مەعریفە وەک هۆکارێک بۆ مانەوەو گۆڕانکاری

کۆمەڵگا ئاڵۆزترین دیاردەی کۆمەڵایەتیە،تەنیا لە کۆبونەوەیەکی میکانیکی ومیکانۆ ئاسای تاکەکان پێکنەهاتووە،  تۆڕێکی چڕو پڕو تێکچڕژاوو بەیەکداچووی پەیوەندیەکان ،تاکەکانی کۆمەڵگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەجۆرێک ئەگەر کار لەسەر خاوکردنەوەی ئەو تۆڕە نەکرێت ،تاکگەرایی لە کۆمەڵگادا مانایەکی نامێنێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگا نەریتی و خێڵەکیەکاندا رایەڵەو کۆتی ئەو پەیوەندیانە زۆر بەهێزن، بەڵام ئەوەی رۆژ لەدووای رۆژ هەژمونی ئەو بەکۆمەڵ بوونە لەسەر تاک کەمتر دەکاتەوەو دەرفەت و بواری ئازادەیەکانی تاک فراوانتر دەکات هۆشیاربوونەوەو بەرزبوونەوەی ئاستی مەعریفەی زانستی و فەلسەفی تاکەکانی کۆمەڵگایە تا لە چرکەساتێکی دیاریکراودا وەرچەرخانێکی ریشەیی  دروست دەکات . لەم سەردەمەدا هەموو ئەو پێشکەوتنە مادی وتەکنۆلۆژی و نازونیعمەت و خۆشی و کار ئاسانیانەی مرۆڤ لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا توانیویەتی بە دەستی بێنێت، بۆ ئەو پەرەسەندن و پێشکەوتن وگۆڕانکاریە هزریانە دەگەڕێنەوە کە بە درێژایی مێژوویەکی دوورودرێژ بەسەر چۆنیەتی و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤدا هاتوون .


واتە بنچینەو بنەمای پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنی هزرو گۆڕانی جۆری مەعریفەی مرۆڤەکانە ـ ئەمەش لە ئەنجامی کاری گەڕان و پشکنینی سیستماتیک و هەوڵی بە بەرنامەی بەردەوامەوە هاتووە، کە مرۆڤ بە سروشت بۆ خۆپارێزی پەنای بۆ ئامرازو کەرەستەی باشتر بردووە ،لە میانەی بە دەستهێنانی زانیاری باشترو مەعریفەی راستترەوە، واتە حەز کردن لە مەعریفە رەمەکێکی(غەریزەیەکی)رەسەن و بنچینەییە لە مرۆڤدا، ئەمە بابەتێکی دەروناسی و ئەنترۆپۆلۆژیە، پەیوەندی بە پێکهاتەی مرۆڤەوە هەیە، ئەم رەمەکە لەگەڵ پەروەردەکردنێکی تەندروستدا پاڵنەری سەرەکیە بۆ گەڕان و سوڕان بە دووای ئەو ئامرازانەی ئەم حەزە تێر دەکەن، ئەوە کۆمەڵگایە بە هۆی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی خراپەوە ئەو حەزی گەڕانە دەکوژێت ،کە ئەمە بابەتێکی ترە.

زەحمەتە لە رووی مێژووییەوە رێکەوتی یەکەم هەنگاو دیاری بکرێت لە دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ پەیداکردنی مەعریفە، لەبەر ئەوەی پەیدابوونی مرۆڤ وەکو بونەوەرێکی جیاواز لە دروستبوونی مەعریفەوە یان پەیدابوونی ئەقڵ و هۆشیاریەوە دەست پێ دەکات، چونکە پێش ئەوەی هۆش و ئەقڵ و مەعریفەی لا بێت شتێکی تر بووە نەک مرۆڤ ، لە رووی تیۆری پەرەسەندنەوە ئەم بۆچوونە پەلکێشمان دەکات بۆ قسەکردن لەسەر بابەتێکی تر کە پێشتر لە لایەن زانایانی وەکو لامارک و داروین و سیغال و مۆرگان و ئەوانەوە زۆری لەسەر نوسراوە ، هەرچەندە هەندێک لە بیرمەندانی موسڵمانانیش لە راڤەکردنی ئەو ئایەتەی دەڵێت(پم خلقنا النگفە علقە فخلقنا العلقە مچغە فخلقنا المچغە عڤاما فکسونا العڤام لحما پم أنشاناه خلقا ێ‌خر فتبارک الله أحسن الخالقین)( سورەتی موئمینون ئایەتەکانی 13و 14)، قسە لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکەی داروین دەکەن بەڵام بە مانایەکی تر.

لەم پرۆسە دورودرێژەدا لە تنۆکە ئاوێکەوە بۆ زیندەوەرو گیاندارێکی بچوک خۆی بە شتێکدا هەڵواسیبێت و دوواتر ئەم زیندەوەرە خۆ هەڵواسیوە دەست بکات بە هەڵمژینی شلەکەی دەوروبەری یان شلەی ئەوەی خۆی پێ هەڵواسیوە ئیتر دار بێ قوڕولیتە بێ ، دوواتر ئێسک و بڕبڕەی بۆ درووست بێت ،لە مژینەوە دەست بکاتە کرتاندن و ئێسک و بەشە رەقەکەی لەدەرەوە بووبێت ,دوواتر بە پێچەوانەوە  بە گۆشت دابپۆشرێت و ئێسکەکانی لە ژوورەوە بن ،تا بگاتە قۆناغی زیندەوەرەێکی تر لەوەی یەکەم نەچێت و جیاوازی گەورەیان لە نێواندا بێت ، مەبەست پەیدابوونی ئەقڵ و هۆشیاریە کە بە تەواوی ئەم بوونەوەرە جیابووەتەوە لە دروستکراوەکانی پێش خۆی، ئیتر لەوان نەچووە . بەراستی مرۆڤیش بە هۆی ئەقڵ و مەعریفەکەیەوە مەخلوقێکی ترە ئەگەر ئەوە نەبێت لە ئاژەڵان و دڕندە وجانەوەرانی تر جیاوازیەکی نابێت، ئەوەتە کاتێک ئەم ئەقڵ و مەعریفەیە لەدەست ئەدەین مرۆڤی پاک و لاوی خوێنگەرم وخاوەن ئەقڵ و ویژدانی وەکو سۆران وسەردەشت و کاوەو پیرەمێردی وەکو شێخ ستار بە نوێژی نیوەڕۆ دەکوژین ،ئەمە نیشانەی لەدەستدا ئەقڵە ئەو ئەقڵەی تەنیا نیشانەی مرۆڤ بوونەو بە نەمانی مرۆڤ لە مرۆڤایەتی دەکەوێت و دەچێتەوە خانەی زیندەوەرانی پێش ئەو قۆناغەی کە قورئان دەڵێت (أنشاناه خلقا أخر)  .  

سەرەتای مێژووی گەڕان بە دووای مەعریفەدا بە وردی دیاری ناکرێت، چونکە سەرەتاو دەستپێکی توێژینەوەی زانستی لە مێژووی دێرینیدا پەیوەستە بە هەوڵ و تەقەڵا بەردەوامەکانی مرۆڤەوە بۆ پەیداکردنی مەعریفەو تێگەیشتن لە دیاردەکانی دەوروبەر و کۆنترۆڵکردنیان، بە مانایەکی تر مێژووی بە پراکتیکی کاری گەڕان بە دووای مەعریفەدا بریتیە لە مێژووی مرۆڤایەتی ،لەو کاتەوەی مرۆڤ پەیدابووەو بیری کردووەتەوە هەوڵی داوە سەرچاوەی مەترسیەکانی سەر ژیانی تێ بگات و بەرزەفتیان بکات، بە باشترین شێوە پێداویستیەکانی دەستەبەر بکات ، لە لایەک ئەمە لەگەڵ پەیدا بوونی ئەقڵ و هۆش و بەکارهێنانیاندا پەیدابووەو لە لایەکی تریشیەوە ئەو کۆنترۆڵکردنە یەکێکە لە ئامانجەکانی زانست ،  بۆیە قسەکردن لەسەر مێژووی گەران و پشکنین بە دووای مەعریفەدا قسەکردنە لەسەر مێژووی زانست خۆی ، هەرچەندە ئەم گەڕان و پشکنینەی مرۆڤ بە دووای زانستدا بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بە شێوەیەکی نارێکوپێک و بێ بەرنامە بووە، یان هەر بە رێکەوت بەسەر مەعریفەیەکی زانستیدا کەوتووە بێ ئەوەی ئامانجی گەڕانی دۆزینەوەی ئەوە بووبێت، وەکو دۆزینەوەی ئاگر، لە ئەنجامی هەوڵ و چالاکی مرۆڤدا نەبووە بۆ گەڕان بە دووای ئاگردا، یان دۆزینەوەی پەنسلین و تیشکی سینی و ..هتد لە قۆناغەکانی دوواتردا بە هۆی پێشکەوتنی هزریەوە مرۆڤ توانیویەتی پەیوەندیەک لە نێوان هۆکارو ئەنجامەکاندا بدۆزێتەوە، بیر لەوە بکاتەوە لە پشت هەر بابەت و رووداو و دیاردەیەکەوە کۆمەڵێک هۆکار هەن، بە دووای دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەدا گەڕاوە تا کۆنترۆڵی دیاردەکان بکات .

 سەرەتا لە میانەی بەکارهێنانی هەستەکان و دوواتر ئەزمون کردن و هەڵەکردن و راستکردنەوەوە، بێ ئەوەی میتۆدێکی دیاریکراو بەکار بێنێت بۆ گەیشتن بە راستیەکان ،بۆیە گۆڕانکاریەکان و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا زۆر لەسەرخۆ روویانداوە، لەبەرئەوەی  پرۆسەی بەدەستهێنانی مەعریفە زۆر لەسەر خۆ بووە ،ئەوەی لە رێگای هەست و تێبینی کردنەوە بەدەستیان هێناوە بە مەعریفەی مادی ناودەبرێت ،کۆنترین جۆری مەعریفەکان و ئاسانترینانە بۆ هەڵهێنجان و تێبینی کردنیان، کە لە بنەڕەتدا پشت بە هەست وشارەزایی و ئەزمونی رۆژانەی مرۆڤەکە دەبەستێت ، پێویست بە ئارگیۆمێنت و بەڵگە هێنانەوەو مشتومڕ ناکات، لە میانەی هەڵەو پەند وەرگرتنەوە مرۆڤی کۆن فێریان بووە ،لەبەر ئەوەی کەسەکان لە میانەی ئەزمونکردنی ژیانی رۆژانەی خۆیانەوە ئەم شارەزایی و مەعریفەیەیان پەیداکردوووە بۆیە دەبینین زۆرجار بەم مەعریفەیە دەگوترێت مەعریفەی شارەزایی کەسی (Experiential Knowledge)، چونکە دەوەستێتە سەر شارەزایی مرۆڤ و ئەو ئەزمونانەی پێشووی کە بەدەستی هێناوە، مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی ژیانی تایبەتی خۆیدا سوود لەم ئەزمونانە وەردەگرێت ، بۆ نموونە کاتێک هەورێکی رەش و تاریکی بە ئاسمانەوە بینیوە مەڕو ماڵات و ئاژەڵەکانی دەرنەکردووە بۆ لەوەڕگا لە ئەنجامی ئەزمونی پێشووترەوە زانیویەتی باران دەبارێت، یان هەموو ساڵێک و یەک بەدووای یەکدا پارچە زەویەکەی تۆو نەکردووە واتە نەچاندووە ،بێ ئەوەی رەگەز وتوخمە کیمیاویەکانی زەوی بناسێت زانیویەتی توانای خۆراکی زەویەکە کەمبووەتەوە بۆیە ساڵێک چاندوویەتی و ساڵێک پشووی بەو زەویە داوە،ئەمەش لە ئەنجامی ئەزمونکردنەوە هاتووە، سەردەمێک ساڵانەو یەک لە دووای یەک زەویەکەی کێڵاوە تا لە جیاتی قازانج زیانی کردووە، ناچار وازی لە زەویەکە هێناوە بۆ ساڵێک یان چەند ساڵێکی دەستی بە کێڵانی زەویەکە کردووەتەوە بینیویەتی بەرهەمێکی زۆری دەست کەوتووە، جارێک دووجار ئەم رووداو ورێکەوتەی بەسەردا تێپەڕیوە بۆی دەرکەوتووە زەویەکەی پێویستی بە پشودان و نەکێڵان هەیە ،یان لە بواری پزیشکی میلی و چارەسەرکردندا بەرهەمی ئاژەڵی ورووەکی سروشتی و گژوگیای بەکارهێناوە، جۆرە خواردن و خواردنەوەیەکی تایبەتی بە نەخۆش داوە، سەیری کردووە تەندروستی باشتر بووە، دوواتر چاک بووەتەوە ،هەروەها لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە ،لە شەڕو شۆڕو جەنگەکاندا یان لە بۆنە کۆمەڵایەتی وئاینیەکاندا پەندو وانەی بە سودی وەرگرتووە ئەگەر لەم روانگەوە سەیری پەندی پێشینانی گەلان بکەین سەدان رێنمایی و دەرسی بەکەڵکی تێدایە دەیان پەندی کوردی جەخت لەسەر وەرگرتنی ئەزمون دەکەن بۆ نمونە (دووجار لە کونێکەوە مار بە مرۆڤەوە نادات) واتە لە جاری یەکەمدا دەبێ فێری ئەوە بووبین ئەو کونە ماری تێدایە، یان لە پەندێکی تردا دەڵێت (ئەگەر جارێک فریوتدام خوا بتگرێت بەڵام دووەم جار خوا خۆم بگرێت) ئەمەش گوزارشت لە وەرگرتنی پەندو ئامۆژگاری دەکات لە هەڵەکانی رابردوو ،ئەمە بۆ کاتی دەنگدان و هەڵبژاردنەکانیش گونجاوە، هەموو ئەو حیزب و لایەنانەی بەدەنگی خەڵک دەسەڵات وەردەگرن ،دوواتر پشت لەبەرنامەکانیان دەکەن ،بۆ تێگەیشتن لە فریوخواردنی ئەمانە پێویستی بە ئەزمون هەیە، ئەم ئەزمونکردن و هەڵەو راستکردنەوەو دۆزینەوانە لە رووی مێژووییەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای پەیدابوونی شارستانیەتی مرۆڤایەتی ،بە نیشتەجێبوون و چڕبوونەوەی مرۆڤەکان و گەورەبوونی قەبارەی نیشتەنیەکان و..هتد بۆیە لە کوێدا شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەریهەڵدابێ ،مەعریفەی زانستی لەوێوە لە دایک بووە، چونکە بە نیشتەجێ بوون و مانەوە ئەزمونەکانیش جێگیرترو ئامادەییان بەهێزتر بووە،  بە پێی زۆر لە سەرچاوە مێژووییەکان سەرەتاکانی ئەم پرۆسەیە لە نێوان دووزێ (میسۆپۆتامیا)و میسرەوە سەریان هەڵدا، کاتێک مرۆڤ لە قۆناغی نیمچە ئاژەڵیەوە بۆ نیشتەجێ بوون و مەدەنیەت گواستیەوە، دوواتر نوسینی داهێناو زانیاریەکانی لە بارەی پزیشکی و کیمیا و ئەستێرەناسی و بیرکاری و ئەندازەو هونەری خانوبەرە دروستکردن و سەرهەڵدانی پیشە دەستیەکان و ..هتد تۆمار کرد و بوون بە بنەمایەکی مەعریفی بۆ نەوەکانی ئایندەی تا لەسەر ئەو زانیاریانە بونیادی پەیکەری زانستی قۆناغەکەیان بونیاد بنێن، کە ئەمەش خەسڵەت و تایبەتمەندیەکی سەرەکی زانستە واتە کەڵەکە بوون (تراکم) لە ئەنجامی دۆزینەوەی بابەتی نوێوە لە میانەی نەوە یەک لە دووای یەکەکانەوە، چی بەرئەنجامی ئەزمون و تاقیکردنەوەی نەوەکانی پێشوتر هەیە وەکو میراتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەدرێتە دەست نەوەکانی دوواتر تا بە ئێستا دەگات .

ئەوەی تێبینی دەکرێت لە کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی رەوشی سیاسی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و کۆچەریەوە ئاستێکی زۆر نزمی کەڵەکە بوونی مەعریفی هەیە، ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی پێش گۆڕانی کۆمەڵگای کوردیە ،نەک هەر لە بواری زانستی پەتی و پراکتیکی و کردەییدا کە لە ئەنجامی توێژینەوەی زانستیدا بە دەست دێن و ئێمە مێژوویەکمان لەو بوارەدا نیە، بەڵکو لە بواری هەموو لقەکانی ئەدەب و هونەرو  بابەتە مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکانیشدا ،ئەوەی هەمانە ئەدەبی زارەکی و میلی و گواستنەوەی دەماودەمە، ئێستاش بۆ تازەگەری و نوێ بوونەوە لەسەر بنەماو بناغەی لاسییکردنەوەی دەرەکی هەنگاو دەنێین ،نەک لە سەر بنەمای ئەو بڕە زانست و زانیاریە خۆماڵیەی لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە، هەر بوارێکی ژیانی کوردەواری دەگریت لەم سەردەمەدا کەڵەکەبوونی مەعریفی پێوە دیار نیە، خەریکە لە کوردستاندا رەسەنایەتی کۆمەڵگایی لەدەست دەدەین ،هێندەی چاومان لە دەرەوەیە ، هێندە بە قوڵایی کەلەپوری مەعریفی و داهێنانەکانی باوباپیران و رابردووماندا شۆڕ نەبوینەتەوە .

لە چاخی بەردینی کۆنەوە پاشماوەی کەرەستە شارستانی وشوێنەواریەکانی مرۆڤ گەواهی ئەو راستیەن کە بە پێی ژینگە جیاوازەکان و هەبوونی رەگەزی سروشتی لە بەردەستی مرۆڤەکاندا ئامێری چاکتر و گونجاوتریان درووست کردووە بۆ کۆنترۆڵی ژینگە، واتە زانستیانەتر پێداویستیەکانیان دابینکردووە، ئەمەش مانای پێشکەوتنی مەعریفیە ،بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری دەگەیەنێت ،بەپەیداکردنی شارەزایی و وەرگرتنی ئەزمون و فێربوون و داهێنانی کەرەستەی نوێ جارێکی تر کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان داناوەو رەوشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکەی گۆڕیوە، بە درێژایی مێژوو پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان رەوش و مەعریفە داینەمۆی گۆڕانکاریەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا بووە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا وێناکردنی کۆمەڵگایەکی باشترو ئاستێکی بەرزتری  دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شەفافتر و کەمکردنەوەی گەندەڵی کراوە، ئەوە بنەمایەکی مەعریفیە ودەبێ بکرێتە پراکتیک ،تا رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیەکانی ناو کۆمەڵگا هەبێت و رەوشێکی کۆمەڵایەتی نوێ بێنێتە ئاراوە، لە ئەنجامی ئەزمون و تاقیکردنەوەدا ئەو رەوشە نوێیەش دەبێتە مایەی سەرهەڵدان و پەیدابوونی جۆرێکی تری مەعریفە بۆ باشتر کردنی ژیان و دابینکردنی پێویستیەکانی مرۆڤی ئەو قۆناغە، ئەمە جەوهەری پرۆسەی مێژووییە، داینەمۆو بزوێنەری کۆمەڵگایە .

ئەگەر نمونەیەکی زیندووی مێژووی مرۆڤایەتی بێنیەوە، ئەو کوتک و چەقۆو و بێڵەی لە میسر دۆزراوەتەوەو مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی کۆن و مرۆڤی نیاندەرتاڵ درووستی کردوون ،باشترن لەوانەی چاخی مستیری ئەوروپا، واتە لە سەرەتادا بە پێی گونجانی سروشتی چۆنایەتی داهێنانەکانی مرۆڤ جیاوازبوە هێشتا نەیتوانیوە شارەزایی و تواناکانی خۆی بەسەر سروشتدا زاڵ بکات ،بەڵام لە لایەک پێداویستیەکانی ژیان و لە لایەکی تر حەزو ئارەزووی مرۆڤ بۆ زانست و گەڕان بە دووایدا ،هۆکاربوون بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو شارستانیەتەدا هەوڵی مرۆڤەکانیش بۆ مەعریفەی نوێ زیاتر ببێت ، بۆیە گۆڕانی کۆمەڵگاش خێراتر بووە، ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی مەعریفە ئاسانتر و خێراتر بوون ،گۆڕانی کۆمەڵایەتیش خێراتر بووە، هەرچەندە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ئەو رەوشە لەسەرەتادا کەلێنێکی کەلتوری دروستکردووە ،لەبەر ئەوەی هەمیشە گۆڕانی کەرەستەو ئامێرەکانی بەردەستی مرۆڤ و رەوشەکە خێراتربووە لە گۆڕانی مەعریفی و جیهانبینی مرۆڤەکان .

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دەبینین لە هەر قۆناغێکدا بە پێی ئاستی بەدەستهێنانی مەعریفەوباری پێشکەوتنی زانست لە هەر ناوچەیەکدا کۆمەڵگای مەڵبەندیی یان ناوەندیی بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەی فەلسەفی و زانستی و دوواتر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای مرۆیی بە گشتی دیاریکراوە، ئەوەی (سامۆئیل هنتگتن) بە ململانێی شارستانیەکان ناوی بردووە،  لە باسکردنی مێژووی هەر بابەتێکی مرۆییدا دەبێ رۆڵی کۆمەڵگاکان ،یان شارستانیەتەکان لە بەرهەمهێنانی ئەو مەعریفەیەدا لە بەرچاو بگرین ،واتە ئایا لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا چ کۆمەڵگایەک داینەمۆی رووداوەکان ، یان ئەو ناوەندە بووە لەوێوە تیشکی زانستی یان بیروبۆچوونەکانی بە جیهانی دەروەیدا بڵاوبووەتەوە ، ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ کاریگەری بنەما مەعریفیەکان لەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای مرۆییدا.

لە مێژووی کۆندا ئەوەی لە میسۆپۆتامیاو میسری کۆندا دۆزراوەتەوەو لە سەردەمێکدا وەکو خۆر، مەڵبەندی بڵاوکردنەوەی زانست بوون بە سەر جیهاندا، زیاتر لایەنی پراکتیکی و ژیانی رۆژانەی دانیشتوان خواستوویەتی ،راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ژیانی رۆژانەو رێکخستنی کۆمەڵگاوە، لە قۆناغی دوواتردا یۆنان رۆڵی ناوەندی مەعریفی گێڕاوە، ئەوەی ئەم زیاتر هزری و بیری ئەبستراکتە ،قسە لەسەر گرفتە دەرونی و روحی و خواناسیەکان دەکات، ئەم مەعریفەیە مۆدێلێکی نوێیی کۆمەڵگایی هێنایە ئاراوە، بۆ نمونە بیرمەندێکی وەکو ئەرستۆ هەر فەیلەسوف نەبووە بەڵکو جوانناس وئەندازیار و یاسازان وهونەرمەند وماتماتیکزان وئەدیب وزاناو کشتوکاڵناسیش بووە ،پۆلێنی مەعریفەی کردووە ، ئەمە سەرەتای جیابوونەوەی زانستەکانە، ئەم مەعریفەیە دەبێتە بنەماو هەوێنی کۆمەڵگای زانستی لە ئایندەدا، پاش نزیکەی دوو هەزار ساڵ لە ئەوروپا دادەمەزرێت، رێنیسانس گەڕانەوەیە بۆ ئەو بنەما فەلسەفی و مەعریفیانە ،تا دووبارە بەکاربێنەوەو ببنە بزوێنەری کۆمەڵگا بۆ گۆڕانکاریەکان .

بۆ دروستکردنی هێزێکی مەعریفی کاریگەر ئێمە لەسەر دارێکی بێ رەگداین، زریانی جیهانگیری و گەردەلولی شۆڕشی زانیاریەکان و تەوژمی تەکنۆلۆژیا ئێمەی خستووەتە بەر سێڕیانێک ،رێگای یەکەم، گەڕان بە دووای رەگوریشەو بنەما مەعریفیە دێرینەکاندا ، بۆ زیندووکردنەوەو بەکارهێنانیان وەکو رەگەزێکی کلتوری و دروستکردنیان بە داینەمۆی بەروپێشچوونمان، خۆی لە پاشماوەکانی سۆمەری و گۆتی و لۆلۆبی مادو زەردەشتی وئەدەبی نوسراوو زارەکی پێشیناندا دەبینێتەوە رێًگای دووەم، بەهاونیشتمانیبوونی بێ مێژوو ودەستگرتن بە هێماکانی سەروەری و تێروانین بۆ ئایندەٍو بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێ بۆ درێژەدان بە نمونەی تایبەتی کۆمەڵگاییمان، ئەمیان دەخوازێت ئێمە نمونەی کۆمەڵگای زانستی ومەدەنی ویاسایی بین ،مۆدێلێک دابێنین مایەی دووبارەکردنەوەو لاسایی کردنەوە بێت ، رێگای سێیەم توانەوەیە لە بۆتەی کلتورێکی گشتگیردا کە جێگای نیشانەو مۆرکە خۆماڵیەکانی تێدا نابێتەوە، چونکە نە رەگوریشەی مێژووییمان هەیە و نەتوانای بەرهەمهێنانی مەعریفە ،ئەگەر نا جگە لە کۆمەڵگایەکی پاشکۆی بەکار بەر بەولاوە هیچی تر نابین.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد