ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن کاک هیمن لە گۆڤاری کەوانە ئەنجامدراوە لە مانگی شوباتی 2012بە هیوام سودیک بە خوینەران بگەیەنیت
پ: ئایا راستە ئێمە لەسەردەمی گواستنەوەی کەلتورداین لە کەلتورێکی نەریتیو باووکۆنەوە بۆ کەلتوورێکی مۆدێرن؟
و: ئەم پرسیارە دوو وەڵامی هەیە ،چونکە لە بنەڕەتدا دوو پرسیارە ،یەکێکیان ئەوەیە ئایا کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغی گواستنەوەدایە؟کە قۆناغێکە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی هەیە ،بۆ ئەمەیان دەڵێین بەڵێ ئێًمە لە قۆناغی گواستنەوەداین ،هەمیشە ژیان و کۆمەڵگا لە گۆڕاندان ،ئەوەی جیاوازە لە کۆمەڵگاکاندا رێژەی خێرایی ئەو گۆڕانکاریانەیە ،ئەگەر ساڵانی پێشوو گۆڕانکاری لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر لەسەر خۆ بووبێت ئەوا ئێستا لە ژێر کاریگەری زۆر هۆکاردا گۆڕانکاریەکان خێراتر بوون،
بەڵام ئایا ئەم گواستنەوەیە مانای ئەوەیە لە کەلتووری نەریتیەوە بۆ کەلتوری مۆدێرن دەگوازینەوە؟ ئەمە مەرج نیە، چونکە پەیوەستە بە ئایندەی گۆڕانکاریەکانەوە ،ناکرێت ئێستا بڕیار لەسەر ئەنجامی گۆڕانکاریەکان بدەین و بڵێین لە نەریتیەوە بۆ مۆدێرن دەگۆڕێین !،سەرەڕای گۆڕانکاریەکانیش هێشتا رەگەز وتوخمەکانی کلتوری نەریتی لە کۆمەڵگاکەماندا ماون و بەهێزیشن ،ئەگەری ئەوە هەیە بە دیوێکی تردا گۆڕانکاریەکان ئاراستە بکەن ،چونکە بەشێکی زۆری گۆڕانەکە پەیوەندی بە پێگەیاندن و پەروەردەو فێرکردنەوە هەیە، ئەوانەی ئەم پرۆسەیەش جێ بەجێ دەکەن هێشتا نەوەی کۆنن ،هەڵگری ئایدیاو جیهانبینیەکی نەریتین ،بێگومان لەگەڵ خۆیاندا بەشێکی زۆری کلتوورە کۆنەکە دەگوازنەوە بۆ نەوەی نوێ .
پ: خەسڵەتەکانی ئەو کەلتورە مۆدێرنە چیە؟
و: وەکو گوتم ئەمە ناکرێ ناوی لێ بنێین کلتووری مۆدێرن ،ئەگەرچی هەندێک لە سیماکانی بە تایبەتی لە رواڵەتدا لە مۆدێرن دەچێت وجیاوازە لەگەڵ کلتوورە کۆنەکە ،بەڵام تا ئێستا رواڵەتەکانیشی لە خزمەتی ناوەڕۆکدان و لە جەهەردا کلتوورێکی نەریتی ،خێڵەکی ،نیشانەکانی کلتووری کۆمەڵگا دووا کەوتووەکانی پێوە دیارە ، بۆ نمونە بنەماڵەو باب وباپیرو خێڵ و ناوچەو باگراوندی کۆمەڵایەتی نەک هەر کاریگەری هەیە لەسەر پێگەو پلەو پایەو شوێنی هەر یەکێکمان لە کۆمەڵگادا ،بەڵکو تەواو دیاریی دەکات ،تاک بە ئازایەتی و چالاکی و لێهاتوویی خۆی ناتوانێت رێزو شوێنی شایستە بە خۆی بە دەست بێنێت ،کۆمەڵێک ئیعتباراتی تر لە پشت ئەمەوەن ،ئەمەش نیشانەی کۆمەڵگای نەریتیە ،ئەگەرچی کۆمەڵگای ئێمە لە گواستنەوەدایە و بە هۆی کرانەوەو بازرگانی و چوونە دەرەوەو خوێندن و بارودۆخێکی تایبەتیەوە تا رادەیەک هەل بۆ تاکەکان هەڵکەوتووە بزاوتێکی کۆمەڵایەتی درووست بکەن بەڵام ئەگەر زیاتر لە بزاوتەکە ورد بینەوە زیاتر ئاسۆییە نەک ستوونی ،واتە گۆڕانکاریەکە هەر لە پێگەی خۆیدایە بەڵام رەوشی ژیانی باشتر بووە .
پ: چۆن ئەم گواستنەوەیە ببینین ؟
و: دەکرێ سیماو نیشانەکانی گواستنەوە لە درووست بوونی ئاکارو رەفتاری نوێدا بەدی بکەین، ئەمەش زیاتر لە لاواندا دەبینرێت ، سنووری پەیوەندیەکانیان زۆر فراوان بووەو ئاگاداری هەموو گۆڕانکاریەکانی جیهانن ،سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی زانیاریان جۆراوجۆربووەو یەک کەناڵ ناتوانێت کۆنترۆڵیان بکات ،ئەگەر لە رابردوودا خێزان یان ژینگەی کۆمەڵایەتی یان خانەکانی خواپەرستی وەکو مزگەوت و تەکیەو خانەقاکان سنوری مەعریفەو ئاکارو رەفتاری تاکەکانی دیاری دەکرد و لاوان بەو مەعریفەیە گۆش دەکران ئەم کەناڵانە بەرهەمیان دەهێنا ئێستا کەناڵی تر پەیدابوون و کاریگەریان لە سەر پرۆسەی پێگەیاندن و پێدانی کلتوورو کاملً کردنی کەسایەتی تاکەکان و گونجانیان لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیدا هەیە ،ئەم کاریگەریەش لە ئایندەدا بەدەردەکەوێت.
پ: کێن ئەوەی ئەم گواستنەوەیە دەکەن؟
و: هەمیشە لە کۆمەڵگاکاندا هێزێک یان چەند هێزێک هەیە دەبنە داینەمۆ و بزوێنەری مێژوو ،پرسی ئەوەی ئایا ئەم هێزانە کێن یان هەوێنی پرۆسە مێژووییەکان چین؟ پرسێکی جەوهەریی زانستە کۆمەڵایەتیەکان بە گشتی وکۆمەڵناسی بەتایبەت بووە ،ئەگەرچی لە کۆتاییدا ئەوە هەر مرۆڤەکان خۆیان دەبێ ژیانی خۆیان بگۆڕن و باشتری بکەن ،بەڵام گەڕان بە دووای دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەو گۆڕانەدا مێژوویەکی دووردرێژی هەیە ، بۆ نمونە لای کۆمەڵناسی فەرەنسی (ئۆگەست کۆنت) ئەوە هزرە قۆناغەکان دیاری دەکات و بە پێی گۆڕانی هزری مرۆڤەکان ریزبەندی ئەو قۆناغانە دەکرێت وەکو (لاهوتی ، میتافیزیکی ، پۆزەتیڤیزم) کەچی لای مرۆڤناسی ئەمریکی (هنری لویس مۆرگان) بە هۆی گۆڕانی کەرەستەکانی بەردەستی مرۆڤ قۆناغەکانی پەرەسەندن دیاری دەکرێت بە پێی ئەم کەرەستانەش مرۆڤایەتی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە وەک (وەحشیەت ،بەربەریزم ، مەدەنیەت) ،بەڵام لای (کارڵ مارکس) دەبینین بە هۆی گۆڕانی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەهەرمهێنانەوە کۆمەڵگا بە قۆناغەکانی (کۆمۆنەی سەرەتایی و کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری)دا تێپەڕیوە، ئەوەی گواستنەوەکانی کردووە ململانێی چینایەتی بووە ،لەم قۆناغەشدا پرۆلیتاریا ئەم ئەرکەی لەسەرشانەو دەبێ بە رۆڵی مێژوویی خۆی هەڵسێت ، لای زانای ئیتالی (باریتۆ ) مەعریفەو رۆشنبیری و تێگەیشتنی تاکەکان کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی رۆشنبیرو گشتیدا دابەش دەکات و ئەوە رۆشنبیرانن پێشڕوایەتی دەکەن و رۆڵی بنچینەیی دەبینن لە پرۆسەی گواستنەوەدا ، کەچی لای (هێربەرت مارکۆزە) دەبێ قوتابیان ئەم رۆڵە بگێڕن و جێگای ئەو پرۆلیتاریایە بگرنەوە کە مارکس ئومێدی لەسەر درووست کردبوو . ئێستا هەموو ئەم ئەگەرانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هاتوونەتە پێش، لە رووی هزریەوە پێشکەوتنێکی باش هاتووەتە ئاراوە ، کەرەستەکانی بەردەست و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن لە کوردستاندا جێگای کۆنی گرتووەتەوە ، دابەشبوونی چینایەتی بەدەرکەوتووەو بەشێکی زۆری کۆمەڵگا زۆر هەژارو بێ پێگەو دەسەڵاتن و کەمینەیەکی کۆمەڵگاش پێگەی بەرزو بەدەسەڵات و زۆر دەوڵەمەندن ، ئەگەرچی رۆشنبیرانمان یەک تێڕوانین و ئاراستەیان نیەو دابەشبوون بەڵام قۆناغی پۆلێنکردنی ئەوانیش هاتووەو ئەوانەی لەگەڵ خواست و داواکاریەکانی کۆمەڵگادان ،داوای تێپەڕاندنی قۆناغەکەو بەمەدەنی بوون و دامەزراوەیی و یەکسانی و عەدالەت دەکەن وردە وردە کاریگەریان زیاتر دەبێت و زیاتر بە رۆشنبیر دەناسرێن ،هەروەها نەک هەر قوتابیان بەڵکو لە کوردستاندا لاوان بە گشتی پێشەنگی گۆڕانکاریەکانیان وەرگرتووەو شۆڕشگێڕترین توێژی کۆمەڵگان و هەتا دێت بەهێز تر دەبن بۆیە هەموو ئەمانە پێکەوە رۆڵ دەبینن ، ناکرێ پرۆسەیەکی وا گرنگ لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا بدەینە پاڵ یەک لایەنی ژیانی مرۆڤەکان .
پ: ئایا تاچەند لەگەڵ موتوربەکردندایت(موتوربەکردنی کەلتورە نوێیەکە لەگەڵ خۆماڵیەکە)؟ بەواتا پێتوایە پێویستە موتوربەی کلتورەکە بکرێت لەگەڵ خۆماڵی یان وەکخۆی وەریبگرین ؟
و: ئەوە رەوشی کۆمەڵایەتی وشێوازی دابینکردنی پێویستیەکانی ژیان و کارو مامەڵەکردنی رۆژانەی تاکەکانی کۆمەڵگا ئەوە دیاری دەکات ، لە وەرگرتنی رەگەزە کلتووریەکاندا کۆمەڵگا ناتوانێت سەربەست وئازاد بێت کام رەگەزی دەوێت و کام رەگەزی ناوێت، یان لە کلتوورە کۆنەکەی خۆی دەست بە کام رەگەزەوە دەگرێت و دەیهێڵێتەوەو کامە دەگۆڕێت ،ئەوە ناچاری ژیان و پێویستیەکانە ،لە رووی کۆمەڵایەتیەوە حەراممان پێ حەڵاڵ دەکات و حەڵاڵیش حەرام ، رەگەزە ئاینی ومەعنەویەکانیش سنووری خۆیان هەیە، پرەنسیپە ئاینیەکانیش لە هەموو ئاینەکانی سەر زەویدا بە پێی رەوشی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایە دانراون کە بڕوایان پێیەتی ، خوا لە هیچ ئاینێکدا داوای شتێک ناکات لە توانای مرۆڤەکاندا نەبێت ،بۆیە هیچ ئاین و کلتوورو رەگەزێکی کلتووری لە مێژوودا وەکو خۆی نەماوەتەوە ،هەموو رەگەزە کلتووریەکان بە پێی قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵگا شایانی گۆڕانن ،من ئەمرۆ لەگەڵ ئەوەدام هەر کەرەستەو رەگەزێکی کلتووری بۆ ژیانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەمان باشترەو ئاسوودە ترمان دەکات وەری بگرین ،هەموو ئەوانەش نیشانەی چەوساندنەوەو ستەم و کۆت کردنی مرۆڤەکانن لایان بەرین، بەڵام ئایا بە حەزو خۆزگەی من دەبێت ؟ هێشتا ژیان و رەوشە کۆمەڵایەتیەکە ئەوە دەخوازێت .
پ:ئەو نوێگەریەی دەبینرێت تا چەند موتوربەیی پێوە دیارە؟
و: لەبەر ئەوەی ماوەیەکی کورتەو گۆڕانکاریەکانیش خێرا روویان داوە بە تایبەتی لە رووی پەیوەندیەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیاو تێکەڵاوبوونمان بە کەلتووری گەلانی تر، لە سەرەتادا شپرزەیی و تێکچوونێکی شیرازەی رێکخستنی کۆمەڵایەتیمان لا درووست بوو ،لە بەرامبەر ئەمەدا بەخۆداچوونەوەیەک هاتە ئاراوە ،ئەمەش لە گەڕانەوە بۆ بنەما ئاینیەکان و بەهێزکردنەوەی پەیوەندیە خزمایەتیەکان و نوێکردنەوەی رایەڵە ناوچەییەکان بەدەردەکەوێت ،رەنگە ئەمە ماوەیەکی مێژوویی چارەکە سەدەیەک درێژە بکێشێت ،بەڵام دوواتر تەوژمێکی بەهێز تر ،ئەوەی ئەمرۆ پێی دەڵێین موتوربە دەگۆڕێت .
پ: سەبارەت بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، ئایا تاچەند پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێستادا لە دەست ئایین سەنراوەتەوە، واتە گەر پێشتر سەنتەری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ئاین بوبێت هەنوکە چیە؟
و: وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد لە پاڵ خێزان و دەوروبەرو خانەکانی خواپەرستیدا کەناڵی تر پەیدابوون ،بەڵام بەومانایە نیە ئیتر ئەمانە لە پرۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەکردندا رۆڵیان نەمابێت ،یان ئەم پرۆسەیەیان لێ سەندرابێتەوە ،ئاین رۆڵی زۆر گرنگی هەیە لە ژیانی مرۆڤەکاندا ، دۆرکایم یەکێکە لە کۆمەڵناسە فەرەنسیەکان پێی وایە ئاین وەکو ئاوە لە جەستەی مرۆڤدا ،چۆن بە کەمبوونەوەی ئاو جەستە وشک دەبێت ،بێ باوەڕییش ژیان وشک دەکات ،هیچ کات لە کۆمەڵگای کوردیدا ئاین سەنتەری پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان نەبووە ،کورد ئاینی زۆر بە سادەیی و ساکاری وەرگرتووە ،دەمارگیری پێوە دیار نەبووە لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا ،بنەماڵەیی و تیرەو خێڵ و خزمایەتی و پێکەوە ژیان لە سنوورێکی دیاریکراودا سەنتەری پەیوەندیەکان بووە ،زۆر جار لە سەرچاوەکاندا ناوی کوردستان بە مۆزەخانەی ئەتنۆگرافی هاتووە ، واتە مۆزەخانەی مانەوەی کەلتوور و بیروباوەڕە جیاوازو دێرینەکان ،ئێستا ئەگەر هەوڵێک هەبێت ئاین بکرێت بەسەنتەر جۆرێکە لە دەمارگیری و توند رەوی و لەگەڵ سروشتی کەسایەتی کورددا ناگونجێت بۆیە زیاتر حیزبە ئاینیە میانڕەوەکان سەرکەوتوو دەبن لەم قۆناغەدا .
پ: هەنوکە سەردەمی زانستو تەکنەلۆژیایە ئایا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان هی ئەم سەردەمەن(واتە زانستو تەکنەلۆژیا) یان هەر پەیوەندیە کۆنەکە باڵادەستە؟
و: بێگومان پەیوەندیەکان و لایەنی مەعنەوی کەلتوور بە هەمان خێرایی گۆڕانی کەرەستە مادیەکان ناگۆڕێن ، کۆمەڵناسێک بە ناوی (ولیەم ئۆگبرن) بەمە دەڵێت کەلێنی کلتووری ،واتە ئەو بۆشاییەی دەکەوێتە نێوان ئاکارو رەفتارو بیروباوەڕو کەرەستەکانی بەردەستی مرۆڤەوە ،لە کوردستانیشدا ئەمە بەدی دەکرێت ،تا رادەیەک تەکنۆلۆژیا خراوەتە خزمەتی پەیوەندیە کۆنەکانەوە ،کەناڵ و کەرەستەی تەکنۆلۆژی بەهێز بەکار دەهێنرێن بۆ رێ ورەسم وبۆنە کۆمەڵایەتیە نەریتیەکان .کەناڵێکی وەکو تەلەفزیۆن و سەتەلایت بەکاردێت بۆ ریکلام و بانگەشە بۆ دیاردەیەکی نا زانستی ،بۆ جۆرێک لە خورافات ، بۆ بە ئاژەڵ کردنەوەی مرۆڤ ،ئەنتەرنێت و کۆمپیوتەرو مۆبایل بەکاردێت بۆ رێگە گرتن لە مێردکردنی کچە ئامۆزایەک .بە مۆبایل هەڕەشە لە رۆشنبیرێک دەکرێت ،بێ ئەوەی هەڕەشەکەر بیر لەوە بکاتەوە ئەم ئامێرەی ناو دەستی بەرهەمی ئازادی ئەقڵ بووە ،فوتوشۆپ بۆ سوکایەتی پێکردن وناوزڕاندنی کۆمەڵایەتی و بەد رەوشتی بەکاردێت ،هەموو ئەمانە نیشانەی نەگونجانی کەرەستەکانن لەگەڵ بیروباوەڕو بیرکردنەوەو جیهانبینی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایانە کە خۆیان لە درووستکردنی ئەم کەرەستانەدا رۆڵیان نەبووە .
پ: ئایا لە نیوان ئەم دوو جۆر لە پەیوەندیە(تەقلیدو سەردەمی) گۆڕانەکان تەنیا لە فۆرمدا روویانداوە یان ناوەڕۆکیش؟ واتە مۆدێرنە توانیویەتی لە ڕیشەوە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بگۆڕێت؟
و: گۆڕانی ریشەیی پەیوەندیەکان وابەستەی پرۆسەیەکی مێژوویی درێژخایەنە ،وەکو گوتمان لایەنی مەعنەوی کلتوور بە هەمان خێرایی جل وبەرگ و مۆدێلی ئۆتۆمبێل و کەرەستەی ناوماڵ ناگۆڕێت ،ئەمە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا وایە و هەر وابووە ،کۆمەڵگای ئێمەش لەمە بەدەر نیە ،خێزانێکی کورد هێشتا رانەهاتووەو رێگا نادات ،وەکو چۆن کوڕەکەی لەسەر ئەنتەرنێت و فەیس بوک و پەویەندی کردنە بە جیهانی دەرەوە بە هەمان شێوە کچەکەی ئەم پەیوەندیەی هەبێت ، هەروەکو چۆن چەند ساڵێک لەمەوپێش چۆن کوڕەکە دەچووە قوتابخانەو دەخوێنێت رێگای نادا کچەکە بخوێنێت ، ئەمرۆ پێویستیەکانی ژیان و سەردەمەکە ناچاری کردووە ،دەبێ کچیش شان بەشانی باوک وبراکەی بەشداری لە داهاتی خێزان و پەروەردەو فێرکردن و لە تەواوی کایەکانی تردا رۆڵی هەبێت ،ئەمەش بە ئافرەتی خوێندەوار دەکرێت بۆیە ئاین و سیستەمی کۆمەڵایەتی و داب ونەریتیش رێگەیان بە چوونە قوتابخانەی کچاندا ،بوارەکانی تریش بەم جۆرە ماوەیەکیان دەوێت تا کەرەستە تەکنۆلۆژیەکان کلتووری تایبەت بە خۆیان درووست دەکەن .
پ:-ئایا لەنیوان ئەو دوو جۆرە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی (تەقلیدی و مۆدێرن) تا چەند تاکێتی تاک یان سەربەخۆیی تاک پارێزراوە .؟ بە واتا ئایا لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا لە کۆنو لە ئێستادا سەربەخۆی تاک لەکامیاندا باشتر دەبینرێت؟
و: ئەگەر مەبەست بە گشتی بێت بێگومان ئەوە روونە یەکێک لە بنەماکانی مۆدێرنە ئیندیڤژوالیزمە لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە بووە یەکێک لە بابەتە گرنگ وگەرماوگەرمەکانی نێوان زاناو توێژەرانی بواری فەلسەفەو زانستە کۆمەڵایەتیەکان ،ئەگەرچی رەگ وریشەی ئەم باسە لە رووی مێژووییەوە لەبەرهەمەکانی فەیلەسوفانی یۆنانی وەکو ئەفلاتون و ئەرستۆشدا هەبوون .
لە کلتووری مۆدێرندا تاک دەتوانێت خەونی هەبێت و هەوڵی بەدی هێنانی خەونەکانی بدات ،ئیتر بیروبۆچوونەکانی گوزارشت لە خودی خۆی بکات و گوزارشت نەبێت لە گروپ، دەستکەوتەکانی موڵکی خۆی بێت و هەر خۆی شانازیان پێوە بکات ،کەموکورتی و نەهامەتی و سەرنەکەوتنەکانی هەر بۆ خۆی مایەی شەرمەزاری بێت و ناو ناوبانگی گروپ نەزڕێنێت ،لە کلتووری مۆدێرندا تاک ئازادەو خۆی بۆ خۆیە ،لە نەرییتیدا تاک وابەستەی گروپێکی دیارکراوەو ئەگەر چی ئەوە قسە دەکات بەڵام لە راستیدا ئەوە گوزارشتە لە گروپ ،لە جیاتی ئەوەی بڵێت من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم ، درووشمی من لە خێڵدام کەواتە هەمی بەرز کردووەتەوە ،گروپ رەفتارو هەڵسوکەوت و حەزو هیواو خۆزگەکانیشی دیاری دەکات ، خێزان و بنەماڵە ئاراستەی خوێندن و پیشەو شوێنی نیشتەجێبوون و هاوسەرو هاوڕێ و کارو کردەوەکانی تاک دەکەن .بێگومان ئەمەش رێژەییە ناکرێ بڵێین لە هەموو کۆمەڵگا نەریتیەکاندا بە هەمان ئاست پەیوەندیەکان توندو بەهێزن بەڵام بە گشتی ئەمە خەسڵەت و تایبەتمەندیەکی کۆمەڵگا نەریتیەکانە .
پ: ئایا کردنەوەی ئەو کافتریاو قاوەخانەو.. هەنوکە لە کوردستان دەبینرێت تاچەند رۆڵی هەیە لە گۆڕانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان؟ ئایا بە کۆمەڵایەتیبونی تاکەکان لەم سەردەمەدا لە قاوەخانەکانو تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە دەستپێدەکات یان لە نێو مزگەوتو شوێنە ئاینیەکان؟
و:پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە خێزانەوە دەست پێ دەکات بەڵام خێزانیش تەنیا کەناڵ نیە ،دەوروبەرو هاوڕێ وهاوتەمەن و خانەکانی خواپەرستی و قوتابخانەو دامەزراوە پەروەردەییەکان و ەناڵەکانی راگەیاندن و خوێندنەوەو پارت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکاکان و هەموو ئەمانە کار دەکەن بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و ئەمەش پرۆسەیەکە هەر لە دایک بوونەوە دەست پێ دەکات و تا مردنیش بەردەوام دەبێت ،دیارە بە پێی قۆناغەکان کاریگەری کەناڵەکانی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێن ،ئەگەر پێنج ساڵی یەکەم کاریگەرترین قۆناغی تەمەنی مرۆڤەکان بێت بۆ درووستبوونی کەسایەتی ئەوا ئەو تەمەنە تاک لای ئێمە لە چوارچێوەی خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەوروبەرو کۆڵاندا دەیباتە سەر ،لە کۆمەڵگاکانی تردا لە دایەنگەو باچەی ساوایان پەروەردە دەکرێت ،دوواتر تێکەڵی قوتابخانە دەبێت کە لە کۆمەڵگای ئێمە تا رادەیەک جیاوازی لەگەڵ ژینگەکەی پێش خۆیدا نیە ، یان خراپترە ،بە هۆی نەبوونی بەرنامەی زانستی و مامۆستای پسپۆڕ لە پەروەردەکردنی مناڵ لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و...هتد جگە لەوەی لە هەر سێ ئەم ناوەندەدا واتە خێزان و دەوروبەرو قوتابخانەش ئاین و بیروباوەڕی غەیبی رۆڵی هەیە و رەگەزێکی بەهێزە لەو پێگەیاندنەدا ،بۆیە دوواتر رەنگدانەوەی قوڵی دەبێت لەسەر جیهانبینی و بیروباوەڕی تاکەکان ،هەر پرۆژەو بەرنامەیەک کار بۆ گۆڕینی ئەو ئاراستەو بیرکردنەوەیە بکات ،رووبەرووی پێکهاتەیەکی سەخت دەبێتەوە ،ئەمرۆش لەگەڵ درووستبوونی ئەنتەرنێت و فەیسبوک و چات و پەیوەندی ئەلکترۆنی و کەناڵەکانی راگەیاندن بە گشتی ،ئەگەرچی ئەمانە یەکێکن لە کەناڵە کاریگەرەکانی پێگەیاندن و پەروەردەکردن و گۆڕینی ئاراستەی بیرکردنەوەی تاکەکان لە کۆمەڵگاکاندا ،بەڵام وەکو ئاماژەم پێکرد لە کۆمەڵگاکانی وەکو ئێمەدا لەگەڵ پێکهاتەیەکی سەختدا مامەڵە دەکەن و لەم قۆناغە بە تایبەتی بۆ نەوەی یەکەمی فەیسبووک ئەو کاریگەریە قوڵەی نابێت یان ئەو مرۆڤە مۆدێرنە درووست نابێت مەدەنیانە بیر لە کۆمەڵگاو دیاردەکانی بکاتەوە ،چونکە ئایا ئەوانە کێن و چەندن فەیسبوک بەکاردێنن چ لە رووی چەندایەتی و چە لە رووی چۆنایەتی بەکارهێنان وسوود وەرگرتن لەمانە چۆنە، هەروەها بۆچی بەکاردێن ؟؟ بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا کاریگەری زۆری هەیە و لە ئایندەدا ئەو کاریگەریانە بەدەردەکەون .