لە پۆلێنکردنی ئەو سیستەمانەی بونیادی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەکی لێ پێکدێت ،توێژەرانی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی رووبەرووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و گرفت دەبنەوە ،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆشەنیگاو ئاراستە تێڕانینەی لێیەوە سەیری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە باوەکانی کۆمەڵگای توێژینەوەکە یان کۆمەڵگا جیاوازەکان دەکەن ،لەگەڵ ئاراستەی هزری ئەرکێتی کە زانایانی رۆژئاوا بۆ راڤە کردنی کۆمەڵگا دایانهێنا ،پێی وایە دەکرێ تەنیا دیاردەیەک لە زیاتر لە سیستەمێکدا ئەندام بێت ،ئەمەش پۆلێنکردنی جیاواز بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتیەکان سەختر دەکات ،یەکێک لە پۆلێنکردنە بەناوبانگەکان بۆ سیستەمە کۆمەڵایەتیەکان پۆلێنکردنەکەی کۆمەڵناسی بەریتانی (هێربەرت سپنسەر)ە ،
کە لەشەش سیستەم پێکدێت و بریتین لەمانە( سیستەمی خێزانی ،سیستەمی رێ ورەسم و بۆنەکان ،سیستەمی سیاسی ، سیستەمی ئاینی ،سیستەمی پیشەیی ، سیستەمی پیشەسازی ) ،بەڵام زانایەکی تر بە ناوی )هیرتزلەر) سیستەمە کۆمەڵایەتیەکان بۆ نۆ سیستەم پۆلێن دەکات بەم شێوەیە ( سیستەمی هاوسەرگیری وخێزانی ،سیستەمی ئاکاری ،سیستەمی سیاسی ، سیستەمی ئاینی ،سیستەمی پەیوەندی و پێکگەیشتن ، سیستەمی ئابووری و پیشەسازی ، سیستەمی تەندرووستی و کات بەسەربردن ،سیستەمی فێرکردن و زانستی ،سیستەمی جوانی و گوزارشتکردن) بەڵام بە لای (سمڵسەر)ەوە بونیادی کۆمەڵایەتی لە چوار سیستەمی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لەمانە(سیستەمی خێزانی ،سیستەمی ئابووری ،سیستەمی سیاسی ، ،سیستەمی پەروەردەیی )هەرچی سیستەمی ئاینیە دەکەوێتە ناو ئەمانەوە(1).
ئێمە لەم باسەدا بە تەواوی پابەند نابین بە هیچ یەکێک لەو پۆلێنکردنانەوە بەڵام هەوڵ دەدەین سوود لە هەموویان وەربگرین و بەشێوەیەک پۆلێنی سیتەمی کۆمەڵایەتی بکەین هەموو ئەم پێکهاتانە بگرێتەوە ،بەڵام سەرەتا روونکردنەوەیەک لەسەر خودی سیستەمی کۆمەڵایەتی دەنووسین :-
یەکەم–چەمکی سیستەمی کۆمەڵایەتی
سروشتی مرۆڤ و نەتوانی لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی پێویستیەکانیدا بە تەنیا ،هەروەها بۆ مانەوەی رەگەزی مرۆیی و بەردەوامی ژیانی ،ئادەمیزاد پێویستی بە گروپ و ژیانی پێکەوەیی دەبێت ئەم پێکەوە ژیانەش بە ناچاری جۆرێک لە رێکخستن وسیستەمی کۆمەڵایەتی دەوێت (2) ئەگەرچی ئەم چەمکە جۆرە لێڵی و نارۆشنیەک لە خۆدەگرێت و هەندێک لە هۆکارەکانی ئەم نا رۆشنیەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەمکێکی ئەبستراکتەو هێشتا لەسەر ماناو دیاریکردنی ناوەڕۆکەکەی رێکەوتنێک نیە، سیستەم system کۆمەوڵێک پێڕۆی تایبەتی لایەنێک لە لایەنەکانی چالاکی کۆمەڵگاو بونیادە کۆمەڵایەتیەکەیەتی، بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە لە کۆمەڵناسیدا کۆنە، زۆربەی توێژەرو زانایانی کۆمەڵناسی پێناسەی سیستەمی کۆمەڵایەتیان کردووەو هەوڵیان داوە دیاریی بکەن ،بەگشتی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بەو شێوازە یان بەو رێگەیەی تاکەکانی کۆمەڵگە لە میانەیەوە مامەڵە وکارلێک لەگەڵ یەک دەکەن ووەکو پێڕەوێک مامەڵەکانی ژیانی رۆژانەیان لەگەڵ یەکتر لەسەری رێکدەخەن ،یان ئاماژە بە ئەرکە کۆمەڵایەتی یان ئەرکە بنچینەییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەکات ،بۆ نموونە وەک ئەوەی ئەندامانی خێزانێک یان خێزان لە کۆمەڵگەو یان یاریزانان لە نادی و هەڵبژاردەیەکدا دەیکەن(3)(نادڵ) زۆر بەکورتی ئاماژەی بە سیستەمی کۆمەڵایەتی کردووە و دەڵێت بریتیە لە رێگایەکی بە کەتەلۆک کراو بۆ رەفتاری کۆمەڵایەتی(4) ،(بارنز) دەڵێ بونیادی کۆمەڵایەتی ،کە لە کۆی سیستەمەکان پێکهاتووەو سیستەمی کۆمەڵایەتیش یەکێکە لە سیستەمە گرنگەکانی ،ئەو میکانیزمە دەنوێنێنێت کە کۆمەڵگە لە رێگیەوە کارو چالاکیە جۆراوجۆرەکانی ئاراستە و جێ بەجێ دەکات بۆ هێنانە دی ئامانج ودابینکردنی پێویستیەکانی(5) ئەگەر قوڵًتر بۆ ئەم چەمکە بڕوانین دەبینین لە دیاریکردن و پێناسەکردنیدا جۆرێک لە جیاوازی لە نێوان مرۆڤناسەکان و کۆمەڵناسەکاندا هەیە لە دیاریکردنیدا ،هەندێک لە زانایانی کۆمەڵناسی سیستەمی کۆمەڵایەتی دەبەستنەوە بە پێویستیەکان و گرفتە کۆمەڵایەتیەکانەوە ،بە لایانەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەو شێوازو میکانیزمانەیە کە بڕیارە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو گرفتە جیاوازانە بەکار بێت کە روو بە رووی کۆمەڵگەو ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە بۆیە ئەم زانایانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زاراوەی سیستەم لەم دۆخەدا ئاماژە بە نموونە رەفتاریەکان دەکات نەک بە رێکخستنەکان یان ئەو گروپانەی ئەم نموونە رەفتاریانەیان تێداپیادە دەکرێت(6)یان بە لای کۆمەڵناسێکی وەکو (جینزبیرگ)ەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی بریتیە لەو رێسا بابەتیانەی کۆمەڵگە دانی پێدا ناون پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە دیاری دەکەن(7)ئەمان وەکو جۆرێک لە دەرهاویشتەی ژیانی کۆمەڵایەتی سەیری دەکەن نەک وەکو ئەوەی مرۆڤناسەکان بە بەشێکی گرنگی بونیادی دادەنێن .
لێرەدا کۆمەڵناسیانە پێش ئەوەی چەمکی کۆمەڵایەتیی بخەینە پاڵ ،خودی سیستەم خۆی کۆمەڵێک پێڕۆی تایبەت بە بوارێکی دیاریکراوی جموجۆڵ وچالاکیەکانی کۆمەڵگاو بونیادی کۆمەڵایەتیە ئەمە لە کۆمەڵناسیدا نوێ نیە، َپێشتریش (سبنسر)ئەم چەمکەی بەکاریهێناوەو لە بۆچوونەکانی (باریتۆ)شدا ناوەندێکی بنەڕەتی داگیرکردووە(8) ،چەمکی کۆمەڵایەتی ئەو راستیە (Fact)یە یان ئەو رەوشت وهەڵوێستەیە کە پەیوەستە بە کۆمەڵێک یان کۆمەڵگایەکەوە ، گوزارشت لە ئاڵوگۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵەیەدا دەکات ، کەواتە چەمکی کۆمەڵایەتی لایەنی سەرەکی ژیانی تاکەکانی دەگرێتەوە ، کە بریتییە لە پەیوەندی نێوان تاکەکانی و چالاکی وهەڵسوکەوتیان بۆ بەسەر بردنی ژیانی ئاسایی رۆژانەیان ، لێرەدا مەبەست لە پەیوەندی نێوان تاکەکان و پەیوەندی تاک بە کۆمەڵەوە لە رێگای چەند کارلێککردن وکارتێکردنێک کە پێکەوە ژیانیان لە سەر بەندە ،وشەی کۆمەڵایەتی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیانە دەگرێتەوە کە هەمان ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانە ،دروستکراوی تاکە کەس نین ،لە رێگای پەروەردەوە بە تاکەکانی کۆمەڵگا دەگەن ،لە دەرەوەی زەینی مرۆڤن و بێ مرۆڤیش هەن توانای فەرماندانیان هەیە ،بە پێچەوانەی ئارەزووی تاکەکەس خۆیان دەسەپێنن ، بەرهەمی هەڵسوکەوتی کۆمەڵ وتێگەیشتنی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی باری ژیانیانن)(9)سیستەمە کۆمەڵایەتیەکان ،توانای گونجان و لێڕاهاتنیان هەیە لەگەڵ گۆڕانەکاندا ئەمەش هۆی مانەوەو بەردەوام بوونیانە لە گەیشتن بە ئامانجەکانیاندا ، لەمانەوە تێدەگەین کە ئەمانە هەمان خەسڵەت وتایبەتمەندیەکانی دیاردە کۆمەڵایەتیەکانن کە زانای کۆمەڵناسی فەرەنسی (ئەمیل دۆرکایم) بۆ دیاریکردنی بابەتە سەرەکیەکان وبنچینەییەکانی کۆمەڵناسی ئاماژەی پێ کردووە .
لای (ولیەم ئۆگبرن)یش سیستەمی کۆمەڵایەتی ئەو رێگەو رێبازانەن کۆمەڵگەی بۆ دابینکردنی پێویستیە مرۆییەکانی درووستیان دەکات(10) لای سمنەریش لە بونیاد و هزر پێکهاتوون ،ئیتر بە گشتی و بەپێی دەروازەی سۆسیۆلۆژی پێنـاسـەی سیستەمی کۆمەڵایەتی بریتییە لە کۆمەڵێک بنەمای هەڵسوکەوت و رێوشوێنـی پڕاکتیکی و ئامێر و ئامراز، بەلای مرۆڤناسەکانیشەوە ئەو بوونیادە هێماییانەی کە بریتیین لە رێگا میللییەکان، داب ونۆرمەکان، پێودانگەکان، خووەکان،ترادسیۆن، بەهـا و ئەو یاسایانەی لە دەوری ئەرکێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دروست دەبن، جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە رێکدەخەن، بوارەکـــانی ئەم پێناســەیە کاتێک رووندەبێتەوە کە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکـان شیدەکرێنەوە لەگەڵ ئەو بوونیادە هێماییەی لە دەوری دروست دەبێت.
(پارسۆنز) بەناوبانگترین زانای کۆمەڵناسی هاوچەرخە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا. ئەم زانایە کۆمەڵناسیانە چەمکی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە گۆشەنیگای مرۆڤناسەکانەوە بینیوە ،چەمکی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە جیاتی بوونیادی کۆمەڵایەتی بەکارهێناوە.
ئەو سیتەمەش لە کۆمەڵە ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی بە یەکەوە بەستراوی ئەنجامدراو لەلایەن ئەو تاکانەی کە پایەیەکی دیاریکراویان هەیە پێک دێت ، ئاوێتەی یە کترین و ئەنجامەکانیان جێ بەجێ دەکەن لە چواچێوەی کولتوور ێکی هاوبەش کە ئەو شتانە دیاریدەکات پەسندو، یاساو، دەستورین. (پارسۆنز) بیری سیستەمی لە شیکرنەوەی گشت ئاستەکانی کارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکارهێناوە لە سەر ئاستی تاکەکەس، یان گرووپەکان، یان کۆمەڵگا. هەر یەک لەم ئاستانە کۆمەلێک ڕەگەزی بەیەکەوە بەستراوی پاڵپشتی تیایە، سەرەِڕای ئەمەش هەریەکە لەم ڕەگەزانەش سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەیە، ئەو ڕەگەزو بەستراوانەش لە نێوان یەکتریدا بوونیادی ئەم ئاستە دروست دەکەن.واتە باسۆنز لە رێگای ئەرکی سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ بونیادەکانیان چووەو پێی وابووە کلتووری کۆمەڵگا ئەمە دیاری دەکات ئەمەش خۆی تێڕوانینێکی مرۆڤناسانەیە لە کلتوورەوە سەیری کۆمەڵگا بکەیت نەک بە پێچەوانەوە .
دووەم :تایبەتمەندیەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی :
1-سیستەمی کۆمەڵایەتی لەوە دەرناچێت کە رێکخستنێکی شێوەو نموونەکانی بیرکردنەوەو هەلسەکەوتکردنەکانە ،ئەو هەڵسەکەوت وبیرکردنەوانەی لە میانەی چالاکی کۆمەڵایەتی وئەوەی بەرهەمهێنانی مادیی پێوە پەیوەستە بەدەر دەکەوێت ،بۆیە لێرەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی بریتیە لە کۆکردنەوەی رێسا کۆمەڵایەتیە باوەکانی کۆمەڵگە کە لە داب و نەریت و ترادیسیۆن وبەهاو خەسڵەتە ئاکاریەکان پێکهاتوون ،هەندێک لەم توخم ورەگەزە شارستانیانە دەمێننەوەو بەردەوام وسەرکەوتوو دەبن و دەگۆڕێن بەسیستەم ،بۆنموونە نەریت زاراوەیەکە ئاماژە بەشێوەکانی بیری ئەو رەفتارە جێگیرە دەکات کە تاک لەناو دەستەو کۆمەڵەو کۆمەڵگەدا دەیکات، بەردەوامی کارکردن بەم نەریتە دەبێتە سیستەم ،هەروەکو زۆربەی رۆژهەڵاتناسەکان دەڵێن لە خەسڵەتە رەسەنەکانی کورد بەگشتی ئازایەتیو بەوەفاییو راستگۆییو خۆشەویستی میوانو، ..هتد، کاتێک ئەمانەش لە کەسایەتی هەر تاکێکدا جێگیربن، لەهەر هەڵوێستو هەڵسوکەوتێکی ناشایستەدا خۆی لێپرسینەوەی ئاکاری لەگەڵ خۆیدا دەکاتو، پێویستی بەچاودێرو کۆنترۆڵی دەرەکی نابێ تا رادەیەکی زۆر،بۆی دەبنە نەزم وسیستەمێک ولەسەریان لانادات، نایانگۆڕێت بۆیە دابونەریتە یان نەرێییەکان یان رێگرەکان لەبەردەم گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا هەمیشە پێویستییان بەپێداچوونەوەو راڤەکردنی سەردەمیانە هەیە تا لەگەڵ رەوتی گەشەو پێشکەوتنی سەردەمدا هەنگاو بنێتو سیمای کەسایەتیو پێوەندییەکانی نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگە جوانترو مرۆڤدۆستانەتر بکات .
2-سیستەمی کۆمەڵایەتی تا رادەیەکی زۆر درێژەو بەردەوامی هەیە ،نەزمەکانی بیرباوەڕو عەقیدە و رێگاکانی کارکردن و ئەوانی تر ..نابنە سیستەم تەنیا دووای پەسەندکردنی گشتی ولەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە قبوڵ نەکرێن ،بۆنموونە سیستەمی هاوسەرگیری چ دەرەکی بێت یان ناوخۆیی یان سیستەمی خاوەنداریەتی تایبەتی یان هەر سیستەمێکی باوی تر ،دەبێ بە قۆناغێکی دوورو درێژدا تێپەڕیبێت و خەڵکی پەیڕەویان کردبێت تا بووە بە سیستەمی کۆمەڵایەتی باوەڕپێکراو و دانپیانراو لە لایەن ئەندامانی کۆمەڵگەوە .
3-هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی ئامانجێک یان چەندین ئامانجی روونی هەیە ،بەڵام بە پێی رۆژگار وگۆڕانکاریەکان ئەم ئامانجە لەگەڵ ئەو ئەرکەی سیستەمەکە هەیەتی دەکەونە دژایەتیەوە ،دەکرێ لەم بارەوە نمونەی کۆیەلایەتی بێنینەوە ،لەسەرتادا کۆیلایەتی بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەستی کاری هەرزان بوو کەچی دوواتر ئەم سیستەمە لە رووی ئابووریەوە بڕی تێچوونی زیاتر بوو ،بۆیە بە کەڵکی سەردەمەکە نە هات و ووردە ووردە هەڵوەشایەوە .
4- لە ئەنجامی ئەو جێگیری و نەگۆڕیەی سیستەمی کۆمەڵایەتی هەیەتی تووشی دۆگما دەبێت ،تا وای لێ دێت دەگۆڕێت بە جۆرێکی رێورەسم و نەریتی ئاینی پیرۆز ،بۆیە سیستەمی کۆمەڵایەتی بە زەحمەت دەگۆڕێت نەک هەر بۆ پێشکەوتن بەڵکو بۆ گەڕانەوەش .
5- سیستەمی کۆمەڵایەتی بە یەکێک لە هۆکارو فاکتەرەکانی گونجان ورێکەوتن دادەنرێت لە نێوان بەشە جیاوازەکانی شارستانیەتدا ،توخم ورەگەزە جیاوازەکانی کلتوور و شارستانیەت لە سیستەمێکی یەکگرتوودا کۆ دەکاتەوە .
سێیەم : سیستەمی خێزانی وەک نموونە.
لە هەموو کۆمەڵگاکاندا پێکهاتەو بونیادی کۆمەڵگا لە بچوکەوە بۆ گەورە تر یان لەخوارەوە بۆ سەرەوە لە دووای تاکەکان لە چەند یەکەیەکی کۆمەڵایەتی پێکدێت وەکو (خێزان ، بنەماڵە ، تیرە ، هۆز و ...هتد)تا بە کۆی هەموویان میلەت وگەل و نەتەوەیەکی دیاریکراو پێکدێنن(11) بۆیە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا خێزان بەبەردی بناغەی پێکهاتنی کۆمەڵگا دادەنرێت ،دەبێتە شانۆی کارلێک و پێکگەیشتنە کۆمەڵایەتیەکان ،تاکەکان لەم ناوەندەدا لەدایک دەبن و سەرەتای پرۆسەکانی پێگەیاندنیان دەست پێ دەکات ،ئەم یەکە بنچینەییە هەروا لە خۆڕا و بە بێ هۆ درووست نەبووە ، بەڵکو کۆمەڵێک پێویستی ژیانی و ژیاری خێزانی هێناوەتە کایەوە .
یەکێک لە خەسڵەت وتایبەتمەندیە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵان بوونی غەریزەی سێکسیە لای هەردووکیان بەڵام مرۆڤ جیاوازی دەکات لە نێوان پەیوەندیە سێکسیە رێگە پێدراوەکان وپەیوەندیە سێکسیە قەدەغەکراوەکاندا ، واتە مرۆڤ سەیری پەیوەندی رەگەزی لە نێوان نێرو مێدا ناکات وەکو ئەوەی پەیوەندیەکی بایۆلۆژی و پەیوەستە بە تاکەوە بەڵکو بە پەیوەندیەکی ئاکاری و رەوشتی وکۆمەڵەیی دایدەنێت ،بۆیە هاوسەرگیری وسیستەمی خێزانیی وەکو ئامرازێک بۆ رێکخستنی ئەم پەیوەندیە داناوە ،نەک بۆ ئەوەی لە ناوکۆمەڵ و بە گروپدا بژیت چونکە تەنیا رەگەزی مرۆیی بە گروپ ناژیت بەڵکو هەندێک لە ئاژەڵانیش لە گروپدا دەژین ،ئەگەرچی ئەم پێکەوە ژیانەی ئاژەڵان لە گروپێکەوە بۆ گروپێکی تر جیاوازە لە رووی بنچینەو بنەمای پەیوەندیەکان و دابەشکردنی ماف وئەرکەکانیانەوە، بەڵام هەموو ئەم ئاژەڵانە لە تێرکردنی غەریزەی سێکسیاندا بە دامەزراندن ودرووستکردنی خێزان کۆتایی نایەت ئەگەرچی چاودێری ئەندامانی نوێ واتە بێچووەکانیان دەکەن وپارێزگاریان لێ دەکەن ،بۆ نموونە جووتە قەتێ وکۆتر وسوێسکەو کەو پێکەوە دەژین بە نۆرە لەسەر هێلکەکانیان کڕ دەکەون دوواتر تا بێچووەکانیان فێرە فڕین دەبن پێکەوە خواردنیان بۆ دێنن ، بەڵام هەندێکی تری ئاژەڵان لە چوارچێوەی گروپدا پەیوەندی درووست دەکەن ،دوواتر ئەرکی چاودێری ومانەوە لەگەڵ بێچووەکاندا زیاتر دەکەوێتە سەر دایک ،بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە سەرەتای بە کۆمەڵ بوونی مرۆڤیش لە چوارچێوەی گروپی کۆمۆنەییدا بووبێت(12) واتە گرووپی هاوبەش پێکەوە ژیابن و سنوورێک بۆ پراکتیزە کردنی کردە سێکسیەکان نەبووبێت ، ئەوەی نەوەیەکی دیاریکراوی کۆکردبێتەوە هەر دایک و ناسینەوەی ئەندامانی گرووپەکەو شوێنی نیشتەجێ بوون یان گەڕان وسوڕان بووبێت ،مرۆڤایەتی لەو سەردەمەدا بە قۆناغی دایکسالاریدا تێپەڕیبێت ،دوواتر جۆرەکانی تری هاوسەرگیری و خێزان پەیدا بووبێت یان لە چوارچێوەی گروپی خێزانی و هاوسەرگیریدا ژن وپیاوو مناڵەکان پێکەوە ژیابن ،بە هۆی گەلێک هۆکاری دەروونی و بایۆلۆژی و ژینگەییەوە ،ئەگەری دەرپەڕاندنی باوک و مانەوەی هەمیشەیی دایک لەو گرووپەدا زیاترە .
هەرچەندە پێًناسەیەکی گشتگیر بۆ هاوسەرگرتن (الزواج) نییە ،بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هاوسەرگرتن بریتیە لە دامەزراندنی ئەو پەیوەندیەی نێوان ژن وپیاو کە لە رێگەیەوە ئەو منداڵانەی لە دایک دەبن کۆمەڵگا بە نەوەیەکی شەرعی وباوەڕپێکراویان دەناسن )(13) (وستەرمارک) لە پێناسەی هاوسەرگیریدا دەڵێت بریتیە لەو پەیوەندیەی پیاوێک یان چەند پیاوێک بە ژنێکەوە یان بە چەند ژنێکەوە دەبەستێت وتا رادەیەک ئەم پەوەندیەش جێگیرەو تێرکردنی سێکسی و هاوکاری ئابووری لە خۆ دەگرێت و بە زۆریش لەیەک یەکەی نیشتەجێبووندا دەژین ،دەبێ ئەم پەیوەندیە لەگەڵ داب ونەریتەکانی ئەو کۆمەڵەیەدا تەبا بێت و یاسا رێگەی پێ بدات ، چەندین ماف وئەرک لە خۆ دەگرێت بۆ هەردوو لایەن هەر لە کاتی چوونە ناو قەفەسی زێڕینەوە تا کۆتایی پێکەوە ژیان ولە دۆخی هێنانی مناڵیشدا ئەرک و مافەکان هێندەی تر فراوانتر دەبن)(14) ئەگەر بە ووردی سەیری هەموو تەوەرەکانی ئەم پێناسەیە بکەین بۆمان دەردەکەوێت سیستەمی خێزانی بە یەکێک لە سیستەمە کۆمەڵایەتیە بنچینەییەکان دادەنرێت رۆڵ و بایەخێکی گەورەو گرنگی هەیە نەک هەر لە رێکخستنی کۆمەڵایەتیدا بەڵکو لە رێکخستنی غەریزەی سێکسی وپەسەند کردنی پێکەوە ژیانی هاوسەری و هاوبەشی لە نێوان هەردوو رەگەزەکەدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی وجێگیر بوونی ئەو تێڕوانینەی بە چاوێکی رێزو بەرزەوە دەڕوانێتە هاوسەرداری و نزمبوونەوەی پێگەو پلەو پایەی هەر کەسێک لە کۆمەڵگەدا ئەگەر جگە لەم رێگەیە بە شێوەیکی تر هەوڵی تێرکردنی ئەو غەریزەیە بدات .
لە رووی مێژوویی و چۆنیەتی درووست بوونی هاوسەرگیری و خێزانەوە رابۆچوونی جیاواز هەیە ،بۆچونێک هەبوو جەختی لەسەر بەرەڵایی و کۆمۆنەیی ژیانی سێکسی نێوان مرۆڤەکان دەکردەوە ،پێی وابوو قۆناغی بەرایی ژیانی ئادەمیزاد بە هاوبەشی ژیانی سێکسی دەستی پێکردووەوهیچ لەمپەرێک لە نێوان مرۆڤەکاندا نەبووە لەم بارەوە ،بەڵام دوواتر توێژینەوە مرۆڤناسیەکان ئەم بۆچوونەیان رەتکردەوە بەو بەڵگەیەی کە سیستەمی هاوسەرگیری و شێوەی ژن ومێردایەتی لە نێوان هەندێک لە ئاژەڵانی باڵادا هەیە ئیتر چۆن دەبێ مرۆڤی ژیر بەم قۆناغەدا تێپەڕیبێت(15)ئەوەی جێی گومان نیە ئەوەیە دەبێ هەر لەسەرەتای پەیدا بوونی مرۆڤەوە نێرو مێ بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسیەکانیان جۆرێک لە پەیوەندیان لە نێواندا هەبووبێت ئەگەر ئەو پەیوەندیەش بووبێتە هۆی سک پڕی و وەچە خستنەوەو هەرچۆنێک بۆ ئەم پرسەیان روانیبێت ،ئەگەر بەوەیان زانیبێت ئەم سک پڕیە لە ئەنجامی ئەو پەیوەنیەوە هاتووە یان نا،هیچ ئەرکێک کەوتبێتە سەر پیاوەکە یان نا،هەموو ئەمانە بابەتێکی ترن ،بەڵام پەیوەندی نێوان دوو رەگەزەکە و گرنگی وکاریگەری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جۆرێک لە رێکخستنی ویستووە تا بووە بە دامەزراوەو سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بۆنموونە گرنگی خێزان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا رابردوویەکی قوڵ ودوورو درێژی هەیە لە کۆنترین نوسراو و پاشماوەکانی فیرعەونیەکاندا لە میسر (بتاح حەوتپ) لە نزیکەی (4500)ساڵ بەر لە دایک بوون ،رێنمایی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت ئەگەر دەتەوێت مەرد ودانا بیت بۆ خۆت خێزانێک درووست بکە(16) واتە هەبوونی خێزان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خێزان یەکێک بووە لە نیشانەکانی مەردایەتی ،لەم مێژووە دوور و درێژەیەدا چەندین شێوازی هاوسەرگیری وخێزانی بە خۆوە بینیوە کە زۆربەی سەرچاوە مرۆڤناسیەکان ئاماژەیان پێ دەکەن.
لە رووی نزیکی دووری کۆمەڵایەتی ژن وپیاوەوە دووجۆری هاوسەرگیری هەیە یەکەمیان ئیندۆگامیە واتە ناوخۆیی لە چوارچێوەی ئەو خێڵ وهۆزو بنەماڵەیەی تێیدا لە دایک بوون و رێگە بە هاوسەرگیری دەرەکی نادات ،دووەمیشیان (ئیکزۆگامی)یە بە پێچەوانەوە رێگە بە هاوسەرگیری ناوەکی نادات ،ئەگەرچی ئەمرۆ ئەم جۆرانە سنووری خێڵ وبنەماڵە تیرەیان تێپەڕاندووە بەڵام هێشتا جۆرێک لە ئیندۆگامی چینایەتی و رەگەزی و دینی لە ئارادایە رێگە بە هاوسەرگیری نێوان بنەماڵە وچینە جیاوازەکان یان رەگەزە جیاوازەکان یان ئاین ومەزهەبە جیاوازەکان نادرێت،لە بارەی چۆنایەتی و چەندایەتی ژن ومێرد پێکەوەژیانیشەوە دیارترین و گرنگترین جۆرەکانی هاوسەرگیری و خێزان بریتین لەمانەی خوارەوە(17):-
أ-تاک ژن ومێردی :مۆنۆگامی (Monogamy)واتە کۆبوونەوەو پێکەوە ژیانی یەک پیاو ویەک ژن بە ناوی هاوسەرگیری و درووستکردنی خێزانەوە ،لەم جۆرەدا ناکرێ پیاوەکە زیاتر لەیەک ژن وژنەکەش زیاتر لەیەک پیاوی هەبێت ،زۆربەی هەرە زۆری گروپە مرۆییەکان لە ئیستاو لە رابردووشدا ئەم سیستەمەیان پەیڕەو کردووەو لە رۆمان و یۆنان و لە ئیستای کۆمەڵگەی ئەوروپیدا هەر ئەمە باوە چونکە ئەمە جۆری رێگە پێدراوی ئاینی مەسیحیە ،هەروەها لە ناو موسڵمانانیشدا زیاتر ئەمە باوە ئەگەرچی ئاینی موسڵمانان رێگەی بە فرە ژنی داوە بەڵام مەزەندە دەکرێت رێژەی زیاتر لە 96%ی خێزانی موسڵمانانیش هەر لە شێوەی مۆنۆگامی بێت لەم سەردەمەدا بە رێژەیەکی کەم دیاردەی فرەژنیان تێدا مابێت.
ب- فرەژنی پۆلیگامی (Polygamy) بریتیە لەوەی لەیەک کاتدا پیاوێک پەیوەندی ژن ومێردایەتیی لەگەڵ چەند ئافرەتێکدا هەبێت ،ئەگەر چی بە پێی ئامارو توێژینەوە دانیشتوانیەکان لە هەموو گروپە مرۆییەکاندا رەگەزی نێرو مێ لەرووی چەندایەتیەوە تا ئاستێکی زۆر لەیەک نزیکن یان هەر یەکسانن و هیچ بیانوویەکی دیموگرافی و بایۆلۆژی نیە بۆ فرەژنی بەڵام جگە لەمانە هۆکاری تر هەیە مرۆڤەکان هاندەدەن پەنا بۆ فرەژنی بەرن وەکو سەختی ژیان و زَۆری ئەرکی ئافرەتی ماڵەوە لە هەندێک کۆمەڵگەدا بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیە پیاوەکە ژنێکی تریش دێنێت یان خۆدەرخستن وشانازی کردن بە سەروەت وسامان وخۆ پیشاندان وەکو پیاوێکی دەوڵەمەندی بە تواناو خاوەن پێگەو پلەو پایەی کۆمەڵایەتی چەند ژنیش دەکاتە کەرەستە وئامرازێکی تری ئەو خۆ دەرخستنە یان بە هۆی حەزکردن لە مناڵ و وەچەی زۆر بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی هەبوونی کوڕی زۆر پلەوپایەیەکی بەرزتر دەداتە باوکەکە .دیارە ئەم جۆرەش یاسا ورێساو سیستەمی تایبەت بە خۆی هەیە لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا هیچ سنوورێک نیە پیاو دەتوانێت تا حەز بکات و توانای هەبێت ژن بینێت ، بۆ نمونە لە کۆمەڵگەی باگاندای ئەفریقیا مەلیکەکەیان زیاتر لە دووسەد ژنی هەیەو کاربەدەستە باڵاکانیش نزیکەی سەد ژن و کەم خەڵکی عامەش هەیە زیاتر لە ژنێک یان دووژنی نەبێت ،تەنیا ئەوانەی زۆر هەژارن ،پار ساڵ واتە لە 2010دا هەواڵی مردنی پیاوێک لە رۆژنامەکاندا بڵاو کرایەوە لە ئەفریقیا (74)ژنی هەبوو ،لە هەندێک کۆمەڵگای تردا ناکرێ پیاو زیاتر لە چوار ژنی هەبێت .
ج- فرەمێردی :پۆلیندری(Polyandry) بریتیە لەوەی یەک ئافرەتێک لە هەمان کاتدا پەیوەندی ژن و مێردایەتی لەگەڵ چند پیاوێکدا هەبێت وژنی هەموویان بێت ،ئەمە زۆر بەکەمی بڵاوە تەنیا لە هەندێک گروپی مرۆیی تبت لە ناوەراستی ئاسیاو لە خێڵی تودا لە باشووری هند بینراوە ،هەندێک جار هەموو مێردەکان برای یەکترین یان جاری وا هەیە برا نین بەڵکو هەر یەکە لە خێڵێک و لە گوندێکن ژنەکە بە نۆرە لایان دەمێنێتەوە لە کاتی سک پڕیدا لەسەریانە پیاوەکان هەندێک ریێورەسمی ئاینی ئەنجام بدەن تا بزانن کامیان دەبنە بابی ئەو مناڵە و مناڵانی دووای ئەویش چونکە بە لای ئەوانەوە گرنگ نیە باوکی بایۆلۆژی کێیە .بەڵکو ئەنجامدانی ئەو رێورەسمە ئاینیانە خەسڵەتی باوکایەتی بۆ مناڵەکە بە کام پیاو دەدات ،هۆکاری ئەمەش زۆرەو پەیوەندی بە خودی ئەو گروپە مرۆییەوە هەیە گرنگترینیان نا یەکسانی رێژەی نێرو مێیە لە کۆمەڵگەیەدا بە هەر هۆکارێکەوە بێت یان گرانی پێویستیەکانی ژن هێنان ،یان رێگە گرتن لە دابەشبوونی میرات لە نێوان وەچەی براکاندا .
د-هاوسەرگیری بە گروپ(Group Marriage)بریتیە لە هەبوونی پەیوەندی ژن ومێردایەتی لە نێوان چەند ژن وچەند پیاوێک لەیەک کاتدا واتە هەر پیاوێکیان مێردی هەموو ژنەکانەو هەر ژنێکیش ژنی هەموو پیاوەکانە لەیەک کاتدا ،ئەم جۆرە هاوسەرگیری وخێزانیە بە پێی هەندێک لە توێژینەوە مرۆڤناسیەکان لە چاخە بەراییەکانی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە، توێژینەوە لە مێژووی سەرەتایی ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە قۆناغێکدا پیاوان لە دۆخی فرەژنیدا بوون و لە هەمان کاتیشدا ژنەکانیشیان لە دۆخی فرە مێردی ،مناڵەکانیان بە هاوبەشی هی هەمووان بوون (18)،بەڵام لەسەردەمی ئیستادا بوونی نیە ،جگە لە هەندێک گرووپی مرۆیی زۆر دەگمەن وەکو هۆزەکانی (کەینک کانک)لە بەرازیل لە لایەن هەندێک توێژەرەوە تێبینی کراوە ،ئەگەرچی لە سەردەمە کۆنەکانیشدا باو نەبووە و وەکو رێسایەکی گشتی نەبووە،بەڵام وەکو دۆخێک لە پاڵ جۆرەکانی تری هاوسەرگیریدا بینراوە ،جگە لەمەش لە ناو هەندێک لە خێڵەکانی کۆمانش و ئەسکیمۆ دیاردەیەکی تر دەبینرێت ،ئەویش بە رەزامەندی مێرد لە هەندێک بۆنەدا ژن دەدرێتە کەسانی تر .
پەراوێزو سەرچاوەکان
• : ئەم نوسینە (لە گۆڤاری کۆمەڵناسی ژمارە هەشت زستانی 2011بڵاو کراوەتەوە) لە بنەڕەتدا باسێکە لە پرۆژەی کتێبێک بۆیە لە کاتی ئاماژە کردن بەسەرچاوەکان نوسراوە (مصدر سابق) یان (سەر چاوەی پێشوو) ئەوە خۆی لە پرۆژەی کتێبەکەو لە بەشەکانی پێشووتریدا ئەو سەرچاوەیە بەکارهاتووە بەڵام بۆ ئەم باسە بە تێروتەسەلی و وەکو ئەوەی پێویستە ئاماژە بەسەرچاوە بکرێت نەنووسراوە .
1 –الرشدان ، الدکتور عبدالله ، علم اجتماع التربیە ،دار الشروق للنشر والتوزیع ، رام الله ، فلسگین ، 1999، ص: 115.
2-عپمان ، الدکتور ابراهیم ،مقدمە فی علم اڵاجتماع ، دار الشروق للنشر والتوزیع ، عمان ،اڵار دن ، اڵاصدار الپالپ ، 2006، ص 211.
3-الفائدی ، الدکتور محجوب عگیە ، المصدر السابق ، ص33
4- الرشدان ، الدکتور عبدالله ،المصدر السابق ، ص: 106.
5 -لگفی ،عبدالحمید ،علم اڵاجتماع ، المصدر السابق ،ص 68
6-السمالوگی ،دکتور نبیل محمد توفیق ،البناو النڤری لعلم اڵاجتماع ،الجزو اڵاول ،دار الکتب الجامعیە ،اڵاسکندریە ، المصر ، 1974، ص110-111.
7 --لگفی ،عبدالحمید ،علم اڵاجتماع ، المصدر السابق ،ص 68
8 – فوال ، دکتور صلاح مصگفی ، التاریخ النڤری لعلم الاجتماع ، دار الفکر العربی ، قاهرە ، 1982، ص 151.
9-خەلیقی ، دکتور حوسەین ، کۆمەڵناسی کوردەواری ، بەرگی یەکەم ، چاپخانەی (الحوادپ) بەغدا ، 1990، ل: 14.
10 --لگفی ،عبدالحمید ،علم اڵاجتماع ، المصدر السابق ،ص68
11- عەزیز ، دکتۆر حوسێن موحەمەد ، هێندێ زانیار ی تیۆری دەربارەی بنچینە سەرەکییەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ،گۆڤاری کوردستان سەدەی 21، ژمارە ، (8) ، 2010، ل 259.
12- عپمان ، الدکتور ابراهیم ،مقدمە فی علم اڵاجتماع ، المصدر السابق ، ص219
13-سلیم ، دکتور شاکر مصگفی ، قاموس اڵانپروبولوجیا ، کویت ، 1980، ص 756.
14-القصیر ،ملیحە عونی ، والدکتور صبیح عبدالمنعم احمد ،علم اجتماع العائلە مگبعە جامعە بغداد ، بغداد، 1984 ، ص264 .
15-ماکیڤەر ، ر.م. و شالز بیدچ، المجتمع ، ترجمە ، الدکتور السید محمد العزاوی و ێخرون ،الجزو الپانی ، ،مۆسسە فرانکلین للگباعە والنشر ،مکتبە النهچە المصریە ، القاهرە-نیویورک، 1971، ص466
16-عبدالباقی ، دکتور زیدان ، رکائز علم اڵاجتماع ، المصدر السابق ، ص 9
17- القصیر ،ملیحە عونی ، والدکتور صبیح عبدالمنعم احمد ، سەرچاوەی پێشوو ، ل:275-291
18-ئەنگلس ، فریدریک ،بنەچەی خێزان وخاوەنداریەتی تایبەت و دەوڵەت ، و: کەریم مەلا رەشید ،چاپخانەی تیشک ، سلیمانی ، 2004،ل:63