هەر توێژینەوەیەکی زانستی دەبێ بە دوای وەڵامدانەوەی پرسیارێکی سەرەکیدا بگەڕێت، پرسی سەرەکی ئەم توێژینەوەیەش بریتیە لەوەی ئایا رەوشی چاودێری تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا چۆنە و خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە چ ئاستێکدان و رەنگدانەوەیان لەسەر مردنی هاوڵاتیان بە گشتی چیە ؟ دوواتر ئەو ئاکامە کۆمەڵایەتیانەی لەم رەوشەوە درووستبوون چین ؟
بێگومان مردن بە گشتی یەکێکە لەو پێوەرە نێودەوڵەتیانەی بۆ ئاستی پێشکەوتن و گەشەکردنی کۆمەڵگاکان بەکاردێت، بۆ ئەوەی بزانرێت وڵاتێک لە چ ئاستێکی خۆشگوزەرانیدا دەژیت و تا چەند چاودێری تەندروستی وپێداویستیە بنەڕەتیەکانی بۆ دابینکراوە, سەیری رێژەی مردنی دەکەن لەو کۆمەڵگایەدا بە تایبەتی مردنی مناڵان ، بۆیە هەمیشە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ئەم رێژەیە بەرزە, بە پێچەوانەوەش هەرچەند ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکە بەرز بێت رێژەی مردنی تێدا نزمترە، یەکێک لە گرفتی هەندێک لە توێژینەوە زانستیەکان زۆر جار لەدیاریکردنی هۆکارو ئەنجامە، واتە لە دوو گۆڕاودا کامیان هۆکارن و کامیان ئەنجامی ئەو هۆکارەن، بۆیە قسەکردن لەسەر پەیوەندی نێوان رەوشی تەندروستی و هەندێک لایەنی ژیانی کۆمەڵگا رووبەرووی ئەو گرفتەمان دەکاتەوە، یان ئەو پرسیارەمان لادروست دەکات ئایا ئەو رەوشی تەندروستیە ئەو دۆخەی لە کۆمەڵگادا دروست کردووە یان رەوشی ژیانی کۆمەڵگاکەیە ئەو دۆخە تەندروستیەی هێناوەتە ئاراوە؟ بێگومان لە هەردوو روانگەکەوە دەکرێت سەیری ئەم پەیوەندیە بکەین, بەڵام لەم توێژینەوەیەدا بە کورتی گرفتی توێژینەوەکە شیکردنەوەی رەوشی چاودێری تەندروستیە لە هەرێمی کوردستان وەکو هۆکارێکی سەربەخۆ دوواتر روونکردنەوەی ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم رەوشەو مەترسیەکانیەتی لەسەر کۆمەڵگاو ژیانی هاوڵاتیان.
باسکردنی چاودێری تەندروستی و دابینکردنی، قسەکردنە لەسەر ئایندەیەکی خۆشگوزەران بۆ کۆمەڵگا، لە هەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر ژینگەیەکی تەندروست بۆ تاکەکانی فەراهەم نەکرابێت تەواوی بوارەکانی تری ژیانی ئەو کۆمەڵگایە مەترسی وهەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، لە رابردوودا سێ دەردی کوشندەی کۆمەڵگا دوواکەتووەکان بریتی بوو لە (نەخوێدەواری و هەژاری و نەخۆشی)لەناو ئەم سێ پەتایەشدا نەخۆشی لە هەموویان ترسناکترو کوشندەتر بووە, وە مەترسی وکاریگەری زیاترە، چونکە تەندروستی باش بناغەی فێربوونە (ئەقڵی تەندروست لە جەستەی تەندروستدایە) هەروەها سەرچاوەی کارو داهات و پەیداکردنی بژێویە، بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدانی کۆمەڵگا دەبێ لە تەندروستیەوە دەست پێ بکرێت، بۆیە یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم توێژینەوەیە ئاستی ئەو خزمەتگوزاریانەمان بۆ دەردەخات و دەکرێ دوواتر لایەنی پەیوەندیدار بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەموکورتیانە بە پێی پێشنیاری توێژینەوەکە هەنگاوی پراکتیکی بۆبنرێ ، جگە لەوەی ئەم توێژینەوەیە دەبێتە هۆی رونکردنەوەی بوارەکە بۆ هەموو ئەو توێژەرانەی دوواتر گرنگی بەم بابەتە دەدەن .
ئەم توێژینەوەیە دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە :-
أ-دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان چۆنەو ژمارەی پزیشک و پەرستارو کادیرانی تەندرووستی و...هتد چەندە، ئایا بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان دەبێ چەند بێت یان لە کۆمەڵگاکانی تردا چۆنە ؟
ب- پشکی ساڵانەی کەرتی تەندورستی لە تێکڕای بودجەی گشتی هەرێمدا و بەرکەوتی هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندورستیدا چەندە و بە پێی پێویست دەبێ چەند بێت ؟
ج-نیشاندانی ژمارەی نەخۆشخانەکان و بەشی دانیشتوان لە نەخۆشخانەو قەرەوێڵەو پزیشک ، تا چەند لەگەڵ پێویستیەکانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا دەگونجێت ؟
د-نیشاندانی ژمارەی نەخۆش و ئەوانەی بەمەبەستی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوەو چەندایەتی ئەوانەی چاک بوونەتەوە و ئەوانەش کە مردوون یان چاک نەبوونەتەوە؟
ه-ئاستی چاودێری تەندروستی لە بواری نەخۆشیە باوەکانی کوردستان ولە بواری منداڵان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان, چۆنە ؟
و-ئاکامەکانی ئەم رەوشە لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا چیەو ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت کۆمەڵگاکەمان بەرەو کوێ دەبات ؟
دیارە یەکێک لە هۆکارە بابەتیەکانی هەڵبژاردنی هەر دیاردەیەک بۆ توێژینەوە، گەرموگوڕی باسکردنی دیاردەکەیە لە کەناڵە جیاجیاکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەدا( ), لەم سەردەمەدا بە هۆی کرانەوەو هاتوچۆو تێکەڵاوی کۆمەڵگاکەمان بە گەلانی تر و ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر کەش هەواو و جۆری خواردن و خواردنەوەو هاتنی خۆراکی بەسەرچوو و خراپی داودەرمان و گۆڕانکاریەکانی شێوازی ژیانی تاک لە کۆمەڵگاکەماندا و بە هۆی چەندین هۆکاری ترەوە مردنی کتوپڕ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەباو نیە و پەنا دەبرێتە بەردەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن و..هتد هەموو ئەمانە وەکو گرفتێک لە کۆڕوکۆبوونەوەو دانیشتەنەکاندا باسی لێوە دەکرێت، بۆتە پرسێکی بابەتی و شایانی ئەوەیە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و هۆکارەکانی بدۆزرێتەوە بزانرێ رەگ وریشەی گرفتەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و مەترسیەکانی چین ؟ بە تایبەتی ئەگەر سەیری رێژەی تووشبووان بکەین بە هەندێک نەخۆشی دیاریکراو وەکو نەخۆشیەکانی دڵ و فشاری خوێن و شەکرەو هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان و...هتد, دەبینین بە پێی ئامارە فەرمیەکانی خودی حکومەت, ساڵ لەدوای ساڵ رێژەی ئەم نەخۆشیانە بەرزتر دەبنەوە و ژمارەی توشبووان زیاتر دەبێ ! ئایا پێشنیارو رێگاچارەی ئەم گرفتە چیە؟ هەموو ئەمانە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بوون بۆ توێژینەوە .
لە رووی پێکهاتەوە توێژینەوەکە لە سێ بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: دیاریکردنی چەمکەکانە، ئەم بەشە بە کورتی پێناسەی هەندێک لەو چەمکانە دەکات کە بە زۆری لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتوون.
بەشی دووەم: بریتیە لە خستنەڕووی هەندێک لە ئەزموونی گەلان لە بواری سیاسەتی دانیشتوانی و بەرنامەکانیان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن بە تایبەتی رێژەی مردنی منداڵان و گەشەپێدانی دانیشتوان.
بەشی سێهەم: دوا بەشی توێژینەوەکەیە بریتیە لە وەسفکردنی رەوشی چاودێری و خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکان لە هەرێمی کوردستان و ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی، تیێدا بە وردی باسی رەوشی خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکان کراوە لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە، دوواتر ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتیانەی لەم رەوشەوە دروست دەبن, شیکراونەتەوە.
لە کۆتاییشدا ئەنجام ودەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە و راسپاردەو پێشنیارەکان خراونەتەروو.
بەشی یەکەم : ئەم بەشە پێناسەی چەند چەمکێک لەخۆ دەگرێت:-
1- چاودێری تەندروستی (Health care):
چاودێری تەندروستی بریتیە لە کۆی ئەو خزمەتگوزاری و کارڕاییە خۆپارێزیانەی دامودەزگاکانی تەندروستی بە گشتی پێشکەشی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگای دەکەن, ئەویش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی ئەندامانی کۆمەڵگا و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشیەک( ).
مەبەست لە چاودێری تەندروستی ئەوەیە کە دەوڵەت پارەی چارەسەریەکە بۆ نەخۆش لە ئەستۆ دەگرێت و لە میانەیەوە چاودێری پزیشکی بە خۆڕایی بۆ نەخۆش دابین دەکات ،پارەی خزمەتگوزاریە پزیشکیەکانی وەک نووسینگە پزیشکیەکان و نۆرینگەکان و نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکانی پەیوەندیدار پێی لەئەستۆ دەگرێت و هەموو پێداویستیەکان لە دەرمان و ئامێرە پزیشکیەکان و کادیری پزیشکی بە خۆڕایی یان بە نرخێکی هەرزان دابیندەکات و دەیخاتە بەردەستی هاوڵاتیانی( ), هەروەها رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بارەی چاودێری تەندروستیەوە پێناسەیەکی تری کردووەو دەڵێت: (چاودێری تەندروستی بریتیە لە شێوازێکی چاودێری و پەیوەستە بە تەواوی هەر کۆمەڵگایەکەوە، میکانیزمەکانی بریتین لە ئامرازگەلێکی سادەو ئاسایی وهەرزان ولە لایەن کۆمەڵگاوە پەسەندن، پێویستە ودەبێ تواناکان و کەرەستە و ئامرازەکان لە خودی کۆمەڵگاکەوە سەرچاوەیان گرتبێت و تەواوی کۆمەڵگاکەش بگرێتەوە بە کۆچەری و لادێی و شارنشینیەوە)( ) لەم پێناوەدا بیمەی تەندروستی وەکو ئامرازێکی گرنگی چاودێری تەندروستی هۆکارێکە بۆ دابینکردنی پاڵپشتی دارایی خزمەتگوزاریە پزیشکیەکان لە رێگای سێ لایەنی سەرەکیەوە کە ئەوانیش هاوڵاتیان و پێشکەشکاری خزمەتگوزاری پزیشکی (نەخۆشخانە و نۆرینگەکان ...) و کۆمپانیای بیمەیە( )، هەموو ئەمانە لە هەرێمی کوردستاندا خۆیان لە کوتانی منداڵان و چاودێری دایکایەتی و منداڵبوون و ژنانی دووگیان و ژینگەو تەندروستی قوتابخانەکان و خواردنگە و ....هتد دەبینێتەوە .
2-چاودێری پزیشکی :( Medical care):
چاودێری پزیشکی جیاوازە لە چاودێری تەندروستی، لە کۆمەڵگا سەرەتایی و دوواکەوتووەکاندا پزیشکی میللی و جۆرێک لە خزمەتگوزاری پزیشکی بوونی هەیە، بەڵام چاودێری تەندروستی لە ئارادا نیە، یان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، چاودێری پزیشکی بریتیە لەو خزمەتگوزاریە چارەسەری و دەستنیشانکردنانەی کە هەر تیمێکی پزیشکی پێشکەشی تاکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگای دەکەن, وەکو ئەو پشکنین و چارەسەرییانەی هەر پزیشکێک لە نۆڕینگەکەی خۆیدا یان لە هەر نەخۆشخانەیەکدا بۆ هەر نەخۆشێکی ئەنجامدەدات( ). ئەمە لە هەرێمی کوردستاندا هەموو ئەو نەخۆشانە دەگرێتەوە کە بە مەبەستی چارەسەرکردن سەردانی بنکە تەندروستیەکانیان کردووە، کە بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی 2011دا نزیکەی (9,686,657)نەخۆش بوون .
3-ئاکامە کۆمەڵایەتیەکان :( Social outcomes - النتائج الاجتماعیە):
ئاکام واتە ئەو ئەنجام یان ئەو دەرئەنجامەی کە دەکەوێتەوە لە هەر کردە، پرۆسە، مامەڵە، هەڵسوکەوت، هەڵوێست ، رووداو، وتوێژ، بڕیار یاخود سیاسەت ( ), رەفتارو بەرنامەو پراکتیزەکردنی نەخشەی کارێک، بەڵام کاتێک چەمکی کۆمەڵایەتی دەخەینە پاڵ و دەڵێین ئاکامە کۆمەڵایەتیەکان، مەبەست ئەو ئەنجامانەیە لە بونیاد و پێکهاتەی کۆمەڵگاکەدا بە هۆی دۆخێک یان خراپی سیستەمێک لە بەرێوەبردنی کۆمەڵگاکەدا بەدەردەکەون، لێرەدا مەبەست لەو ئەنجامانەیە لە بەرنامەکانی چاودێری تەنردوستی و پزیشکی دەکەونەوە، بە تایبەتی لە بواری مردنی منداڵاندا ، دوواتر چ رەنگدانەوەیەکی کۆمەڵایەتیان دەبێ.
4- زۆربوونی سروشتی: (Natural increase - الزیادە الگبیعیە):
یەکێک لەو چەمکە باوانەی لە زانستی دانیشتوانناسیدا بەکاردێت زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانە، بە تایبەت لە کایە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان وئەوەی پەیوەستە بە سیاسەت وئاسایشی نەتەوەیی کۆمەڵگەکانەوە, زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان رەنگدانەوەی قوڵی دەبێت لەسەر تەواوی بونیادو ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و زۆربەی زانایانی بواری زانستە کۆمەڵایەتیەکانیش لەم بارەوە تیۆری تایبەت بە خۆیان هەیە( ) وەکو ئەمیل دۆرکایم و فردیناند تۆنیزو وارین تۆمسن و ...هتد, مەبەست لە زۆربوونی سروشتی ئەو بڕە دانیشتوانەیە کەلە ئەنجامی جیاوازیەکانی رێژەی لە دایکبوون و رێژەی مردندا دەچنە سەر قەبارەی دانیشتوانی هەر کۆمەڵگایەک، بێ رەچاوکردنی ئەو رێژە دانیشتوانەی لە ئەنجامی رەوکردن و کۆچکردنەوە هاتوون ( ).
لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر بە دوای ئەم رێژەیەدا بگەڕێین دەبێ بە شێوەیەکی بیرکاریانە کۆی مردنەکان لە ساڵی 2011دا لە کۆی لە دایک بوونەکان دەربکەین، کە بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی بریتین لە 155118-70978 =84130 منداڵ چوونەتە سەر ژمارەی دانیشتوان ،ئەمە بریتیە لە زۆربوونی سروشتی لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشی دووەم : ئەزمونی نێو دەوڵەتی لە بواری خزمەتگوزاریەکانی تەندروستیدا:
دەستپێک:
گومان لەوەدا نیە کە پەیوەندیەکی توندو تۆڵ هەیە لە نێوان هەل ومەرج و رەوشە کۆمەڵایەتیەکان و تەندرووستی مرۆڤ و پەرەسەندنی نەخۆشیەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا، نەخۆشی و باری تەندروستی پەیوەندی بە کلتورو سیاسەتی حکومەت و جیهانبینی تاکەکانیەوە هەیە( ), بۆیە هەر کۆمەڵگایەک نەخۆشی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەمەش بەشێکە لە کلتوری باوی ئەو کۆمەڵگایەو دەرهاویشتەکانی ژیانی رۆژانەی تاکەکانی، بەڵام هەر کۆمەڵگایەکیش چەمک و تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردن و چۆنیەتی دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ نەوەکانی، بەگشتی بە پێی تێگەیشتن وجیهانبینی و سیاسەتی گشتی کۆمەڵگاکە بیر لە دابینکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان دەکرێتەوە ، ئەگەر سەیری ئەزمونی گەلانی تر بکەین کاتێک بە هەمان قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیون، مردنی منداڵان بەرز بووە و ئاستی خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکانیش نزمبووە ، دەبینین بە هاوکاری مادی و لۆجستی ورێنمایی پەروەردەیی وڵاتانی تر بەرنامەرێژی و سوود وەرگرتن لە ئەزمون و شارەزایی وڵاتانی ترو دانانی ستراتیژێک توانیویانە گرفتە دانیشتوانیەکانیان چارەسەر بکەن، لە بەرامبەر ئەمەشدا بەشێکی تری کۆمەڵگاکان کە سیاسەتێکی دانیشتوانی روونیان نیە، گرفتە دانیشتوانیەکانیان درێژەخایەنە و دەبێتە کۆسپ لەبەردەم پەرەسەندنی هەموو بوارەکانی تردا، لەم بەشەدا باسی ئەزمونی هەندێک لەو وڵاتانە دەکەین:
باسی یەکەم: ئەزموونی ئاسیایی:
توێژینەوە لە بابەتە دانیشتوانیەکان وەکو زانستەکانی تر لە کۆتایی سەدەی هەژدەو سەرەتای سەدەی نۆزدە لە رۆژئاوا سەری هەڵدا، لەسەر بنەمای ئەو توێژینەوە زانستیانەی لەم بوارەدا ئەنجامدران نەک هەر کۆمەڵگاکانی خۆیان بەڵکو تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان بە پێی گرفتە دانیشتوانیەکانیان پۆلێنکرد، لەم پۆلێنکردنەشدا هەندێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقیاو ئەمریکای لاتینیان بە کۆمەڵگا سەرەتاییەکان لەقەڵەمدا( ), چونکە هەڵگری بەشێکی زۆری خەسڵەت و تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگا سەرەتاییەکان بوون لە رووی لە دایکبوون و مردن و ئاستی گەشەکردنی دانشتوانیانەوە، یەکێک لەووڵاتانەی لە ئاسیادا بە هاوکاری سەندوقی یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەی زانستی و نەخشەی ستراتیژی چارەسەرکردنی گرفتە دانیشتوانیەکانی داڕشت وڵاتی ئوردنە، لە کۆتایی حەفتاکانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان وەفدێکی لە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری دێموگرافیا رەوانەی ئوردن کرد بۆ دیاریکردنی گرفتە دانیشتوانیەکانی ئەو وڵاتەو قەبارەی پێویستیەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، دوای توێژینەوە و تێگەیشتن لەو گرفتانە، وەفدەکە گەیشتە ئەو باوەڕەی دەبێ بۆ ماوەی چوار ساڵ بە بەردەوامی یارمەتی ئوردن بدرێت بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتە دانیشتوانیەکانیدا، بۆ ئەو ماوەیەش بە پێی خەمڵاندنی لیژنەکە، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئوردون پێویستی بە حەوت ملیۆن دۆلارە، دیارە بۆ کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئەو بڕەیە زۆر بووە، هەر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا نزیکەی بیست پرۆژەی تر خرایەروو بۆ یارمەتیدانی ئوردن، وەکو ئامارو سەرژمێری و نیشتەجێکردن و مەشق وراهێنان و بنکەی توێژینەوەی زانستی و پلانی هێزی مرۆیی و فراوانکردنی خزمەتگوزاریە تەندرووستیەکانی منداڵان ودایکان و بەرنامەی رێکخستنی خێزان و پەروەردەو فێرکردن و باشتر کردنی گواستنەوەو گەیاندن و ...هتد ، بۆ نمونە یەکێک لەو بوارانەی پێویستە بە پەلە کاری لەسەر بکرێت دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئاستی خوێندەواری دایک و مردنی منداڵانە.
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەم بوارەدا ئەنجامدراون لەسەر ئاستی جیهانی رێژەی مردنی منداڵان لە دایکانی نەخوێندەواردا(61)شەست ویەک منداڵە لە هەر هەزار منداڵدا، بەڵام ئەم رێژەیە بۆ (41)منداڵ دادەبەزێت لە هەر هەزار منداڵدا لەوانەی دایکیان خوێندەوارن، ئەمە لەکاتێکدا لەسەر ئاستی هەندێک وڵات رێژەکە زۆر لەمە بەرزترە بۆ نمونە لە شاری قاهیرە لە ساڵی 1989دا لە توێژینەوەیەکدا بۆ بەراورد کردنی رێژەی مردنی منداڵان لە دایکانی خوێندەوارو نەخوێندەواردا ئەوە بەدەرکەوت کە رێژەی مردنی منداڵان لای ئەو دایکانەی نەخوێندەوارن (141)مناڵە بۆ هەر هەزار مناڵی لە دایک بوو بەڵام لای ئەو دایکانەی خوێندنی زانکۆییان تەواو کردووە بە رێژەی (50،7)ە, واتە لەو خێزانانەی دایکان نەخوێندەوارن مردنی منداڵان نزیکەی سێ بەقەد ئەو خێزانانەیە کە دایکەکان خوێندەوارن ( )، لێرەوە وەکو ئەزمونێک دەکرێ گرنگی خوێندەواریمان بۆ دەربکەوێت لە کەمکردنەوەی رێژەی مردنی منداڵاندا.
ئەگەرچی لە بارەی کوردستانەوە هەموو ئەو داتاو زانیاریانەی بڵاو دەکرێنەوە جێگای گومانن چونکە نەسەرتاسەری کوردستان دەگرنەوەو نە کەسانی پسپۆڕو شارەزا کارەکان ئەنجام دەدەن و نە دامودەزگاکانی کوردستان بە دامەزراوەیی کراون کەهێشتا میزاجی کەسی و سۆزی حیزبایەتی و ناوچەگەری رۆڵ لەبڵاوکردنەوەیاندا دەبینێت(•), لە هەرێمی کوردستاندا تائێستا رێژەی خوێندەواری لە نێوان ئافرەتانی تەمەن (15-49)کەتەمەنی بە پیتی ئافرەتانە بە ئاستی ئەوەی تەنیا دەزانێ بخوێنێتەوەو بنووسێت کە هیچ بروانامەیەکی قوتابخانەی نیە 59%یە، ئەوەی شایانی باسە، پاش 22ساڵ لە دەسەڵاتی کوردی هێشتا ئەم رێژەیە لە ناوچەکانی تری ئێراق بەرزترە لە هەرێمی کوردستان ، بۆ نمونە لە عێراق رێژەی دایکانی خوێندەوار(67% )ە( ). لەم ئەزمونانەوە بۆ چارەسەرکردنی رەوشی تەندرووستی و مردنی منداڵان لە کۆمەڵگاکەماندا دەکرێ ئەوە فێربین کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە داوای کۆمەک وهاوکاری لە رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان بکەین بۆ پەرەپێدانی مرۆیی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندرووست سوود لە ئەزموونی گەلانی تر وەربگرین.
باسی دووەم: ئەزموونی ئەفریقی :
وڵاتانی کێشوەری ئەفریقیا یەکێکن لەو وڵاتانەی بە درێژایی مێژوو، بە تایبەتی لە نزیکەی پێنج سەدەی رابردوودا، گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان لەوێدا روویداوە، بە قۆناغی پڕکارەسات و نەهامەتیدا تێپەڕیون، یەکێک لەو گرفتانەی زیاتر لەسەدەیەکە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم گۆڕان و پێشکەوتنیاندا نەبوونی هاوسەنگی ژمارەی دانیشتوان و توانای دابینکردنی پێدایستیە بنەڕەتیەکانی ژیانی کۆمەڵگاکەیانە وەکو خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پاک و شوێنی نیشتەجێبوون و خوێندەواری وئاستێکی تەندروستی باش، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئەم گرفتانە لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە هەندێک لە حکومەتەکانی ئەم کێشوەرە، پەنایان بردە بەر کۆمەڵەو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وسوود وەرگرتن لە توانا مادی ومرۆییەکانی هەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەمانیش تا رادەیەکی باش سیماکانی دوواکەوتوویی و کۆمەڵگای سەرەتاییان لە خۆ سڕیوەتەوە, بۆ نمونە سەندوقی چاودێری چالاکیە دانیشتوانیەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە بۆ یارمەتی وڵاتانی ئەفریقیا بودجەی تایبەتی داناوەو کێشوەری ئەفریقیای بەسەر سێ گروپی جیاوازدا دابەشکردووە، یارمەتی دوو گروپی ئەو وڵاتانە دەدات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی منداڵان و باشترکردنی رەوشی ژیانی خێزانەکانیان و ئافرەتانی دووگیانی ئەو کێشوەرە، لە گروپی یەکەمدا ئەو وڵاتانەی داناوە پێویستی دەستبەجێییان بە یارمەتیە( )و لە پێشەوەی وڵاتانی تر دانراون، وەکو ئەسیوپیا و ئۆگەنداو رەواندا و سەنگال و غینیا و مۆریتانیا و..هتد, کە تا رادەیەکی زۆر ئێستا لەم وڵاتانەدا رەوشی مردنی منداڵان و نزمی ئاستی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانیان نزیکە لە هەرێمی کوردستان, ئەگەر نەخۆشخانە ئەهلیەکانی لێ دەربکەین.
لە گروپی دووەمیشدا وڵاتانی وەکو باشووری ئەفریقیا و کامیرۆن و سوازیلاند وهەندێکی تر دانراونو کە رەوشی خزمەتگوزاریەکانیان تێدا باشتربوو, لە زۆربەی ئەم وڵاتانەدا بۆ چارەسەرکردنی دەست بەجێی گرفتی مردنی منداڵان لە رێکخستنی خێزان و هۆشیارکردنەوەی دایکان و تیمی پزیشکی گەڕۆک و دابینکردنی خۆراک وخواردنەوەو ژینگەیەکی تەندرووستەوە دەستیان پێکرد، کاریگەریەکانی ئەم جۆرە بەرنامانە لە تەقینەوەی دانیشتوانی کێشوەرەکەدا بەدەر دەکەوێت کە بە ماوەیەکی مێژوویی زۆر کەم لە زۆربەی ئەم وڵاتانەدا دانیشتوان دوو بەرامبەر بوویەوە.
بەشی سێیەم : رەوشی چاودێری تەندروستی و ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی لە کوردستان:
دەستپێک :
بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی هەر کۆمەڵگایەک پێویستە سەیری گۆڕاوەکانی بیمەی تەندروستی وئاستی کوالیتی داودەرمان ورێژەی پزیشک و کادرە تەندروستیەکان بۆ دانیشتوان بکەین لەگەڵ ئاکاری پزیشکی بەرامبەر نەخۆش وهۆشیاری ژینگەیی و ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی درێژخایەن و هەندێک جۆری تایبەتی نەخۆشی ومردنی لەناکاو ومردنی منداڵان و پشکی کەرتی تەندروستی لە بودجەی گشتی و ..هتد، کە هوو ئەمانە دوواجار دەرئەنجامی کۆمەڵایەتی و دەروونی تایبەتیان لێدەکەوێتەوەو جارێکی تر کاریگەری دەخەنەوەسەر باری تەندروستی هاوڵاتیان کە نەخۆشی جەستەیی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆیاندا دێنن، هەریەکێک لەمانە لە چوارچێوەی ئەم بەشەدا واتە رەوشی چاودێری تەندروستی و ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی، لە میانەی دوو باسدا بە درێژی باس دەکەین بەم شێوەی خوارەوە:-
باسی یەکەم : رەوشی چاودێری تەندروستی :
رەوشی چاودێری تەندروستی تەواوی بوارو پێکهاتەو جیهانبینی و تواناو شارەزایی و کەرەستە و ئامێرو بونیادی هەیکەلی شوێنە تەندروستیەکان و پێکهاتەکانیان دەگرێتەوە, بۆیە ئەم باسە بەسەر چەند بڕگەیەکدا دابەش دەکەین :
1- توانا مرۆیی و لۆجستیەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان :
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە هەر بوارێکدا دوو پایەی سەرەکی هەیە، بریتین لە کەرەستە لۆجستیەکان و شارەزاییە مرۆییەکان، لەم بڕگەیەدا باسی ئەو دوو پایەیە دەکەین :
أ- توانا لۆجستیەکان بۆ چاودێری تەندروستی :
بوونی کەرەستەو ئامێرو ئامراز و شوێن وکەل وپەل و بواری تەکنۆلۆژی ومادی بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری تەندروستی مەرجێکی سەرەکی سەرکەوتنی پرۆژە خزمەتگوزاریەکانە لەم بوارەدا، بە پێچەوانەوە دوواکەوتوویی و کۆنی وکارنەکردنی ئەم کەرەستانەش ئاستێکی خزمەتگوزاری دوواکەوتوومان دەداتێ، بۆ نمونە (پۆل برێمەر) لە یاداشتەکەیدا لە ئێراق بۆ نیشاندانی ئاستی دوواکەوتوویی نەخۆشخانەکان، دەڵێت لە سەردانێکماندا بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی بەغدا هەمان ئەو بۆنەم بە لوتدا هات کە سی وپێنج ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقیا و ئەفغانستاندا کردبووم، هەروەها کاتێک نوسراوی سەر تەختەیەکم هەر لەم نەخۆشخاهنەیە خوێندەوە نوسرابوو 1962 ئەڵمانیای رۆژئاوا)( )، بۆ ئەوان ئەمە بەسە تا لەوە تێبگەن رەوشی نەخۆشخانەکانمان چۆنە، جگە لەوەی خاڵێکی زۆر گرنگتر هەیە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت ئەویش بڕو چەندایەتیە، واتە بێ رەچاو کردنی کۆنی و نوێیی، یان پێشکوتوویی و دوواکەوتوویی، کارایی و ناکارایی ئامێرو کەرەستەکان دەبێ بزانین، ئەو ئامێرە یان ئەو دامەزراوەیە بۆ چەند کەس تەرخان کراوە لە کۆمەڵگاکەدا، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا (59)نەخۆشخانە هەیە، بە پێی دووا ئامار ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (5351276)کەسە واتە هەر (90700)کەس یەک نەخۆشخانەیان بەردەکەوێت، سەرجەم ئەو قەرەوێڵانەی لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ هەموو نەخۆشیەکان (6841) قەرەوێڵەیە، ئەگەر دابەشی سەر (59)نەخۆشخانەی بکەین، بۆمان دەردەکەوێت هەر نەخۆشخانەیەک بەتێکڕایی لە هەرێمی کوردستان (115) قەرەوێڵەی هەیە، واتە توانای هێشتنەوەی (115)نەخۆشی هەیە لە ژێرچاودێریدا، لە بارەی پشکی هاوڵاتیانیشەوە بە (782)کەس یەک قەرەوێڵەیان بەردەکەوێت، بەم جۆرە فشارێکی زۆر هەیە لەسەر نەخۆشخانەکان ،بۆ زیاتر روونکردنەوە بڕوانە خشتەی ژمارە یەک .
خشتەی(1) توانا لۆجستیەکانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2011
بەرکەوت/ پارێزگا هەولێر سلێمانی دهۆک کۆی گشتی
ژمارەی نەخۆشخانە 22 28 9 59
ژمارەی قەرەوێڵە 2586 2880 1375 6841
دانیشتوان بۆ هەر نەخۆشخانەیەک 87705 80106 130978 298788,5
نەخۆشخانەی حکومی بۆ هەر 100000کەس 1,14 1,2 0,67 3,1
ژمارەی بنکە تەندرووستیە سەرەکیەکان 93 147 64 304
ژمارەی بنکە تەندرووستیە لاوەکیەکان 165 395 69 629
کۆی ژمارەی بنکە تەندرووستیەکان 258 542 133 930
بەرکەوتی دانیشتوان بۆ هەر بنکەیەک 7479 4138 9068 20684,7
بەرکەوتی بنکە بۆ هەر 100000کەس 13,37 24,16 11,02 48,55
ئیتر ئەگەر نەخۆشخانەکان کەرەستەو کەلوپەلەکانیشیان نوێ وکارا بن، ناتوانن خزمەتگوزاری تەواو پێشکەش بکەن، لەبەر زۆری نەخۆشەکان, رۆژانە چەندین کەس بە هۆی پشتگوێ خستن و کەمتەرخەمی ستاڤی نەخۆشخانەکان و پێ رانەگەیشتن دەمرن، بۆ نمونە هەر لە نزیکەی مانگێکدا (17)کەس لە کوردستان بە هۆی لێدانی دەرزیەوە مردوون، کەباشترین نمونەی خەمساردیە بەرامبەر نەخۆش، بۆیە دەبینین هەر کەسێک لە کوردستاندا ئەگەر بە هەر جۆرێک لە توانایدا هەبێت بە هیچ شێوەیەک بۆ چارسەرکردن روو ناکاتە نەخۆشخانە حکومیەکانی کوردستان، بەڵکو بۆ چارەسەرکردن یان دەچێتە دەرەوەی وڵات، یان لە نەخۆشخانە ئەهلیەکانی هەرێمدا چارەسەر دەکات، کەژمارەیان (39)نەخۆشخانەیە ، لە هەولێر (23), لە سلێمانی (12), لە دهۆک (4)نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە، نەشتەرگەریەکی دڵ بە (8,000,000)هەشت ملیۆن و هەر شەوێکی مانەوە(145)دۆلار لە نەخۆشێک وەردەگیرێت( )، ئەمە لە توانای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستاندا نیە، بۆیە توانا لۆجستیەکانی چاودێری تەندروستی لەگەڵ ئاستی پێویستیەکانی خەڵکدا نین، بە تایبەتی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کە توانای چارەسەرکردنی لە دەرەوە یان لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان نیە، ئەمرۆ بە پێی ئامارە فەرمیەکان نزیکەی (9686657)کەس سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکانیان کردووە، لەمانە تەنیا (692213)نەخۆشیان پێویستی بەوە کردووە لە نەخۆشخانەدا بمێننەوەو (8994444)نەخۆشیان یەکسەر بەڕێ کراون! ،گومان لەوەدا نیە ئەم بڕەش بە هەزاران نەخۆش پێویستیان بە پشکنینی وردتر و مانەوە لە ژێرچاودێری و چارەسەری باشتر هەیە، لەو (692213)نەخۆشەی لە نەخۆشخانەکاندا لە ژێرچاودێری ماونەتەوە. تەنیا (647557)کەسیان بە سەلامەتی لە نەخۆشخانەوە گەڕاونەتەوە ماڵ ، (44656)کەسیان یان مردوون ، یان چاک نەبوونەتەوە، هەموو دەزانین ساڵێک (365)رۆژە ، ئەگەر لە ساڵێکدا (9686657)نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکان بکات، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کوردستان نیو ئەوەندەیە، واتە بەتێکڕایی رۆژانە(30947)نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکانی کردووە جگە لە رۆژانی هەینی کە دەوام نیە، ئەگەر لە هەموو نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانیشدا تەنیا (1262)پزیشکی پسپۆڕ هەبێت، گریمان نیوەی ئەم ژمارەیەش لە دەوام بن هێشتا هەر پزیشکێک رۆژانە پشکنینی زیاتر لە (50)نەخۆشی بەردەکەوێت، ئەمەش بەبەردەوامی ژمارەیەکی زۆرەو لە رووی زانستیەوە ناکرێ دەشتنیشانی وردی نەخۆشیەکان بکرێت .
ب- تواناو پسپۆڕیە پزیشکیەکان :
لەم بڕگەیەدا باسی چەندایەتی پزیشکان و پسپۆڕیەتی و کارمەندان و کادرە ناوەندیەکانی بواری چاودێری تەندرووستی دەکەین، کە ئەوان بزوێنەری کارەکان و هێزی مرۆیین بۆ راپەراندن و جێ بەجێ کردنی خزمەتگوزاریەکان، لە رووی چەندایەتی وژمارەی پزیشک وپەرستارو کادرە مامناوەندەکانەوە، ئەگەر بە دەساڵی رابردوو بەراوردی بکەین هەرێمی کوردستان گەشەکردنێکی باشی بەخۆوە بینیوە بەڵام هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە بە بەراورد بە نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە ئازادی و دە ساڵ لە بودجەیەکی زەبەلاح، بۆ روونکردنەوەی توانا مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری خزمەتگوزاریە پزیشکیەکاندا بڕوانە خشتەی ژمارە (2) :
خشتەی (2) توانا مرۆییەکانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2011
بەرکەوت / پارێزگا هەولێر سلێمانی دهۆک کۆی گشتی
ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕ 659 434 169 1262
ژمارەی پزیشکان 1881 2466 494 4841
کۆی گشتی پزیشکان 2540 2900 663 6103
ژمارەی پزیشکان بۆ هەر 100000کەس 13.16 12,93 5,62 10,5
ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕی ددان 34 53 12 99
ژمارەی پزیشکانی ناپسپۆڕی ددان 304 254 87 645
کۆی گشتی پزیشکانی ددان 338 307 99 744
ژمارەی پزیشکانی ددان بۆ هەر 100000کەس 1,75 1,37 0,84 1,30
ژمارەی پزیشکانی پسپۆڕی دەرمانسازی 38 16 2 56
ژمارەی پزیشکانی ناپسپۆڕی دەرمانسازی 345 222 67 634
کۆی گشتی پزیشکانی دەرمانسازی 383 238 69 690
پزیشکانی دەرمانسازی بۆ هەر 100000کەس 1,98 1,06 0,59 1,20
ژمارەی کادرە پزیشکیەکان 4357 5095 2874 12326
ژمارەی کادرە پزیشکیەکان بۆ هەر 100000کەس 225,81 227,15 243,81 696.77
ژمارەی کادرە پەرستاریەکان 4415 3027 1389 8831
ژمارەی کادرە پەرستاریەکان بۆ هەر 100000کەس 228,82 134,95 117,83 481,6
هەر بۆ نمونە ئەگەر توانا مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان بە وڵاتێکی وەکو سوریا 2001دا بەراورد بکەین ، سوریا لە ساڵی 2001دا واتە دەساڵ لەمەوبەر بۆ هەر (100000) سەد هەزار دانیشتوان چواردە پزیشک و (7,2)پزیشکی ددان و (5,2)دەرمانسازو (19,4)پەرستاری هەبووە، کەچی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010دا بۆ هەمان رێژەی دانیشتوان (10,5)پزیشک و (1,3)پزیشکی ددان و(1,2) دەرمانسازو (نزیکەی (16)پەرستاری هەبووە، ئەوەی شایانی باسە لەئاماری فەرمانگە تەندروستیەکانی هەرێمدا هاتووە کە ژمارەی پێوانەیی جیهانی بۆ هەر سەد هەزار کەس یەک پزیشکە، بە پێچەوانەوە ئێستا لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا گەشەکردنی پزیشکی بە گەشەکردنی دانیشتوان بەراورد دەکەن، بۆ نمونە پەیمانگەی کەنەدی بۆ زانیاریە تەندرووستیەکان(CIHI) لە 2|1|2010دا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا دەڵێت (پێشتر (68100)پزیشک لە کەندا هەبوو ئەمساڵ واتە لە 2009 ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ (70800)واتە (2700) پزیشکی تر زیادی کردووە، گەشەکردنەکە بەرێژەی 4,1% بووە لە کاتێکدا رێژەی گەشەکردنی دانیشتوان 1,2% بووە, واتە گەشەکردنی پزیشکی سێ بەرامبەر گەشەکردنی دانیشتوانە، هەروەها دەڵێت لە ساڵی 2005دا تەنیا (190)پزیشک هەبوو بۆ هەر (100000)سەد هەزار دانیشتوان، بەڵام لە ساڵی 2009 (201)پزیشک هەیە بۆ هەمان رێژەی دانیشتوان)( ).
لە هەرێمی کوردستان یەک پزیشک بۆ نزیکەی دە هەزار کەسە، لە وڵاتێکی وەکو کەنەدا یەک پزیشک بۆ (497)کەسە، هێشتا (مایکل هنت) بەرێوەبەری ئەو پەیمانگەیە دەڵێت: (ژمارە بە تەنها تەواوی چیرۆکەکەمان بۆ ناگێڕێتەوە)، واتە لە بواری پزیشکیدا چەندایەتی بەراورد بە چۆنایەتی و زانیاریە پزیشکیەکان و شارەزاییان گرنگ نیە.
ئێمە لە چ کاتێکدا ناوەڕۆکی زانستی مەعریفەی پزیشکی و تواناو لێهاتوویی پزیشکەکانی کوردستانمان بۆ دەردەکەوێت، ئەگەر جێی متمانەو باوەڕی خەڵکی کوردستان و ناوچەکەو دەوروبەرمان بن، لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە سەرکردەو بەرپرسەکانمان لە کاتی نەخۆشیدا لە ناو نەخۆشخانەکانی خۆمان و لە ژێر دەستی پزیشکە کوردستانیەکاندا ببینین، نەک هەواڵی چارەسەرکردن و سەلامەتیان لە نەخۆشخانەکانی دەرەوە پێمان بگات، سەرەڕای ئەوەش هێشتا لە کوردستاندا، سیستەمێکی پشکنین و تۆمارکردن و کردنەوەی فایلی تایبەت و دەست نیشان کردنی پزیشک و کۆنترۆڵکردنی باری تەندروستی تاکەکان نیە، پشکنینی سیستماتیک بۆ تاکەکان ناکرێت، وەکو ئاماژەمان پێکرد هێشتا بە دە هەزار کەس لە کوردستاندا یەک پزیشکیان بەردەکەوێت، ئەو پزیشکەش لە هەر ئاستێکی زانستیدا بێت! بە نزیکەی هەشتا هەزار کەسیش یەک پزیشکی ددانیان بەردەکەوێت، لە کاتێکدا لە کوردستان بە هۆی داب ونەریت و جۆری خواردن و شێوازی چاخواردنەوە لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە پزیشکی ددانەو بە شێکی زۆری نەخۆشیەکانی تریش پەیوەندیان بە ددانەوە هەیە، خەڵکی بە گشتی لە هەرێمی کوردستان هۆشیاری تەندروستیان زۆر نزمە، کەم کەس بە شێوەیەکی خولاو یان پێش ئەوەی هەست بە ئازارو نەخۆشیەکانی بکات، پشکنینی گشتی دەکات تا بزانێت باری تەندروستی چۆنە ، ئەمە دەکەوێتە سەر توانا مرۆییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چ بە هۆشیار کردنەوە یان بە لایەنی کەمەوە ناچارکردنی ئەوانەی فەرمانبەرو کارمەندن، لە یەکەی تەندرووستی تایبەت بە وەزارەتەکانیاندا ساڵانە کاری پێویستیان بۆ ئەنجام بدرێت، داوای فۆرمی تایبەتیان لێ بکرێت بە باری تەندروستیان.
2- نەخۆشیە باوەکان و رێژەی مردن لە هەرێمی کوردستان:
ئەم بڕگەیە لە باسی یەکەمەدا بوارێکی گرنگ وفراوانی توێژینەوەکە دەگرێتەوە بۆیە بەسەر دووتەوەردا دابەشی دەیکەین :
أ- نەخۆشیە باوەکانی هەرێمی کوردستان :
ئەگەر لە روانگەیەکی کۆمەڵناسیەوە بڕوانینە نەخۆشی و باری تەندروستی و چۆنیەتی چارەسەرکردنیش دەبینین لە هەر کۆمەڵگایەکدا بە پێی ئاستی پێشکەوتن و پەرەسەندن و هۆشیاری تاکەکان و بیروباوەڕیان، وەکو سیمایەکی کلتووری نەخۆشی تایبەت بە خۆیان هەیە، تا رادەیەک ئەو نەخۆشیانەی لە هەر کۆمەڵگایەکدا باون بە هەمان شێوە لە کۆمەڵگایەکی تردا نین، بۆیە دەبینین هەندێک جار ناوی نەخۆشیەکان بە ناوی کۆمەڵگا یان شوێنێکی جوگرافیەوە دەنرێت، ئەمڕۆ لە کوردستان بە هۆی ژینگەو رەوشە تایبەتەکەیەوە هەندێک نەخۆشی دیاریکراوی تێدا بڵاوبووەتەوە رەنگە لە هیچ کۆمەڵگایەکی تردا ئەم نەخۆشیانە بە هەمان ئاست و رێژە نەبن، بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی گرانەتا یان سیل یان شێرپەنجە یان ئایدز لە هەندێک وڵات و لە هەندێک وەرزی دیاریکراوو و لەناو هەندێک کۆمەڵگای تایبەتدا نیشانەی ئەو جیاوازیەی نێوان کۆمەڵگاکانە، لە کوردستانیشدا نەخۆشی تایبەت بە خۆی هەیەو لە ئەنجامی رەوشێکی تایبەتەوە درووست بووە، ئەگەر گۆڕانکاری لە رەوشەکەدا بکرێت ،ئەم نەخۆشیانە نامێنن، ئێستا بە پێی بڵاوکراوە تەندروستی و پزیشکیەکانی کوردستان نەخۆشیە بڵاوەکان لە هەرێمدا بە پێی بەرزی رێژەیان، بریتین لە فشاری خوێن و نەخۆشی شەکرەو نەخۆشیەکانی دڵ و هەوکردنی سیەکان، ئەوەی شایانی باسە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی توشبوون بەم نەخۆشیانە تێکچوونی کاری کۆئەندامی دەماریە(جهاز العصبی)( )، کاتێک مرۆڤ باری دەروونی تێکدەچێت کاریگەری جەستەیی دەبێت و دەیکاتە نەخۆشی ئەندامی، لە بنەڕەتدا نەخۆشیەکە پەیوەندی بە بیرکردنەوەو نا ئارامی و هەڵچوونی تاکەوە هەیە، دیارە ئەمەش لە ئەنجامی چەوساندنەوەو ستەم و ناعەدالەتی و نەبوونی ئازادی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەختی ژیانەوە لای مرۆڤ درووست دەبێت، بە پێی بەرزی رێژەیان وەکو ئەوەی لە تۆمارەکانی فەرمانگە تەندروستیەکاندا هاتووە، دەبێ رێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە کوردستاندا دەمرن لە ئەنجامی ئەم نەخۆشیانەوە بێت، بۆ روونکردنەوەی رێژەی تووشبووان بەم نەخۆشیانە بڕوانە خشتەی ژمارە (3)کە تێیدا لەسەر ئاستی هەرێم بە گشتی و رادەی جیاوازی هەرسێ پارێزگاکە ئەو نەخۆشیانە پیشان ئەدات کە لە هەریەکێکیاندا بڵاو بووەتەوە .
خشتەی ژمارە(3)ئاستی نەخۆشیە باوەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010
جۆری نەخۆشی / پارێزگا هەولێر سلێمانی دهۆک کۆی گشتی
بەرزی فشاری خوێن 45461 26769 58265 130495
نەخۆشی شەکرە 33669 40987 38730 113386
نەخۆشیەکانی دڵ 9437 3587 7076 20100
هەوکردنی سیەکانی درێژخایەن 7073 6210 4025 17308
کۆی گشتی 95640 77553 108096 281289
ئەم نەخۆشیانە لە جیاتی ئەوەی چارەسەر بکرێن و هەوڵی کەمکردنەوەیان بدرێت دەبینین لە ساڵی 2011دا هەندێکیان بە شێوەیەکی سەیر رێژەیان بەرز بووەتەوە ، بۆ نمونە لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2010دا تەنیا (3587)کەس نەخۆشی دڵیان هەبووە، کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ (22450)واتە لە ساڵی 2011دا (18863)کەس لە سلێمانی تووشی نەخۆشیەکانی دڵ بوون, لە شاری هەولێریش بە هەمان شێوە لە ساڵی 2010دا ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەبووە، تەنیا (9437)کەس بوون کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە (21608)کەس, واتە لە ماوەی یەک ساڵدا (12171)کەس لە شاری هەولێر تووشی نەخۆشیەکانی دڵ بوون، لە شاری دهۆکیش لە ساڵی 2010دا تەنیا (7076)کەس نەخۆشی دڵیان هەبووەو بەڵام لە ساڵی 2011ئەم ژمارەیە بەرز بووەتەوە بۆ (10490)کەسو واتە لەم ساڵەدا لە دهۆک (3414)کەس تووشی نەخۆشی دڵ بوونە، ئەگەر تەنیا نەخۆشیەکانی دڵ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا وەربگرین دەبینین لە ساڵی 2010دا تێکڕای ژمارەی ئەوانەی تووشی نەخۆشیەکانی دڵ بوون تەنها (20100)کەس بووە، کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە بەرزبۆتەوە بۆ (54548)کەس, واتە لە ماوەی یەک ساڵدا (34448)کەس تووشی نەخۆشیەکانی دڵ بوون بەراورد بە ساڵی 2010، جگە لەوەی ئەگەری ئەوە هەیە لە نەخۆشەکانی ساڵی 2010هەندێکیان بەم نەخۆشیە مردبن، ئەو کاتە ژمارەی تووش بووان لە ساڵی 2011دا زیاتر دەردەچێت، ئەگەر بەم شێوەیە رێژەی ئەم نەخۆشیە بەرز ببێتەوە لە چەند ساڵی ئایندەدا مەترسیەکی گەورە دەخاتە سەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا وەکو ئاماژەمان پێکرد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ شڵەژانی دەروونیە(التوتر النفسی) کەدەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک یان جەڵتەی دڵ کە لە زمانی پزیشکیدا پێی دەڵێن (بکوژە بێ دەنگەکە) (القاتل الصامت)( )، ئەوەش پەیوەستە بە شێوازی ژیانی مرۆڤەکەوە نەک پێکهاتەی جەستەییەکەی، دەشێ سیستەمێکی کارگێڕی و بەرێوەبردنی بێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی یەکێک لە هۆکارەکانی تووش بوون بێت بەم نەخۆشیە، ستەم و زۆرداری لە هەر کۆمەڵگایەکدا هەبێت رێژەی ئەم نەخۆشیە بەرز دەبێتەوە.
بۆ نمونە لەسەر ئاستی جیهانی بەرزترین رێژەی مردووان بەم نەخۆشیە لەنێو رەشپێستەکانی ئەمریکابوو، پزیشکان پێیان وابوو ئەم نەخۆشیە بۆماوەییە, دوواتر بەدەرکەوت لە ئەنجامی خۆخواردنەوە وشێوازی بیرکردنەوە لێدانی دڵ تێکدەچێت و دەبێتەهۆی فشاری خوێن و تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ، یان لە ناو ئافرەتاندا بە پێی ئاماری توێژینەوە پزیشکیەکان بەدەرکەوتووە ئافرەتان تا ئەو کاتەی ئومێدی منداڵ بوونیان هەبێت کەمتر تووشی ئەو نەخۆشیانە دەبنو بەڵام کاتێک دەگەنە ساڵ وتەمەنی بێ ئومێدی بە عەرەبی پێی دەڵێن(سن الیأس) ( لە عادەی مانگانە چوونەوە)رێژەی مردن بە نەخۆشیەکانی دڵ بەرز دەبێتەوە، واتە ئەم نەخۆشیانە لە پاڵ کۆمەڵێک هۆکاری تردا، پەیوەندیەکی زۆریان بە ژیانی کۆمەڵایەتی وپەیوەندی نێوان تاکەکان وبە ئومێدو نائومێدی و خۆشی وناخۆشی مرۆڤەکانەوە هەیە، ئاسودەیی و دیموکراسی و رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی خەمەکان هۆکاری گرنگی کەمکردنەوەی رێژەی تووشبووانە بە نەخۆشیەکانی دڵ. جگە لە سیستەمی خۆراک و وەرزش و کارکردن و جوڵەو چالاکی مرۆڤەکان، کە هەموو ئەمانەش دیسان پەیوەندیان بە سیستەمی بەرێوەبردن و بەرنامەو پرۆژەو جیهانبینی دەسەڵاتەوە هەیە، دوواتر چۆنیەتی چارەسەرکردن و هەوڵەکانی حکومەت لەم پێناوەدا، چ بۆ چارەسەرکردنی خودی نەخۆشیەکە وەکو گرفتێکی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا یان دۆزینەوەی هۆکارەکان و کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەو هۆکارانە وەکو ئامانجێکی خۆپارێزی لە نەخۆشیەکانی دڵ، بە گۆڕینی رەوشەکەو چاکردنی زەمینەی سەرهەڵدان درووستبوونی.
هەنگاوی یەکەم ئەوەی گرنگە دەبێ وەکو مەترسیەک سەیری بەرزبوونەوەی رێژەی ئەم نەخۆشیانە بکرێت دوواتر پێویستە بە شێوەیەکی وردو زانستیانە بەرزبوونەوەیان لە هەرێمی کوردستان بخرێتە ژێرچاودێریەوە و بۆ چەند ساڵێک بە بەردەوامی بەدوواداچوونی بۆ بکرێت، بۆ زیاتر روونکردنەوە بڕوانە خشتەی ژمارە(4).
خشتەی ژمارە(4)ئاستی نەخۆشیە باوەکانی هەرێمی کوردستان روون دەکاتەوە لە ساڵی 2011
جۆری نەخۆشی/ پارێزگا هەولێر سلێمانی دهۆک کۆی گشتی
فشاری خوێنی بەرز 40800 48320 35140 124260
نەخۆشی شەکرە 37922 35598 41622 115142
نەخۆشیەکانی دڵ 21608 22450 10490 54548
هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان 11670 21693 18687 52050
کۆی گشتی 112000 128061 105939 346000
بۆ نەخۆشی درێژخایەنی سیەکانیش بە هەمان شێوە، دەکرێ بەراوردێکی ئەم نەخۆشیە بکەین لە نێوان هەردوو ساڵی 2010و 201دا دەبینین، لە شاری سلێمانی لە ساڵی 2010دا تەنیا (6210)کەس نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەتی سیەکانیان هەبووە، کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ (21693), واتە لە ساڵی 2011دا (15483)کەس لە سلێمانی تووشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان بوونە، لە شاری هەولێریش بە هەمان شێوە لە ساڵی 2010دا ئەوانەی ئەم نەخۆشییەیان هەبووە، تەنیا (7073)کەس بوون کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە (11670)کەس, واتە لە ماوەی یەک ساڵدا (4597)کەس لە شاری هەولێر تووشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان بوونە، لە شاری دهۆکیش لە ساڵی 2010دا تەنیا (4025)کەس ئەم نەخۆشیەیان هەبووە بەڵام لە ساڵی 2011ئەم ژمارەیە بەرز بۆتەوە بۆ (18687)کەس, واتە لەم ساڵەدا لە دهۆک (14662)کەس تووشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان بوونە، ئەگەر تەنیا نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا وەربگرین، دەبینین لە ساڵی 2010دا تێکڕای ژمارەی ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشیە بوون، تەنیا (17308)کەس بوو ،کەچی لە ساڵی 2011دا ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ (52050)کەس, واتە لە ماوەی یەک ساڵدا (34742)کەس تووشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان بوونە بەراورد بە ساڵی 2010 .
هەموو دەزانین کارو ئەرکی سیەکان لە ژیانی مرۆڤدا چیەو پرۆسەی هەناسەدان چ رۆڵێکی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، لە کوردەواریدا زۆرجار بۆ گوزارشتکردن لە مان و نەمان، بۆ ژیان و مردن گوتراوە تا دووا هەناسە، واتە تا مردن، وەرگرتنی هەناسە واتە ژیان و مانەوە، لە رووی پزیشکیەوە هۆکارەکانی تووش بوون بە نەخۆشی سیەکان پەیوەندیان بە ژینگەی دەوروبەرو باری دەروونی مرۆڤەوە هەیە، ئەو ئۆکسجینەی لە ژینگە وەردەگیرێت، یان ئارامی باری دەروونی کە رەنگدانەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی پەیوەندیەکانی مرۆڤە رۆڵی گرنگ و کاریگەریان هەیە لە پاراستنی سیەکان یان توش بوون بە نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان .
ئەگەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تەنیا نەخۆشیەکانی دڵ و هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان وەربگرین دەبینین لەماوەی یەک ساڵدا (69190)کەس تووشی نەخۆشی بوونەو پێویستیان بە چارەسەرکردن و چاودێری تەندروستی هەیە، دەبێ لە ئاست ئەم بەرزبوونەوەیەدا هەڵوەسەتەیەکی جیدی و پرسیار لە هۆکارو ئاسەوارەکانی بکەین .
ب: رێژەی مردن لە هەرێمی کوردستان :
تا ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمە و لە هەندێک لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکاندا ئاماری ورد لەسەر لە دایکبوون و مردن و جۆری چارەسەری و چۆنیەتی چاودێری لەبەردەستدانیە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا مانای پشتگوێ خستن و گرنگی پێ نەدانە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانی هێشتا پرۆژەو بەرنامەیەکی زانستی نیە بۆ ئەم بوارە، بۆ نمونە تا ئێستا ژمارەی مردووان لە کات و ساتی خۆیدا تۆمار ناکرێت، یان تەواوی لە دایکبوون لە ژێرچاودێری پزیشک و کەسانی پسپۆڕدا لە دایک نابن نزیکەی 22% ی منداڵان لە ساڵی 2011دا لە دامودەزگا تەندروستیەکان لەدایک نەبوون، هێشتا ئافرەتی دووگیان وەکو ئافرەتێکی ئاسایی سەیر دەکرێت و تایبەتمەندی دووگیانی لەبەرچاو ناگیرێت، لە ساڵی 2011دا 41%ی ئافرەتانی کوردستان لە ماوەی دووگیانیدا سێ جار سەردانی پزیشکیان نەکردووەو رێنمایی زانستیان بۆ نەکراوە( )، بە پێی ئامارە پزیشکیەکان ژمارەی مردنی منداڵانی تەمەن کەمتر لە مانگێک لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010 بریتی بووە لە (1092) منداڵ, کەچی لە ساڵی (2011)دا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ (1297)مردنی منداڵ. واتە بەرزبوونەوەی مردنی منداڵانی تەمەن کەمتر لە مانگێک لە ماوەی یەک ساڵدا (205)منداڵ بەرزبووەتەوە.
مردنی منداڵانی تەمەن کەمتر لە 5 ساڵیش بە هەمان شێوە لە 2010 بریتی بووە لە (602) منداڵ, کەچی لە ساڵی 2011دا گەیشتووەتە (837 ) منداڵ. لەم تەمەنەشدا (235)منداڵ زیاتر مردووە, بە گشتی لە 2011دا (415)منداڵ زیاتر مردووە لە 2010، کۆی لە دایکبوونی منداڵان لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 2011 بریتی بووە لە(155118)منداڵ ، لەم ژمارەیە (19978)منداڵی مردووە ، واتە لە کۆی گشتیلە دایکبووان ئەگەر لەیەکەم ساڵدا ئەو بڕەی مردبێت ئایا چەندیان دەگەنە تەمەنی شازدە ساڵی کە تەمەنی کارکردنە؟ بە پێی توێژینەوە زانستیەکان لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا تەنیا رێژەی (0,4)ئەوانەی لە دایک دەبن دەگەنە قۆناغی لاوێتی( )، بۆیە زۆر گرنگە بەبەردەوامی توێژینەوە لەسەر پێکهاتەی دانیشتوان بکرێت، هەر لە بارەی مردنەوە بە پێی هەمان ئامار چارەنووسی (44656) نەخۆشی گەوران دیار نیە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمانیش مردبن .
لە کوردستاندا بەرنامەیەک بۆ هۆشیاری تەندروستی ورێکخستنی خێزان و سەرپەرشتی منداڵبوون نیە، زۆربەی ئەو منداڵانەی لە گوندەگاندا دەمرن تۆمار ناکرێن، ئاستی چاودێری تەندروستی لادێ زۆر نزمە.
بە پێی ئاماری یونیسێڤ لە کوردستان رێژەی مردنی منداڵان بیست وهەشت لە هەزارە، ئەوە جگە لە تۆمارنەکردنی بەشێکی زۆری منداڵە مردووەکان چ بە هۆی سەختی هاتوچۆ و مامەڵەی فەرمانگە فەرمیەکان لە کوردستان، یان بەهۆی گوێ نەدانی تاکی کوردو پێویست نەبوونی بەو تۆمارکردنەو هێشتنەوەی بەشە خۆراک و ..هتد
هێشتا لە کوردستان 7%ی منداڵانی تەمەن دوو مانگی, ولە 12% منداڵانی تەمەن چوارمانگی, ولە 23%ی منداڵانی تەمەن شەش مانگی کوتانی دژی ئیفلیجی کە بە (POLIO 1,2,3,) ئەو تەمەنانە ناسراوە، بۆیان ناکرێن، واتە لە 42%ی منداڵانی کوردستان بە تەواوەتی ئەم چاودێریە نایانگرێتەوە، هەروەها لە بارەی نەخۆشی کۆکەی کەڵەشێر (دیفتریا-گزاز)کە بە (DPT 1,2,3,)ناسراوە 8%ی تەمەن دوو مانگی و 15%ی تەمەن چوارمانگی و 26%ی تەمەن شەش مانگی نەکوتراون, واتە 49%ی منداڵانی کوردستان چاودێری تەندرووستی دژی نەخۆشیەکان نایانگرێتەوە، بۆ نەخۆشیەکانی هەوکردنی جگەرو سوریژەو ..هتد باری تەندروستی منداڵان لە کوردستاندا لەوە خراپترە، بۆ زیاتر روونکردنەوە بڕوانە خشتەی ژمارە(7):
خشتەی (7) رەوشی چاودێری تەندرووستی منداڵانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011
نەخۆشی/ تەمەن دوومانگی چوارمانگی شەش مانگی کۆی گشتی
ئیفلیجی منداڵ 7% 12% 23% 42%
کۆکەی کەڵەشێر 8% 15% 26% 49%
هەوکردنی جگەر 6% 13% 30% 49%
سورێژە 17% 23% 36% 76%
لە 11%ی منداڵان لە کاتی لە دایکبووندا کێشیان سوکترە لە کێشی سروشتی, واتە لە(2.5) دوو کیلۆ ونیو گرام کەمترن، ئەمە پەیوەندی بە خۆراک و باری تەندروستی و رەوشی ژیانی دایکانەوە هەیە، بۆیە رێژەی مردنی منداڵان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 030% سی لە هەزارە. ئەو رێژەیەش بۆ نموونە پازدە جار لە سەنگافورە زیاترە. لەبەر ئەوە پێویستە داوا لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆچی تا ئێستا رێژەی ئەو منداڵانەی بە تەواوی چاودێری تەندروستی نایانگرێتەوە بۆ رێژەکەی وا بەرزە؟ بە تایبەتی ئەگەر لە سەر ئاستی پارێزگاکان سەیری ئەم دۆخە بکەین دەبینین کەموکورتیەکی زۆر بە بواری چاودێری منداڵانەوە دیارە، لە 2011دا بەراورد بە 2010 خراپتر بووە, بۆ نمونە ئەگەر سەیری رەوشی چاودێری تەندرووستی شاری هەولێر بکەین دەبینین لە ساڵی 2010دا 41%ی منداڵان کوتانی دژە کۆکەی کەڵەشێریان وەرنەگرتووە, بەڵام لە 2011دا ئەم رێژەیە بەرز بۆتەوە بۆ 54% ، هەروەها کوتانی دژە سورێژە 15% وەریان نەگرتووە, کەچی لە 2011 بەرزبۆتەوە بۆ رێژەی 23%, کوتانی دژە هەوکردنی جگەر 13% یمنداڵان وەریان نەگرتبوو, لە 2011دا رێژەکە بۆ 22% بەرزبۆتەوە, کوتانی دژە ئیفلیجی 13% وەریان نەگرتبوو, لە 2011 بۆ 23% بەرزبۆتەوە, بۆ زیاتر روونکردنەوە بڕوانە خشتەی ژمارە(8):
خشتەیە(8) ئاستی چاودێری تەندروستی لە سێ پارێزگای هەرێم لە 2010و 2011
نەخۆشیەکان \ پارێزگان
هەولێر 2010
سلێمانی
دهۆک
هەولێر 2011
سلێمانی
دهۆک ژمارەی
منداڵەکان
کوتانی دژە بی سی جی 7% 30% 29% 4% 22% 20% 23267
کوتانی دژە ئیفلیجی 13% 21% 26% 23% 18% 16% 29472
کوتانی دژە سیانی 12% 4% 13% 18% 18% 17% 26370
کوتانی دژە سورێژە 15% 37% 29% 23% 23% 19% 32574
کوتانی دژە کۆکەی کەڵەشێر 41% 21% 26% 54% 27% 27% 55842
کوتانی دژە هەوکردنی جگەر 13% 21% 27% 22% 22% 21% 32574
ئەگەر بە ژمارە چەندایەتی ئەو منداڵانە وەربگرین کە چارەسەریان وەرنەگرتووە بۆ نمونە، رێژەی ئەو منداڵانەی کوتانی دژە کۆکەی کەڵە شێریان بۆ نەکراوە لە هەولێر 54% و لە سلێمانی 27%, لە دهۆک 27% . کۆی گشتی رێژەکە لە هەرێم دەکاتە 36%، ئەگەر ژمارەی لە دایک بووان لە ساڵی 2011دا لەسەر ئاستی کوردستان (155118)منداڵ بێت، ئەوا ئەو رێژەیە دەکاتە (55842) منداڵ کەلە ساڵی 2011دا لە هەرێمی کوردستان کوتانی دژە کۆکەی کەڵەشێریان وەرنەگرتووە، ئایا ئەمە جێگای پرسیار نیە بۆچی؟
بە هەمان شێوە کۆی گشتی کوتانی دژە ئیفلیجی لە هەرێم گەیشتۆتە رێژەی 19%، ژمارەی ئەو منداڵانەی وەریانگرتووە لە ساڵی2011دا بریتیە لە (29472)منداڵ, ئەگەر بەساڵی 2010بەراورد بکەین کوتانی دژەسیانی و کۆکەی کەڵەشێرو هەوکردنی جگەر لە ساڵی 2011دا زۆر خراپتر بووە بەراورد بە ساڵی 2010.
3-بودجەی تەندروستی و چەندایەتی سەردانی کردنی نەخۆشخانەکان :
بۆ دیاریکردنی پشکی تەندروستی لە بودجەی هەر کۆمەڵگایەکدا هێندەی باری تەندروستی کۆمەڵگاکە لەبەرچاو دەگیرێت هێندە ژمارەو چەندایەتی دانیشتوان لەبەرچاو ناگیرێ، ئەگەرچی پەیوەندیەکی توندو تۆڵیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام لەهەر کۆمەڵگایەکدا رەوشێکی تەندروستی نائاسایی بێتە کایەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی کەمیش بێت دەبێ رەوچاوی رەوشەکە بکرێت وبودجەی تایبەت بە پێی ژمارەی ئەوانەی نەخۆشن بۆی تەرخان بکرێت نەوەک بەپێی تێکڕای دانیشتوان، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی پێوەرە نێو دەوڵەتیەکان دەبێ پشکی وەزارەتی تەندروستی لە تێکڕای بودجەی گشتیدا لە نێوان(7 تا 10%)بێت( ), ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پێی دوا زانیاری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (5,351,276)کەسە( )، بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو نەخۆشانە بکەین لە هەردوو ساڵی 2010 و 2011 دا سەردانی بنکەکانی تەندروستیان کردووە بۆ چارەسەرکردن لە ساڵی 2010دا بریتی بووە لە(9,601,119) کەس، کەچی لە ساڵی 2011ئەم ژمارەیە بەرزتر بۆتەوە و گەیشتۆتە(9,686,657) کەس، واتە (85,538) کەس زیادی کردووە، گومان لەوەدا نیە ئەمانە خەڵکانی هەژارو کەم درامەتن، هیچ چارەیەکی تریان نیە بۆیە سەردانی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیە ناوخۆییەکان دەکەن, کەچی پشکی (حصە)کەرتی تەندورستی لە تێکڕای بودجەی گشتی حکومیدا لەمساڵ و ساڵانی رابردوودا زۆر کەمبووە, بەپێی راپۆرتی لیژنەی کاروباری تەندورستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان رێژەی بودجەی بەکارخستنی وەزارەتی تەندورستی لەساڵی 2012بەراورد بە ساڵی پار 2011 کەمی کردووە, هەروەها کەمی ژمارەی پرۆژە پێشنیارەکانی بۆ ئەمساڵ 2012 کە بریتیە لە 12 پرۆژە کە هەموویان لە دروستکردنی بنکەی تەندورستیدا کۆبوونەتەوە و بەدوورە لە پرۆژەی ستراتیجی و گەورە.
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان بودجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی تەندورستی بکەین لە ساڵی 2011 بەراورد بە 2012 بەم شێوەیە بووە:
لە 2011 بودجەی تەرخانکراو بۆ هەردوو بەشی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە تێکڕای بودجەی گشتیدا بریتی بووە لە 778 ملیار و 211 ملیۆن دینار.
لە 2012 ئەو بودجەیە بۆ هەمان دوو بەشەکە بریتیی بوو لە:
534 ملیار و 189 ملیۆن دینار بۆ بودجەی بەکارخستن.
11 ملیار و 110 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە پێشنیارەکان.
190 ملیار و 614 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە بەردەوامەکان.
کۆی گشتی تەرخانکراو بۆ ساڵی 2012 = 735ملیار و 913 ملیۆن دینار.
دەبینرێ تەنها لەساڵی 2012 بڕی 41 ملیار 298 ملیۆن دینار وەکو پشکی وەزارەتی تەندورستی کەمیکردووە. ئەگەر پشکی هەر هاوڵاتیەکیش وەربگرین بۆ ئەوەی بزانین لە بودجەی تەرخانکراوی کەرتی تەندورستی لە ساڵی 2012چەندی بەردەکەوێت, دەردەچێت کە هەر هاوڵاتیەک لەماوەی ساڵێکدا بڕی (138,000 ) دینار بەردەکەوێت, کاتێ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بریتیە لە (351,276,5)کەس, هەر کەسێک لە ماوەی ساڵی 2012 مانگانە نزیکەی (11,500)هەزارو پێنچ سەد دینار بەردەکەوێت. کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر کەمە بۆ هەرێمێک بەراورد بە ژمارەی کەمی دانیشتوان و بودجەیەکی زەبەلاح و هەبوونی رێژەیەکی زۆری نەخۆشی.
باسی دووەم : ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی دۆخی تەندرووستی لە هەرێمی کوردستان :
هەروەکو لە پێناسەی ئاکامە کۆمەڵایەتیەکاندا ئاماژەمان پێکرد مەبەست لە ئاکامی کۆمەڵایەتی ئەو دەرئەنجام دەرهاویشتانەن بە هۆی رەوشی چاودێری تەندروستیەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا دروست دەبن, واتە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەم دۆخەی خزمەتگوزاری تەندروستی بەرەو کوێمان دەبات و بە چ ئەنجامێکمان دەگەیەنێت، دیارە کاریگەری باری خراپی تەندروستی لە هەر کۆمەڵگایەکدا فرە رەهەندە، کاریگەری لەسەر چەندین بواری تر دادەنێت هەندێک لەوانە وەکو راگرتنی گەشەکردنی خێرای دانیشتوان بە نزیکبوونەوەی رێژەی مردن و لەدایک بوون لە یەکتری و تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجی دانیشتوان و پەکخستنی هێزی کارو دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی رێژەی بەخێوکردن(أعالە)و سەخت بوونی ئەرکەکانی حکومەت وچەندین دەرئەنجامی تر کە لە خراپی باری تەندروستی دەکەونەوە، بە لایەنی کەمەوە لە ناو خێزاندا ئەگەر یەک ئەندامی نەخۆش بێت، جگە لەوەی ئەو نەخۆشە کار ناکات و بەرهەمی نیە ، ئەندامێکی تریش دەبێ چاودێری بکات و لەگەڵیدا سەردانی نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکان بکات، ئەوانەش پێویستیان بە داراییەکی باشە، دەبێ ئەندامانی تری خێزانەکە کار بکەن تا بە پێویستیەکانی ئەو دووانەدا رابگەن ، لە خوارەوە بە کورتی باسی هەندێک لە ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی خراپی باری تەندرووستی دەکەین :-
1- نزیکبوونەوەی رێژەی لەدایک بوون و مردن لەیەکتری و گەشەنەکردنی دانیشتوان :
دیارترین ئاکامێک لە خراپی رەوش تەندروستی دەکەوێتەوە گەشەنەکردنی دانیشتوانە بە هۆی هاوسەنگی و لەیەک نزیکی مردن و لەدایکبوون ، زۆربوونی سروشتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا تەنیا بریتیە لە جیاوازیەکانی نێوان مردن و لەدایک بوون، ئەوانەی لە ئەنجامی رەوکردن و کۆچکردنەوە لە کۆمەڵگاکە دەڕۆن یان دێن، لە پرۆسەی هەژمارکردنی زۆربوونی سروشتیدا لە بەرچاوناگیرێن، بۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی سیاسەتێکی دانیشتوانی دیاریکراویان هەیە، ئەگەر بۆ زۆربوونیی ژمارەی دانیشتوان بێت ، هانی هاوسەرگیری و وەچەخستنەوە دەدەن، بە پێچەوانەوە ئەگەر گرفتی زۆربوونی دانیشتوانیان هەبێت، بە یاسا قەبارەی خێزان وژمارەی منداڵ دیاری دەکەن، هەردوو رێگاکەش پەیوەندیان بە چاودێری و تەندروستی و خزمەتگەزاریە تەندروستیەکانەوە هەیە، لە کوردستاندا سیاسەتێکی روون و ئاشکرا بۆ هیچ یەکێک لەم ئاراستانە نیە، وەکو ئەوەی ئەم بابەتە شایانی بیر لێکردنەوەو بەرنامەرێژی نەبێت، تەنانەت لەئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەرنامەو پلانێکی زانستی وردە بۆ ئەم بوارە.
بە شێوەیەکی گشتی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لە رووی دانیشتوانەوە کۆمەڵگاکان بە سێ قۆناغی دانیشتوانیدا تێدەپەڕن( )، لە قۆناغی یەکەمدا بە هۆی دوواکەوتوویی کۆمەڵگاکە رێژەی مردن و لەدایک بوون هەردووکیان بەرزن، لە قۆناغی دووەمدا بە هۆی باشتربوونی رەوشی ژیانی کۆمەڵگاکە رێژەی مردن دادەبەزێت و رێژەی لە دایک بوونیش هەر بەبەرزی دەمێنێتەوە, ئەم قۆناغە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بە قۆناغی تەقینەوەی دانیشتوان دادەنرێت، کە لە ماوەیەکی مێژوویی کورتدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە دوو بەرامبەر دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی چونکە پسپۆڕی ودابەشبوونی کاری لێ دەکەوێتەوە( )، لە قۆناغی سێیەمدا دووای بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری، بەرنامەی رێکخستنی خێزان و بچوککردنەوەی قەبارە پەیدا دەبێت، بەمەش ئاستی لە دایک بوونیش دادەبەزێت و لە رێژەی مردن نزیک دەبێتەوە کە هەردووکیان زۆر نزمن، کوردستان سیماکانی قۆناغی یەکەمی پێوە دیارە، هێشتا بە تەقینەوەی دانیشتواندا تێنەپەڕیوە و قۆناغی دووەمی نەبڕیوە، هەروەها جێ دەستی حکومەت بە باری دیموگرافیەوە دیار نیە، نە بڵاوکراوەکانی خودی وەزارەتەکانی پەیوەست بەم بوارە وەکو پلاندانان و تەندروستی وکاروکاروباری کۆمەڵایەتی و نە لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەهلیەکانیشەوە کار لەسەر ئەم بوارە ناکرێت، توێژینەوە لەسەر بە پیتی (الخصوبە Fertility)ئەنجام نادرێت، نازانرێت رەوشی ئافرەتانی تەمەن نێوان(15-49)ساڵی چۆنە، زانستیانە پۆلێن نەکراوە توێژینەوەی لەسەر ئەنجام نەدراوە ،چەندی خێزاندارە، چەندی هاوسەرگیری نەکردووەو چەندی بێوەژنە! ،ئایا رەوشی بە پیتی و وەچەخستنەوە لە کوردستاندا رەوشێکی تەندروست و ئاساییە؟ لە کوردستان وەکو زۆربەی وڵاتە دوواکەوتووەکان ئاماری پەیوەست بە پیتیەوە لەبەردەستدا نیە( )، جگە لەمەش بەرنامەیەک نیە بۆ هاندانی وەچەخستنەوە و منداڵبوون یان بۆ رێکخستنی خێزان و بچوککردنەوەی قەبارەی خێزان و دیاریکردنی ژمارەی منداڵ ، هێشتا داب ونەریت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی رۆڵ دەبینێت، خێزانەکان بۆ منداڵ بوون و وەچەخستنەوە لە ژێر فشاری باو باپیرو کەس وکاردان، هیچ دامودەزگایەکی فەرمی لەم بوارەدا کار ناکات، لە دایکبوون و فێربوونی چۆنیەتی چاودێری و پەروەردەکردنی منداڵ هێشتا بەرپرسیاریەتی خودی کەسەکانە، ئەو مەعریفەیەی لای تاکی کوردی بە تایبەتی لای ئافرەتی کورد هەیە، مەعریفەیەکی رەمەکی تێکەڵە ، لە دایک ونەنک و خەسوو و ژنانی بە ئەزمون و دنیادیدەوە بۆیان ماوەتەوە، لە خێزانەوە نەوە دووای نەوە دەیگوازێتەوە، پڕە لە هەڵەو کەموکورتی، بە تایبەتی هەموو ئەو زانیاریانەی پەیوەستن بە ئافرەتی دووگیان و ماوەی سگپڕی و کۆرپەڵە لە تەمەنی شەش مانگی یەکەمیدا، دەزگایەکی فەرمی زانستی نیە ئەرکی رێکخستنی خێزان و رێنمایی دایکان وباوکان و چۆنیەتی چاودێری و ئاگاداری منداڵ بێت! بۆیە زیاتر مردنی منداڵان بە رێژەی 028%لە منداڵانی تەمەن کەمتر لە ساڵێکدایە، لەو تەمەنەدا پێویستی زیاتری بە چاودێری و خۆراک و پۆشاک و سەردانی پزیشکی هەیە، زۆربەی کوتانەکان لەو تەمەنەدا دەبێ ئەنجام بدرێن، کە ئەوانەش وەکو پێویست نەبو ئیتر رێژەی مردن بەرز دەبێتەوەو لە گەشەکردنی دانیشتوان کەمدەکاتەوە .
لە ساڵی 2011دا لە هەرێمی کوردستان 155118 منداڵ لە دایکبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەی ئافرەتانی تەمەن نێوان( 15-49)ساڵمان لەبەر دەست نیە و نازانین بە پیتی کردەیی و بە پیتی شاراوە لە هەرێمی کوردستان چەندە, بۆیە ناکرێ رێژەی بە پیتی لە کوردستان دەربکەین، نازانین ئەو لە دایک بوونە لە ئایندەدا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبات، لە لایەکی تریشەوە ((44656))کەس لە تەمەنی سەرووی پێنج ساڵی مردوون و نزیکەی (26000)منداڵیش لە تەمەنی خوار پێنج ساڵی مردوون ، کۆی گشتی مردن دەکاتە (70656)کەس ، واتە رێژەی لە دایکبوون و رێژەی مردن لە سەرئاستی گشتی کۆمەڵگا دەکاتە (28)بەرامبەر(13) ئاستی گەشەکردنی دانیشتوان پازدە لە هەزارە، لە ساڵی 2011دا 84462 کەس هاتوونەتە سەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ئەنجامی خراپی رەوشی تەندروستیەوە درووست دەبێت.
2- بەرزبوونەوەی رێژەی بەخێوکردن(أعالە)و سەخت بوونی ئەرکەکانی خێزان:
یەکێکی تر لە ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی خراپی رەوشی تەندروستی بەرزبوونەوەی رێژەی بەخێوکردن و سەرقاڵ بوونی خێزانەکانە بە ئەندامە نەخۆشەکانیانەوە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو نەخۆشە لە تەمەنی کارکردن و بەرهەمهێنان بێت ، لە رووی دێموگرافیەوە ناسینی خەسڵەتەکانی دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر تەمەنە جیاوازەکاندا گرنگی وبایەخی تایبەتی خۆی هەیە ، چونکە تەمەن یەکێکە لە سیفاتە تایبەتەکانی تاک، تەمەن ئەوە دیاری دەکات ئەم تاکە چۆن بیر دەکاتەوەو چۆن کار دەکات و پێویستی بە چیە؟( )، بە گشتی کۆمەڵگاکان لە رووی تەمەنەوە بۆ سێ ئاستی جیاواز پۆلێن دەکرێن توێژی منداڵ وتەمەن بچوکەکان، واتە لە (0__15)ساڵ، وتوێژی لاوان وهێزی کاری کۆمەڵگا ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (16-65)ساڵیدایە ،توێژی پیرو پەککەوتەکان :ئەوانەی تەمەنیان لە 65ساڵ زیاترە ،بەخێوکردن هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە خوار شازدە ساڵی و لە سەرووی شەست وپێنج ساڵین، لە کوردستان بە هۆی کارەساتەکانی جینۆساید و شەڕە یەک لەدووای یەکەکانەوە بەشێکی هەرە زۆری ئەوانەی لەناوچوون لە هێزی کارو بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا بوون، بۆیە رادەی بەخێوکردنی لەسەر کۆمەڵگا بەرزکردەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەوان دەبێ چاودێری تەندرووستی منداڵان پەرەی پێ بدرێت, بەڵام بە پێچەوانەوە یەکێک لە ئاکامەکانی خراپی باری تەندروستی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی منداڵان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانە، کە لە ئایندەدا ئەرکی حکومەت سەختر دەکات ، بۆ نموونە کاتێک دووای پازدە ساڵی تر لە(155118)منداڵ لە ساڵی 2011دا لە دایکبوون، نیوەی ئەو ژمارەیە نەگاتە تەمەنی شازدە ساڵی، یان بمرن وەکو ئەوەی هەر لەیەکەم ساڵدا نزیکەی (26000)ی مردوون، یان توشی نەخۆشیەکانی دڵ وفشاری خوێن و هەوکردنی جگەرو ..هتد ببن. کە ساڵ لە دووای ساڵ رێژەکەی بەرز دەبێتەوە, لە سەرئاستی خێزانیش هەبوونی ئەندامێکی نەخۆش جگە لەوەی خودی نەخۆشەکە دەچێتە دەرەوەی هێزی بەرهەمهێنان و پێویستی بە بەخێوکردنە، ئەندامێکی تری خێزانەکەش لەگەڵ خۆی دەبات، لەبەر ئەوەی چاودێری تەندروستی حکومەت وەکو پێویست نیە، دەبێ خێزانەکان خۆیان هەموو خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن .
کۆتایی: ئەنجام وراسپاردەو پێشنیارەکان
یەکەم: ئەنجامەکانی توێژینەوەکە :
1-پەیوەندیەکی توندو تۆڵ هەیە لە نێوان رەوشی کۆمەڵایەتی و و پەرەسەندنی نەخۆشیەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا، هەر کۆمەڵگایەک نەخۆشی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەمەش بەشێکە لە کلتوری باوی ئەو کۆمەڵگایە ، بۆیە دەبێ سیاسەتێکی دانیشتوانی روونمان هەبێ و سوود لە ئەزمون و شارەزایی کۆمەڵگاکانی تر وەربگرین، لەبەر ئەوەی لە کوردستاندا سیاسەتێکی دانیشتوانی روونمان نیە ، گرفتە دانیشتوانیەکانمان درێژەخایەن دەبن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم پەرەسەندنی هەموو بوارەکانی تردا لە ئایندە.
2- لە رووی چەندایەتیەوە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان توانای وەرگرتن و دابینکردنی پێویستیە تەندروستیەکانی هاوڵاتیانی نیە ، بە تایبەتی لە بواری کوتان و چاودێری تەندروستی مناڵاندا ، ئەمەش مەترسیەکی زۆر گەورەیە لە سەر ئایندەی کۆمەڵگا بە گشتی .
3-دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگای کورد لە شێوازی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکاندا بە زەقی بەدەر کەوتووە، بە پێی تێبینی و سەرنجدان لەم بوارە، چینی هەژارو خوارەوەی کۆمەڵگا بۆ نەخۆشخانە حکومیەکان و چینی ناوەند بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەکان دەچن، چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چینی باڵا لە دەرەوەی وڵاتە .
4-هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ریژەی تووشبوان بە نەخۆشیە کوشندەکان ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت ، لە ماوەی یەک ساڵدا (34448)کەس تووشی نەخۆشیەکانی دڵ و (34742)کەس تووشی نەخۆشی هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان بوونە ، بە گشتی لەماوەی یەک ساڵدا (69190)کەس تووشی ئەم دوو نەخۆشیە بوونەو پێویستیان بە چارەسەرکردن و چاودێری تەندرووستی هەیە .
5-خراپی باری تەندرووستی لە هەرێمی کوردستاندا دیمەنی کۆمەڵگا دوواکەوتووەکانی بە هەرێم داوە، ئەویش دۆخی نزیکبوونەوەی رێژەی مردنە لە رێژەی لەدایکبوون، کە لە ئەنجامدا سستی گەشەکردنی دانیشتوانی لێ دەکەوێتەوە .
6- نەخۆشیە باوەکانی هەرێمی کوردستان ئەو نەخۆشیانەن کە زیاتر پەیوەندیان بە ئاسوودەیی و ئارامی دەروونیەوە هەیە، نەخۆشیەکانی دڵ ، فشاری خوێن، شەکرەو هەوکردنی درێژخایەنی سیەکان، هەموو ئەو نەخۆشیانەن لە پاڵ چەند هۆکارێکی تردا لە ئەنجامی شڵەژانی دەروونی و پیسبوونی ژینگەو نا ئارامی هزریدا تووشی مرۆڤ دێن .
7-لە دابینکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستیدا بە پێچەوانەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پەرەسەندنی نەخۆشیەکانەوە، ساڵ بە ساڵ بڕەکەی کەمتر تەرخان کراوە، هەرگیز نەگەیشتووەتە 6% یتێکڕای بودجەی گشتی هەرێم ،کەچی بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان دەبوو لە نێوان 7-10%بودجەی گشتی بێت .
8- لە کوردستان جێ دەستی حکومەت بە باری دیموگرافیەوە دیار نیە، نە بڵاوکراوەکانی خودی وەزارەتەکانی پەیوەست بەم بوارە وەکو پلاندانان و تەندرووستی وکاروکاروباری کۆمەڵایەتی و نە لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئەهلیەکانیشەوە کار لەسەر ئەم بوارە ناکرێت، ،نازانرێت رەوشی ئافرەتانی تەمەن نێوان(15-49)ساڵی چۆنە،زانستیانە پۆلێن نەکراوە توێژینەوەی لەسەر ئەنجام نەدراوە ،ئەگەر لە رەوشێکی نا تەندرووستیشدا بن نازانرێت بۆچی و هۆکارەکانی چین؟
9- لەئاماری فەرمانگە تەندروستیەکانی هەرێمدا هاتووە کە ژمارەی پێوانەیی جیهانی بۆ هەر سەد هەزار کەس یەک پزیشکە، بە پێچەوانەوە ئێستا لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا گەشەکردنی پزیشکی بە گەشەکردنی دانیشتوان بەراورد دەکەن نەوەک بە ستاندارێکی گشتگیر.
دووەم: راسپاردە و پێشنیارەکان :
1-بە هۆی نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر دانیشتوان و پێکهاتەی رەگەزی و ریزبەندی کردنی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پێی تەمەن، لەم توێژینەوەیە نەتوانراوە رادەی بە پیتی بەدەست بهێنرێ تا ئاستی توانا مرۆییەکان بۆ گەشەکردنی دانیشتوان شی بکەینەوە ، بۆیە وەکو راسپاردەیەک لە هەر کاتێکدا زانیاری پێویست لەبەردەستدا بوو پێویستە توێژینەوە لەم بوارە بکرێت .
2- لەم توێژینەوەیە بە هۆی فراوانی بابەتەکە نەتوانراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئامێروکەرەستەکانی ناو نەخۆشخانەکان و چۆنیەتی داودەرمان و هاوردەکردنی کەل وپەل و بواری پسپۆڕیە پزیشکیەکان و کەموکورتیەکانی ئەو بوارە بەشێک تەرخان بکرێت، کە خۆی لە خۆیدا ئەو بوارە پێویستی بە توێژینەوەیەکی سەربەخۆیە.
3- لەبەر ئەوەی لە رووی چەندایەتیەوە کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان توانای وەرگرتن و دابینکردنی پێویستیەکانی تەندروستی هاوڵاتیانی نیە ، پێشنیار دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەو پلانێکی زانستی دیاریکراو دابرێژی لە ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا ئەم بۆشایی و کەموکورتیە پڕ بکاتەوە، ئەویش بە درووستکردنی نەخۆشخانەی (200-300)قەرەوێڵەیی لە شارۆچکەکاندا تا فشاری سەر نەخۆشخانەی شارەکان کەم کاتەوە.
4- تا جیاوازی چینایەتی لە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکاندا نەمێنێ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەک دانێت بۆ گێڕانەوەی باوەڕو متمانە بە پزیشک ونەخۆشخانەکانی کوردستان ، چ ناردنە دەرەوەی پزیشکەکان بۆ خول وراهێنان و ئاگاداربوون لە داهێنانە پزیشکیەکان یان بە هێنانی پزیشکی خاوەن ئەزمون لەدەرەوەو بۆ نەخۆشخانە حکومیەکان نەک بۆ بازرگانی و نەخۆشخانە ئەهلیەکان کە چینی هەژارو کەم دەرامەت توانای سەردانی کردنی ئەمانەی نیە .
5-لەبەر ئەوەی نەخۆشیە باوەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەندیان بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سروشتی تاکەکانەوە هەیە ،پێشنیار دەکەین رێگا لە بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان بەم نەخۆشیانە بگیرێت، کار لەسەر گۆڕینی ژینگەکان بکرێت، پیسبوونی ژینگەی شارەکان و تێکچوونی باری دەروونی تاکەکان پەیوەندیان بە شێوازی بەرێوەبردنەوە هەیە ،پێویستە گۆڕانکاری لەم شێوازەدا بکرێت .
6-بڕی بودجەی وەزارەتی تەندرووستی زیاتر بکرێت، کۆنترۆڵی جۆری لەم وەزارەتەدا بۆ هێنانی داودەرمان و کەلوپەلەکان بەهێز بکرێت.
7-پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان راشکاوانە کار لەسەر سیاسەتێکی دانیشتوانی دیاریکراو بکات، بە پێی توێژینەوەی زانستی فراوان و ئامانجی دوورمەودا بەرنامەی رێکخستنی خێزان، یان هاندانی وەچەخستنەوە بخاتە ناو بەرنامەکانی کاری خۆیەوە.
8- بەهۆی هەموو ئەو فشارانەی لەبواری رەوشی تەندورستیدا لەسەر کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندایە دەرەنجام بۆتە هۆکاری "ناوەندی تەمەن" نزم بێت کە ئەویش بریتیە لە 58.2 . کەچی ئەو تێکڕایانە لەوڵاتەکانی تردا نزیکەی 70یە