لە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی بە دامەزراوەیی نەکراون وخاوەنی یاساو رێسایەکی نیشتمانی نین، هەڵبژاردن بە مانا راستەقینەکەی نە بەرێوە دەچێت و نە ئەنجامێکی باشی لێ دەکەوێتەوە، هەمیشە لەم کۆمەڵگایانەدا قۆناغی بەر لە پێکهێنانی کابینەی نوێ قۆناغێکی ناجێگیرو نا ئارامە، لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی دێنێت و دامودەزگاکان جۆرێک لە نارێکی و خراپ بەرێوەبردن بەخۆوە دەبینن، تا ئاستێک لە هەندێکیاندا مەترسی شەڕو پێکدادان دەکرێت و دوور نیە لە جیاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات وبەرێوەبردنی پرۆسەیەکی دێموکراسی بەکارهێنانی هێزو سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەتی لێ بکەوێتەوە، زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات لەم جۆرەن، یان هەڵبژاردن بریتیە لە شانۆگەریەک هەموو کەسێک دەزانێت کۆتاییەکەی چۆنە، هیچ کاریگەریەکی بەسەر دەسەڵاتی هەندێک کەسی دیاریکراوەوە نیە، یان ئەم قۆناغە ،هەر لە بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردن و قسەکردن و رازی بوون لەسەر کۆمیسیۆنێکی بێ لایەن و ئامادەکردنی لیستی پاڵیۆراوان و دەستپێکردنی بانگەشەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەیەکێک لە قۆناغە پڕ مەترسیەکان هەژمار دەکرێت، مەگەر دەسەڵات لەم کۆمەڵگایانەدا رەوشەکەی تەواو کۆنترۆڵ کردبێت و دەرچوونەوەی خۆی مسۆگەر کردبێت ئەگەر نا تێکچونی دۆخەکەو هەڵگیرسانی شەڕو دروستبوونی نا ئارامی کۆمەڵگاکە دەگرێتەوە ، بۆیە جگە لە کودەتا و زەبروزەنگ ئیتر بە هیچ شێوەیەک لەم کۆمەڵگایانەدا لە رێگای هەڵبژاردن و پرۆسەی دێموکراسیەوە دەستاودەست کردنی دەسەڵات روونادات.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە چوارمانگە ، هەڵبژاردن کراوەو هەمولایەنەکان ،بە هەموو ئەو کەموکورتی و تێبینی و سەرنجانەی لەسەر پرۆسەکە هەبوو ،رەزامەندی خۆیان لەسەر ئەنجامەکان نیشاندا ـبەڵام لە ئەنجامی بێ یاسایی و نەبوونی دێموکراسی و راهاتنی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەسەر بەزۆر سەپاندن ،هێشتا چارەنوسی ئەنجامی هەڵژاردنەکان لە دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدا دیارنیە، ئەم دۆخەش چەند دەرهاویشتەیەکی نەرێنی لێ کەوتوەتەوە کە گرنگترینیان بریتین لەمانەی خوارەوە:
1-چەواشەکردنی کۆمەڵگاو تێنەگەیشتن لە راستیەکان، بە هۆی بەنهێنی هێشتنەوەی گفتوگۆی رێکەوتن و رێکنەکەوتنەکان، ـدوواتر بڵاوکرنەوەی پڕوپاگەندە دژی یەک و کارکردن لەسەر تاوانبارکردنی یەکتری ، بەمەش کۆمەڵگا لە هۆکاری راستەقینەی دواکەوتنی پێکنەهێنانی کابینەکە تێناگات ،بە درێژەکێشانی ئەم دۆخەش کەلێنی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا فراوانتر دەبێت .
2-دروست بوونی بێ باوەڕی بە هەڵبژاردن لە ئەنجامی خاوبوونەوەی مەیل و حەزە پەنگخواردووەکانی کۆمەڵگا و ساردبوونەوەی ئەو جۆش و خرۆشەی لە رۆژگارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و رۆژی راگەیاندنی ئەنجامەکان و چرکە بە چرکە کاتی بە دوواداچوونەکانی بۆ ئەنجامی دەنگەکان و ئەو ئومێدەی دروستی کردبوو لەسەر بنەمای دەنگ و بەشداریکردنی خەڵکی لەو پرۆسە دیموکراتیەدا .
3-بڵاوبوونەوەی کلتوری روخان و بێ هیوایی و شکاندنی کەسایەتی تاکی کورد ،ئەویش لە رێگای روخانی ورەو نەمانی هیواو ئومێدی تاکەکانی کۆمەڵگا بە دێموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پێشکەوتنی پرسی بە مەدەنی بوون و دامەزراندنی حکومەتی دامەزراوەیی و بە یاسایی کردنی شێوازی بەرێوەبردن .
4-دروستکردنی گرێی دەرونی و بوغزوکینە لە کەسایەتی خەڵکی نارازیدا لە رێگای سەپاندن بە زۆرو سەرکوتکردنی رای بەرامبەر و نەخوێندنەوەی لایەنەکانی تر ،گوێ نەگرتن لە بانگ و هاواری خەڵکی بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت.
5- بیرکردنەوە لە رێگاچارەی تر بۆ لابردنی ئاستەنگ و کۆسپەکان ،رەنگە ئەمە سەر بکێشێت بۆ هەڵبژاردنی توندو تیژی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ ،کاتێک کۆمەڵگا بگاتە ئەو باوەڕەی هیچ دەروازەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە بۆ گۆڕانکاری .
6-دروستبوونی پەیوەندی کەسی و پێکهێنانی باندو گروپی گەندەڵکاران و بەرزبوونەوەی ئاستی گەندەڵی لە ئەنجامی سود وەرگرتنیان لەو رەوشەی کە تێیدا ئایندە روون نیەو ئەگەری مانەوەیان لە پلەو پێگە کارگێڕی و سیاسیەکانیاندا لاوازە ،یان چاوەروانی گۆڕانکاری دەکەن و قۆناغەکەش هەروا درێژە دەکێشێ .
7-ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی و گۆڕینی ئاراستەکانی بەرێوەبردن و شوێنی هاوپەیمانیە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە ئەمەش گەورەترین مەترسی دەخاتە سەر ئایندەو چارەنوسی کۆمەڵگا بە گشتی ،بە تایبەتی بۆ ئەم قۆناغە هەستیارو ناجێگیرەی رۆژهەڵاتی ناوەراستی پێدا پێدەپەڕێت ،هیچ دوور نیە کارەساتەکانی مێژوو و رابردووی نزیکمان دووبارە ببنەوە .
8- دروستنەبوونی حکومەت کاریگەری دەخاتە سەر پرۆسەی پێکهێنانی پەرلەمان و دیاریکردنی سەرۆک و جێگرو سکرتێرو لیژنەکانیش کە ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دەرچواندنی یاساکان و کارکردن بۆ هەموارکردنی هەندێک لەو یاسانەی لە ئەنجامی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پێویستیەکاندا ئەمانیش پێویستیان بە هەموارکردن هەیە .
9-بە دوواکەوتنی هەر رۆژێک لە پێکهێنانی پەرلەمان ،دوورکەوتنەوەیە لە ژیانی دەستوری لە هەرێمی کوردستاندا ،چونکە بەشێکی زۆری کێشە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگیراوە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان، وەکو گەڕاندنەوەی دەستورو هەموارکردنەوەو دەنگ لەسەردانی، لە کارنەکردنی پەرلەمان و پێکنەهاتنی حکومەتدا هەموو ئەمانەش دووادەکەون .
10-پێکهێنان و راگەیاندنی حکومەتێکی بنکەفراوانی لەو جۆرەی ماوەی زیاتر لە چوار مانگە قسەی لەسەر دەکەن وبەنیازن ئەمجارە هەموان هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵات بن و چوارساڵی ئارامی و بێ توندوتیژی بێت ، لە هەموو کاتێک زیاتر و رێژەیەکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، بۆیە رۆژ بە رۆژ لەگەڵ دوواکەوتنیدا بە قەد ئەو چاوەروانیە زۆرە کاریگەری خراپی زیاتر دەبێت، چونکە لەرووی دەرونیەوە ئومێدی زیاتریان لەسەر بونیاد ناوەو و چاوەروانی دەستکەوتی باشتربوون .
11-لەدەستدانی بەشێک لە متمانەی دەرەکی و دوورکەوتنەوەی هەندێک لەو دۆستانەی ئامادەیی هاوکاری و پاڵپشتی پرسی رەوای کوردبوون لە باشوری کوردستاندا، بەهۆی لەقبوونی باوەڕیان لەسەر توانای کورد لە خۆبەرێوەبردن بە شێوازێکی دێموکراسی و کەدەنیانە .