆرانیه‌دا بۆ نمونه ناڵی یاخوا به نسیبی گاوری پێ ده‌شته‌کان بێت یان یا خوا به نسیبی گاوری گوێی رووباره‌کان بێت؟؟ .
له‌سه‌رکۆ نیشته‌جێبوون جۆرێک له یاخی بوون و هه‌ڵاتن و خۆشاردنه‌وه‌ی پێوه دیاره ،ده‌بینین زۆربه‌ی گوند‌و لادێ و ئاوه‌دانیه‌کانی کورد له شوێنه سه‌خته‌کاندا درووست کراون و رێگای هاتووچۆی نه‌بووه‌و دوژمن نه‌یتوانیوه پێیان بگات ، ده‌بێ پێشتر راوه‌دوونان و هه‌ڵبڕین له ئارادا بووبێت ،ئیتر له لایه‌ن هه‌ر هێزێکه‌وه بووبێت ،یان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه ،زۆر دره‌نگ خه‌ڵکی سه‌رچیاکان و ناوچه سه‌خته‌کان موسڵمان بووبن و هه‌ر له‌سه‌ر ئاینی کۆنی خۆیان مابنه‌وه‌و له لایه‌ن موسڵمانانه‌وه به گاور ناسراو بن ، چۆن په‌یڕه‌وانی ئاینی زه‌رده‌شتی له شوێنه سه‌خت و چیاییه‌کان بوون و له بۆنه‌ی ئاگر کردنه‌وه‌دا(•) ،له شوێنه به‌رزه‌کان و له لوتکه‌ی چیاکانه‌وه ده‌رکه‌وتوون ئیتر ئه‌مان وه‌کو گاور له‌قه‌ڵه‌م درابن و ئه‌م گۆرانیه له لایه‌ن کورده موسڵمانه‌کانه‌وه به‌رامبه‌ر کورده زه‌رده‌شتیه‌کان گوترابێت که له رووی ئاینی و بیروباوه‌ڕه‌وه له‌وان جیاواز بوونه ،چونکه هه‌ر له ئاینی موسڵماناندا به‌وانه‌ی له‌سه‌ر دینی ئه‌مان نین ده‌ڵێن گاور ،به پێچه‌وانه‌وه له لایه‌ن هیچ یه‌کێک له په‌یڕه‌وانی ئاینه‌کانی تره‌وه له کوردستان (زه‌رده‌شتی ،جوله‌که ، فه‌له ، یه‌زیدی ، کاکه‌یی و ..هتد به‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئاین و بیروباوه‌ڕی ئه‌وان نین ناڵێن گاور ،له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه دووای موسڵمان بوونی کوردی پێده‌شته‌کان و ناوچه ته‌خته‌کان که گومان له‌وه‌دا نیه ئه‌مان زووتر وئاسانتر که‌وتوونه‌ته به‌ر شه‌پۆلی ئاین گۆڕین ،دوواتر رق وکینه‌یه‌کی ئاینیان له لا درووست بووبێت به‌رامبه‌ر کوردانی چیایی ،که‌له‌سه‌ر ئاینه کۆنه‌که‌ی خۆیان ماونه‌ته‌وه ،حه‌زیان کردووه‌وه وخواستوویانه چی خراپه و ئێش و ئازار هه‌یه بۆ ئه‌مان بێ هه‌روه‌کو له گۆرانیه‌کی تری فۆلکلۆریدا ده‌ڵێت :
ئه‌وه‌ی من بینیم به ده‌ست یاره‌وه
گاور بینۆشێ به سێداره‌وه
یان ده‌ڵێت
ئه‌وه‌ی من بینیم به ده‌ست یاره‌وه
گاور بینۆشێ به قه‌ناره‌وه
جگه له‌مه له گۆرانی فۆلکلۆری کوردی‌دا هه‌ندێک جار پاساوی ئاینی هێنراوه‌ته‌وه بۆ کار‌و ره‌فتارێک ره‌نگه به لای دڵدارو دڵبه‌ریشه‌وه به ناڕه‌وا له قه‌ڵه‌م درابێت و به‌جۆرێک له ده‌رچوون له بنه‌ما ئاینه‌کان و له داب‌و نه‌ریت و رێوره‌سمه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان سه‌یر کرابێت ، بۆ نمونه وه‌کو(3) :
هه‌روا ده‌ڕوا شووره‌و شووره
کارمامزی خوار مه‌خمووره
ماچه‌کمان ده‌یێ خوا غه‌فووره
لێره‌دا هه‌ست به تاوان کردن له رووی ئاینیه‌وه پێوه دیاره ،شاعیر هه‌ست به‌وه ده‌کات ئه‌م کاره واته ماچ کردنی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ره‌زامه‌ندی خوای له‌سه‌ر نیه و ده‌بێ دوواتر باجه‌که‌ی بداته‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌زو مه‌یلی ماچ کردنی تاوی بۆ هێناوه‌و له‌به‌ر خۆشه‌ویسته‌که‌ی ده‌پاڕێته‌وه ،ده‌یه‌وێت به‌وه قایلی بکات که خوا غه‌فووره واته لێبوورده‌یه ،له‌م تاوانه‌یان خۆش ده‌بێت ،دیاره ئه‌م هه‌سته له لای کچه‌که‌ش هه‌یه ،ده‌بێ کوڕه‌که ئه‌وه‌ی زانیبێت که که کچه‌که‌ش له‌وه تێگه‌یشتووه ماچ کردنی هه‌روا کارێکی ئاسان نیه و خودا ئه‌گه‌ر خاوه ن به‌زه‌یی نه‌بێت ئه‌مه به تاوان ده‌درێته قه‌ڵه‌م و دوواتر هه‌ق و حیسابی له‌سه‌ره ،ده‌نا پێویستی به‌وه نه‌بوو پاساوی وا بێنێته‌وه ،بڵێ خوا غه‌فووره‌و چاوپۆشی له‌م تاوه‌انه ده‌کات .
یان له هۆنراوه‌یه‌کی تردا ده‌ڵێت
چاوت ره‌شه به خوماره‌وه
مه‌مکت لیمۆن به داره‌وه
خودا داویه مه‌یشاره‌وه
شاعیر ده‌یه‌وێت له رێگای بیروباوه‌ڕی ئاینی و خوداوه ره‌زامه‌ندی خۆشه‌ویسته‌که‌ی به ده‌ست بێنێت بۆ نه‌شاردنه‌وه‌و پیشاندانی ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته‌ی ،ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی شوێنی وروژاندنی ئه‌ون ،ده‌بێ باوه‌ڕی به‌وه بووبێت هه‌رچی حه‌زو ئاره‌زووی مرۆڤه‌و له سروشتی مرۆڤدا خودا دایهێناون و درووستی کردوون ،شاردنه‌وه‌و تێرنه‌کردن و رێگه پێنه‌دانیان دژی ره‌زامه‌ندی خوایه ،خودا ئه‌م کارانه‌ی پێ نا به‌جێه بۆیه ده‌ڵێت خودا ئه‌مانه‌ی پێداوی نابێ بیشاریته‌وه ،ئه‌مه هزرێکی ئاینی قوڵه‌و ره‌گ و ریشه‌ی بۆ مێژوویه‌کی زۆر کۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه ،جۆرێکه له ئاراسته‌ی هزری مافی سروشتی مرۆڤ ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌کانی شازده‌و هه‌ڤده‌ی زاینی‌دا له ئه‌وروپا و لای زانا‌و فه‌یله‌سوفانی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو (تۆماس هۆبز و جۆن لۆک و جان جاک رۆسۆ و ...هتد) به گه‌رمی خرابووه به‌ر باس توێژینه‌وه .
گۆرانی فۆلکلۆری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه نوسراون و خاوه‌نه‌کانیان دیار نیه ئه‌گه‌رچی زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی سه‌رهه‌ڵدان درووست بوونیان هه‌ریه‌که له کورده‌واریدا یان زۆر نزیکن له‌یه‌که‌وه ،گوزارشت له‌یه‌ک ره‌وشی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌که‌ن ئه‌ویش ژیانی رۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگای کورد و چۆنایه‌تی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کورده ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ناوه‌ڕۆک و مانای هه‌ندێک له هۆنراوه‌کاندا جۆره دووفاقیه‌ک به دی ده‌کرێت ،ئه‌ویش یان ترسی شاعیرانی کورده‌واری بووه ئه‌م که‌ف وکوڵ وحه‌زو خۆشه‌ویستیه له بیروباوه‌ڕی ره‌سه‌نی ئاینی دووریان بخاته‌وه و به قه‌ولی خۆیان کافریان بکات ،یان گوزارشتیان له قوڵی و پاکی خۆشه‌ویستی خۆیان کردووه بۆ دڵبه‌ره‌که‌یان کاتێک له‌گه‌ڵ خودا‌و دین و ئیماندا به‌راوردیان کردووه ، بۆ نمونه له گۆرانیه‌کدا ده‌ڵێن :
هه‌روا ده‌ڕوا بۆ باژێڕێ
چاوم که‌وتووه به گوار زێڕێ
عاشقان له دین وه‌رده‌گێڕێ
ئه‌مه ترسی وه‌رگه‌ڕان له دینی پێوه دیاره و هه‌ندێک جاریش شاعیر ئاماده بووه سه‌روماڵی له پێناو خۆشه‌ویسته‌که‌یدا به بادات ته‌نیا ئه‌و حه‌زو خۆشه‌ویستیه نه بێته هۆی له ده‌ستدانی ئیمانه‌که‌ی بۆ نمونه له هۆنراوه‌یه‌کی تردا هاتووه :
له‌به‌ر ئه‌و چاوه‌ی ده‌مرم جاروبار هه‌ڵیدێنێ
رازیم به ماڵی دنیا ئیمانم لێ نه‌سێنێ
هزری ئاینی و ده‌ست گرتن به بیروباوه‌ڕه‌وه زۆر به‌هێزن له‌م به‌یته‌دا ،شاعیر ترسی بێ ئیمان بوونی لێ نیشتووه ،به‌سه‌ر کردنی چاوی خۆشه‌ویسته‌که‌ی ببێته له‌ده‌ستدانی ئیمان و بیروباوه‌ڕ ،لێره‌دا هزری ئاینی وه‌کو ئامرازێکی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی رێگا له سه‌یرکردن ده‌گرێت ،هه‌روه‌ها هه‌ندێک جار ئاین وه‌کو یاسا بۆ دیاریکردنی کاتی کچ به مێرد دان و ژنهێنان بۆ کوڕ رۆڵی بینیوه ،ئه‌گه‌رچی داب ونه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و لێڕاهاتن و باوبوونی هه‌ندێک دیارده به‌سه‌ر هزره ئاینیه‌که‌دا زاڵ بووه وه‌کو گه‌وره به بچوک بۆ نمونه له گۆرانیه‌کی فۆلکلۆریدا ده‌ڵێت :
هه‌ی نایه و نایه‌و نایه سه‌دای چاوکاڵم نایه
دایکی ده‌ڵێ پێشکه‌شه و منداڵه وماره‌ی نایه
ماره کردن خۆی رێوره‌سمێکی ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تیه ،له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا تا ئیستاش ئاین به‌سه‌ر یاسای نوسراو و فه‌رمیدا زاڵه ،ده‌بینین سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی دادگا‌و قازی و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری و کاروباری فه‌رمی ،پێویسته سه‌ره‌تا له لایه‌ن مه‌لایه‌که‌وه یان پیاوێکی ئاینیه‌وه ،کاری ماره‌بڕین و ره‌زامه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی به ئاماده‌بوونی دایک وباوک و هه‌ندێک له‌که‌سوکاری بوک وزاوا ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رێوه بچێت ،بۆیه کاتێک ئاین رێگای به ماره کردنی خوار ته‌مه‌نێکه‌وه نه‌دابێ ،ئیتر له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا له‌به‌رچاو گیراوه ،ئه‌وه‌تا له‌و گۆرانیه‌دا سه‌ره‌ڕای ره‌زامه‌ندی که‌سوکاری به تایبه‌تی دایکی به‌ڵام ته‌مه‌ن بچوکی رێگربووه له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری و له‌سه‌ره‌تادا ماره بڕینی .
یان له هۆنراوه‌ی تردا ده‌بینین ئیمان و چاوی خۆشه‌ویسته‌که‌ی پێکه‌وه گرێداوه‌و ده‌ستبه‌رداری هیچیان نابێ بۆ نمونه ده‌ڵێت(4) :
رۆژی جومعان پاش سه‌ڵایه
دووشت خۆشن له دنیایه
ئیمان و چاوی له‌یلایه
ده‌بینین له ناو خواپه‌رستی و نوێژ‌و پیرۆزیی رۆژی هه‌ینیدا ئه‌م چاوی خۆشه‌ویسته‌که‌ی له یاد نه‌کردووه و له دووای به‌جێ هێنانی ئه‌و رێوره‌سمه ئاینیه حه‌زو خواست و ویسته‌کانی ئاشکرا کردووه و داوای دوو شتی کردووه خودا ئیمانی سه‌لامه‌ت بکات و چاوی له‌یلای به نسیب بکات .
له هه‌موو ئه‌و نموونانه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وراستیه‌ی که هزری ئاینی یان بیرکردنه‌وه له خودا‌و پاڕانه‌وه‌و ئیمانداری له گۆرانی فۆلکلۆری کوردی‌دا پانتاییه‌کی فراوانی هه‌یه ،ترسێکی لای تاکی کورد درووست کردووه‌و هه‌میشه شاعیری کورد چاوێکی لای ترس له خودا بووه .
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌کان :
1--نه‌قابه‌ی مامۆستایان ،لقی هه‌ولێر ، سه‌رنجێک له ده‌روازه‌ی فۆلکلۆری کورده‌وه ، چاپخانه‌ی ئیرشاد ، به‌غدا ، 1969، ل: 8-13.
2-خالد جوتیارو ئه‌وانی تر ، فۆلکلۆر ، کۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێکی فۆلکلۆریه ، به‌شی یه‌که‌م ،چاپخانه‌ی ، الحوادپ، هه‌ولێر ، 1984، ل: 11
(•)له هزری ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورددا ئاگر نه‌ک هه‌ر پیرۆز سه‌یر کراوه به‌ڵکو به بوونه‌وه‌رێکی زیندوو دانراوه ،ئێستاش کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت رووناکیه‌ک خامۆش بکات ده‌ڵێت گڵۆپه‌که یان چراکه بکوژێنه‌وه ،له رووی زمانه‌وانیه‌وه کاری کوژاندنه‌وه له ره‌گی کوشتنه‌وه هاتووه ،له شێوه‌ی کاری داخوازیدا کوشتن ده‌بێ به بکوژه ،واته له‌سه‌ره‌تادا کورد مه‌به‌ستی کوشتنی رووناکیه‌که بووه بۆ نمونه وه‌کو ئه‌وه وایه له عه‌ره‌بیدا له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێین (أگفأ الچۆ ) بڵێین (أقتل الچۆ).
3-تاریق سه‌دیق حه‌مه‌ده‌مین ،کوڕه که‌چه‌ڵه وچه‌ند پارچه شیعری فۆلکلۆری ، چاپخانه‌ی (الحوادپ) به‌غدا ، 1983 ، ل:50 .
4-فاروق حه‌فیدزاده ، هه‌ڵبژارده له شیعری فۆلکلۆری کوردی ، چایخانه‌ی ئۆفیستی سه‌رکه‌وتن ، سلێمانی ، به‌رگی دووه‌م ، 1983، ل: 95 .