وەحشیەت لە کوردستان

ئەوەی مێژووی تیرۆرو غافڵکوژی چەند ساڵی رابردووی باشوری کوردستان بخوێنێتەوە باوەڕ بەو پۆلێنکردنە دێنێت کە هەندێک لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکانی سەدەی نۆزدە بە بەراوردکردنی ژیانی خێڵ و گروپە مرۆییە سەرەتاییەکانی ئەمریکاو ئەفریقیا بۆ قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان کردبوو، لە خۆڕا مرۆڤناسێکی ئەمریکی وەکو لویس هینری مۆرگان دوای توێژینەوە کردن لە سەر دووسەد کۆمەڵگای جیاواز نەیگوتوە مرۆڤ لە قۆناغی بەراییدا وەحش یان کێوی بووە ، کاتێک رەفتارو شێوازی ژیان و پەیوەندی نێوان گروپە سەرەتاییەکانی هەندێک لە خێڵە دوواکەوتوەکانی بینیوە ،بە پێی پێشکەوتنی کەرەستەکانی بەردەستی مرۆڤ مێژووی مرۆڤایەتیی بۆ قۆناغەکانی (وەحشیەت، بەربەریسم ، مەدەنیەت ) ریزبەندی کردووە، لە رووی فەرهەنگی و شارستانیەوە بەربەریسم قۆناغێکی پێشکەوتوترە لە قۆناغی وەحشیەت و هەمەجی (savagery) کە تیایدا مرۆڤەکان جگە لە قەدوباڵاو راستبوونەوەی پشت و پێکهاتە  جەستەییەکانیان ئیتر جیاوازیەکی زۆریان لەگەڵ دڕندەو ئاژەڵە چنگ بە خوێنەکاندا نیە ،راوکردن و کوشتن و خوێن رشتن سیمای قۆناغی وەحشیەتی مرۆڤایەتین، لە قۆناغی وەحشیەتدا سنورێک بۆ گرتن وکوشتن و لەناوبردن و دەست بەسەرداگرتن دانەنراوە ، دیالۆگ ولێکتێگەیشتن نیە، زمانی ئاخاوتن بەردو کوتک و تیروکەوان و تەپکەو چاڵ لێدانە، کوشتن باجی لەسەر نیەو مایەی شانازی و خۆهەڵکێشانە، ئەوەی لە قۆناغی وەحشیەتدا کوشتنی سەخت و زەحمەتکردووەو رێگربووە لەبەردەم ئەنجامدانیدا ،تەنیا خراپی کەرەستەکان و سەرەتایی بوونی ئامرازەکانی کوشتن بووە،تا کەرەستەکانی کوشتن پێشکەوتوتر بووبن ،کوشتن ئاسانتر بووەو قەبارەی کوشتنەکانیش گەورەتر بووە،نە لێپرسینەوەو نە بەدوواداچوون ،نە هەستکردن بەشەرمەزاری و گوناهو  تاوان هەبووە، لەسەر شانۆی ژیاندا هێندەی تاک ئاکتەری سەرەکی و پاڵەوانی رووداوەکان بووە ،هێشتا گروپ ئەو رۆڵەی نەبینیوە، لە قۆناغی دوواتردا کە قۆناغی بەربەریسمە کەرەستەکانی بەردەستی مرۆڤ پێشکەوتن ، گروپ و بنەماڵەکان جێگای تاکیان گرتەوەو هێرش و پەلامارەکان بە گروپ ئەنجامدران، گروپە بەهێزەکان گروپە بێ هێزەکانیان لەناو برد، لەسەرەتادا پاکتاوی نەژادی یەکتریان کردووە، بەڵام دوواتر کە تێرو پڕو پۆشتەو پەرداختر و کەرەستەی باشتریان کەوتە دەست لە جیاتی کوشتن و خواردن ،نێچیرەکانیان هێشتەوەو کەوی کردن، ئاژەڵی ماڵی پەیدا بوون، سەگ وکەرو مانگاو ئەسپ و مرۆڤە بە دیلگیراوەکانیش ،کە لە شەڕەکاندا دۆڕابوون بە هەمان شێوە بۆ خزمەتی گروپە بەهێزەکان مانەوە، لێرەوە سەرەتای قۆناغی کۆیلایەتی دەستی پێکرد کە هەزاران ساڵی خایاند .


 ئەوەی ئەمرۆ لە باشوری کوردستاندا روودەدات بۆ بە کۆیلەکردنی خەڵکی کوردستان رێک تێکەلەَیەکە لە قۆناغی وەحشیەت و بەربەریسم ،بەچەک و کەرەستەی پێشکەوتوو و بە هەمان ئەقڵیەتی مرۆڤی قۆناغی وەحشیەت مرۆڤەکان دەکوژرێن، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن نیە، زمانی ئاخاوتن گولەو تیرۆریست و تی ئێن تی و هەڕەشەو غافڵکوژیە، لە بیست ودوو ساڵی رابردوودا بە ئاشکرا کوشتن ، رفاندن، دەرمانخوارد کردن، خنکاندن، تیرۆرکردن و لەناوبردنی ئەو کەسانە  بەردەوامە کە داوای دانانی سنورێکیان کردووە بۆ بە کۆیلەکردن ، خەباتی دژە کۆیلایەتی خەباتێکی درێژخایەنە ،هەروەکو چۆن زۆرینەی کۆمەڵگا دەسەڵاتی رەهاو بێ سنوری کەمینەیەکی قبوڵ نیە ،دەسەڵاتدارانیش بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگا وەحشیەت ئاساکاندا هەمیشە وەکو میرات و پاشماوەی ئەقڵیی ئەم قۆناغە هەموو شتێکیان کردووە لە پێناوی مانەوەیاندا ،تا ئەو هێزو دەسەڵات و توانایەی هەیانە لە دەستی نەدەن، هەرکەسێکیان بە مەترسی زانیبێت بێ سڵەمینەوە کوشتوویانەو لەناویان بردووە ،لە کوردستاندا ئەوەی جێی مەترسی بووە  بۆ دەسەڵاتداران بەدەرخستنی رووی راستەقینەو هەقیقەتی بیرکردنەوەو حوکمرانی ئەوان بووە بۆ خەڵک ،ئەوەی ئەم کارەی کردبێت نوسەران و رۆژنامەنوسان و دەستەی بژاردەی کۆمەڵگا بووە ،بۆیە هیچ شتێک وەکو کوشتنی خەڵکی رەخنەگر و نارازی لەم هەرێمەدا ئاسان نەبووە، هبچ لێپرسینەوەیەکی لەسەر نەکراوە، هەرگیز دەسەڵات نەیویستووە بە راستی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە ئایا ئەمانە لەسەرچی دەکوژرێن؟ لەسەردزی و گەندەڵی و بەتاڵان بردنی سامانی گشتیە؟ یان سیخوڕی و دەست تێکەڵکردنە لەگەڵ هێزە هەرێمی ونێودەوڵتیەکان؟لە کاتێکدا هەموو ئەوانەی تیرۆر دەکرێن هێندە پاکن دەیان سیناریۆی لەو جۆرەیان بۆ دروست بکرێت هیچ کەسێک باوەڕ ناکات! هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە با لە نزیکەوە سۆران و شێخ ستارو سەردەشت وکاوەش نەناسێت ،کاتێک بە نوسین و بەرهەمەکانیاندا شۆڕ دەبێتەوەو بەقوڵی دەیانخوێنێتەوە هیچ گومانی لا نامێنێت، تەنیاوتەنیا هۆکاری کوشتنیان گوتنی قسەی هەق و راوەستانیانە لەبەرامبەر ناعەدالەتی و ناهەقیەکاندا، کارکردن بۆ جیاکردنەوەی ئەوانەی بازرگانی بە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردەوە دەکەن بە ئەرکی خۆیان زانیوە ،بۆیە شەهیدکران چونکە ویستویانە وەکو مرۆڤی ئازادو خاوەن ئیرادە بەسەربەستی وبەسەربەرزی بژین و بە قەڵەمەکانیان خزمەتی پرسی رەوای گەل و نیشتمانەکەیان بکەن، ئەوان پێش خەڵکانی تر هەستیان بە مەترسیەکانی سەر ئەم نیشتمانە کردوو ویستیان ببنە زەنگی هۆشیاربوونەوەی جەماوەری ،بۆیە تیرۆرکران تا چرکەساتی بەئاگاهاتنەوە دووابکەوێت .

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد